کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیالێکتیکی سەپاندنی تێچوو و ژیۆپۆلیتیکی وزە لە دۆسیەی ئێراندا

13:39 - 22 جۆزەردان 2726

شاڕوخ حەسەن‌زادە

لە کاتێکدا کۆمەڵناسیی سیاسیی باو بۆ لێکدانەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان هەروا سەرقاڵی خوێندنەوەی دروشم و وێژمانە ئایدیۆلۆژییەکانە، واقیعی مۆدێڕنی ژیۆپۆلیتیک ئاماژە بە ڕاستییەکی جیاوازتر دەکات؛ لە جیانی مۆدێڕن و پێشکەوتوو کە لەسەر بنەمای ئابووری هەڵچنراوە، شەڕەکان بەرلەوەی لە بەرەکان یەکلایی ببنەوە، لەنێو هاوکێشە بیرکارییەکانی هاوسەنگیی تێچوودا دەگەنە خاڵی کۆتایی. لە تیۆریی واقیعبینیی پێکهاتەییدا، توانای ڕاگرتنی هاوسەنگیی دارایی لە کاتی ململانێدا، تاقە پێوەری مانەوەی سیستەمە سیاسییەکانە.

لەم ساڵانەی دواییدا، ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر ڕێژیمی توتالیتەر و تیۆکراتیکی ئێران، بە تەواوەتی لەسەر مۆدێلی "هەنگاو بە هەنگاو و ستراتیژیی وشککردنی سەرچاوەکان" ڕۆنراوە. ئەم پڕۆسەیە لە گەمارۆی ئابوورییە سەرەتاییەکانەوە دەستی پێکرد، بە کوشتنی زانا ئەتۆمی و فەرماندەرانی سپا حاڵەتی کردەیی و مەیدانی بەخۆیەوە گرت، پاشان لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و کەمکردنەوەی توانای هێزە نیابەتییەکانی تاران لە شەڕی بەرەی حەماس - حووسی- حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی، شەڕی ١٢ ڕۆژە تێپەڕی و گەیشتە شەڕی ٣٩ ڕۆژە. ئێستاش ئەم ستراتیژییە گەیشتووەتە قۆناغی شەڕی سارد لە ناوچە ئاوییە هەستیارەکانی وەک گەرووی هۆرمۆز و کایەی وتووێژە تاکتیکییەکان. لە قۆناغی ئێستادا ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆسەیە، لێدانی کتوپڕیی نیزامی نییە کە تێچوویەکی زۆری بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا هەبێت، بەڵکوو داڕمانی هێور، بەڵام سیستەماتیکی هێزی دارایی، نیزامی و لۆجستیی سەرانسەری ڕێژیمەکەیە.

گەرووی هۆرمۆز، وەک یەکێک لە شادەمارەکانی گواستنەوەی وزەی جیهانی، هەمیشە کارتی هەرە سەرەکیی تاران بووە بۆ سەپاندنی هەڕەشە بەسەر سیستەمی ئابووریی جیهاندا. بەڵام گوشارە خنكێنەرە ژیۆئابوورییەکانی سەر ئەم گەرووە و توندکردنەوەی چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان، دەرەنجامی پێچەوانەیان لێکەوتووەتەوە و کایەی ئابووریی نێوخۆیی ڕێژیمی ئێرانیان تووشی ئاستەنگی پێکهاتەیی و هەمەلایەنە کردووە. دەرەنجامی سەرەکیی ئەم ستراتیژییە، ناهاوسەنگییەکی بێ‌پێشینە و مێژووییە لە نێوان دۆلار و تمەندا کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی هەڵاوسانی تاقەتپڕوکێن، داڕمانی خێرای بژێوی کۆمەڵگە، لە هەموو ئەمانە مەترسیدارتر بۆ سیستمەکە؛ دواکەوتنی بەردەوامی مووچەی مانگانەی کارمەندانی مەدەنی و هێزە نیزامی و ئەمنییەکانە. له‌ زانستی نیزامی و ئەمنییەتی نه‌ته‌وەییدا، پێوەرێک هەیە کە دەڵێت؛ کاتێک دەستەڵاتێکی سیاسی توتالیتەر نەتوانێت تێچووی داراییی هێزە ئاسایشی و پارێزەرەکانی خۆی دابین بکات، متمانەی هێزە چەکدارەکان بە سیستمەکە دادەڕمێت. ئەم برسیبوونە داراییە دەبێتە هۆی دروستبوونی درزی پێکهاتەیی و جەمسەربەندی لەنێو ڕێبەرانی سیاسی و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداراندا. ئەوەی ئێمە ئێستا لە ململانێ و جەمسەربەندییە بێدەنگەکانی نێوخۆی بازنەی بڕیاردانی ئێراندا دەیبینین، بەشێکی دەرکەوتەی مادیی ئەو هاوکێشەیەیە کە تێیدا ماشینی سەرکوت توانای کڕینی وەفاداریی هێزەکانی خۆی لاواز بووە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئەم دۆخە ئاڵۆزە ژیۆپۆلیتیکییە و گشت ئاستەنگەکان، نەخشەی وزەی جیهانی بە قازانجی ئەمریکا گۆڕاوە! واشینگتۆن ئێستا نەک تەنیا لە ڕووی نیزامییەوە، بەڵکوو لە بواری وزەشەوە لەم دەرفەتە کەڵکی وەرگرتووە و وەک مەزنترین هەناردەکاری گازی سروشتیی شلکراو (LNG) و گازی شلی نەوتی (LPG) لە جیهاندا دەرکەوتووە و لە کاتی گونجاودا نەوتی خۆی بە بەرزترین نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەفرۆشێت. ئەم باڵادەستییە نوێیەی وزە، بوار بە ئەمریکا دەڕەخسێنیت کە گوشارێکی بێبەزەییانە و یەکلاکەرەوە بخاتە سەر وڵاتانی بازنەی یەکیەتیی ئورووپا. ئامانجی ئەم گوشارە ئەوەیە کە چیتر پایتەختە گەورەکانی ئورووپا نەیانەوێت و نەتوانن لە ناوچەی خۆڵەمێشیی پێوەندییە دیپلۆماسییەکاندا دەگەڵ تاران بمێننەوە و ناچار بن بڕیاری کۆتایی لەسەر دابڕانی تەواو لە پێوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانیان دەگەڵ ئێران بدەن. ئەم شێوازە گەمارۆدانە لە حاڵەتی بە تەنیا ئەمریکاییەوە، دەکاتە گەمارۆدانێکی پێکهاتەیی جیهانی کە هیچ ڕێگەیەکی هەناسەدان بۆ ئابووریی ئێران ناهێڵێتەوە.

شیکاریی لۆژیکی و زانستیی ڕۆژانەی ڕووداوە نوێیەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا، پەردە لەسەر نەخشەیەکی وردتر لا دەدات. لە کاتێکدا کە وەرزی حەج بەرەو کۆتایی دەچێت و حاجییەکان دەگەڕێنەوە، جیهان خەریکە دەچێتە نێو کایەی مۆندیالی ٢٠٢٦وە (جامی جیهانی) کە تێیدا ئەمریکا خۆی خانەخوێی سەرەکییەتی و، باس لە گەڵاڵەکردنی ئاگربەستێکی کاتیی ٦٠ ڕۆژە دەکرێت لە ناوچەکەدا. شیکردنەوەی ستراتیژی پێمان دەڵێت کە ئەم ٦٠ ڕۆژە، پڕۆسەیەکی ئاشتیخوازانەی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو دەرفەتێکی تاکتیکیی دروستکراوە لەلایەن زلهێزەکانەوە بۆ پڕکردنەوەی عەمبارە ستراتیژییەکانی نەوت لە جیهاندا. ئامانج لەم پڕکردنەوەیە، پاراستنی ئابووریی جیهانە لە هەر جۆرە شۆکێکی کتوپڕ لە کاتی بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ یانی قۆناغێکی دیکە کە دەکرێ ئەمجارە دوامین قۆناغی کۆتاییهاتن بە ڕێژیمی ئێران بێ. دەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم ماوە کاتییە، بەپێی تەتەڵەی زانستیی بازاڕە جیهانییەکان، شیمانە دەکرێ کە لە مانگی کۆتایی وەرزی هاوین‌دا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی زۆر بەرز ببێتەوە. ئەم بازدانە کتوپڕەی نرخی نەوت لە نێوەڕاستی پاییزدا دەگاتە لوتکە، ئەمەش هێما و نیشانەی چوونە ناو دوا قۆناغی شەڕی گەورە و گواستنەوەیە لە شەڕی سارده‌وە بۆ شەڕی گەرم و ڕاستەوخۆ.

ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران ئێستا تەنیا کارتی گەرووی بابولمەندەبی لە ڕێگەی هێزە هاوپەیمانەکانییەوە لە یەمەن بە دەستەوە ماوە و لە سەرەتای پێدادانەکەدا پێدەچێت بەهۆی بەکارهێنانی مووشەک و دڕۆنەکانییەوە دەستپێشخەریی کاتی بکات و شۆکێک لە هێڵەکانی بازرگانیدا دروست بکات، بەڵام هاوکێشەی کۆتایی ململانێکە لەسەر زەوی بە داڕووخانی یەکجارەکی بۆ ئەو ڕێژیمە دەشکێتەوە، چوونکە لە ئەگەری داخستنی بابولمەندەب زەرەرمەندی سەرەکی وڵاتی چین دەبێ کە ئێران هیوای بە پشتیوانییەکانی هەیە، کێشەیەک کە هەر ئێستا لە گەرووی هۆرمۆزیش هەیەتی. لە وەها حاڵەتێکدا هێزێکی نیزامی کە لە نێوخۆدا پاڵپشتیی جەماوەریی نەمابێت و دەگەڵ گەلەکەی خۆیدا لە شەڕێکی ئایدۆلۆژیدا بێ، ناتوانێت شەڕی درێژخایەن و کۆڵان و شاران بکات. ئەم ڕێژیمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کایەی گشتی، سێبەرێکی تەمومژاوی بەسەر ئینتەرنێتیش‌دا کێشاوە، بەڵام ئەم بڕین و گەمارۆدانی ئینتەرنێتە نێوخۆییە لە بنەڕەتدا زیانێکی زۆری بە پیشە، بازرگانی، پێوەندییەکان و تەنانەت ژێرخانی مۆنیتەریی خەڵک گەیاندووە و بێزاریی و توڕەیی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە لوتکە. ڕێژیمی ئێران کە شەرعییەتی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا نەماوە و هێزە نیزامییەکانی لەژێر گوشاری ئابووری و ئایدیۆلۆژیدا سەفا و مەروە دەکەن و هیچ دۆستێکی ئەوتۆی کاریگەر و ڕاستەقینەی لە جیهان‌دا نەماوە، ناتوانێت لە بەرانبەر گەمارۆ یان هێرشێکی بەربەرینی جیهانی خۆی ڕابگرێت.

ئەم داتا ئابووری و نیزامییانە بە ڕوونی پێمان دەڵێن کە مێژووی ناوچەکە بەرەو خاڵی وەرچەرخان و کۆتاییهاتنی پێکهاتەیەکی ڕێژیمێکی تۆتالیتەر هەنگاو دەنێت. لەم سۆنگەیەوە، بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئەگەر تەنیا وەک تەماشاکارێکی پاسیڤ و بێدەنگ سەیری ئەم ڕۆژمێرە ستراتیژییانە بکات و خۆی بۆ لێکەوتەکانی قۆناغی دوای تەقینەوەی نرخی نەوت و شەڕی کۆتایی ئامادە نەکات، دیسان لەسەر مێزی ڕێککەوتنە گەورەکانی نەخشەی نوێی ناوچەکە دەکریتە قوربانی و پەراوێز دەخرێت. مەنتیقی ڕیالیزمی سیاسی حوکم دەکات کە لە کاتی داڕمانی ناوەندە فەرمی و نیزامییەکان، تەنیا ئەو ئەکتەرە نادەوڵەتییانە دەمێننەوە و حیسابیان بۆ دەکرێت کە خاوەنی جێگرەوەیەکی دیاریکراو، ستراتیژی و هێزیی ڕێکخراو بن لەسەر زەوی. جووڵانەوەی کورد پێویستی بە تێپەڕاندنی گوتارە نەریتییەکان و ئامادەکردنی هێزێکی نیزامی و دیپلۆماسیی لێهاتوو هەیە کە بتوانێت بۆشایی ئەمنیی دوای داڕمانی ناوەند پڕ بکاتەوە، تەنانەت لە قۆناغێک‌دا دەبێ خۆی بۆ شەڕی ناو شارەکان بە چەکی نوێ ئامادە بکات. شیاوی ئاماژەیە؛ پێوەندیگرتن دەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان و دۆزینەوەی هاوپەیمانی دەرەکی چالاکییەکەی گەلێک گرنگە، بەڵام پرسیارە ستراتیژییەکە لێرەدا ئەوەیە؛ دیپلۆماسی دەگەڵ کێ و کام ڕەوتی فیکری و سیاسی؟

لە ململانێی ئێستای نێوان جەمسەرە نێودەوڵەتییەکان - بە تایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل - لە بەرانبەر ڕێژێمی ئێراندا، بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی چەپ، سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان لە سەرانسەری جیهان، ئورووپا و تەنانەت لە نێوخۆی ئێران و کوردستانیش‌دا، گوتارێکی دژەشەڕیان هەڵگرتووە کە لەژێر پەردەی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزمدا، لە ڕاستیدا هاوسەنگیی هێزەکە بە قازانجی مانەوەی دۆخی ئارایی و پاراستنی ڕێژیمی ئێران دەشکێنێتەوە. لێرەوە، خوێندنەوەیەکی ناباوی گەورەی سیاسییە کە هێزێکی ڕزگاریخواز، کات و وزەی دیپلۆماسیی خۆی لە گۆڕەپانی ئەو هێزە فیکری و سیاسییانەدا بەفیڕۆ بدات کە لە بنەڕەتدا دژی هەر جۆرە دەستێوەردان یا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتین لە پێکهاتەی هێزی ناوچەکەدا. کاتێک هێز یان ڕەوتێکی جیهانی خۆی بە دژی میکانیزمەکانی لاوازکردنی ڕێژیم پێناسە دەکات، لۆژیکی لۆبیکردن لەگەڵیاندا دەبێتە دۆخێکی بێ‌کەڵک. دیپلۆماسیی کارامە و ڕاستەقینە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشە دەگەڵ ئەو جەمسەر و هێزە لیبراڵانەی کە ئیرادەی ڕاستەقینەیان بۆ گۆڕینی نەخشەی ژیۆپۆلیتیکی ناوچەکە هەیە و شەڕەکە وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەبینن کە ئێمەش لەو نێوەدا دەتوانین قازانجی خۆمانی لێبکەین، چوونکە ڕاستە ئەمە شەڕی ئێمە نییە بەڵام ئێمە لەناو چەقی شەڕەکەداین و دەبێ خۆمان یەکلایی بکەینەوە.

گۆڕینی ئاڕاستەی گوتاری سیاسی ئارایی بەرەو دۆزینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش دەگەڵ هێزە لیبراڵە نێودەوڵەتییەکان، نەک تەسلیمبوون، بەڵکوو تێگەیشتنێکی واقعبینانە لە مەنتیقی هێزە. ناتوانرێت بە گوتارێکی کلاسیک و نەریتی کە چاوی لەهەمبەر ئاڵوگۆڕە گەورەکان بەستووە، متمانەی جیهانێک بەدەست بێنی کە خۆی لە نێوەڕاستی گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکاندا دەبینێتەوە. لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا، کاتێک دەرفەتە زێڕینەکان بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە دێنە کایەوە، دروستکردنی پەناگەیەک لەژێر ناوی خەباتی تاک ڕەهەندی جگە لە کڕینی کات بۆ دیکتاتۆر بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی خۆی شتێکی ئەوتۆتر نییە. بزووتنەوەی سیاسی و هزریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە لە تەواوی ناوچەکەدا، ئەگەر نەتوانێت لەم هەل و دەرفەتە هەستیارەدا گوتارێکی نوێ، شۆڕشگێڕانە، خاوەن باوەڕ و هاوتەریب دەگەڵ پێشهاتە ژیۆپۆلیتیکییەکان بونیاد نەنێتەوە، مێژوو بەزەیی پێدا نایێ و لە ناو پەراوێزی سڕبوونی سیاسیدا دەبێتە تاڕماییەکی نۆستالۆژیک! دەبێت ئەوە بزانین کە بەرژەوەندی گەلی خۆمان بەر لە هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە بێت و وەدەست‌هێنانی ئازادی، لە دەرەوەی هاوسەنگیی هێز و لەسەر بنەمای چاوەڕێ‌بوون و متمانەی ئەخلاقی بە سیستەمی تۆتالیتەر بەدەست نایەت.