ڕەزا ڕۆژهەڵاتی
کۆکردنەوەی ئەم هەموو وێنە دڵتەزێن و لە هەمان کاتدا جوان و ناوازە لە پەنا یەکتری بەڕاستی چەتوون و زەحمەتە. پارادۆکسێکی سەیر لە خەم و شانازی تێکەڵ بە زەردەخەنە. دۆکۆمێنتارێکی تاریکوڕوون لە گەلێک کە ساڵیانێکە لەگەڵ ئازارەکانی ژیاوە و ئێستا لە ئازارەکانی ڕێگەیەکی بەرەو داهاتوو سازکردووە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئازادیی و یەکسانی بدات.
ئەم وێنانەی کە هەریەکەیان بەیاننامەیەکی تەواو دژبە ستەم و زۆری و مانیفێستی ئازادین. بڵیند و نەوی ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر، چیرۆکی نەسرەوتن و بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات.
با لە ساتەوەختی ناشتن و ماڵئاوایی لە جەستەی پاکی ژینای کوردستان دەست پێ بکەین. ژنێک لەنێو خەڵکدا هاوار دەکات: "ژن، ژیان، ئازادی" و قەرەباڵغی ئامادەبووان بێوەستان دووبارەی دەکەنەوە، وەک ئەوەی ساڵانێکە ئەم دروشمەیان ئامادە کردبێت، ئۆرکێسترایەکی شایستە کە دوای ماوەیەکی زۆر ڕاهێنان ئێستا خەریکی ژەنینی سەمفۆنیای ڕۆژهەڵاتن، سەمفۆنیای خۆشەویستی و ئازادی، دەڵێی ئەم خەڵکە لەگەڵ ئەم نەوایە ژیاون و گەورە بوون. نەوا و دروشمێک کە جوغرافیای بەزاند، سنوورەکانی تێپەڕ کرد و ئێستا لە کۆنسێرتی گرووپی بەناوبانگی"Coldplay" لە دەستی ئەکتەرەکانی هالیوود یان لە دەمی "تۆنی کرۆس"، ئەستێرەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا، یان "خابی" کەسایەتیی بەناوبانگی تیک تۆک دووپات دەبێتەوە. زۆر بەنرختر لە هەموو ئەم دووبارەبوونەوەیە، ئێستا "ژن، ژیان، ئازادی" موژدەی هاتنی ڕۆژانی ڕووناک ئەدات نەتەنیا بۆ ئێران، بەڵکوو بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵێنی جیهانێکی جوانتر و ڕازاوەتر.
با زۆر دوور نەکەوینەوە، با بگەڕێینەوە بۆ لای سیمبولی شۆڕش، چیرۆکی بەردی گۆڕەکەی ژینا، کورتە نووسینێک و سەرەتای پەیمانێک، هاودەنگییەکی مێژوویی، سوێندێکی شۆڕشگێڕانە؛ "ژینا گیان، تۆ نامری، ناوت دەبێتە ڕەمز" بەڵێن بە ژینا دەدەن و بەڵێنەکەیان جێبەجێ دەکەن، ئەمە سەرەتای شۆڕشێکە، چیرۆکی ڕزگاری لێرەوە دەست پێ دەکات،کۆڵان بە کۆڵان، شەقام بە شەقام، شار بە شار تا بێکۆتایی پێکەوەبوون و یەکڕیزی، چیرۆکی خەڵکانێك کە دەچنە شەڕی دیکتاتۆری خوێنمژ.
... دەنگی بێوچانی فیشەک لەم ڕۆژانەدا بووەتە هاوڕێی شۆڕشگێڕانی سەر شەقام، ڕەنگە فیشەکەکان لە هەموو کەس باشتر بزانن کە ئەم شۆڕشە گەڕانەوەی نییە، ئاخر ئەوان زیاتر لە هەر کەسێک ئاگاداری ورەی بەرز و ئێرادەی شەهیدانی سوورخەڵاتن. لە گۆشەیەکدا، لە تەنیایی باوکێکی شەهید، کە خەرێکی ناشتنی ئاکامی ژیانیەتی، لەژێر بارگرانیی ئەم بەڵا گەورەیەدا، شتێکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ ئەوەی بە خەڵکی خەمبار بڵێت. "پێویستە بەردەوام بین، نەهێڵین خوێنی لاوەکان بفەوتێت, ئەمە ڕێگای ئازادییە". دەبێت خەوی داگیرکەران تێکبدەین، دەبێ ببینە کابوسی ڕۆژوو شەویان.
... بەکرێگیراوانی دیکتاتۆر بەردەوامن لە کوشتار، شارەکەم چەند ڕۆژێکە لەژێر فشار و سەرکوتدایە، ئەمە شاری ڕاوەستان و بەرخۆدانە، شاری نەسرەوتن، شەقامەکان لەلایەن گەنجانی چاونەترسەوە داگیرکراوە، هاواری مەرگ بۆ دیکتاتۆر لە هەموو کاتێک بەرزتر دەبیسترێ، کچێک بە قژی پەرێشانەوە ئاڵای کوردستان لەسەر شان، لەژێر بارانی گوللە و دوکەڵ، چاو بە چاو لەگەڵ بەکرێگیراوان وەستاوە و دەستی وەک نیشانەی سەرکەوتن بەرز کردۆتەوە، ئازایەتیی کچانی ڕۆژهەڵات بێوێنەیە، کیژانی وڵاتی خۆر وتەبێژی یەکسانین و بانگەوازی ئازادین. با جیهان بزانێت کە ژنان لە ڕۆژهەڵات ئاڵاهەڵگر بوون و هەن و دەشمێننەوە.
... زیاتر لە دوو مانگە لە هەڵفڕینی باڵندە ئێسکسووکەی خۆرهەڵات تێدەپەڕێت، دیکتاتۆر دەڵێت ئەم شۆڕشە پیلانێک بووە و بنی هاتووە. بەڵام ڕۆژهەڵات بەخەبەرە، دیسان خەڵکانی وڵاتی خۆر، چاونەترسانە لە بن سێبەری زاڵی دەسەڵاتی خوێنڕێژ کۆ بوونەتەوە و خەریکی وێناکردنی یەکێک لە جوانترین وێنەکانی شۆڕشن. تا چاو دەتوانێت ببینێت، جەماوەری ئازادیخواز و ئەویندارانی ڕێبازی نەسرەوتن لەسەر شەقامن، دیسان بانگەوازی ئازادی و هاواری پێکەوەبوون، دیسان کچێک بە قژی پەرێشانەوە وەک نیشانەی سەرکەوتن، وەک سیمبۆلی ئازادیخوازیی ژنان لە ڕۆژهەڵات دەستێ بەرزکردۆتەوە. دووبارەکردنەوەی چیرۆکی ژن، ژیان، ئازادی.
... داگیرکەران پتر لە پێشووش بێبەزەییترن، بەڵام حەماسە و چیرۆکی بەرگری لە ڕۆژهەڵات بەبێ گۆڕانکاری بەردەوامن. لە هەموو شوێنێک وانەی ئازایەتی و قوربانیدان هەیە، ڕەنگە شوێنەکان جیاواز بن، بەڵام ڕاستییەکان ناگۆڕدرێن، ئێستا نۆبەی دایکی شەهیدە کە لەنێو قەرەباڵغیی ژنانی خەمیندا، وێنەی کۆڕی شەهید لەدەست، بانگەوازی ئازادی دەدات، ژنان بە فرمێسک و چەپڵەڕێزان دڵداریی دایکی شەهید دەدەنەوە "دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، شەڕت بێ بستێنین تۆڵە". کەمێک دوورتر هاواری "شەهید نامرێت" گوێی ئاسمانی کەڕ کردووە. هەندێک کەس لەژێر تابووتی شەهید بەردەوام پەیام بۆ داگیرکەران دەنێرن: "کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان".
... هەواڵێک دەگات، تەرمی شەهیدێک لە ڕێگادایە، شوێنەکە گرنگ نییە، لە هەموو گۆشەیەکی ڕۆژهەڵاتدا خەڵک خەریکی خۆڵقاندنی حەماسەیەکی نوێن، دیسان خەڵک، دیسان هاوار، دیسان کچێک، دیسان چیرۆکی شۆڕش و سەرکەوتن، بێ ڕاوەستان، سەرنجڕاکێشتر، ڕادیکاڵتر و چڕتر لە ڕابردوو. ئێستا مزگەوتەکانیش شوێنی خەباتن، ئیستا جگە لە شەهادە بۆ یەکبوونی خودا، سروودی ماتەمینی شەهیدانیش دەڵێنەوە. لێرە دەنگی ژن ڕێگەپێدراو و ڕەوایە، تەنانەت لە مزگەوتیشدا. با دنیا بزانێت ئەمە ڕۆژهەڵاتە، ناوەندی خۆشەویستی و ئازادیی.
... داگیرکەران بێ ئومێد لە تێگەیشتن لەو هەموو کۆڵنەدانە، دیسان بە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بە دوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێن، لەو هێرشە هۆڤیانەدا چەندین پێشمەرگەی نیشتمان شەهید و بریندار بوون، بەڵام هێشتا تاریکی لە وڵات نەگەڕاوە ناوی شەهیدان لەسەر دیواری شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات دەردەکەون و بەرز دەکرێنەوە. ڕۆژی دواتر هەموو کوردستان مانگرتنە و خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن. هەر تێنەگەیشتی داگیرکەر! گەمژە! لە ڕۆژهەڵات شتێک بە ناوی حیزب و خەڵک بوونی نییە، لێرە ئەوە حیزبە نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات و خەڵکن خاوەنی سەرەکیی حیزبەکانن.
وەک ئەوەی ئەم دیمەنەم دەیان جار بینیبێت، نا وەهم نییە! نا، من هەموو ڕۆژێک، لە هەموو شوێنێک ئەم دیمەنانە دەبینم. هەموو شوێنێکی وڵاتی خۆر بڵێسەی ئاگر و کانگای بەرخودان و نەسرەوەتنە. ئەوە چیرۆکی بنەماڵەی گەورەی منە لە ڕۆژهەڵات. دوژمن توانای شیکردنەوەی ئەو هەموو حەماسە و ئازادییەی نییە، توانای شیکردنەوەی ئەم مرۆڤە ماندوونەناسانەی نییە. ناتوانێت لەو هەمۆ جیاوازییە تێ بگات.
چەندە دەنگت بەرزە، ڕۆژهەڵاتی من، ئێستا چیرۆکی بەرخۆدان و خۆڕاگریت جیهانی سەرسام کردووە. ئێستا ئاڵای ئازادیت تا بێکۆتایی شەکاوەیە، دایکی من، نیشتیمانم، وڵاتی ئازار و دەرد، ڕۆژهەڵاتی خەمناک و سەربەرزم، لەم ڕۆژانەی خەم و ئازاردا، کە جەستەی بریندارت لە خەمی شەهیدبوونی لاوەکانت لە هەمیشە ماندووترە. تۆ پێبکەنە، تۆ پێبکەنە، با گوێی ئاسمان کەڕ بێت، با دەنگی پێکەنینەکانت ئەم جوغرافیا خەمناکە پڕ بکات، تۆ بەرگری و کۆڵنەدان لە چیاکانتەوە فێر بووی. خەمی شۆڕەلاوەکانت نەبێ، ئەوان ڕێگای ڕزگارییان دۆزیوەتەوە، لاوەکانت خەوی دیکتاتۆری پیریان تێکداوە.
نیشتیمانم! کەمێک سەبر، بەیانی نزیکە. تاقەت بێنە ڕۆژهەڵاتم، بەهار دێت و برینەکانت ساڕێژ دەبن، ئەوکات کچان و کۆڕانت لە ئاگری هەتا دالاهۆ ئازاد و ڕەها بەبێ ترس لە داگیرکەران ڕەشبەڵەک دەگرن و هەڵدەپەڕن، ئاڵای کوردستان لە دەست هاوار دەکەن: "بژی کوردستان، بژی ڕۆژهەڵات".