کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی پەککەوتووی ئێران

11:56 - 24 رەزبەر 2725

شەماڵ تەرغیبی

لە ئابووریی هەر وڵاتێکدا پێکهاتەی چینایەتی نەتەنیا دەتوانێ نیشاندەری شێوازی دابەشکردنی سامان و داراییەکان بێ، بەڵکوو ئاوێنەیەکی باڵانوێنە لە شێوازی حوکمڕانی و سیاسەتداڕێژی و ڕێڕەوی گەشەکردن؛ بەو واتایە کە لەو کۆمەڵگەیانەی دادپەروەریی ئابووری و هەلی وەکیەک، بوونی هەیە و بە فەرمی دەناسرێ، هەرچەندەش چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان جۆراوجۆر و فرەڕەنگیش بن بەڵام هەست بە کەلێنی چینایەتی و مەودای زۆر لە نێوان چینەکاندا ناکرێت.

لە بەرامبەر ئەم کەتوارەدا، لە هەر شوێنێک سیاسەتە ماڵییەکان بێ‌دیسیپلینی، گەندەڵیی پێکهاتەیی و ستراکچێری و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاوی پێوە دیار بێ، کەلێنە چینایەتییەکان نەک هەر دەردەکەون بەڵکوو دەبنە دیاردەیەکی ماڵوێرانکەر و خاوەن دەوام کە وڵاتی ئێرانی ئێستە، زەقترین و دیارترین نموونەی لەم چەشنەیە کە تێیدا بەهۆی هەڵاوسان و ڕانت و ناکارامەیی لە بەڕێوەبەریی کەڵان، هەنگاو بەرەو داڕمان هەڵدەگرێ و یەکەم چینیش کە دەبێتە قوربانی، چینی مامناوەندە کە لە زانستی ئابووریدا بە "داینەمۆی گەشەپێدان" دەناسرێ.

چینی مامناوەند لە مانا کۆمەڵناسییەکەیدا کۆڵەکەی ڕاگرتنی هاوسەنگیی هەر سیستمێکی سیاسییە؛ ئەم توێژەی کۆمەڵگە کە بە بەراورد لەگەڵ باقی توێژەکانی کۆمەڵ لە ڕووی فێرکاری، بەشداریی کۆمەڵایەتی و ئاگایی گشتییەوە دەرەتانێکی زیاتری بۆ ڕەخساوە، دەتوانێ ببێتە پردی پێوەندیی نێوان دوو چینی دیکەی کۆمەڵگە؛ بە چەشنێک کە هاوسەنگییەکی هەستپێکراو لەنێوان هەموو چینەکاندا ساز دەکات کە لەگەڵ نەمانی ئەم هاوسەنگی و هاوپێوەندییە دینامیکە، نەزمی کۆمەڵایەتی لە گێژەنەی خۆی دەچێتە دەر و بێنەزمی و جۆرێک لە ئانارشیی کۆمەڵایەتی حاکم دەبێت.

ئەگەر بەشیوەیەکی سەرەپێیی ئاوڕێک لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بدەینەوە، جیا لە کۆمەڵێک دروشمی پۆپۆلیستیی خەڵکهەڵخەڵەتێنی ڕووکەش بەرامبەر بە کۆمەڵگە هیچ شتێکی دیکە نابینین کە لە خزمەت خۆشبژێویی کۆمەڵگەدا بووبێت! هەموو دەوڵەتە یەک‌لەدوای‌یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بەناوی پشتیوانی لە "هەژار و بێبەشکراوان" هاتنە سەر کار، بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە هەر ئەو چینە کەمداهات و هەژار و بێبەشکراوانە قوربانیی یەکەم و سەرەکیی دەوڵەتەکان بوون بە دروشمە زریقەوبریقەدارەکانیان.

پشتبەستن بە ئابووریی تاکڕەهەند، سەرفکردنی داهاتە گشتییەکان لە سیاسەتە هەڵە ناوچەیی و بانناوچەییەکان و یەک لەوان پەرەدان بە تێرۆریزم، دامەزراندنی نیهادی پڕتێچووی بێکەڵک و ناپێویست، پەرەدان بە هەژاریی سیستماتیکی فەرهەنگی، ڕوانینی نەریتی لە بەرگی ئایینیدا بۆ پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و دوورکەوتنەوە لە زانستەکان، بەستێنخۆشکردن بۆ چینێکی دەسەڵاتدار یان نیزیک لە دەسەڵات بۆ تاڵانکاری و دەیان هۆکاری دیکە، ڕێگەیان خۆش کرد تاکوو بارودۆخی ئەوڕۆی ئابووریی ئێران بێتە ئاراوە و چینی مامناوەند، کە وەک باس کرا داینەمۆی بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵایەتی و خاڵی هاوسەنگی‌ڕاگرتنی ئابووریی کۆمەڵگەیە، لەنێو بچێ و ئەوڕۆ بە کردەوە ئێمە لە ئێراندا چینێک بەم ناوە نابینین و بەگشتی خەڵکانی نیشتەجێ لە جوغڕافیای سیاسیی ئێران یان هەژارن یان دەوڵەمەند.

ئەم حاڵەتە چی دەکات؟ بەشێوەیەکی گشتگیر گەر بمانهەوێ باس لە ئاسەوارەکانی ئەم لێکترازانە ئابووری و کۆمەڵایەتییە بکەین دەتوانین بڵێین هەژارەکانی ڕابردوو هەژارتر دەبن و لە هەژاری ڕێژەیییەوە چەند پلە خوارتر دادەبەزن و دەچنە ڕیزی هەژاریی ڕووت و ئەوانەشی کە سەر بە چینی مامناوەند بوون دەکەونە بازنەی هەژارانی ڕێژەییەوە؛ ڕەنگە باسکردن لە کاریگەری و ئاسەوارەکانی دیاردەی "هەژاری" ئەویش لە جۆری ڕەهاکەی، کاتی زۆری بوێت و لێکۆڵینەوە و داتای وردی پێویست بێت بەڵام ئەگەر بمانهەوێ بەشێوەی نموونەیی باسی لێوە بکەین دەتوانین ئاماژە بە سەرهەڵدانی دیاردەیەک بکەین کە بە "پەراوێزنشینی" دەناسرێ کە هەنووکە لە ئەنجامی ئەم هەژارییە ڕەهایەی کە لە ئێراندا بوونی هەیە، لانیکەم 25٪ی حەشیمەتی ئێران پەراوێزکەوتوو و پەراوێزنشینن و زۆریک لە گوندەکانی ئێران بەهۆی نەبوونی کار و هەژاری بە ناچاری چۆڵ کراون! ئەم دوو دیاردە کە تەواوکەری یەکتریشن لەگەڵ ئەوەیکە خۆیان دەرهاویشتەی هەژارین بەڵام ڕێگەخۆشکەر و بەستێنسازی چەندین گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دیکەشن؛ لەوانە: پەرەسەندنی لادانە ئەخلاقییەکان، زیادبوونی دیاردەی سواڵ و سواڵکردن، پەرەسەندنی ڕێژەی گەندەڵییە ئەخلاقییەکان و بەلاڕێداچوونی کۆمەڵایەتی، زۆربوونەوەی ڕێژەی تەڵاق، زیادبوونی ڕێژەی بەکارهێنان و کرین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان و دەیان خەساری دیکە کە هەنووکە بە چاوخشاندنیک بەسەر شاروشارۆچکەکانی ئێران و کوردستان ئەم کەتوارە زیاتر خۆی دەردەخات.

بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ هۆکارەکانی ئەم دیاردە واتە هەژاری دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەوەیکە هیچ بەرنامە و پلانێک بۆ دابینکردنی کار و هەل لە بازاڕی کاردا بوونی نییە و سیاسەتداڕێژی دەوڵەتە یەک‌لەدوای‌یەکەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیوە وڵامدەری پێویستییەکانی بازاڕ بن، دەبێ ئەوەش بە ڕوونی بزانین کە بەرپرسانی پێوەندیدار خۆیان بەشێکن لەو سیستمە گەندەڵیخوڵقێنە کە ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی دیاردە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان خۆش دەکەن.

کۆی ئەم بارودۆخە کە ئێستە بەسەر وڵاتی ئێراندا حاکمە وەهای کردوە کە تەنانەت باسکردن لە چاکسازیی ئابووریش چیدیکە دەردێک دەرمان ناکات بەڵکوو تەنیا ڕێگە بۆ چارەسەری بارودۆخی ئێران بریتییە لە نەک چاکسازیی سیاسی بەڵكوو تێکەوەپێچانی سیستمی حاکم و جێگوزین‌کردنی سیستمێکی ئەوڕۆیی پێبەند بە کۆنوانسیۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان و، لە غەیری ئەوەدا سووڕانەوەیە لە نێو بازنەیەکی داخراو و سواو کە باندی دەسەڵاتدار لە ئێران ئەندازیاری دەکات.