کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵەبەربوون بە شان‌تەکاندنێک

22:12 - 2 رێبەندان 2722

دارسمە

بۆ ئەوەی ژمارەی مام‌ناوەندیی ئەو خانمانەمان لە ئێراندا دەست بکەوێت لە بواری تەمەن و لەش‌ساخییەوە دەرفەتی زاوزێ و وەچەنانەوەیان هەیە، پێویستە سووکە ئاوڕێکی لە دانیشتووانی ئەم وڵاتە بدەینەوە.

ژمارەی دانیشتووانی ئێرانی ئێستا نزیکەی ٨٨ میلیۆن کەسە و ئەگەر ژنان تەنیا نیوەی کۆمەڵ بن و ژمارەی پیاوان و ژنان وەک یەک حیساب بکەین، ئەوە هەرکامیان ٤٤ میلیۆن کەس لە دانیشتووان پێک‌دێنن. هەرچەندە دوای ڕاپەرینی ئەم دواییه لەژێر ناوی شوڕشی ژینادا نزیکەی نیوەی ئەم پیاوانەش ئێرەیی بە ژن‌بوونی ژنانەوە دەبەن و پێیان خۆشە ژن بوایەن، بەڵام ئەمە حیساب و کیتابە و لە حیسابی ئێمەدا ئەو مافەیان پێ ‌نادریت و ناچارن هەتا دەیانخەنە گۆڕەوە بە پیاوەتیی خۆیانەوە بناڵێنن. دیارە ئەوانەی لە بواری داراییەوە توانای گۆڕینی ڕەگەزیان لە پیاوەوە بۆ ژن هەیە، ئەوەندە زۆر نین ئەم حیسابەی ئێمە بشێوێنن و ئەو ڕیسەی خەریکین دەیڕێسین بیکەنەوە خوری.

بەگوێرەی ئەو ژمارانەی بەرپرسانی لێهاتووی ئێران بەدستیانەوە دەدەن، ئێستا نزیکەی ١٠ لەسەدی ژنانی ئێران لە سەرووی تەمەنی شێست ساڵین. یانی ٩٠ لەسەدی ئەم ژنانە توانای زاوزێ و نانەوەی وەچەیان هەیە و نزیەکەی ٤٠ میلیۆن کەسێک دەبن. هەر بەگوێرەی ئامارەکان پێنج لەسەدی ئەو ژنانە بەمنداڵ حیسابن. دیارە  لێرەدا پرسیارێک ختۆکەمان دەدات، ئەویش ئەوەیە نازانین تەمەنی منداڵانی کچ لەژێر نۆ ساڵییەوە حساب دەکرێت یان لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵییەوە. هەرچۆنێک بێت ئێمە بەم ئاکامە دەگەین زیاتر لە ٣٠ میلیۆن ژن لە ئێران ساغ و سەلیمن و ئامادەی ئەوەن منداڵیان ببێت.

لێرەدا با ژمارەی ئەم ٣٠ میلیۆن کەسەمان لەبیر بێت و لە خوارەوە خەریکی سووکە حیسابێکی دیکە بین:

لەم ڕۆژانەی دواییدا ئاخوندێک لەو ئاخودانەی ساڵانی ڕابردوو دەچوونە سەر مینبەر و خەڵک بە قسەیانی دەکرد و بۆ شەهیدبوون خۆیان به ئاو و ئاگردا دەکرد، لەسەر مینبەر چەند ڕستەیەکی بەیان کرد و سەری لە خۆی و بەردەنگانی شێواند. هەرکەسێک گوێ بداتە ئەم ئاخوندە وەک وێنە بەناوبانگەکەی مامۆستا حەسەن زیرەک ئەنگوستی سەرسووڕمان دەخاتە نێوان لێوانی سەروو و ژێرینی و لە شوێنی خۆی ڕەق هەڵدێت.

جەنابی ئاخوندی گۆڕین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا قسەی کردووە و باس لە ڕووداوێک دەکات ئەگەر جاری دیکە ڕووبداتەوە، لەم جیهانەدا نەک هەر جێگەی خۆمان بەڵکوو جێگەی ئەنگوستی شایەتمانیشمان نابێتەوە بەرزی بکەینەوە. ئاخوندەکە لە زمان کەسێکەوە ڕووداوێکی ژیانی ئیمامی عەلی دەگێڕێتەوە و دەڵێت ئیمامی عەلی ژنێکی حەنەفی مەزەبی بەناوی "خوولە" هەبووە و خولە بە ئیمامی گوتووە بۆ نابێ ئەویش منداڵێکی جوانی لە ئێمامی عەلی هەبێت؟ ئیمامی عەلیش دەستێک لە شانی ژنە حەنەفی مەزەبەکە دەدات و دەڵێت ژنە ببە بە خاوەنی محەممەدێک. ژنە حەنەفی مەزەبەکە خێرا سکی بۆ کۆرپەیەکی نێرینە بە ناوی محەممەد پڕ دەبێت و دوای کاتژمێرک محەممەدە جوانکە لەدایک دەبێت.

لێرە ئیمە وەک هەموو لێدوانی ئاخوندان کێشەمان لەگەڵ ئەم لێدوانەش نییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئیمامی عەلی تەمەنی نزیکەی ٣٠٠ ساڵ بووبێت، یانی دوای بڵاوبوونەوەی ئایینزای حەنەفی لە ژیاندا مابێت، ئەوە ئاخوندە لاو و تازەپێگەیشتووەکەی ئیمە ڕاست دەکات و درۆی بەزاریدا نایەت. ئەوە نییە هەموو ئاخوندەکان دەزانن درۆ دوژمنی خوایە؟

لەوها هەلومەرجێکدا ئێمە تەنیا لە ئێران خاوەنی ٣٠ میلیۆن خانمی ئامادەی وەچەنانەنەوەین و دەستی ئیمامی عەلیی ئاخوندۆکەی ئێمە بگاتە شانی هەموویان بە یک کاتژمێر دەبینە خاوەنی ٣٠ میلیۆن کۆرپە و هەر منداڵەش دوای گەورەبوونی چەند منداڵی دیکەی لێ پاش دەکەویت. بەمجۆر تۆ بڵێی بە ٢٤ کاتژمێر ژمارەی دانیشتووانی ئێران بگاتە چەند کەس؟ تکاتان لێ دەکەم خۆتا بە لێکداندەوەی زاوزێی مانگ و ساڵانەوە خەریک مەکەن.

وا باشترە بیر لە چوون بۆ هەسارەکانی دیکە بکەینەوە و لە بەر خۆمان بەردەوام دوعا بکەین ئەم ئاخوندە ئیمامەکەی لەگەڵ خۆیدا نەباتە هەسارەکانی دیکە. باشترین چارەسەر ئەوەیە دوعا بکەین ئەو منداڵانەی بەم جۆرە لەدایک دەبن، زیاتریان ژن بن و بەمجۆرە خوازیارانی ئازادیی ژنان و کچانی بێ لەچک و ڕووسەری لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەیان نەبێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوی هەواڵی وتاری ئەم ئاخوندۆکەیە هەواڵێکی دیکەش بڵاوبۆتەوە و لەویاندا فڕۆکەوانێکی فرۆکەی کۆمپانیای "ئیران ئەیر"ی ئێران لە فڕۆکەخانەی مێهرابادی تارانەوە بەرە و خۆڕڕەم‌ئاوا بەڕێ دەکەوت، داوای کردووە لەبەر قورسبوونی باری فرۆکەکە دوو کەس لە فرۆکەکە دابەزن. یەکێک لەو دوو کەسەی خۆبەخشانە لە فرۆکەکە دابەزیوە بە میدیاکانی گوت کاتێک داوایان لە ئێمە کرد دابەزین، شوێنی شەش حەوت کەسی دیکەش لە نێو فڕۆکەدا بەتاڵ بوو.

بڕوا بکەن نە بوختان بە ئاخوندۆکە و نە بە فڕۆکەوانەکە ناکەم. بەڵام حیسابی زیادبوونی دانیشتووانی ئێرانم بۆ لێک نادرێتەوە. تەنیا ئەوەندە دەزانم بەم حیسابە "مناطق کردنیشن، فارس‌نشین، عرب‌نشین و نمی‌دانم چ و چ نشین ایران" پڕ دەبێت لەم منداڵە ورتکانە و هەر دەبێ بڵێین بەم هیوایە ئیمام عەلی بە قسەی ئەم ئاخوندانە نەکات.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.