ئا: دیاکۆ دانا
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بوونی بیروباوەڕی جیاواز کە بیەوێ دەسەڵاتی نگریسی ئەو ڕێژیمە بباتە ژێر پرسیار وەکوو تاوانێکی گەورە چاوی لێ دەکرێ و ڕەخنەگر لەگەڵ دەسبەسەرکران، ئەشکەنجە، زیندان، ئێعدام، تێرۆر و... ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا و کۆنڤوانسیۆنە جیهانییەکانی مافی مڕۆڤ بە یەکێک لەو وڵاتانی پێشێلکەری مافی مڕۆڤ لە ئاستی دنیادا ناسراوە و لەو سۆنگەیەشەوە بە بەردەوامی لەلایەن کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و وڵاتانیشەوە مەحکووم کراوە و سزای خراوەتە سەر.
سەرکوتی زیندانییانی سیاسی کە تاوانیان! تەنیا هەبوونی بیروبڕوای جیاواز و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکەیان بووە، لە میناکە هەرە بەرچاوەکانی پێشلکردنی مافی مرۆڤ لە سۆنگەی دیکتاتۆریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەسەرهاتی "حەسەن ڕەستگاریی مەجد"، زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد مژاری ئەمجارەی ستوونی "زیندانبەزێنەکان"ی ڕۆژنامەیە.
حەسەن ڕەستگارەیی مەجد ساڵی ١٣٥٢ لە یەکێک لە شارەکانی کوردستانی تورکیە لە بنەماڵەکەی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. حەسەن ساڵی ١٣٧٢ گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری ورمێ نیشتەجێ بووە و ملی لە کار و کاسبی ناوە. حەسەن ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێوە بە تۆمەتی بەشداری لە "کۆبوونەوەی داکۆکی لە خۆڕاگریی کۆبانی" دەستبەسەر کرا. ئەو بۆ ماوەی ساڵێک لە بەندی ڕەواندەرمانیی زیندانی ورمێدا بەند کرا و پاشان بۆ بەندی تاوانەکانی مادەی هۆشبەر گواسترایەوە. دواجار حەسەن لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤دا لە دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بە تۆمەتی "شێواندنی ئەمنییەتی گشتی"، "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" و "ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان"دا دادگایی کرا و سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. حوکمی دادگای شۆڕشی ورمێ لەدژی حەسەن ڕەستگاری دوای تانەلێدان لەلایەن ناوبراوەوە، لە دادگایی پێداچوونەوەدا وەک خۆی پەسند کرایەوە.
حەسەن ڕەستگاری دوای ئەو حوکمەش لە دوو پەروەندی جیای دیکەدا بە تۆمەتی "مانەوەی نایاسایی لە وڵات" سزای ٣ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ساڵێکی دیکەش زیندانی بەسەردا سەپا.
حەسەن سەرەماوەزی ساڵی ١٣٩٥ بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە دروستکردنی پەروەندە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و لەپێناو پێداچوونەوەی نوێ بە پەروەندەکەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت. و ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ قازیی چاوەدێر و وەرگرتنی بەڵێنی پێڕاگەیشتن بە پەروەندکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی دێنێ. کەچی بە دوای ئەوەدا حەسەن لە سللولی ئینفڕادیی زیندانی ورمێرا بۆ لقی ١٠٤ی دادگای بەڕێ دەکرێ و بە تۆمەتی "شێواندنی ئەمنییەتی زیندان" بە لێدانی ٢٠ قامچی و ٣ مانگ زێدە زیندانی دیکە مەحکووم دەکرێ. بەمجۆرە ئەوە زیندانییە سیاسییە کوردە سەرجەم ١٩ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا دەسەپێ کە بە پشتبەستن بە ماددەی ١٣٤ یاسایی سزادانی ئیسلامی دەبێ لانیکەم ١٥ ساڵ لەو ماوەیە بکێشێ.
بێبەشیی حەسەن لە مافەکانی وەک زیندانییەکی سیاسی و پێداگرییەکانی بۆ بەدواداچوونی ویستە ڕەواکانی وای کرد کە جارێکی دیکەش لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ ی هەتاوییەوە، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە بەتاڵکردنی ناسنامە ئێرانییەکەی لەلایەن دادگای گشتیی شاری ورمێوە و هەڕەشەی ناوندە ئەمنییەتییەکان لەمەڕ ڕادەستکردنی بە وڵاتی تورکیە مان لە خواردن بگرێت. حەسەن ڕەستگاری ئەمجارەش پاشا ٤٠ ڕۆژ مانگرتن بە دانی وادە و بەڵێن لەلایەن دادستانی ئەو شارەوە لەمەڕ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا بوو. بەڵام ئەمجارەش کاربەدەستانی ڕێژیم زار بەدرۆ دەرچوون و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی حەسەن بۆ جاری سێیەم لە ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩دا مان بگرێتەوە و لە ناڕەزایەتییەکانی بەردەوام بێت.
حەسەن ڕەستگاریی مەجد دەڵێ بە بەڵگەی تەواوەوە هاووڵاتیی ئێرانییە و ماوەی ٣٠ ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی باب و باپیرانی و بڕیاری بەتاڵکردنی ناسنامە ئێرانییەکەی تەواو سیاسییە و کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ژیانی بنەماڵەکەی و دابڕان لە خوێندنی منداڵەکانی دادەنێت. لە ئێستادا حەسەن ماوەی ٨ ساڵ لە حوکمەکەی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا کێشاوە و لەو ماوەیەدا دەستەملانی ئازار و ئەشکەنجە و مەینەتیی زۆر بووە. ئەو لە هەموو ئەو ماوەیەدا لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
کەسێکی ئاگادار لە دۆخی بنەماڵەی حەسەن ڕەستگاریی مەجد دەڵێ دوای بڕیاری دادگا لەمەڕ ئەستاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی ناوبراو و بنەماڵەکەی، بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بەناچار چوونەتەوە تورکیە و ئێستاش داوا دەکەن حەسەن بۆ زیندانی تورکیە بگوازرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی ئەم داواکارییەدا بە وەزارەتی دەرەوەی تورکیەیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو ناسنامەی ئێرانیی هەیە و بەپێی یاساکانی ئێران ڕادەستی تورکیە ناکرێتەوە. بەمجۆرە حەسەن ڕەستگاریی مەجد ئێستا لە دۆخێکی نادیار و هەڵپەسێراو دایە؛ نە ڕادەستی تورکیە دەکرێتەوە و نە دان بە ناسنامە ئێرانییەکەیدا دەنرێت.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.