دارسمە
غولامڕەزا حەسەنی، ئیمام جومعەی سەپێنراوی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانی ڕابردوو خومەینی وەک ئیمام جومعەی ئازەرییە شیعەکان و نوێنەری خۆی لە نێوەندی ئەم پارێزگایە دەستنیشانی کردبوو. حەسەنی، چەند ساڵ لەمەوبەر بە نەخۆشیی شێرپەنجە مرد و تەمەنی درێژی دا بە تۆی خوێنەر و ئەوەندەی ئەو تۆزقاڵە خۆڵانەی لەسەر گۆڕیەتی، تەمەنی پڕ لە شانازیی ئێوە درێژ بێت.
"ئایتوڵە" حەسەنی ئەوەندەی بڵێی دەمشڕ و هەموو گیانی "پێکەنینۆک" بوو. "پێکەنینۆک" ئەو دەستەواژەیەیە لە پەنا گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئیمام جومعەی مردووی ورمێدا دەمهەوێت وەک هاومانای "جۆک"ی ئینگلیسان و "لطیفە"ی فارسان و "نکته"ی عەرەبان دەرخواردی مێشکی خوێنەری هێژای بدەم، بەڵکوو جێ بە وشە هاومانا بێگانەکان لەق بکات.
ئەم حەسەنییەی لێرەدا هاتە بەرباس، لە ژیانی ڕابردووی خۆیدا، دوای ئەوەی وازی لە نۆکەری و خەزمەتکاریی زیرۆبەگی ژەنراڵی سەردەمی کۆماری کوردستان هینا، پاش ڕووخانی ڕێژێمی پاشایەتی لە سایەی فەرمانی خومەیندا بوو بە دەمڕاست و کەیخودای دەستەڵات لە ورمێ و بۆ هەموو لایەک بوو بە سەرچاوەی "پێکەنینۆک"ان و هەموو جاران دوای ئەوەی خوتبەی نوێژی هەینیی دەخوێندەوە، فەرمایشتەکانی دەبوون بە گاڵتەجاڕی ڕۆژنامە و مۆژنامەی ئەوکاتی سەر بە دەستەڵاتدارانی ئێرانیش.
حەسەنی ڕۆژێک لە خوتبەی نوێژی هەینیدا داوا دەکات بۆ هەفتەی دواتر ژنان بەشداریی نوێژی هەینی نەکەن و دەڵێت داوا لە خوشکان دەکەم هەفتەی داهاتوو نەیەنە نوێژی هەینی و تەنیا پیاوان بەشدار بن، چونکە من دەمهەوێ جوێنی نامووسی بە ئەمریکا بدەم.
نووسەری ئەم دێرانەش لەکاتێکدا پێیوایە دەبێت هەر نەبێت وەک حەسەنی پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان بێت، بەڵام دەترسێت لە درێژەی ئەم بابەتەدا دوو لەڕووی ئێوە تووشی زمانشڕی بێت.
خۆتان باش ئاگادارن دروشمدان چەکێکی گرنگی ئەو خۆپێشاندەرانەیە لە ئێران کە بە دەستی بەتاڵ دەستەویەخەی دەستەڵاتداران بوونەتەوە و دەڵێن هەتا نەیانخنکێنن وازیان لێ ناهێنن. ئەگەر خۆپێشاندەر بە دەستی بەتاڵەوە دروشم نەدات، چۆن دەنگی بە بەردەنگان و بە دۆست و دوژمنانی بگەیەنێت؟ منیش بە بیرهێنانەوەی تێبنییەکەی حەسەنی دەترسم لە درێژەی ئەم دێڕانەدا لەکاتێکدا بەتەمام هەر نەبێت لە بەر دڵی ئەم هەموو خۆپێشاندەرانەش بێت، دژی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی دروشم بدەم، بە دووری نازانم لە درێژەی دروشمداندا گەرم دابێم و لە چەند دێڕی داهاتوودا خوای نەخواستە هێڵی سوور ببەزێنم. هەر لەبەر ئەمەشە لە سەرەتاوە گوتم، کاتی خوێندنەوەی ئەم بابەتە دەست بە چاوتانەوە بگرن با دێڕەکانی نەبینن.
ئەو کەسانەی گوێم پێ نادەن و هەرچی من دەیڵێم پێچەوانەی دەکەن و بە چاوی کراوە و دەنگی بەرزەوە ئەم بابەتە دەخوێننەوە، لە کەمدەستەڵاتیی خۆمەوە پێیان دەڵێم دەتوانن بە دوای مندا بە دەنگی بەرز هەموو دروشمەکان بڵێنەوە. بۆ ئەوەی دەستەڵاتی کوردینەزان و دانیشتووانی ناوچەکانی فارسنشین و ئازەرینشین و بەلووچنشین و عەرەبنشین و تورکماننشینی ئێران لە دروشمەکانم تێبگەن، جگە لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەوانی دیکە بە زمانی "کەڵەگا" دەڵێمەوە:
"ژن، ژیان، ئازادی"، "زن زندگی آزادی"، "مرگ بر دیکتاتور"، "مرگ بر خامنهای"، "ننگ ما، ننگ ما، رهبر الدنگ ما"، " بجنگ تا بجنگیم"، " امسال سال خونه، سەید علی سرنگونە"، "بسیجی جیرهخور، آخرشه سیر بخور"، "توپ، تانک فشفشە، آخوند باید گم بشە"،" توپ تانک فشفشه، خامنەای...کشە"، "توپ تانک نفربر هر سه تو... رهبر"، "نە این ور نەآن ور.... تو بیت رهبر".
لەبەر ئەوەی خۆ سانسۆڕکردن لە سانسۆڕی دیکتاتۆڕ و میکتاتۆڕ و زۆر تۆڕی دیکە بەرفراوانتره و ئەم خۆسانسۆرکردنە ئەوەندە بەهێزە، بەشی زۆری بابەتی نووسەر و مووسەرانیش دەگرێتەوە و تەنانەت گێڕانەوەی "پێکەنینۆک"انیش زۆر جار لە دڵی خۆیانیدا خۆیان سانسۆڕ دەکەن. هەر لەبەر ئەمە منیش ناچار بووم لە جیات هەندێک وشەی نێو ئەم دروشمانەی سەرەوە سێ خاڵی لە دوای یەک یان وەک فارسان دەڵێن نوقتەچین دابنێم.
ئەرێ هەتا ئێستا بیرتان لەوە کردووەتەوە خۆسانسۆڕکردنیش ئەگەر پەنگی خواردەوە، وەک بەنداوی پڕ دەتەقێتەوە و چۆڵیان و ئاوەدانیان دەگرێتە بەر؟ ئەوە نییە کچان و کوڕانی ئێرانیش پاش دەیان ساڵ خۆسانسۆڕکردن هەرچی لە دەمیان دەرچوو بە ئاخوندان و لە سەرووی هەموویانەوە بە ڕێبەرە دەستنایلۆنەکەی کۆماری ئیسلامییان گوت؟ چاویان نووقاند و دەمیان کردەوە و به بێسانسۆڕی دوندی دەستەڵاتدارانیان جنێوباران کرد.
لە کۆتاییدا پرسیارێک لەو خوێنەرانە دەکەم گوێیان بە فەرمایشتی من نەداوە و کاتی خوێندنەوەی ئەم دێڕانە دەستیان بە چاوانیانەوە نەگرتووە و لێیان دەپرسم ئەرێ ئێوەش وەک من لە بەرانبەر ئەم دروشمە بێسانسۆڕەی فارساندا هەست بە کەمی و کووڕی ناکەن؟ ئەرێ ئێوەش وەک من پێتان خۆش نەبوو دروشمی جوێنی کوردیشمان بوایە؟
خۆم ئەوەندەی بیری لێ دەکەمەوە تەنیا دروشمێکی لەو شێوەیەی کۆن و تەنانەت مێژووییشم لەبیرە و ئەویش "پێشمەرگەی نێو تەڵاشان"ە و سەرواکەی دەگەڵ وشەی "جاشان" دێتەوە. من لەبەر ئەوەی لە ترسی سیاستەتوانان خۆم سانسۆر کردووە ئەم دروشمە بێسانسۆڕە لە دڵی خۆمدا دەڵێمەوە و ئێوەش هیمەت بکەن و چەند دروشمی نوێی لەم شێویە بڵێنەوە با ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیش لە ناوچە فارسنشینەکان دوا نەکەون.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.