کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتس: هەر هێرشێکی تاران بەهۆی گۆڕانکارییەکانی لوبنانەوە بە تەواوی هێز وڵام دەدرێتەوە

17:50 - 25 جۆزەردان 2726

لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان دەگرێتەوە، یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا کە ئەگەر تاران بەهۆی گۆڕانکارییەکانی لوبنانەوە هێرش بکات، بە تەواوی هێزیانەوە وڵام دەدەنەوە.

کاتس ڕایگەیاند ئیسرائیل لە باشووری لوبنان پاشەکشە ناکات و وتی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سیاسەتێکی ڕوونیان هەیە کە بەپێی ئەو، ئەرتەشی ئیسرائیل بەبێ سنووردارکردنی کات، لە ناوچە ئەمنییەتییەکانی لوبنان، سووریە و غەززەدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هاووڵاتییانی خۆی لە بەرامبەر گرووپە چەکدارەکاندا بکات و ژێرخانەکانی حیزبوڵڵاش تێک بشکێنێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە نێتانیاهوو ئەم هەڵوێستەی بە دۆناڵد ترامپ گەیاندووە و خۆیشی لەمبارەیەوە لەگەڵ پێیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا قسەی کردووە.

پێشتریش ئیتامار بن‌گویر ڕایگەیاندبوو ڕێککەوتنەکەی ترامپ پێبەندی بۆ ئیسرائیل دروست ناکات.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشەیتێدپرێس"، کۆماری ئیسلامی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی بە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا بەستووەتەوە، بەڵام تاران هێشتا کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی بە قسەکانی کاتس نیشان نەداوە.