برایم چووکەڵی
ناوچەی شامیانی مەریوان یەکێک لەو ناوچانەی کوردستانە کە بەدرێژایی شەڕی داسەپاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کورددا، شانبەشانی ناوچەکانی دیکە بەشداریی لەخەباتی حەقخوازانەی کورددا کردووە و، باشترین ڕۆڵەکانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی و سەربەستیی کورد کردووە.
گوندی "کەڕاوا" یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی شامیانی مەریوانە. ئەو گوندە ڕازاوەیە لەسەر بەشێک لە چۆمی سیروان و لە بەرانبەر زنجیرەکێوی کۆساڵان لەسەر شاڕێگەی سنە – مەریوان هەڵکەوتووە.
ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لەنێو بنەماڵەیەکی مامناوەندی ئاوایی کەڕاوا بە ناوی بنەماڵەی ڕەشە هەورامی منداڵێکی خوێنگەرم پێی نایە ژیان و ناوی مەنسووریان لەسەر دانا. چەند ساڵ دواتر بنەماڵەی مامەڕەشە بۆ مەریوان کۆچیان کرد. مەنسوور پۆلەکانی خوێندنی سەرەتایی بە دوای یەکدا بڕی و ساڵی ١٣٥٦ لە ڕشتەی علومی تەبیعیدا بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرت. شەهید منسوور هەر زۆر زوو بە دەورووبەرەکەی سەلماند کە کەسێکی بەبەهرە و تایبەتە. ئەو کە بەهرەی لە خۆشنووسی و وێنەکێشاندا هەبوو، لە وەرزشی زۆرانبازیشدا بەتوانا و لێهاتوو بوو، و چەند جار لە پێشبڕکێیی پارێزگادا پلەکانی یەکەم تا سێهەمی وەدەست هێنابوو.
سالی ١٣٥٦ کە ساڵی دەستپێکردنی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک دژی ڕێژیمی پاشایەتی بوو، شەهید مەنسوور لەگەڵ کۆمەڵیک هاوڕێی دیکەی گرووپێکی زەربەتیان پێكهێنا و شەوانە هێرشیان دەکردە سەر دامودەزگای ڕێژیمی پاشایەتی و زەبریان لێ دەوەشاندن. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی تیکۆشانی حیزب، لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی "کانون فارغالتحصیلان" دامەزراند لەژێر کارتێکەریی بەرپرسی کانوونەوە ڕیزی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێرانیان هەڵبژارد. بەڵام بەدوای لێکترازانی چریکە فیداییەکان بیری نەتەوایەتی لە بیری مەنسووری ڕەشە هەورامیدا ڕیشەی داکوتا و بەرەو سەنگەری خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوەکەی هەنگاوی نا. بەمجۆرە لەگەڵ چەند هاوڕێی ڕیزی خەباتگێڕانی دێموکراتیان هەڵبژارد و لە هێزی زرێباری مەریوان سازمان دران.
هاتنی شەهید مەنسوور بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات لاپەرەیەکی نوی بوو لە ژیانی سیاسی ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرە. هێشتا ماوەیەکی کەم بەسەر ئەو قۆناغەی ژیانیدا تێپەڕیبوو کە بەکردەوە دڵسۆزی و لێهاتوویی خۆی نیشان دا. هەر بۆیە ساڵی ١٣٦١ لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسی بە جیگری فەرماندەری هێزی زرێباری مەریوان دیاری کرا و ساڵی ١٣٦٢ دوای شەهیدبوونی فەرماندەری هێزی زرێبار حسام ئەسعەدی، شەهید مەنسوور بە فەرماندەری هێز دیاری کرا. ساڵی ١٣٦٤ پاش گۆنگرەی ٧ی حیزب کرایە فەرماندەری هێزی شەهید عەزیز یوسفی و لە کۆنگرەی ٨دا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژیردرا و بەرپرسایەتی مەڵبەندی یەکی جنووبی پێ سپێردرا. لە کۆنگرەی ٩ بۆوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆمیسیونی سیاسی-نیزامیی وەک جێگر ئەرکی وەرگرت. سالی ١٣٧٣ لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسی بەرپرسایەتیی مەڵبەندی یەکی پێ سپێردرا و تا کۆنگرای ١٠ی حیزب ئەو ئەرکەی بەڕێوە برد و دوای کۆنگرە لە ساڵی ١٣٧٤ لە کۆمیسیونی ڕادیو کاری نوێی دەست پێ کرد.
شەهید مەنسوور فەتاحی بەدوای هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندەکان لە سەر بڕیاری دەفتەری سیاسی بەرپرسایەتیی کومیتەی شارستانی پاوەی پێ سپێردرا و تا کاتی شەهیدبوونی بەوپەری فیداکارییەوە لەو بەرپرسایەتییەدا تێکۆشا. ئەو سەرەڕای تێگەیشتوویی سیاسی و مودیرییەت لە بەرپرسایەتیدا، لەباری نیزامییشەوە فەرماندەیەکی کارامە و لەکڵ دەرهاتووی حیزب بوو. لە دەورانی دووروودرێژی فەرماندەریی خۆیدا لە دەیان عەمەلیاتی گەورە و بچووکدا بەشداری کرد. بۆ هەر جێگایەکی کوردستان مەئموورییەتی پێ سپێردرابا، بە گیان و دڵ بەڕێوەی دەبرد و خۆی بە پێشمەرگەی هەموو ناوچەکانی کوردستان دەزانی.
شەهید مەنسوور کەسێکی زۆر عاتفی، بەڵام بەئیرادە و خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بوو. ئەو کە لە سەنگەری پێشمەرگایەتییەوە دەستی پێ کردبوو، لە ڕووی تەشکیلاتییەوە ڕێبەریی حیزب و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆشەویستی هەمووان بوو. بۆیە ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی زۆر جار لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە لەهەوڵی ئەوە دابوو زەبری لێ بدەن، کە بەداخەوە بە کەڵکوەرگرتن لە هەلومەرجێ تایبەتی کوردستانی عێراق و بەهۆی کەسانی نەفسنزم و خۆفرۆشەوە ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا و لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا کاک مەنسووری فەتاحی ناسراو بە مەنسووری ڕەشەهەورامییان شەهید کرد.
ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ شەهید مەنسوور کە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی شەهید مەنسوور فەتاحی ناسراو بە مەنسووری ڕەشە هەورامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید مەنسوور ناسری کادری لێوەشاوەی حیزب و جێگری کۆمیتەی ناوەندی، شەهید ساماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی کۆمیتەی بانە، شەهید ڕەفعەت حسەینی و شەهید یەدوڵا شیرینسۆخەن دوو پێشمەرگەی بەوەج و وەفاداری حیزب بە دوو ماشێن بۆ کاری حیزبی لە سلێمانی ڕا بەرەو بنکەی دەفتەری سیاسی وەڕێ کەوتبوون، لە نیزیک شاری "دووکان" کەوتنە بەر دەسترێژی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی. شەهید مەنسوور و هاوڕێیانی لێیان وەدەست هاتن و تێرۆریستەکان ڕاو نا و دەست بەسەر ماشێنی تێرۆریستەکان و کۆمەڵێک بەڵگە داگرت کە بەڵگەیەکی زۆر و گرینگی لە خەیانەت و پیلانگێڕی تێدا بوو. بەڵام بەداخەوە لەدوایین کاتەکانی شەڕدا مەنسووری فەتاحی کەوتە بەر گوڵڵەی کوردکوژان و سەرەتا بریندار و پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە شەهید بوو.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.