خەڵکی خەباتگێڕ و ڕاپەڕیوی کوردستان!
نەتەوە بندەستەکانی ئێران و هاونیشتمانییانی خۆشەویست!
شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی، ڕاپەڕینی ئازار و ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆڕیی پاشایەتی و بەردەوامیی پڕۆسەی خەبات بۆ وەدیهێنانی ئازادی، مافخوازی، دیمۆکڕاسی و ڕزگاری لە دەست دیکتاتۆڕی بوو.
ئەزموونی مێژوویی نیو سەدە لە سەرەڕۆیی پاشایەتیی پەهلەوی لەگەڵ داهێنانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی لە بەستێنی تەکووزیی "ترسی ڕەهای جیهانی ڕۆژهەڵات" کە لەسەر بنەمای حاشاکردن لەوانیدی و سڕینەوەی ئیڕادەی گەلانی نافارس و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، سڕینەوەی فیزیکی بنیاد نرابوو، بەشێوەی لۆژیکی لەگەڵ کۆکردنەوەی دەسەڵات لە هەموو بیاڤەکانی سیاسەت و ئابووری بەهۆی دامەزراندنی تاکەحیزبی حکوومەتی و لە هەمان کاتدا سەرکوتی سەربازیی "ئەوی تر"، جگە لە بەرهەمهێنانەوەی سیکلی توندوتیژی و ئینکار و ڕەتکردنەوەی هەمەلایەنەی ناسنامە نەتەوەییەکانی تر و بزووتنەوە ئازادیخوازەکان، دەسکەوتێکی تری نەبوو و کۆمەڵگەی لە هەر چەشنە دەرفەتێک بۆ چالاکیی سیاسی بێبەش کردبوو. بەڵام لەگەڵ بەردەوام بوونی ئەو ڕوانگەیە، لە لایەک پاڕادۆکسە گوتارییەکانی ناسیونالیزمی پاوانخوازی ئێرانی کە هاوکات خەونی بە ئاوێتەکردنی ئاخێزی ئایینی و ئوستوورەیی دەبینی و لەلایەکی دیکە بەرگریی نەتەوەکان کە لەگەڵ سەرکوتی ڕەهای حکوومەتی، کەلێنی چینایەتی و هەڵاواردنەکان بەرەوڕوو بوو، کۆتایی بە ژیانی سیاسیی سیستەمی سەرەڕۆ هێنا.
کوردستان کە ئەزموونی مێژووی سیاسیی پێش و دوای دەسپێکی سەرەڕۆیی پەهلەوی هەبوو، و بە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کۆبیرەوەریی سووژەی کوردستانی هەم وەک تیۆری و هەم بە کردەوە پەرە پێدابوو، هەردەم لە پڕۆسەی سەرکوت و بەرگریدا وەک دیاردەیەکی نامۆ بەسەر جەستەی نەزمی بەرهەمهاتووی سەرەڕۆیی نوێی کۆماری ئیسلامی مایەوە و هەرگیز لە خەباتی ناسنامەخوازی نەوەستا. ئەو تایبەتمەندییە وەک بەرەنجامی مێژووی کۆمەڵایەتی-سیاسی، کاریگەرترین هۆکاری بەشداریی کارای کوردستان لە شۆڕشی ٥٧ بوو، هەر بۆیە لە مەودایەکی کورتدا کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر باندۆری حیزبە کوردییەکاندا ڕێک خرایەوە و ڕۆڵێکی بەرجەستەی لە بیاڤی گشتیدا گێڕا. کارایی ژین-سیاسەتی کوردستان و پێکهاتەی فەرهەنگی خەباتی سیاسی، فرەیی و دێموکراسیخوازی، تایبەتمەندییەکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، کە لەو سەردەمە مێژووییەوە تا ئێستا هەروا بە پڕدیاری ماوەتەوە.
لە نەبوونی ئەزموونی هاوشێوە و وەکیەک و لە هەلومەرجی لاوازی و ئاوابوونی مۆدێڕنیزم لە کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا دەسەڵاتی زاڵی نەرتیخوازیی ئایینیدا، شۆڕشی ٥٧ کە لە هەناوی کەلێنە ناسنامەییە نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزییەکان ... سەری هەڵدابوو، لەلایەن گوتاری ئایینیەوە کە بەدرێژایی مێژووی خۆی دژی مۆدێرنیزم بوو، توانی بە پشتبەستن بە ئایینزا و نەریت و لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکارییەوە سواری شەپۆلەکانی ڕاپەڕین ببێ و دەست بە سەر جووڵانەوەی دژی سەرەڕۆیی دابگرێت.
وەهم و گومانی درۆیین لە دادگەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەلایەن دامەزراوە حکوومەتییە ئایینییەکانەوە و پێشاندان و نواندنی خەبات دژی مۆدیڕنیزم و پێشکەوتنە مرۆییەکان بە نیشانەی بەربەرەکانی لەگەڵ ئیمپریالیزم بە چەشنێک فریودەرانە (لە نەبوونی وشیاریی سیاسیی گشتیدا) بوو کە تەنانەت سەرەتا بەشێک لە ڕەوتە غەیرەئایینی و تەنانەت دژە ئایینییەکانی لە یەک بەرەدا کۆ کردەوە. لە کاتێکدا ئەو پاڕادۆکسە دەروونییەی حکوومەتی دینی و لایەنگرانی شۆڕشی ئیسلامی هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ئاشکرا بوو، گەلی کورد لەگەڵ دژایەتیی ئاشکرا و بایکۆتی ڕیفراندۆمی "بەڵێ یان نا بۆ کۆماری ئیسلامی"، سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێ لە سەرڕۆیی لە چوارچێوەی سەرەڕۆیی ئایینیی ڕاگەیاند. ئەو دوو قۆناغە لە سەرەڕۆیی سیاسی لە نێوەڕۆک و شێوازدا وێڕای جیاوازی، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەبوو. زمانی فارسی و حاشاکردن لە زمانەکانی دی و باستانگەرایی لە پایە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی لە سەردەمی دیکتاتۆڕیی پاشایەتی بوون کە دیکتاتۆڕی نوێی ئایینیی کۆماری ئیسلامی، سیستەمی ویلایەتی فەقیهی پێوە زیاد کرد. لەو ڕووەوە کە خەباتی خەڵکی کوردستان لە بنەڕەتدا ڕزگاریخوازانە، سێکۆلار، دێموکراسیخواز و دژی ناسنامەی سەپێنراو و سەتەمی نەتەوەیی بیچمی گرتووە، بەرەنگاری هەر دوو دیکتاتۆڕیی پاشایەتی و ئایینی بوویەوە.
ئێستا کە نزیکەی سەدەیەک لە هەر دوو دەورەی سەرەڕۆیی لە ئێران تێدەپەڕێ، سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوە، بەشێوەی بەربڵاوتر و فراوانتر لە جاران بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ڕزگاری پتەوتر بووە. لە شەپۆلی نوێی خەبات کە بە شۆڕشی ژینا دەناسرێتەوە، دەرکەوتەی چەندبارەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی گشتی لە کوردستان بەدوای بانگەوازی حیزبەکان، هاوئاهەنگی و تێکەڵاویی کۆمەڵگا و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی زیاتر لە پێشوو دەرخست و سەرەڕای بێدەنگی و سیاسەتگەلی پاوانخوازی و کۆلۆنیالیی میدیایی ئارایی، حەقیقەتی یەکگرتوویی ژیانی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستانی لە ناوخۆ و دەرەوە ئاشکرا کرد.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆڕیی پاشایەتی، بۆ جارێکی دیکە دروشم و ئامانجە ڕەوا و دیمۆکڕاتیکەکانی ئەو شۆڕشە واتە ئازادی، بەرابەری، دیمۆکڕاسی، سێکۆلاریزم، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافە نەتەوەییەکان وەبیر هەموو لایەک دێنێتەوە و جەخت لەو ڕاستییە دەکاتەوە کە تا وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە، بە یەکگرتوویی و خەباتی شێلگیری گشت نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت لە چوارچێوەی شۆڕشی شکۆداری ژینا بەردەوام دەبێ و هاوشانی هێزە سیاسی و پێشکەوتنخوازەکانی سەراسەری ئێران درێژە بە خەبات لە پێناو وەدیهاتنی ئەو ئامانجە بەرزانە دەدا.
سەرکەوێ خەباتی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆڕی و ستەم و کۆنەپەرستی
سەرکەوێ خەباتی هەقخوازانەی گەلی کورد لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی
بڕووخێ ڕژێمی دواکەوتوو وکۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١