کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانەوەی بەندکراوێکی شۆڕشی ژینا لە شاری سنە

16:34 - 24 رەزبەر 2725

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سنە، چالاکێکی مەدەنییان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

ئەم هاووڵاتییە یەکێک لە بەندکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، "ئازاد حاجی میرزایی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "باوەرێز"ی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

کوردپا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند کە ئەم چالاکە مەدەنییە لە شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە دووکانەکانی بازاڕی سنە بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە کە یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژینا بوو پێشتر لە ساڵانی ١٤٠١ و ١٤٠٢ چەندین جار دەسبەسەر کراوە و لێپرسینەوەی توندی لێ کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ژووری تاکەکەسی.

شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو و شوێنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.