کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێوازیک بۆ بێزارکردنی خەڵکی لە گۆشت‌خواردن

19:00 - 16 بەفرانبار 2722

دارسمە

ئێستا دانیشتووانی ئێران لە ناوچەی کوردنشین، ئازەری‌نشین، تورکمان‌نشین، عەرەب‌نشین، لوڕ‌نشین، قەشقایی‌نشین، تاتی‌وتالشین‌نشین و گیلەکی‌نشینی ئەم وڵاتە بە نەتەوە سیخاخ‌کراوە هەموویان لە یەک خاڵی هاوبەشدا کۆ دەبنەوە. ئەم خاڵە هاوبەشەش دابەزین و نزم‌بوونەوەی توانای گۆشت‌کڕینە.

ئەم خەڵکە زۆر و جوداوازەی لە ناوچەی جۆراجۆری ئێراندا هەر کامیان بۆخۆیان شتێک‌نشینن، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ژمارەی "دوو" کەمێک پشووی پێ سوار کردوون. بەرپرسانی خاوەن ڕاوتەکبیر و چازان و لێزانی ئەم ئێرانە هەموو شتێک ‌نشینە، زۆر تامەزرۆی کەڵک‌وەرگرتن لە ژمارەی "دوو"ن. هەرچەند منی نووسەری ئەم دێڕانە لەگەڵ ئەم نووسینەی بەرچاوتاندا سەر بە هەموو کون و قوژبنی ماڵاندا ناکەم و لە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامە و ڕووبەری کامپیۆتێر و موبایلانەوە ناتانبینم، بەڵام سوور سوور سوور یانی سوورێکی وەک دڵۆپی خوێن دەزانم ئێوەش وەک من و بەرپرسانی کـۆمــــــــــــــــــــــاری ئیسلامی حەزتان لە ژمارەی دووە. ئێوەش پێتان خۆشە لەجیاتی جارێک دووجار بژیێن، سامانتان دوو ئەوەندەی ئێستا بێت و زۆر شتتان دوو دوو بن. دەی بەرپرسانی کـۆمـــــاری ئیسلامییش بەم جۆرەن و پێیان‌خۆشە تەمەنی خۆیان هەشتا ساڵ تێپەڕێنێت و هی خۆشیان ١٥٠ ساڵ. ئەوانیش پێیان خۆشە تەمەنی خۆیان و دەسەڵاتیان دوو ئەوەندەی ئێستا بێت. دوو ئەوەندەی ئێستا یۆرانیۆمی خالیس بپیتێنن، منداڵانیان دوو ئەوەندەی ئێستا پارە ببەنە بانکەکانی دەرەوەی ئێران. دوو ئەوەندەی ئێستا پارە بگەیەننە حیزبەڵای لوبنان و دوو ئەوەندەی دیکە فرۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بدەنە حروسان (ڕووسیە). بەڵام لەم هەموو دووە جارێ خەریکی دوو دووی زۆر سەیر و سەمەرەن. بۆ ئەوەی باسەکەمان بکرێتەوە و باشتر لێکی بدەینەوە، وەک شارەزایانی لێکدانەوە و شیکردنەوە دەڵێن پێویستە ئەم ٢ دووە بەجیا شی بکەینەوە.

دووی یەکەم: ئەم دووە لە پۆلێن‌کردنی ئێمەدا پێوەندیی بە هێڵی هەژارییەوە هەیە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەرپرسانی سەر بە دەستەڵاتی کۆمــــــــــــــــــاری ئیسلامی گوتیان ئەو خەڵکەی لە ئێران لە ناوچەی کوردنشین، ئازەری‌نشین، تورکمان‌نشین، عەرەب‌نشین، لوڕ‌نشین، قەشقایی‌نشین، تاتی‌وتالشین‌نشین و گیلەکی‌نشینی ئێران، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژیێن، ژمارەیان لەم ساڵەی دواییدا گەیشتووەتە دوو ئەوەندەی خۆی. هەر لە درێژەی ئەم بابەتەدا فەرموویان ژمارەی ئەو خەڵکەی لەژێر هێڵی هەژاری‌دان، یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێرانن. بەگوێرەی هەڵکشانی نرخی شتومەک دۆلارە سەوزەکەی سەرۆکی ئیستکباری جیهانی، لە ساڵی داهاتووشدا خەڵکی ژێر هێڵی هەژاری زیاد دەکەن و ئەگەر ئەوەندەی دیکە زیان بکەن بە حیسابی منی ئابووری‌نەزان ئەمساڵیش هەر دەڵێین دوو ئەوەندە زیادیان کردووە، بەڵام دوو ئەوەندەی یەک لەسەر سێش دەکاتە دوو لەسەر سێ و بەمجۆرە ژمارەی کاخ‌نشینان هەڵبەت ئەگەر بۆ وڵاتانی دیکە ڕانەکەن مەبەستم ئەوەیە کۆچ نەکەن، زۆر کەم دەبێتەوە و ژمارەی کۆخ‌نشیانان دەگاتە ئەوپەڕی خۆی و ئەودەم پیاوانی برسی زیاتر بۆ ناردنیان بۆ سووریه و عێراق و یەمەن دەست لەسەر سنگن و بەشێکیشیان ئامادەن بە پارەی کەم لە نێوخۆ لەسەر شەقامان بکەونە دوای کیژان و کوڕانی خۆپێشاندەر. ئەمانە هەموو لە جێگەی خۆیاندا ڕاستن و لێرەشدا چاکەیەک دەگەڵ بەرپرسانی کۆمـــــاری ئیسلامی دەکەین و باس لە چەند ئەوندە زیادبوونی خێڵی لایەنگرانی دروشمی "نە این وەری و نە اون وەری" ناکەین.

دووی دووهەم: ئەم دووەیان هەر بۆ دڵخۆشییە و سەرانی نیزام پێی دڵخۆش دەبن، ئەویش جێبەجێ‌کردنی سیاسەتی حەکیمانەی دوو جار لە‌سێدارەدانی ئەو ئاژاوەگێڕانەیە قسەی سووک بە وەلیی ئەمر دەڵێن و تەنانەت پارێزەرکانیانیشیان نەیانتوانیوە لە دادگا سەیری دۆسیەکانیان بکەن و حوکمی کوشتنیان بۆ دەرچووە. بۆ ئەم مەبەستەش لاوێکی ١٨ ساڵانی خەڵکی باکووری ئێران لە کاتێکدا دیار نەکراوە ناوچەکە گیلەکی‌نشینە یان تاتی‌ و تالشی‌نشین، بەڵام هۆکاری دەرکردنی حوکمەکە وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکرایە و حوکمێکی ڕەواشە. ئەم کورە لاوە کیوسک یان "ژۆرۆکەیکی سەر شەقامی" هێزی ئینتزامیی ئاگر داوە و ئەمە هۆکاری دەرکردنی حوکمی دووجار کوشتنیەتی. ئەگەر باس لە ئەو زیانە زۆرەی ئاگردانی ژوورۆکە یان کیوسکەکەی هێزی ئینتزامی بکەین، نەک هەر خەڵكی شارەکە، بەڵکوو پێویستە هەموو خەڵکی ئێران ئەوانەی لە دەسەڵات نین و دوور نییە لە داهاتوودا بکەونە ژێر هێڵی هەژاریی ساڵانی داهاتوو، پێویستە هەموویان لە سێدارە بدرێن. بەڵام هۆکاری دوو جار ئێعدامەکە بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە. یەکەمیان بە لە‌نێوبردنی کەسێکی مەترسیدار بۆ نیزام نامێنێت و خەڵکیش پێیەوە دەترسن و دووهەمجار کوشتنیشی بە مەبەستی کوشتن یان کەمکردنەوەی ترسی بەرپرسانی نیزام و ورەپێدانیانە.

باسێکی دیکە لەم ڕۆژانەدا لە سەر زار و زمانانە. ئەویش باسی قیمە و شفتە و کۆتلێتە. دوای ئەوەی سەردار قاسم سولەیمانی ئەو قاسم سولەمیانیەی خودییەکان پێی دەڵێن ژێنڕاڵ و دوژمنان دانی پێدانانێن، لە پێش فرۆکەخانەی بەغدا پارچە پارچە کرا، نەیاران ناوی قیمە و شفتە و  کۆتلێتیان بەسەردا بڕیوە. هەرچەندە ئەمە لای دۆستانی شتێکی ناشرینە، بەڵام سوودێکی نادیاریشی هەیە. ئەوشی ئەمەیە خەڵکی برسی و ڕش و ڕووت بەردەوام بە بیرهاتنەوە ئەم ڕووداوە، ئەو خوردەمەنیە گرانبەها و (هزینە‌بردار)انەیان لەبەر چاو دەکەوێت و ئەودەم خەڵک ڕوو دەکەنە خواردنی دانەوێڵە و مانەوێڵە و ئەحشام و ئاژەڵیش هەناردەی دەرەوە دەکرێن و دۆلاری سەوز لە ئابووریی وڵاتدا بەرچاوی هەموو لایەک ڕوون دەکاتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.