کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنارده‌ی قاچە مریشک لە جیات "صدور انقلاب"

20:50 - 2 سەرماوەز 2722

دارسمە

ئەوانەی ئەمڕۆ یانی ڕۆژی دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە یان وردتر بڵێم ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی تەمەنیان خۆی لە پەنجا ساڵی داوە، یان دایک و باوک و دەرودراوسێ و خزم و کەسیان دەگەڵ سیاسەت و میاسەت وردە تێکەڵاوییەکیان هەیە، سەبارەت بە سەردەمی سەرکەوتنی ئاخوندان دوای ڕووخانی دەستەڵاتی پاشایەتی وردە زانیارییەکیان هەیە.

ئەوکات، گەلانی ئێران دوای ئەوەی دەستەڵاتی پاشایەتی هەڵوەشا، هەموویان بە خومەینییان گوت "بڵقاسم" و کردیان بە سەرۆک و ڕێبەری دەستەڵاتی تازەی ئێران. گرێی بەختی "بڵقاسم"ی شۆڕشی ئێران بە چەشنێک کرایەوە، لە ئاخروئۆخری دەستەڵاتی پاشایەتیدا، بەشێکی زۆری خەڵکی پایتەخت و  شارەگەورەکانی ئێران بە دوودڵی و دڵەڕاوکێ‌وە هەستیان دەکرد ڕدێنی خۆمەینی بە مانگی تاقی ئاسمانەوە نووساوە و دەیانگوت "امام تو ماه است" واتا "ئیمام لەنێو مانگ‌دایە". ئەوان بەرزی و نزمیی سەر گۆی مانگیان بە ڕیشە چڵکنەکەی خومەینی شوبهاندبوو. هەرکەسێک بکەوێتە بەر ڕەحم و بەزەیی گەمژان، لە بڵقاسم‌بوونی خۆی گومانی نامێنێت. خومەینییش بەم جۆرە دەرفەتەکەی قۆستەوە. چاوی لێ نووقاند و دەمی کردەوە. لەجیات قووقلی‌قووقوو گوتی: کارەبا و مارەبا و هاتووچۆی پاس بۆ هەموو دانیشتووانی نێو ئێران دەکەم بە بەلاش و پارەی داهاتی نەوتی ئێرانیشتان بەسەردا دابەش دەکەم. بڵقاسمی گۆرین بەوەندەوە نەوەستا و ڕوحمی بۆ وڵاتانی دەر و درواسێ و کیشوەر و قاڕە و ماڕەی دوور و نزیکیش بزووت و گوتی "انقلاب اسلامی را بە تمام جهان صادر می‌کنیم". بڵقاسم وای دەزانی دەکرێت "انقلاب"یش وەک سێوی کوردستان و ئازەربایجان و برنجی ڕەشت و پستەی ڕەفسەنجان و گەزی ئیسفەهان و کشمیشی شیراز هەناردەی وڵاتان بکرێت.

ساڵان هاتن و ڕۆیشتن، خومەینی ڕۆیشت و عەلیەگۆج ناوێک شوێنی بڵقاسمی کۆنی گرتەوە و ئەمەیان نەک هەر لەسەر دروشمی سدووری ئینقلاب بەردەوام بوو، هێندێک گۆڕانیشی بەسەردا هێنا و  ناوی "صدور انقلاب‌"ی گۆڕی و کردی بە "جبهه‌‌ی مقاومت". لات‌ولووتی چەند وڵاتی دەوروبەری کۆ کردەوە و ویستی لە ڕێگەی ئەوانەوە ئینقلابەکە بەئاسانی هەناردە بکات. گەوجێتیی پەیڕەوانی بڵقاسمی دووهەم بە "صدور انقلاب" بۆ وڵاتانی دەر و دراوسێ‌وە نەوەستا و گوتیان لە ئەمریکاش کۆشکی سپی دەکەین بە "حوسەینییە".

کورد پەندێکی هەیە، دەڵێت هەر ئەم ساڵ خۆزگە بە پار. بۆ بڵقاسمیش خۆزگە بۆ بڵقاسمی پێشوو. ئەویان بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق بە خواردنەوەی جامێ ژار خۆی قوتار کرد و گوتی من دان بەم ئاشتییە لەگەڵ عێراق دادەنێم و وا دەزانم جامێ ژار دەخۆمەوە. خواردییەوە و "صدور انقلاب"ـەکەشی هەتا کاتی مردنی وەک تراویلکە مایەوە. ئێستاش گەمارۆی ئابووری و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و فشاری نێوخۆ و دەرەکی وای لە بڵقاسمی دووهەم کردووە ئەویش "صدور انقلاب"ی خۆی لێ ببێت بە تراویلکە. عەلی خامنەیی یان بڵقاسمی دووهەم ئەوندە کەیفی بە "صادرات" یان بە کوردیی خۆمان "هەناردە" دێت. خەریکە لەجیات ئینقلاب قاچە‌مریشک هەناردە بکات.

سەبارەت بە هەناردەکردنی قاچە مریشک، چەند ڕۆژ لەمەوبەر "مەهدی سەفەری"، جێگری ئابووری و دیپلۆماسیی وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕەسمی ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت لە ساڵێکدا ١٥٠ بۆ ٣٠٠ میلیۆن تۆن قاچی مریشک هەناردەی وڵاتی چین بکەین.  

هەڵبژاردنی قاچی مریشک بۆ هەناردە‌کردن لە جیات ئینقلاب و دەست‌نیشان‌کردنی وڵاتی چین بۆ ئەم مەبەستە بۆ چەند هۆکارێکی زۆر گرینگ دەگەڕێتەوە و بەشێکیان بریتین لە:

١-‌ وڵاتی چین چەند سال لەمەوبەر ویرووسی کۆرۆنای وەک دیارییەکی بەکەڵک هەناردەی ئێران کرد و بە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لە کۆوید١٩ خەڵک خۆیان لە هاتن بۆ سەر شەقامان بوارد و سەرهەڵدان دژی کۆماری ئیسلامی بۆ چەند ساڵێک دوا کەوت. ئەمەیان وەک چاکە و پێزانین لە بەرانبەر "چین‌"دا دەچاوی کۆماری ئیسلامیدا ماوەتەوە.

٢-‌ وڵاتی چین لەبەر ئەوەی دەستەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیکە و حەزی لە دێموکراسی و مێمۆکراسی و لیبراسیم و میبرالیسم و ئازادی و مازادی و شتی لەم بابەتە نییە، دەکرێت وەک باشترین هاوبەشی بازرگانی سەیری بکرێت.

٣-‌ وڵاتی ینگەکان، لە کاتێدا وڵاتێکی لائیکی خاوەن ئیدئۆلۆژیی چەپە، تەنانەت لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش باشتر خزمەتی ئایین دەکات. بۆ وێنە ئاڵا لەچەند ڕەنگی کەسک و ڕەشی سێ سووچ و چوارگۆشە و پەڕۆکی بە دروشمی یاحوسێن و ئایەتی دەست‌پێکردنی ئۆتۆمبێل ئاژۆتن و شمشێری درێژ بۆ خۆپێشاندانی ڕۆژی عاشوورا و زۆر شتی دیکە ئەو بەرهەمانەن چین لە ناوچەکە هەناردەی کۆماری ئیسلامی و دۆستانی کۆماری ئیسلامییان دەکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دوای ئەوەی زانیی قاچە مریشک مادەیەک بە ناوی کۆلاژینی تێدایە و ئەم مادەیەش بۆ پتەوکردنی کڕکڕاکەی ئەژنۆ و جومگەی مرۆڤ بەسوودە، بە باشی زانی خەڵکی چین لە خواردنی ئەم مادەیه بێبەش نەبن و باشتر بتوانن کەلوپەلی پێویست بەرهەم بهێنن و هەناردەی ئێران و باقی وڵاتانی نێو "جبهە‌ی مقاومت" یان بەرەی خۆڕاگریی بکەن. دیارە دوژمنانی ویلایەتی فەقیهـ بەم بەرەی خۆڕاگرییە دەڵێن "هیلالی شێعە".

دوای خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەناردەی قاچە مرشیک بۆ دەرەوە هەمان ئەوە "صدور انقلاب"ـه‌ی بلقاسمی یەکەمە و پاش ٤٤ ساڵ گۆڕانی باش و ئەرێنیی بەسەردا هاتووە. باشییەکەی لەوەی دایە ئەو پەڕۆوپاڵە سەوزانەی وڵاتی چین دروستیان دەکات و بە دروشمی دڵخوازی بڵقاسمی دووهەمەوە بۆ بۆ وڵاتانی نێو بەرەی مقاومەتیان دەنێرێت، چەند دانەیەکیان بگەنە دەرو دیواری کۆشکی سپی، بێگومان ئەوێش دەبێتە حوسەینیە.

تێبینیی یەک: پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت لە شوێنێک مەلا نەبێت، بە کەڵەشێر دەڵێن بڵقاسم. تێبینیی دوو: سەرهەڵدانی ئەمجارەی ئێران بێ بڵقاسمە.