دارسمە
ئەوانەی باس لە گرانیی پێداویستیی خەڵک و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەکەن، کۆنەپەرستن، کۆنەپەرست.
هێشتا ئەم خەڵکە گیژە یانی ئەو خەڵکەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێیوایە گێژن، مانای کۆنەپەرستی نازانن. نازانن کۆنەپەرستی یانی وابەستەبوون بە شتی کۆن و دژایەتیکردنی شتی نوێ و تازە.
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی لەژێر کاریگەریی خۆپێشاندانی کۆنەپەرستانەی سێچوارمانگ لەمەوبەری خەڵکی کۆنەپەرستی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا ناچار بوو بە مەبەستی حەسانەوە تریاکێکی زۆرتر بکێشێت. جەنابیان لەبەر ئەوەی ئەم ساڵ لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان تریاکێکی زۆری کێشابوو، هەتا سێچوار ڕۆژ دواتر نەیتوانی پەیام و مەیامێک بەم بۆنەیەوە بڵاو بکاتەوە.
دوای ئەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان نەشئەیی ئەو کێشانەی بەسەر چوو، پەیامێکی زۆر ژیرانەی ڕوو بە خەڵکی کۆنەپەرستی ئێران بڵاوکردەوە. خامنەیی باسی ئەو کەسانەی کرد خۆیان بە سیاسی دەزانن و لەم دواییانەدا ڕەخنەیان لە گرانیی شتومەک گرتووە. ئەو داوا دەکات ئەوانەی خۆیان بە سیاسی دەزانن، نابێت ڕەخنە لە گرانی و دەستنەکەوتنی پێداویستییەکانی خەڵک بگرن و ئەو کەسانە بە "کۆنەپەرست" ناو برد. لە قامووسی سیاسیدا کۆنەپەرست بەو کەسانە دەگوترێت "دژی پێشکەوتن و گۆڕانکاریی بنەماکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی یان پێوەندییە کۆمەڵاتی، ئابووری و سیاسیەکانن."
بۆ ئەوەی بە خوێنەر بسەلمێنین کۆماری ئیسلامی خاوەنی هەموو تایبەتمەنییەکانی پێشکەوتنخوازنەیە و هەموو تایبەتمەندییەکانی کۆنەپەرستبوون و دژی گۆڕانکاری و پێشکەوتن لای دژبەرانی ئەم پێکهاتە پیرۆزیی کۆماری ئیسلامییە، لە خوارەوە چەمکی کۆنەپەرستی زیاتر شی دەکەینەوە و بەکورتی باس لە دوو جۆری کۆنەپەرستیی مێژوویی و کۆنەپەرستیی سەردمیانە یان کۆنەپەرستیی هاوچەرخ دەکەین:
کۆنەپەرستیی مێژوویی:
فڕێندانی لەچک و سەرپۆشی ژنان کارێکی زۆر کۆنەپەرستانەیە. کاتێک بمانهەوێت بەقووڵی باس لە کۆنەپەرستی بکەین، دەتوانین لایەنگرانی کۆنەپەرستی لە زۆر ڕوانگە و گۆشەنیگاوە بخەینە بەر باس. یەکێک لە جۆرە هەرە گرینگەکانی دابەشکردنی کۆنەپەرستی دابەشکردنی مێژووییە. لە مێژووی کۆندا پێش هاتنی ئیسلام و دینەکانی دیکە خەڵکی ئەو سەردم نەک هەر سەرپۆش و ڕووپووش بەڵکوو جلوبەرگی زۆر کەمیشیان لەبەر دابووە. بەڵگەی مێژوویی دەڵێن دوای ئەوەی مرۆڤ بەڕووتی هاتووەتە سەر گۆی زەوی، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە ڕووت و قووتی سووڕاوتەوە، سەرەتا پاش و پێشی خۆی داپۆشیوە. دواتر ژنان لە داخی پیاوان سینگ و یەک دوو شوێنی دیکەی دیکەشیان بە توێکڵەدار و گەڵای پان داپۆشیوە. دیارە لەو سەردەمەدا کەس بیری قژ داپۆشینی نەکردووەتەوە. ئەم کۆنەپەرستییە یانی دانەپۆشینی قژ و لامل و سەرووی سینگی ژنان ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە وڵاتانی دواکەوتووی ئورووپا و ئەمریکا و خۆرهەڵاتی ئاسیا بەردەوامە و تەنانەت لە چەند وڵاتی دورووبەریش کەمتاکورتێک ڕەچاوی دەکەن و لە ئێرانی هەمیشە ئیسلامیی ئێمەش کۆمەڵک کۆنەپەرەست داوای ڕەچاوکردنی دەکەن و تەنانەت خۆیانی لەپێناودا بەکوشتن دەدەن. بۆیە ئاغای خامنەیی دوای ئەوەی تەزووی تریاک و مریاکەکە بەری دا بە بیری داهات بڵێت ئەوانەی باس لە لادانی حیجاب و میجاب دەکەن کۆنەپەرستن.
کۆنەپەرستیی سەردەمیانە:
بۆ پێشاندانی دۆخی کۆنەپەرستیی سەردەمیانە، باسکردن لەم نرخی دۆلارە لە ئێران نموونە و وێنەیەکی زۆر بەردەست و بەرهەستە. ئەگەر دوور نەڕۆین هەر سی چل ساڵ بەر لە ئێستا نرخی دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕی ئێران حەوت تومەن بوو. یک دۆلاری ئەمریکا بە ٧ دانە تاکە تومەن دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا هاوکات لەگەڵ دەرفرتاندنی فەرمایشتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، یک دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی " سەوزە مەیدان"تاران یانی چەند چەند شەقام خوارتری شوێنی نیشتەجێبوونی خامنەیی بە ٤٧ هەزار ٥٠٠ تومەن فرۆشرا. یانی هەر دۆلارێکی ئێستا ٦٧٨٥ ئەوەندەی ئەوکات نرخی بەرز بووەتەوە. لێرەدا هیچ پێویست ناکات دژی فەرمایشتی خامنەیی بین. هەر لە تۆی خۆێنەر دەپرسم گێڕانەوەی دۆلاری پەنجا هەزار تومەنی بۆ نرخی حەوت تومەنەکەی سیچل ساڵ لەمەوبەر کۆنەپەرستی نییە. ئەدی کۆنەپەرستی بە چی دەڵێن؟
درنگانی شەوی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ خەریک بووین پنتی کۆتایی ئاخرین ڕستەی ئەم دێڕانە دابنێن، بەڵام کۆنەپەرستان جارێکی دیکە لە تاران، شیراز، ئیسفەهان، خوڕەمئاوا، تەورێز، ڕەشت و چەندین شاری دیکە هاوار دەکەن "نە این وری نە آن وری "..." تو بیت رهبری". ئەمەشیان ئەوپەڕی کۆنەپەرستییە بەشێک لە ئەندامی لەشیان داوێنە نێو بنەماڵەی خامنەییەوە!
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.