دارسمە
ئەم شێوە ئاخاوتنە فارسییەی ئێستا وەک زمانێکی سەربەخۆ سەیری دەکرێت، بەشێکی دابڕاوی زمانی فراوانتری کوردییە. ئەم بۆچوونە ڕاستەی بەندە بەدور نییە ببێتە هۆی گاڵتەجاڕیی ئەو کوردانەی بە گەڕەکی فارساندا فێری زمان دەبن. هەروەها بێ سێودوو لێکردن دەبێتە هۆی تووڕەبوونی هەندێک لەو دۆستە فارسانەی پێیانوایە ڕێپێشاندەر و براگەورەی هەمووانن. ئەوان دەڵێن هەموو خەڵکی نێو ئەم چوارچیوە جوغرافیەی ناوی ئێرانە دەبێت دەستەونەزەری ئێمە بوەستن و دەڵێن ئەم شێوەزارە فارسییە شازمانی زمانانە.
ئەوان هەتا ئەم دواییانە و ئێستاشی دەگەڵدا بێت دەڵێن فارسی "شەکەر ئەست". ئەگەر کەمێک دان بە جەرگی خۆتاندا بگرن، ڕوونی دەکەمەوە دەستەواژەی "فارسی شەکەر ئەست" زۆر ڕاستە و لە جێگەی خۆیدایە. فێربوونی زمانی فارسی بۆ ئاخێوەرانی زمانانی دیکە وەک شەکەر وایە. شەکەر پێکهاتەیەکی خۆراکیی شیرین و بەتامە و بە تایەبەت لە زمانی "ئافرەت"انەوە بەرەو پیاوانی مێخواز زۆر خوش و ڕەوان و ئەفسووناوی دێتە گوێ. هێنانی وشەی "ئافرەت" لەم دێڕەی پێشتردا لەجیات وشەی "ژن" بۆ پێلانێکی نەگریسی نووسەری ئەم دێڕانە دەگەڕێتەوە و وادیارە دەیهەوێت چۆن شێوەزاری فارسی لە زمانی سەرەکیی کوردی دوور کەوتووەتەوە، بەم جۆرە ئافرەت لە ماکەی سەرەکیی خۆی واتە ژن دوور بخاتەوە.
فێربوونی شێوەزاری فارسییش بۆ کوردان وەک خواردنی شەکر وایە و سەرەڕای شیرینیەکەی دەگەڵ بەرەوژوورچوونی تەمەن نەخۆشیی "قەند"یان "شەکرە"ی زمانیی لێ دەکەوێتەوە و زمانیی سەرەکیی فێرخواز تووشی سەدان جۆر ژان و ئازار دەکات.
ئەم شێوەزارەی زمانی کوردی (مەبەستم فارسییە) دوای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچە بە چەشنێک ئاوێتەی زمانی عەرەبی بووە، بووەتە تێکەڵەیەکی زۆر سەیر و سەمەرە و وەک چێشتی مجێور و "حەوتترینگە"ی لێ هاتووە.
ئەوکاتەی مرۆڤ فێری ئەم شێوە زارە دەبێت و وا دەزانێت زمانێکی سەربەخۆ فێربووە، لە زمانی دایک واتە زمانی سەرەکیی ئاخێوەرەکە دەبێتە نەخۆشیی شەکرە. لێرەدا ئەو قسەیەی ئاخێوەرانی شێوەزاری فارسی پشتڕاست دەبێتەوە دەبێت بڵێین "فارسی شەکەر ئەست."
ئەگەر شێوەزاری فارسی بەم جۆرە ئاوێتەی عەرەبیی نەبوایە، وەک زمانی دایک یانی هەمان زمانی کوردی، ساکار و بێگرێوگۆڵ دەبوو و پێویستیی نەدەکرد بۆ ئەم شێوەزارە بەلاڕێدابراوە ناچار بین بەگژ دەقەکۆنەکانی عەرەبیی سەردەمی ئیسلام و تەنانەت سەردەمی چاخی جاهیلیی عەرەباندا بچیەوە و شێوە ڕێنووسی گوماناویی بۆ نوسینی وشەی وەک "کۆبرا" و "سوغڕا" و "مووسا" و تەها"ش سەرمان لێ بشێوێنت.
لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ ئەم مەبەستە ئەرکی زمانزانان و ئەو کەسە لێهاتووانەیە بە باشی بەسەر زمانی فراوانی کوردی و عەرەبیدا شارەزان و بە وردیش لە شێوەزاری فارسییان تێدەگەن. بۆ ئەوەی زۆر لە بابەتی سەرەکیی خۆمان دوور نەکەوینەوە، بەگوێرەی ئەوەی شێوەزاری فارسی بەشێکە لە زمانی کوردی و ئاوێتەی زمانی عەرەبی بووە، دەچینەوە سەر دەستەواژەی " حیزبی مونحەلەی دیموکرات".
ئەو کەسانەی کەمێک شارەزای ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایین، ئاگادارن کەسێک بە ناوی "ڕووحوڵڵای مووسەویی خومەینی" هەمان ئەوکەسەی سەردەستەی دزانی شوڕشی گەلانی ئێرانی دژبە دەستەڵاتی پاشایەتی بوو، زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر ئەم دەستەواژەی" حیزبی مونحەللـهی دیموکرات"ی داهێناوە. لێرەدا بۆ لێکدانەوەی مانای ڕاستەقینەی ئەم دەستەواژەیە واتا "حیزبی مونحەللـهی دێموکرات" پێویستە بچینەوە سەر بنەمای بە سەقەتی تێکئاڵاوی بنزاراوەی فارسی و زمانی عەرەبی. ئەوانەی گوێیان داوەتە لێدوانی خومەینی، دەزانن ئەو زۆر بە سەقەتی بەم شیوەزارە سەقەتە دەدوا. بۆ وێنە زۆر جار جێگۆڕکێی بە وشان دەکرد و "ڕستەی وەک " شوما ڕا نەسیحەت میکونەم"ی دەکردە "میکونەم شما ڕا" بەدرەنگەوە دهاتەوە بیری و دەستەواژەی " لاکن نەسیحەت"ی بەدوایدا بەڕێ دەکرد. دەستەواژەی "حێزبی مونحەللـهی دێموکرات"یش بەگوێرەی ئەم یاسایە پێویستە سەر لەنوێ دابڕێژێتەوە و بکرێته "حیزبمون حەللێ، دیموکرات" واتا حیزبی ئێمە حەللـه، لاکن دێموکرات" و مانا تەواوەکەشی ئەمە دەگەیەنێت: حیزبی دیموکرات حەللە" یانی حزبی دیموکرات حەللـه و تواوەتەوە.
وەک ئەو خۆپێشاندان و مانگرتنانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای بانگەوازی ئەم حیزبە بەرپایان کردووە، دیارە دێموکرات دەنێو دڵ و دەروون و هەست و خوستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تواوەتەوە و وەک کورد دەڵێت دە ڕەگ و ئیسقانیان مردووە و تێیدا حەلل بووە.
خومەینی لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی ڕایگەیاند حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم حیزبە ٣٤ سال پێش ئەم فەرمایشتەی خومەینی دامەزراوە و ئێستاش ٤٣ ساڵ بەسەر کاتی هەڵوەشاندنەوەیدا تێدەپەڕێت. مەودای ژیانی دوای هەڵوەشاندنەوەی حیزب بە قسەی خومەینی، ٩ ساڵ لە مەودای تەمەنی بەرلەو هەڵوەشاندنەوەیە درێژترە و لەوکاتەوە دێموکرات زیاتر پەرەی سەندووە و باشتر لە دەمارە درشت و وردەکانی خەڵک مردووە و لە جیات هەڵوشانەوە پەلۆپۆ و لقوپۆپی هاویشتووە و زیاتر ڕەگی داکوتاوە.
ئەگەر فەرمایشتەکەی خۆمەینی بە دڵی خۆی و پەیڕوانی لێک بدرێتەوە ئەوە جەنابیان درۆی فەرمووەوە و دێموکرات نەک هەر هەڵنەوشاوەتەوە، بەڵکوو دوای تێپەڕینی ٤٣ ساڵ بەسەر هەڵوەشاندنەوەدا بەشێکی بچووکی لە دەرەوی ڕۆژهەڵات دەکەوێتە بەر هێرشی مووشەکی مەودابڕی دوورهاوێژ و لەجیات هەڵوەشانەوە دەبێتە گرێپووچکە.
لە دۆخی دووهەمدا ئەگەر بمانهەوێت سەرۆکی شۆڕشدزان بە پاک و بێبەری لە هەڵە و مەڵە بزانینن و ڕێز و ئیحترامی بۆ دابنێن و هەر بڵێین ڕێبەری موعززەمی ئینقلابە، ڕەنگە خەتای ئەو "شەکەر" بوونەی فارسی بێت و لەم دۆخەدا وا باشترە ئەوانەی لە زاراوەی فارسی نزیک دەبنەوە، ئاگاداری تووشبوون به نەخۆشیی شەکرە بن.
"بەڕاستی فارسی شەکەر ئەست" ئێمەش حیزبمون هەموو شتێکی حەللـه.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.