قادر ئەلیاسی
٥ ساڵ لەمەوبەر بیستم چەند کوردێکی خەڵکی دەڤەری کرماشان کە لە دەرەوەی وڵات دەژین لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، دانیشتنیان هەبووە. لەو دانیشتنەدا بە وڵامێکی ئەوتۆ نەگەیشتوون چونکە ڕەزا پەهلەوی وتبووی هەموو شتێک دەکەوێتە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. دوای ئەو دانیشتنە و سۆزداریی تاک و تەرای ئەو ژمارە کەسە لە ڕەوتی سەڵتەنەتخوازان ناڕەزایەتییەکان لە ئێران هەر جارەی بە شێوەیەک خۆیان پێشان دەدا تا شۆڕشی ژیناشیان بە سەردا هات. ئەم باس و سۆزدارییە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناش پتر خۆی دەرخست و لە دەنگۆوە بوو بە کردەوەیەکی ئاشکرا. لەنێو ئەو چەند کەسەدا کەسی وام بەرچاو کەوت کە هاوڕێی سەردەمی پێشمەرگایەتیی خۆم بووە و ساڵانێک لەپێناوی کوردایەتیدا پێشمەرگە و چەک لە شان بۆ مافی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی کردووە. دوای ئەوەی وێنەی ئەو هاوڕێ دێرینەم لەگەڵ ڕەزا پەهلەویدا دیت، ژیانی پڕ لە داخی خاڵۆ قوربانی هەرسینیم وەبیر هاتەوە. دڵنیام کەسانێک هەن کە ناوی خاڵۆ قوربانیان بیستووە. بەڵام بۆ ئەو بەڕێزانەی نازانن خاڵۆ قوربان کێیە و چیی کردووە و چ پێوەندییەکی بەم باسەوە هەیە، لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە ژیانی ناوبراو دەکەم.
خاڵۆ قوربانی هەرسینی لەدایکبووی ۱۲۵۰ی هەتاوی (١٨٧١ی ز)ی دۆڵی گاماسیاوی هەرسین بوو. ناوبراو سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانی لە دەڤەری سنە و کرماشان بە خۆی و کۆمەڵێ چەکدارەوە بۆ پشتیوانی لە ئیمپراتۆری عوسمانی و ئاڵمانی نازی دژی ڕووسیەی تزاری تێکەڵی شەڕ بوو. خاڵۆ پاش تێکشکان و دۆڕانی ئاڵمان و عوسمانی و سەرکەوتنی ڕووسیە و بریتانیا، بە نیازی پەیداکردنی پەناگایەک لەگەڵ چەکدارەکانی بەرەو باکووری ئێران ڕۆیشت و لە شاری گێڵان و لەژێر سێبەری دەسەڵاتی میرزا کووچەک خانی جەنگەڵیدا گیرسایەوە. خاڵۆ قوربان لە ماوەیەکی کەمدا توانیی وەک فەرماندەیەکی ئازا دەربکەوێ و جێگایەکی بەرز لە بزووتنەوەی جەنگەڵدا بۆ خۆی مسۆگەر بکا. بە ڕووخانی ڕووسیەی تزاری و دامەزرانی یەکیەتیی سۆڤییەت و بڵاوبوونەوەی بیری سۆسیالیستی، ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی جەنگەڵ بە ڕێبەریی ئیحسانوڵڵاخان بەرەو سۆڤییەت بیریان گۆڕی و بوون بە لایەنگری بیری بولشویکی. لەم ئاڵوگۆڕە هزرییەشدا خاڵۆ قوربان و شوێنکەوتووانی لە مانگی پووشپەڕی ١٢٩٩ی ه (ژووئیەی ١٩٢٠) تێکەڵ بەو بادانەوەیە بوون و لەو دەسەڵاتە نوێیەدا کە بە حکوومەتی کومۆنیستی بە سەرۆکایەتیی ئیحسانوڵڵاخان خۆی ناساند، بە پلەی وەزیری بەرگری جێی خۆی کردەوە. بە هەڵوشانەوەی ئەو حکوومەتەش خاڵۆ جارێکی تر گەڕایەوە لای میرزا کووچەک خانی جەنگەڵی. دوای نانەوەی ناکۆکی و ئاژاوە بەهۆی سیخوڕەکانی بریتانیا لە نێو ڕێبەرانی دەسەڵاتی بزووتنەوەی جەنگەڵدا ڕەزاخانی میرپەنج کە دواتر بوو بە شای ئێران بەرەو ناوچەی ژێردەسەڵاتی بزووتنەوەی جەنگەڵ وەڕێ کەوت. ڕەزاخان بە فریواندنی خاڵۆ قوربان و ئەو ئاسانکارییانەی کە ئینگلیز بۆ ڕووخانی بزووتنەوەی جەنگەڵ ئەنجامی دابوون توانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٠٠ی هەتاوی(١٨/١٠/١٩٢١) کۆتایی بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی جەنگەڵ لە گێڵان بێنێ. لەو کاتەدا کە جووڵانەوەکە سەرکوت کرابوو، میرزا کووچەک خان هەڵدێ و پەنا دەباتە بەر کێوەکانی تاڵش بەڵام بەهۆی بەفر و سەرما و سۆڵەوە ڕەق هەڵدێ و گیان دەسپێرێ. خاڵۆ قوربانیش کە لەو ماوەیەدا لەو کێوانە سەرگەردان دەسووڕێتەوە بەسەر تەرمی ڕەقهەڵاتووی میرزای جەنگەڵدا دەکەوێ. بۆ پێشاندانی خۆش خزمەتیی خۆی بە ڕەزاخان سەری بڕاوی میرزا هەڵدەگرێ و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٠٠ی ه (١١/١٢/١٩٢١) لە تاران وەک دیاریی پێشکەشی ناوبراوی دەکا.
ڕەزاخان لە پای ئەم خۆشخزمەتییەی خاڵۆدا، پلەی سەربازیی سالار موزەفەری پێ دەبەخشێ. خاڵۆ قوربان لە بەهاری ١٣٠١ی ه (مارسی ١٩٢٢ی ز) لە لایەن ڕەزاخانەوە فەرمانی پێ دەکرێ بە ٣٠ هەزار شەڕکەرەوە بەرەو میاندواو بۆ شەڕ لە دژی ئیسماعیل ئاغا (سمکۆی شکاک) بکەوێتە ڕێ. سەرەنجام لە ٦ی جۆزەردانی ١٣٠١ی هەتاوی (٢٨/٥/١٩٢٢) لە گەرمەی شەڕ لەگەڵ سپای سمکۆدا بە دەستی خاڵۆ کەریم ناوێک کە یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆی دەبێ، لە بۆکان دەکوژرێ. بە کوژرانی خاڵۆ قوربان لەشکر تێک دەشکێ و بە شپرزەیی بەرەو تاران دەگەڕێتەوە. ڕەزاخان دوای ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی کوژرانی خاڵۆ قوربان، فەرمانی سێدارە بۆ خاڵۆ کەریم دەر دەکا و دەستبەجێ لە سێدارە دەدرێ.
ئەگەر بە چاوخشانێکی خێرا لە ژیانی خاڵۆ قوربانی هەرسینی بڕوانین تێ دەگەین ناوبراو کوردێکی وەزاڵەهاتووی دەستی دەسەڵاتە زلهێزەکانی ئەو کاتە بووە. پەنای بردووەتە بەر بزووتنەوەی جەنگەڵ و لەوێ جێی شیاوی خۆی وەدەست هێناوە. دواتر بە پێچەوانەی ئەو جێگە و پێگەیەی کە پێی دراوە جووڵاوەتەوە و لە ئاکامدا دوای ڕووخانی دەسەڵاتی جەنگەڵ لەلایەن ڕەزاخانەوە بۆ تواندنەوەی جووڵانەوەی کورد بە سەرۆکایەتیی سمکۆی شکاک تەیار کراوە. سەرەنجام لەو ڕێگایەدا کە ڕێگای خەیانەت بە دوو جووڵانەوەی جەنگەڵ و کورد بووە کوژراوە. مەرگی خاڵۆ قوربان چیرۆکی هەڵۆ و قەلەڕەشیشمان وەبیر دێنێتەوە کە قەلەڕەش بۆ مانەوە دوو ڕێگا دەخاتە بەر دەمی هەڵۆ کە زۆر جێی لێوردبوونەوەیە و دەبێژێ:
یان لە ناو بۆگەن و نزماییی ژیان
یان بە سەربەرزییەوە بسپێرە گیان
ئاخۆ ئەم شێوە مردنە وانەیەکی ئەوتۆی بۆ ئێمەی کورد بەجێ نەهێشتووە کە هەڵەی خاڵۆ قوربان دووپات نەکەینەوە؟ ئەگەر ئەم ڕەزایە خۆی بە میراتگری ڕەزاخانی باپیری دەزانێ و خەونی نەزۆکی ژیانەوەی دیکتاتۆریی ڕەزاخانی باواگەورەی لە مێشکدایە، ئەی ئێمەی کوردی ئەم سەردەمە بۆ دەبێ بەو ڕێگایەدا بچینەوە کە خاڵۆ قوربانی پێدا تێپەڕی؟ ڕێگای ڕەزاشا کە پاشایەتیی بووە لەو کاتە و ئێستاش ڕیگایەکی دواکەوتووانەی دژە مرۆڤایەتی، کوردایەتی و ئازادیی گەلانی ئێران بووە و هەیە. شوێنکەوتنی ئەو ڕچە و ڕێبازە درێژەی دیکتاتۆریی تاکەکەسییە کە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. لە ئاکامدا درێژەدان بەو هەڵەیە سەرەنجامێکی لە خاڵۆ قوربان باشتر بە دواوە نابێ.