کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دژواریی بێوێنەی دۆخی مافی مرۆیی لە ئێران

10:47 - 10 خەزەڵوەر 2725

شاندی سەربەخۆی نێونەتەوەیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەبارەی ڕێژیمی ئێرانەوە بەنیسبەت دۆخی نالەبار و کارەساتباری مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەتایبەت دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هۆشداریی جیددی دا.

سارا حوسێن سەرۆکی شاندی سەربەخۆی نێونەتەوەیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەبارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕاپۆرتی بۆ کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی جیددیی خۆی لەمەڕ شوێندانەریی نەرێنیی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە سەر دۆخی مافی مرۆیی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.

بەدواداچوونی سەرەتایی ئەو شاندە دەرخەری ئەوەیە کە لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی ڕێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی گیانی بەندکراوان کەمتەرخەمی کردووە و تەنانەت لەو ساتە مەترسیدارەدا بە جێگەی پاراستنی گیانیان، ئەشکەنجە و هەڕەشەی کوشتیان لێ کراوە.

لەو ڕاپۆرتەی "سارا حوسێن"دا هاتووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتە و مانگ لەو هێرشە، بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەیان لە دانی زانیاری لەبارەی دۆخی ڕۆڵەکانیان بێبەری کردووە.

سارا حوسێن لەو ڕاپۆرتەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە "ئێمە داوا لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەین کە بەدواداچوونێکی بێلایەنانە و ڕوون لەبارەی ئەو ڕووداوە و کەمتەرخەمییەکانی ئەنجام بدات و وڵامدەری هەر جۆرە پێشێلکارییەک لە پێش و پاش و کاتی ئەو هێرشەدا بێت".

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە دوای ئەو شەڕە و هەتا نێوەڕاستی مانگی ئاگۆست، ڕێژیمی تاران ٢١ هەزار کەسی گومانلێکراوی دەسبەسەر کردووە.