دەیڤید سیمۆر، جێگری سەرۆکوەزیرانی نیوزیلەند لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ "ئێران ئینتێرناشناڵ" ڕایگەیاند، دەوڵەتی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی جیددی خەریکی تاوتوێکردنی پرسی خستنە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە.
سیمۆر حوکمڕانیی ئێرانی بە "ڕێژیمێکی شەیتانی" ناو برد و سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران، هێرش بۆ سەر دراوسێکان و پشتگیریکردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئوسترالیا مەحکووم کرد.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکانی نیوزیلەند بە تەواوی ئاگاداری چالاکییەکانی سپای پاسدارانە و پاراستنی ئەمنییەتی ئێرانییانی دانیشتووی وڵاتەکەی لە ئەولەوییەتی کارەکانیاندایە.
سیمۆر ئاماژەی بە بەیاننامەی هاوبەشی ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی نیوزیلەند و ٢١ وڵاتی دیکە (وەک ئەمریکا، بریتانیا و کانادا) کرد کە تێیدا "کردەوە تێرۆریستییەکانی" تاران لە دەرەوەی وڵات دژی نەیاران و ڕۆژنامەنووسان مەحکووم کرابوو.
جێگری سەرۆکوەزیرانی نیوزیلەند لە درێژەدا، کوشتنی لانیکەم ٤٠ هەزار کەسی لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری بە "شەرمەزارکەر و قێزەون" ناو برد.
سیمۆر وتی: "ئەم حکوومەتە کاتێکی زۆری بۆ جێگیرکردن و پاراستنی خۆی تەرخان کردووە، بەڵام من لەو باوەڕەدام ڕۆژێک دێت کە ئیتر ئەم دەسەڵاتە نەتوانێت بەردەوام بێت لە مانەوەی و لەسەر حوکم نامێنێتەوە."
تا ئێستا وڵاتانی وەک ئەمریکا، کانادا، یەکیەتیی ئورووپا، ئۆکراین، ئارژانتین و ئوسترالیا، سپای پاسدارانیان خستووەتە لیستی تێرۆرەوە.