کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی چالاکوانێکی عەرەب بەهۆی ئەشکەنجەدانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات

16:12 - 24 رەزبەر 2725

لە درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی کەمینە نەتەوەییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، چالاکوانێکی عەرەبی خەڵکی ئەهواز بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی هیزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کاروون، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، حەسەن ساعێدی، ٣٤ ساڵە و چالاکوانی عەرەبی خەڵکی ئەهواز بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە لە یەکێک لە ژوورەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی کاروون، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەرەبەیانیی سێشەممە ٢٢ی ئەم مانگە بە هێرشکردنە سەر ماڵی ناوبراو لە ناوچەی مەلاسانی، دوای لێدان و گرتنی ناوبراو، دەستیان بەسەر مۆبایل و کەرەستەکانی پێوەندیی ئەندامانیی بنەماڵەکەشیدا گرتووە.

ڕۆژی دواتر بنەماڵەی ساعێدی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهوازەوە ناسراو "ستاد خەبەریی ١١٣) بانگ کراون کە تەرمی منداڵەکەیان وەر بگرنەوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هۆکاری مردنی ناوبراوییان ''وەستانی دڵی'' ڕاگەیاندووە، بەڵام بنەماڵەکەی دڵنیاییان داوە کە حەسەن لە سڵامەتی تەواودا بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە.

ساعێدی پێشتریش بە هۆکاری چالاکییە کولتوورییەکانی، دەسبەسەر کراوە و کەوتووەتە ژێر گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە.

گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانە مەدەنییەکان بە هۆی چالاکییە کولتوورییەکانیانەوە، نیشانەی ئاشکرای پێشێلکاریی مافی ژیان و ئازادیی ڕادەڕبرینە و ڕێژیم لە کەرەستە ئەمنییەکان بۆ کپکردنی دەنگە جیاوازەکان و بەتایبەتی دەنگی نەتەوەی غەیرە فارسەکان لەوانە کورد، بەلووچ و عەرەب کەڵکی وەرگرتووە.