هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئیدیعای بەرپرسان بۆ چاککردنەوەی سیستمەکان، پەککەوتنی خزمەتگوزارییە ئینتێرنێتی و ئانلاینی چوار بانکی گەورەی (میللی، سادرات، تیجارەت و تەوسێعەی سادرات) هێشتا بەردەوامە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئێستادا تەنیا خزمەتگوزارییەکانی کارت لە ڕێگەی ئامێرەکانی ئەی تی ئێم و ئامێرەکانی کڕیندا کار دەکەن و بەکارهێنەران ناتوانن ئەپلیکەیشن و سایتە بانکییەکان بەکار بهێنن.
ئەم کێشە بەربڵاوە دوای ئەوە دێت کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ئەنجومەنی هاواهەنگیی بانکەکانی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە سیستمی ئەم چوار بانکە گەورەیە ڕووبەڕووی هێرشێکی سایبێری بوونەتەوە.
هەرچەندە ئەم ئەنجومەنە ئیدیعای کردووە کە هیچ زانیارییەکی بانکیی هاووڵاتییان دزەی پێنەکراوە، بەڵام بەردەوامیی پەککەوتنی سیستمەکان نیشان دەدات کە ئاستی هێرشە سایبێرییەکە لەوە قورستر بووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسی دەکەن.