کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە چەقبەستوویی سێ لایەنەدا

10:35 - 10 خەزەڵوەر 2725

ڕەحمان سەلیمی

پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران نیشانەکانی قەیرانێکی قووڵتری دەرخستووە، قەیرانێک کە نەک لە یەک ڕەهەنددا بەڵکوو لە سێ ئاستدا لە یەک کاتدا پەرەی سەندووە. ئەم دەقەی خوارەوە وێنەیەکی شیکاریی ئەم چەقبەستووییە فرەلایەنە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەخاتە ڕوو.

لە پاییزی ساڵی ١٤٠٤دا کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی بێوێنەی چەقبەستووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردن‌ دایە؛ چەقبەستووییەک کە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی سێ قەیرانی بنەڕەتییە و دەتوانرێت وەک ''پەکێجێکی داڕمانی سیاسی" لێک بدرێتەوە.

ئەم سێ قەیرانە – سەرکوتی خوێناوی، شەڕی نێوخۆیی لەنێو دەسەڵاتدا و داڕمانی ئابووری، وێنەیەکی ڕوونی باری نائاسایی کۆماری ئیسلامی دەکێشن، دۆخێک کە دەسەڵات هیچ ڕێگەیەکی بۆ چاکسازی و توانای پاشەکشەی نییە.

لایەنی یەکەمی ئەم سێگۆشەی قەیرانە، خێرابوونی بێوێنەی سەرکوتی سیاسی و زیادبوونی ئێعدامەکانە. تەنیا لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤دا  زیاتر لە ٢٨٠ کەس لەسێدارە دراون، ئەمەش ئامارێکە لە چوار دەیەی ڕابردوودا نەبینراوە. درێژەی ئەم ڕەوتە لە مانگی خەزەڵوەردا، بە لەسێدارەدانی ٢٢ زیندانی لە سێ ڕۆژی یەکەمی مانگدا، ئەوە دەردەخات کە خامنەیی و دەزگا ئەمنیەتییەکەی چیتر هیچ دوودڵییەکیان لە بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕووتدا نییە. ئێعدام ئێستا ئامرازی تۆقاندن نییە، بەڵکوو نیشانەی ترس و نائومێدییە. لە ڕاستیدا دەسەڵات لەبڕی ئەوەی پشت بە ڕەوایی ببەستێت، تەنیا بە خوێن و کوشتن خۆی دەپارێزێت؛ وەک ئەوەی دوایین سەنگەری مانەوەی، پەتی سێدارە بێت.

لایەنی دووەم، بۆشایی دەسەڵاتی نێوخۆییە. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ململانێی لایەنەکان لە ڕکابەریی میدیایی تێپەڕیوە و گەیشتۆتە هەڕەشەی قەزایی و ئەمنییەتی لەنێوان بەرپرساندا.

ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ لە هێڵی پێشەوەی بەرگریکردن لە ڕێژیم بوون، ئێستا یەکتر بە گەندەڵی، بێتوانایی، یان تەنانەت خیانەت تۆمەتبار دەکەن.

داواکارییە ئاشکراکان بۆ دەسبەسەرکردن یان دادگاییکردنی ڕکابەرە سیاسییەکانی نێو ڕێژیم، ئاماژەن بۆ داڕمانی هێژمۆنی ناوەندی و لەدەستدانی دەسەڵاتی خامنەیی لە نێو وەفادارەکانیدا. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە بڕیارە گەورەکانی وڵات لەسەر بنەمای عەقڵانییەتی سیاسی نییە، بەڵکوو لە کەشێکی بێمتمانەیی و ترس و کێبڕکێی تێکدەرانەدا دەدرێت.

لایەنی سێیەمی ئەم چەقبەستووییە، قەیرانی ئابووری و بەڕێوەبردنە. هەڵاوسانی هەوسارپچراو و داڕمانی ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک، پێکهاتەی ڕێژیمی ئێرانیان گەیاندۆتە لێواری داڕمانی تەواوەتی.

دەوڵەت نە توانای کۆنترۆڵکردنی بازاڕی هەیە و نە پلانی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی بژێوی ژیان. هەروەها گەندەڵیی سیستماتیک و بڕیاری دژبەیەک و سزا نێودەوڵەتییەکان توندی ئەم داڕمانەیان زیاتر کردووە. خەڵکی ئێران ئەمڕۆ، زیاتر لە جاران، لەنێوان هەژاری و تووڕەیی، بێمتمانەیی و نائومێدیدا گیری خواردووە.

بەم پێیە ئەو سێ قەیرانەی کە باس کران، سێ دیوی سێگۆشەیەکن کە دەسەڵات لەو چوارچێوەیدا وەهەناسەبڕکێ کەوتووە. زیادبوونی ئێعدامەکان نیشانەی نەبوونی ڕەوایی سیاسییە، ململانێکانی نێو دەسەڵات ئاماژەیە بۆ پچڕانی پێکهاتەی دەسەڵات، قەیرانی ئابووریش ئاشکرابوونی بێتوانایی بەڕێوەبردنی ئەو نیزامەیە. ئەم سێ چەقبەستووییە، تەنیا دۆخێکی قەیراناوی نییە، بەڵکو قۆناغێکە لە داڕمانی وردە‌وردە کە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشهاتە چارەنووسسازەکان.

لەم جۆرە هەلومەرجەدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی ئێران و هێزە جیهانییەکان یەکلاکەرەوەیە. ئەگەر کۆمەڵگە بە هۆشیاری و ڕێکخستنەوە وەڵامی ئەم قۆناغە گرینگە بداتەوە، ئەگەری تیپەڕینی بۆ داهاتوویەکی نوێ دابین دەکرێت؛ دەنا درێژەدان بەم دۆخە چەقبەستووە تەنیا تێچووی مرۆیی و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات. پاییزی ساڵی ١٤٠٤ دەتوانرێت وەک وەرزی پەردەلادان لەسەر ڕاستییەک سەیر بکرێت کە ساڵانێک بوو لە سێبەردا شاردرابۆوە: سیستەمێک کە شەڕ بۆ مانەوە دەکات کە لە ڕاستیدا پێشتر شکستی هێناوە.