کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا، ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پەرەسەندنی

20:43 - 22 رێبەندان 2722

مریەم عەلیپوور

بەر لەوەی ئاماژە بە ئاستەنگ و لەمپەرەکان بکەم، بۆ کرانەوەی باسەکە پێویستە بزانین ئایا ئەو ڕاپەرین و خۆپێشاندانانە دەچنە نێو قەوارەیەک بە ناوی شۆڕش، یان شۆڕشێک بە ناوی شۆڕشی ژینا؟ کەی و کێ شۆڕش دەکات؟ ئەو شۆڕشە لە ناو چ شێوە سیستمێکدا دەکرێت؟

شۆڕش

شۆڕش پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ڕوو دەدات. ئەو چەمکە بە تایبەتی بۆ هەڵچوونە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، کولتوورییەکان و ... هتد بەکار دەهێنرێت. دەتوانین شۆڕش بە پرۆسەی گۆڕان پێناسە بکەین کە پێویستیی بە هێندێک پشتیوانیی جەماوەر هەیە.

گرینگترین شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەکانی ڕابردوو، شۆڕشی ١٧٨٩ی زایینیی فەڕانسە و شۆڕشی ١٩١٧ی ز. ڕووسیە بووە. لەو دواییانەشدا گرینگترین هەڵچوونە سیاسییەکان بریتی بوون لە شۆڕشی کۆمۆنیستی لە چین لە ساڵی ١٩٤٩ ز.، شۆڕشی سۆسیالیستی لە کوبا لە ١٩٥٩ ی ز.  و شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی ز. ، کە ئاکامەکەی بوو بە سەرهەڵدانی ڕێژیمێکی توتالیتار و ئاپارتاید.

کەواتە بەپێی ئەو بۆچوونانە لە شۆڕش، دەتوانین بڵێین ئەو شۆڕشەی کە ئێستا لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێ کردوە وەک شۆڕشێکی سیاسی، ڕووناکبیری، زانستی و کولتوورییە کە توانیویەتی هەموو نەتەوەکانی ئێران بەهەموو توێژەکانیەوە لە دەوری خۆی کۆ کاتەوە. ئەو شۆڕشە لە دوای ڕژانی خوێنی ژینا لە تاران بەدەستی پۆلیسی ''ئەخلاقییەوە'' کە بۆ پاراستنی سەرەکیترین بەها سیاسی/ ئایدیۆلۆژییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دروست کراوە، لە کوردستان-سەقز دەستی پێ کرد. سەرەڕای ئەوەی زۆر ژیلەمووی دیکەش گەشانەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکان، ژینا بوو بە سیمبول و هەوێنی ئەو شۆڕشە.

شۆڕشی ژینا بەرزترین بەها مرۆییەکانی هێنایە سەر زاری میلیۆنان تێکۆشەری ئازادیخوازی کورد و غەیرە کورد، بوو بە سیمبولێکی جیهانی بۆ بەرگری لە "ژن ژیان ئازادی" خەباتێکی جیهانی دژی دیکتاتۆری و چەوسانەوەی مرۆڤەکان. ئەوە تەنیا شۆڕشێک بە ناوی ژینا نییە، بەڵکو پێداگری لە مافە نەتەوەییەکان و ئازادی تاک و گرووپەکان و مافی ژن لە پێگەی داهاتوو دایە. نابێ لە یاد بکرێن و دەبێ لە فورمی یاسا و نووسراوە و بە کردەوە جێبەجێ بکرێن.

ئەو دۆخەی کە بۆ مرۆڤایەتی لە ئێراندا بەگشتی و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، لەلایەن ئەو ڕێژیمە توتالیتارە دروست کراوە، چی دیکە جێگای هەرس‌کردن و پەسەندی خەڵک نییە. لێرەدا ناکرێ ئاماژە بە شێرەژنان و لاوانی کورد کە مەشخەڵی ڕزگاریخوازی و ئازادین نەکرێت، ئەوان خاوەنی سەرەکین لە سەرهەڵدان و بەردەوام‌بوونی ئەو شۆڕشە. خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگە دەزانن، ئەگەرچی بەپێی یاسا و ڕێساکانی ڕێژیمی توتالیتاری ئێران ئەو دوو توێژە لە کۆمەڵگەدا کەمترین ڕۆڵ و بایەخیان پێ دراوە و دەدرێت.

سیستمی سیاسی و حکومەتداری لە ئێراندا

بە چاوخشاندنێکی خێرا بە کۆی پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وێنایەک هزر و بیری مرۆڤ داگیر دەکات کە وێنای سیستمێکی توتالیتاریزم و ئاپارتایدە، بۆ؟

تۆتالیتاریزم یان ڕێژێمی تۆتالیتار چەمکێکە بۆ سیستمە سیاسییەکان کە دەسەڵات لە پرەنسیپدا، کۆنترۆڵی هەموو چالاکییەکانی کۆمەڵگە دەکات، تەنانەت ئەوەی لەنێو خێزانیشدا ڕوودەدات. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین، تۆتالیتاریزم، شێوەیەک لە حکومەتدارییە کە ڕێگە بە هیچ ئازادییەکی تاک نادات و دەیەوێت هەموو بوارەکانی ژیانی تاک ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت بکات. تۆتالیتاریزم بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەندێکی تاکدا، دەبێتە دیکتاتۆرێکی تاکەکەسی یان کۆمەڵێک لە خاوەن دەسەڵاتەکان وەک لێژنە یان سەرکردایەتیی حیزبێک. ئەو ناوەندە پشت بە هێز دەبەستێت بۆ سەرکوتکردن و سنوردارکردنی هەر پێشکەوتنێک لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ئەواندا نەبێت و کەڵک لە هەموو کەرەسەیەکی ناڕەوا وەردەگرێت بۆ بێدەنگکردنی هەموو دەنگە ناڕازییەکان.

بەپێی ئەو پێناسە و ئەرگومێنتانەی لەسەر توتالیتاریزم هەیە بەو قەناعەتە دەگەین کە ئەو ڕێژیمە، ڕێژیمێکی توتالیتارە. کەواتە هەر خودی ئەو سیستمە گەورەترین لەمپەرە لە بەردەم پەرەسەندنی شۆڕشی ژینا، بۆ؟ لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێکی توتالیتار بۆ مانەوە و بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەی، نەک هەر هاووڵاتیان لە نێو دەبات، بەڵکو هەوڵ دەدات وڵاتیش وێران بکات. چەمکی«وێرانی» دەتوانین بە سێ فاکتەری سەرەکی ببستینەوە کە ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران بەڕێوەی دەبات وەکوو:

١. توندوتیژی و تۆقاندن، بە مەبەستی لەنێوبردنی هەموو شێوە ئازادییەکی هاووڵاتیان.

٢. هەبوونی ئیدیۆلۆژیی چەقبەستوو.

٣. تەیارکردنی بەشێک لە جەماوەر لە دەوری ئەو ئیدیۆلۆژییە چەقبەستووە.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە یەکجار زۆرە بەڵام زۆر بەکورتی دەتوانم بڵێم: قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، دیپلۆماسی، دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لەنێوان دەوڵەت و نەتەوەکانی نیشتەجی لەو قەوارەیەدا، زۆڵم و زۆری، ئەشکەنجە، زیندان، سێدارە، سیستمی بانکیی ناکارا و گەندەڵ، گەندەڵیی ئابووری و یاسایی، نزمیی بەرهەمهێنان، وێرانکردنی ژینگە، لەنێوبردنی سامانی سروشتی، هەژاری، بێکاری، پەراوێز خستن و زیندانی کردنی نوخبەکان، لەدەستدانی شەرعییەتی سیاسی و دەسەڵاتداری، بە دیکتاتۆرکردنی سیستمی پەروەردە، پەرەدان بە برۆکراسیی دواکەوتوو و سوننەتی، خۆرافاتی و تەک مەزهەبی هەموو ئەوانە دڵۆپێک لە دەریایەک قەیرانن کە ئاماژەم پێدان. هەموو ئەو قەیرانانە دەرئەنجامی چەندین کێشە و گرفتی (نێوخۆ و دەرەکی) پێکهاتەی نیزامە، بەدرێژایی مێژووی زیاتر لە چل ساڵی ئەو ڕێژیمەیە کە کەڵەکە بوون و ئێستا وەک ڕنووی بەفر بە سەریاندا داڕماوە. لەباتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە و گرفتانە، هاووڵاتیانیان بە سەر سێ گرووپدا پۆڵێنبەندی کردووە.

دەستەی یەکەم: ئەو کەسانەن کە بە هەر هۆیەکەوە گرێدراوی دەسەڵاتن و بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە توندئاژۆییە لە هیچ بێ ئەخلاقیەک و کردەوەیەکی نامرۆڤانە ناسڵێنەوە.

دەستەی دووهەم: بەشێک لە نەوەی بەر لەو جیلی ئێستا کە بەداخەوە کولتوری بە کویلە بوون بەسەریاندا زاڵە و هەتا ئێستا کەم تا زۆر بێ دەنگیان هەڵبژاردووە. لەوانەیە هێندێک لەوانە بترسێن یان باوەڕیان بە چاکسازی لە لایەن ئەو ڕێژیمە توتالیتارە هەبێت، کە قەت شتێکی ئاوا لە ناو سیستمی توتالیتار ڕوو نادات.

 دەستەی سێهەم: ئەو جیلەن کە پەروەردەی شۆڕشی ئەلکترونین و پاندیمی کۆرۆنان. كۆرۆنا بوو بە دەرفەتێک بۆیان بۆ ئەوەی کاتی زیاتریان بۆ بەرەخسێ بۆ چوونە ناو دونیای مەجازی هەتا بتوانن زیاتر ئاگاداری ژیان و دۆخی وڵاتانی پێشکەوتوو بن و لەگەڵ ژیان و دۆخی خۆیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن. پرسیار لایان دروست بێت و بە دوای وڵامەکانیاندا بگەڕێن. ئەوە و زۆر هۆکاری دیکەی نەرێنی ڕێژیمیان کە بە کردەوە هەست پێکردوە، وای لێکردوون و بەو ئاکامە گەیشتوون کە بۆ گەیشتن بە وڵامی پرسیار و ئارەزوەکانیان دەنگ هەڵبڕن و ئێستا دەبینین چاو نەترسانە لەسەر شەقامەکانن و خەریکی شۆڕش و بەهیوای سیستم گۆڕینن.

ئاستەنگ و لەمپەرەکان

ئاستەنگ و لەمپەرەکان یەکجار زۆرن و دوولایەنەشن، چ لەلایەن دەسەڵاتدارەوە و چ لە لایەن هاووڵاتیان. لەبەر دووریم لە شۆڕشی نێوخۆ (نیشتیمان) زۆر ئاگاداری هەموو ئاستەنگ و لەمپەرەکانی نێوخۆ نیم. بەڵام بەگشتی ئەوەندەی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، خوێندنەوەکان و پەیوەندیەکی سنووردار لەگەڵ نێوخۆ ئاگادارم، وێڕای ئاماژەدان بەو کۆسپانە، بەکورتی باسی هەوڵەکانی دەرەوەش دەکەم.

گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕووناکبیری، زانست و زانیاری، پەروەردە و تەنانەت هونەر و تەکنولۆژیش کارێکی قورس و کات‌خوازە، بەتایبەت لە وڵاتە توتالیتارەکاندا. من پێم وایە بۆ ئاسانکاری و زووتر گەیشتن بەو گۆڕانکاریانە پێویستە: بەهێزتربوونی پشتیوانیی شارەکان لە یەکتر، بەڕێکخراوتربوونی خەڵکی نێوخۆ، نەترستر بوون، بەسیاسیکردنی دروشمەکان، بەردەوام‌بوونیان، چۆک‌دانەدان لە بەرانبەر زۆری و زەختی مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم، هەموو ئەوانە کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ ئەو گۆڕانکاریانە.   

هەر وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا هەر خودی ئەو سیستمە یەکێک لە بەربەستە گەورەکانە لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ  ئەخلاق و مرۆڤایەتیەک نییە و لە هەموو کەرەسەیەک کەڵک وەردەگرێت بۆ توندوتیژی و سەرکوتکردن. بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشی و هیوابەخشە ئەوەیە کە هێزی گەل بەهێزترە لە هێزی داگیرکەر. نەترسی و باوەڕبەخۆبوونی دایکان و باوکان و نزیکانی گیان بەخت کردووەکان، بریندارەکان، زیندانییەکان و زۆربەی خەڵک ئەوەمان پێ دەڵێت.

ئینتێرنێت یەکێک لەو کەرەسە گرینگانەیە بۆ پەێوەندی نێوان تاک و گروپەکانی کۆمەڵگە چ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و شارەکانی دیکە و چ لەگەڵ تاراوەگە و وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە ئێستادا. هەر بۆیە ڕێژیم هەوڵی داوە و دەدات هەتا بۆی بکرێت ڕێگری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات و هەموو کەرەسەیەک کە پەیوەندی بە ئینتێرنێتەوە هەیە کۆنتڕۆڵ و سنووردار بکات. تەنانەت وەک گەڵاڵەیەکی پارستنی وڵات لە هەوڵ‌دایە ئینتێرنێتی وڵات بکات بە ئینتێرانێت (پەیوەندییەکان نەک هەر تەنیا لە نێوخۆیی ئێراندا دەبێت بەڵکوو سنووردار و تەواو لەژێر کۆنترۆڵی ڕێژیمدا دەبێت). بەخۆشییەوە چالاکانی دەرەوەی وڵات لە ڕێگای پێوەندییەکانیانەوە توانیویانە سەرنجی ئورووپایی و ئەمریکییەکان ڕابکێشن بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی ئینتێرنێت بۆ خەڵکی نێوخۆ. لەو ڕاستایەدا ئەمریکا و ئورووپا بەو ئاکامە گەیشتوون کە هاوکاری خەڵک بکەن بۆ نەمانی ئەو کۆسپە. هەر بۆیە گروپێکی کارایان پێک هێناوە و هەموو وردەکارییەکانیان دەست نیشان کردوە هەم لە ئاستی ناوەوەو هەم دەرەوە.

بە کارهێنانی توندوتیژی، زیندان، ئەشکەنجە و کوشتن بە مەبەستی ترساندن، هەڕەشە و تۆقاندنی خەڵک بۆ ئەوەی واز لە خۆپێشاندان بێنن. بەداخەوە هاووڵاتیانێکی زۆر بە شێوازی جۆراوجۆر بوونە و دەبنە قوربانی. بەڵام دایکان، باوکان و لاوان بەهۆی هەڵوێستەکانیان لەبەرابەر ئەو توندوتیژییانەدا، ڕێژیمی بەچۆک داهێناوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گرفتەی زۆر لاواز کردووە.

تاراوەگەشدا: هەر بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی ڕێژیم، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ستاڤێکی دەستنیشان کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران. هەروەها چەندین سزایان خستۆتە سەر بەرپرسانی ئێرانی و ئێرانیشیان لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان دەرکرد. لەوانەشە لە داهاتوویەکی نزیکدا سزای زیاتریش بەسەر ڕێژیمدا بەسەپێنن. هەربۆیە بە دڵنیایەوە دەتوانم بڵێم ئێران لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکی گەورەدایە و بەهیچ شیوەیەک ناتوانێت بگەرێتەوە بۆ ڕۆژانی بەر لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕوونکاری نێونەتەوەیی، ئێران لە بواری گەندەڵی و قەیرانی ئابوورییەوە لە پلەی بەرزدایە. هەر بۆیە بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی سەختی ژیانی زۆربەی خەڵک دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ئەو شۆڕشە هەبێت یان وەک بەربەستێک بێتە ئەژمار کە خەڵک ماندوو بکات. بە خۆشییەوە چالاکانی دەرەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکن بۆ ئەو بەشە. هەوڵی دانانی سندوقێکن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بە هۆی خۆپێشاندانەکان وەبەر هاوڵاتیان دەکەوێ. ئەگەر حیزبەکان لەگەڵ کەسایەتییە سەربەخۆکان حکومەتێکی کاتی پێك بهێنن، ئەو گیروگرفتە لە ڕێگای دیپڵۆماسیی ئەوانەوە دەتوانێ بە ئاسانی جێبەجێ بکرێ.

نەبوونی ڕێکخراو یان پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان جیلەکانی ئێستا و ڕابردوو و نەتەوەکانی ئێراندا دەتوانێ کۆسپێک بێ. بەداخەوە لەوانەشە ئەوە هۆیەک بێ کە خۆپێشاندانەکان گشتگیر نەبێ و دەبێ کاری زیاتری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنی لایەنەکان بە ئاستێکی بەرز بگات.

زۆربەی خەڵک بە فکر و ئەندیشە لەگەڵ شۆڕشی ژینان، بەڵام لە کردەوەدا خەڵکێکی بەر چاو لە فارس و تورک لە گەڵ شۆڕش نەکەوتوون. ئەوەش دەزانین کە لە هیچ شۆڕشێک لە سەرەتادا هەموو خەڵک بەشدار و چالاک نابن بەڵام لە کۆتاییدا زۆربەی خەڵک لەگەڵیدا هاودەنگ دەبن و سەردەکەوێ. دەتوانین ئەو گروپە بە ٣ دەستە دابەش بکەیین:

١) گروپێکی بەرچاو بەکۆیلە کراوان یان ترسەنۆکن یان داهاتووی ڕوونیان لە پێش چاو نییە لە دوای ڕووخانی ڕێژیم. ئەو گرووپە کە ترسیان شکا هەتمەن لەگەڵ شۆڕش دەکەون. من پێم وایە ئەوەش بە هەبوونی ئەڵترناتیوێکی بەهێز بۆ جێگرەوەی ئەو ڕێژیمە و بەردەوام بوونی خۆپێشاندانەکان ترسیان دەشکێت و لەگەڵ شۆڕش دەکەون.

٢) گروپێکی کەم لەسەر ئیدئولوژیی سەر بە ڕێژیمن و بەتەواوی هێزی خۆیان پشتیوانی لە ڕێژیم دەکەن. هەر وەک دەستەی یەکەم ئەو گرووپە بە بەردەوام‌بوونی خۆپێشاندانەکان و بوونی ئەڵترناتیوێکی بەهێز بۆ جێگرەوەی ئەو ڕێژیمە ئیرادە و هیوا و باوەڕیان لاواز دەبێ و دەبێتە هۆی لێکترازان و هەڵاتنیان.

٣) توێژی دەوڵەمەند یان پوڵداری بەرژەوەندیخواز. ئەوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئابووری ڕێژیم هەیە. زۆربەیان لەلایەن ڕێژیم هاریکاری دەکرێن و بەشێوەیەک لە شێوەکان لە گەندەڵییەکان گەلاون و دەستیان لەگەڵ مافیاکان تێکەڵ کردوە. ئەگەر ئەو توێژە واز لە دەسەڵات بێنێت و بە کێشانەوەی پۆڵەکانیان لە بانکەکان و وەستاندنی جومگەکانی بەرهەمهێنان، ئەوە دەتوانن گورزێکی جەرگبڕ لە ڕێژیم بدەن. هەر وەک دەستەی یەکەم پێم وایە حکومەتێکی بنکە فراوانی کاتی لە تاراوگە و بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکان کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو چینەدا دەبێ. ئەو توێژە پێویستی بە ئاسایش ژینگەی تایبەت بەخۆیی هەییە بۆ گەشەکردنی سەرمایەکەی. ئەگەر ئەو ئاسایەشەی لێ بشێوێ ئەوە ناچار دەبێ سەرمایەکەی بەوەستێنێ یان بۆ شوێنێک ڕابگوێزێت کە ئەو ئاسایشەی تێدا بەدی دەکرێت.

هەبوونی پەیوەندیەکی لاواز لە نێوان ڕاسانی شار و شاخ و تاراوگە. دەبێ کار بکرێت بۆ گرێدانی ئەو سێ ڕاسانە پێکەوە بەشێوەیەکی چڕوپڕ. دەبێ هەرسێک پێکەوە لە یەک ڕەهەند و لە ڕاستای سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا و دەستکەوتنی مافە نەتەوەیەکانی کورددا چالاکیان هەبێت. بەخۆشیەوە ئەوەندەی من ئاگادارم تا ڕادەیەکی باش چالاکانی تاراوگە بوونەتە دەنگ و ڕەنگی خەڵکەکەیان لە نێوخۆی وڵات و ئاکام و دەستکەوتی باشیشی هەبووە و دەبێ باشتریش بکرێت. بەڵام من پێم وایە ڕاسانی شاخ بەو شێوەیەی پێویستە بە پیری ڕاسانی شار نەچووە. من ناڵێم شان بە شانی خۆپێشاندەران شەڕی چەکداری بکرێ  لەبەر ئەوەی ئەوە بە سیاسەتێکی خۆکوژی دەزانم. من پێم وایە دەتوانن زۆر کاری دیکە لە لاوە بکەن کە کاریگەری ئەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر خەڵکدا دەبێ. لە لایەک خەڵک هەست بە پشتیوانی دەکەن و دەبێتە بەرزبوونەوەی ورەیان و لە هەمان کاتدا دەبێتە دابەزینی ورەی دوژمن. 

نەبوونی ئالترناتیڤێکی بەهێز لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمە فاشیستە. هەربۆیە هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بنکەفرەوانی ئێرانی زۆر پێویستە هەم بۆ کاری دیپلۆماتی لە ئاستی نێونەتەوەی و ناوچەدا و هەم ڕوو بە ناوخۆ. ئەو پێکهاتە دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی هەبێ کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا بۆ هەموو ئەو توێژانەی کە هەتا ئێستا بە کەمی لەگەڵ خۆپێشاندانەکان کەوتوون و هەروەها هەڵوەرینی لایەنگران و داڕمانی سیستیمی ولایەتی فەقی.

ئاستەنگ و لەمپەری دیکەش هەن و من پێم وایە کار کردن لەسەر ئەوانە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی زۆری هەبێت بۆ سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە.

کۆتا قسە

ڕوو بە دەرەوە: بەپێی شیکارییەک بۆ دۆخی ئێستای ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانم بڵێم: «جیهان لە ئاستێکدا وەستاوە کە هۆکاری شۆڕش و ڕزگاری نەتەوەیی گەلانی ئێران تەنیا خواست و ئاسۆیەک نییە بۆ داهاتوو، بەڵکوو گرفتێکە کە دەبێ چارەسەربکرێت.» بە خۆشیەوە من پێم وایە لە دەرەوە ئاسۆ ڕوونە و پشتیوانیی باش لەو شۆڕشە کراوە و دەکرێت. ڕێژیمی ئێران لەبواری دیپلۆماسیدا داڕەماوە و نەک هەر جێگای باوەڕ نییە بەڵکوو زۆریش بێ‌نرخ و لە پەراوێز خراوە. 

ڕوو بە نێوخۆ: لەبەرانبەر هەموو ئەو توندوتیژییەی ڕێژیمە سەرەڕۆیەکەی ئێراندا، جیلێک بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە وەستاوە. ئیرادە بۆ تێکۆشانێکی مەبەستدار، بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان، بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆر و بۆ هەڵبژاردنی ژیانێکی سەربەستانە لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا.

ڕوو بە هێزە سیاسییەکان: هێزە سیاسییەکان دەبێ بەو پەڕی بوێڕیەوە و بە تەواوییەوە، پاڕێزگاری لە مافەکانی گەلی کورد بکەن. لەبەر ئەوەی گەلی کورد لە ئێراندا پاڵپشتی هێزەکانی خۆیەتی و پشتیوانیان لێ دەکەن. چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا دەبێ جێ پەنجەیان دیار بێت، بە تیۆری و بەکردەوە لە گۆڕەپانی خەباتدا بن.

بۆ سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە و ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە توندئاژۆییەی ئێران، پێویستە وەک ئەرکێک بەردەوام لە گۆڕەپانەکانی ڕاپەڕین دابین. هەر سێ ڕاسانی شار و شاخ و تاراوەگە بەردەوام لە جووڵە دابن و چالاکیەکانیان چڕتڕ و پتەوتر بکەنەوە. گومان لەوەدا نییە ئەم شۆڕشە سەردەکەوێت.