محەممەد سلێمانی
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆی ئەو هەموو هەڵبەزدابەزە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچە دەیکا، زۆری نەماوە سەری خۆی لەسەر دابنێ و، بۆ هەمیشە بە مێژووی کردەوە فیتنەگێڕییەکانی بسپێردرێ. بێ ئەوەی خەونی موختاربوونیان لەسەر ئاستی هەرێمەکەدا بەچاویان ببینن و ببنە دەستڕۆیشتووی ئەو ناوە، وەك خۆیان لەمێژساڵە خەیاڵیان لەسەر هەڵچنیوە و کاری بۆ دەکەن.
پاش ئاشکرابوون و خۆتێهەڵقورتاندنی باڵی سەربازیی دەستڕۆیشتووی سپای پاسداران لە شەڕی نێوان ئۆکراین و ڕووسیە و بەناردنی فرۆکەی خۆتەقین و مووشەك کە ساڵی ڕابردوو مسکۆ بە بیانووی دوورخستنەوەی مەترسیی پێگە و نفووزی ناتۆ لەسەر سنوورەکان شەڕی بە دژی گەلی کیڤ ڕاگەیاند، ئەندامانی چالاکی ناتۆ کە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەو ڕێکخراوەیەدا هەیە، لەو بڕوایە دان هاوکارییەکانی تاران کاریگەریی لەسەر درێژەکێشانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرەدا هەیە و باڵانسی شەڕیش بە قازانجی مسکۆ گۆڕدراوە و لە هێندێک شوێن توانیویەتی پێشڕەوی بکا.
ئەو هەڵوێستەی ئێران گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەندامانی ناتۆ سەبارەت بە ڕێژیمی ئاخوندی بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستا بەو ئەنجامە گەیشتوون دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتە بووە بە مەترسیی گەورە و بەرچاو لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە ئوورپاییەکان و بەوپێیە ڕێژیم دەبێ هەوسار بکرێ.
لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا داگیرکردنی ئۆکڕاین شتێكی قبووڵکراو نییە و بە مەترسی لەسەر ئاسایشی گشتی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ئورووپا و بەرژەوەندییەکانیان دادەنرێ، هەروەها هەر پێشڕەوییەکی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە لەنێو خاکی ئۆکرایندا، بە مەترسیی زۆر جیدی سەیر دەکرێ. هەر لایەك و وڵاتێکیش هاریکاری ئەو پێشڕەوەییە سەربازیانە بێت، دەبێ بە قوورسی باجەکەی بدا و تاران پشكی سەرەکیی لەو هاریکارییە سەربازییانە بە ڕووسەکان پێ دەبڕێت. لەم ڕووەوە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە پۆتین، بیر و ڕوانینی دیپلۆماسیی سیاسی زۆر نوێی سەبارەت بە ڕفتار و کردەوەکانی ڕێژیمی دژە ئازادی و دێمۆکڕاسی لە ئێڕاندا لێ کەوتۆتەوە و، بەشێك لە پێتەختی بڕیاری سیاسی لەنێو ناتۆدا زۆر بە جیدی لەهەمبەر ئێراندا هاتوونەتە سەر هێڵ و چاوەڕوانی بڕیاری توند بەرانبەر تارانیان لێ دەکرێ.
کاتێك ڕاپەڕینی سەرانسەری لە کوردستان و ئێران سەری هەڵدا و خەڵك دروشمی ڕووخانیان لەدژی کۆماری ئیسلامی لە شەقامەکان بەرز کردەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا لەبەر سەرقاڵبوونیان بە شەڕی نێوان ئۆکڕاین و ڕووسیە، وەك پێویست نەپڕژانە سەر شۆڕشی ژینا و ئەو ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییانەی لەو وڵاتە ڕوویان دا. پاش تەقینەوە و گاریگەریی ڕاپەڕین کە بوو بە پرسێکی گرینگی جیهانی، پاڕلمانی یەکیەتیی ئورووپا، پاش تێگەیشتن لە شوێندانەریی شۆڕشی ژینا و بەدەرکردنی بەیاننامەییەکی سیاسی وێرای ئیدانەکردنی سیاسەتی سەرکوت و توندوتیژی بەرامبەر بە گەلانی ئازادیخوازی وڵات، داوای ڕاگرتنی توندوتیژی و ئازادی زیندانییان و چارەسەرکردنی ئەو ڕاپەرینەی بە لەبەرچاوگرتنی داخوازییەکانیان کرد. هەر لەو بەیاننامەیەدا بەڕوونی ئاماژە بە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان کرابوو و بۆ یەکەمجار ناوی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرگوێ کەوت، کە ئەوەش دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد کە ناوەندێکی گرینگی جیهانی باسی گاریگەریی کورد لەسەر ڕووداوەکان بکا.
هەروەك لە سەرەوە ئاماژی پێ درا، وەك پێویست لە کڵپەی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی نەتەوەیی گەڵانی ئێراندا، وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا بە هۆکاری ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لە گۆشەی کۆنەپەرستان سەیری ڕووداوەکانییان دەکرد تا هاوکارییە سەربازییەکانی تاران گەیشتە ڕووسیە. ئیدی ئەو جار ڕوانینی سیاسی و دیپلۆماسی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا گۆڕانی بەسەر داهات و بە کردار دژایەتیکردنی فراوانخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران بوون.
بۆ ئەو مەبەستەش سپای پاسدارانیان خستە نێو لیستی تێرۆر و پڕۆژە یاساییەکی تایبەت بەو بابەتەیان وەك سەرەتای بڕیارێکی نێودەوڵەتی دژی تاران دەرکرد. بێگومان گوشاری یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەتییەکان و هاوسارکردنی ڕێژیم لە دۆخێکی وەك ئەمڕۆی ئێراندا، کاریگری ڕاستەوخۆی لەسەر بەهێزتربوونی ڕەوتی ڕاپەڕین و هێزە دژبەرەکانی تاران لەسەر ئاستی نێوخۆدا دەبێ. بەو مەرجەی هاوکارییەکانی ئەندامانی ناتۆ بکەوێتە قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەیان کە دەیانەوێت بەرامبەر بە تاران بەڕێوەی بەر، دەستی دژبەرەکانی تاران بە مەبەستی لاوازکردن و ڕووخاندنی ڕێژیم بەهێز بکەن.
ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیە و ناتۆ بە هۆی هێرشی مسکۆ بۆ سەر هاوبەشییەکی نیزیكیان و تێوەگلانی ڕێژیمی ئاخوندی لەو شەڕەدا، جگە لە زیان گەیاندنی بە ژێرخانی سیاسی و ئابووری و لە دەستدانی متمانەی وڵاتان بەرانبەریان، کاردانەوەی جیدی تری بەدوای خۆیدا هینا و وەكوو هاوبەشی نیزیکی ڕووسیە سەیری ئێران دەکرێ.
ئەو ڕەفتارە سیاسی و شەڕەنگێزییانەی ئێران بۆتە هەوێنی پەرەگرتنی دژایەتیی فراوانتر بەرامبەر بە ڕێژیمی ئاخوندی و ئەوەی لەو نێوەشدا دەبێت باجی هەڵوێستە نابەجێکانیان بدات، گەلانی بندەست و چەوساوەی وڵاتن. گەمارۆ سیاسی و ئابوورییەکان زیاترین کاریگەرییان لەسەر گەلانی وڵات دەبێ و داڕمانی کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.
تاران بەکردەوە چۆتە سەنگەری ڕووسیە بەدژی ناتۆ و هەر لە ئێستاوە خۆی کردووە بە بەشێك لەو ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکان. ئەگەر بێت و ئەو شەڕە بە شکاندنی مسکۆ کۆتایی بێت، ئێران دەبێ بەقوورسی باجی کردەوەکانی خۆی بدات. ئەگەر ناتۆش ئەوە لە بیر بکا، هەرگیز گەلی ئۆکڕاین و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە هەڵوێستی دوژمنکارانەی ڕێژیمی ئاخوندی لەبیر ناکەن. بێگومان زۆربەی دەرگا گرینگەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هەڵوێست و هەڵبەزدابەزەی تاران توڕە و نیگەرانن و لە ئێستادا وەك هاوبەش و هاوپەیمانی پۆتین تەماشای دەکەن. ئەوەش بەدڵنیاییەوە ئاماژەی خۆش نین لەسەر داهاتووی سیاسی ڕێژیم.
کاتێك تاران بە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانی و بێ لەبەرچاوگرتنی قازانج و بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، پشتیوانیی ڕاستەوخۆی مسکۆ لە شەڕ دژی کیەڤ دەکا و ژمارەیەكی بەرچاو فرۆکەی خۆتەقێنەر و مووشەك و کەلوپەلی دیکەی سەربازیی بۆ ڕووسەکان ناردووە کە دەوریان لە کۆمەڵکۆژکردنی ئۆکراینییەکاندا هەبووە و ناتۆ ئەو ڕفتارەی تاران بە دوژمنایەتی وەسف دەکا.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێ کە هاوکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران بۆ مسکۆ وەك نەیاری مەترسیداری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ناتۆی بەدوای خۆیدا هێناوە و لە ئاکامی هەستکردن بە نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا، پاریس و بۆن زۆر بەجیدی داوا دەکەن ڕێگری لە بەهێزتربوونی بەرنامە سەربازییەکانی ئێران بکرێ و گەمارۆی زیاتری بخرێتە سەر، کە تێیدا زۆربەی ناوەند و کەرتە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێژیم بگرێتەوە.
ئەگەر بەراوردێك لەنێوان وڵاتێکی دێموکراتیك و پێشکەتنخوازی جیهان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا بکەیت، ئەو وەختی باشتر مەودایی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی دەردەکەوێت. وڵاتێکی ئازاد، کە گەڵ تێیدا بڕیاردەر بێت جگە لە دابینکردنی ئاسایشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی، بیر لە شتێکی دیکە ناکاتەوە و بەردەوام خۆی لە تێوەگلان و سەرئێشەی لابەلا بەدوور دەگرێت. لە کاتێکدا ڕێژیمی تاران بەشێکی گرینگی سامانی گشتی وڵات لە ڕێگای ئالۆزییە ناوچەییەکاندا بەفیڕۆ دەدا و بۆتە سەرچاوەی ئاژاوەگێریی سیاسی و سەربازی.
ئێستا وەختی ئەوە هاتووە جیهان بەئاگابێتەوە، لە هەوڵە دژمنکارییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بەدژی مرۆڤایەتی و هەڕەشەکردن لەسەر ئاسایشی گەشتی وڵاتان و بە دیاریکراویش هێزە دژبەرەکان و گەلانی بندەست ئێران. بێگومان کاتێک ناکۆکی و دوژمنایەتی سیاسی و ستڕاتیژی کۆتایی پێ دێت کە سەرچاوەکەی بنەبڕبکرێ کە دەسەڵاتی سەربازی ڕێژیمی ئێرانە.
لە وڵاتێكدا کە ئازادی سیاسی و مافی نەتەوەیی پێشێل بکرێ و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی ڕێگە پێدراو نەبێ و ئینکاری فرە نەتەوەیی بوونی وڵات یەکێك بێت لە ئەساسیترین کۆڵەکە فیکریەکانی دەسەڵات و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی نێو جوومگە سەرەکییەکان لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، عەلی خامنەیی دیاری بکرێن و گوێ بە بڕیار و دەنگی خەڵك ندرێ، نابێت هیوایەك لەسەر باشتربوونی ڕەفتاری کاربەدەستانی سیاسی ڕێژیم هەڵچنرێت. ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا لەگەڵ کۆمەڵێك قەیرانی گەورە دەست و پەنجە نەرم دەکات، کە بەرچاوترینیان، گوشارە سیاسی و گەمارۆ ئابوورییەکانن. گەماڕۆ ئابووری و بازرگانییەکان بە تەواوی کەرتی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتەیان لاواز کردووە و ژمارەیەك لە کەرتە تایبتییەکان کە ڕۆڵیان لەسەر ڕێژی کەمکردنەوەی بێکاریدا هەبوو، لەنێو چوون یان هێزی داراییان لەدەست داوە و بەو جۆرەش ڕێژی بێکاری بەرزبۆتەوە و کاریگەری بەرچاوی لەسەر ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات داناوە.
سامانی گشتی نەتەوەیی بە ڕێگای نادیار و گوماناویدا بە فیڕۆدەچێت و ڕێژەیەكی بەرچاو دەچێتە سەر حیسابی بەرپرسە باڵاسەبازییەکانی سەر بە سپای پاسداران و ڕێژەیەکیش وەك هاوکاری ئابووری دەچێتە سەر حیسابی گرووپە تێرۆریست و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ناوەندی بڕیاری سیاسیی تاران.
شۆڕشی ژینا کە لەژێر دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" سەری هەڵدا، زۆر ئاشتیانە ڕەوتی خۆی دەپێوا و دواجار بەبڕیاری سیاسی و سەربازی بەرپرسانی باڵای نیزام، بەهێز و توندوتیژی بەرەوڕووی شەقامی ڕاپەڕیوی شارەکانی کوردستان و بەلووچستان و بوون و بە تەقەی ڕاستەخۆ دەیان کەس لە ئازادیخوازانی کورد و نەتەوەکانی دیکەیان شەهید و بریندارکرد و ژمارەیەکی زۆریش ڕەشبگیرکران و بە هەزاران کەس لە بەندیخانەکانی دەسەڵاتی تاران، تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
بەڵی، ڕیژیمی ئاخوندی کە پێكهاتەی فەلسەفەی سیاسی و فیکری لەسەر ئینکاری سیاسی و نەتەوەیی دامەزراوە و ئازادییە سیاسی و دێموکڕاتییکەکان لە وڵات دەرفەتی گەشەکردنی نییە و هەرکەس و گرووپێك بەپێچەوانەی ئەوان بیر بکاتەوە، وەك نەیاری دەسەڵات هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت و سزای قوورسیان بەسەردا دەسەپێنن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.