ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە، حیزبوڵڵای لوبنان دوای چەند مانگێک لە ململانێ و گرژییەکان، دەستی بە پرۆسەی بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو گرووپە مووشەک و کەرەستەی قورس لە سووریە و لە ڕێگەی دەریاییەوە کۆ دەکاتەوە و تەنانەت خۆی بەشێک لە چەکەکانیشی بەرهەم دەهێنێت.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئیدعای ئەوە دەکەن کە حیزبوڵڵا بەشێکی ژێرخانی نیزامیی خۆی گەڕاندووەتەوە و ئەمەیان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان ناو دەبەن. لە بەرامبەردا دەوڵەتی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا هێزە فەرمییەکان مافی هەڵگرتنی چەکیان هەیە و بەڵێنیشی داوە لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێگری لە هێرشی زیاتری ئیسرائیل بکات.
لە کاتێکدا ئاگربەستی فەرمی لە نێوان هەردوو لادا جێگیرە، لە سنوورەکانی باشووری لوبنان هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان زیادی کردووە. ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە عەمەلیاتەکانی لە لوبنان پەرە پێ بدات.
پێدەچێت هەردوو لا "ئاگربەست" تەنیا بۆ دووبارە خۆ تەیارکردن بەکار بهێنن، نەک بۆ ئاشتیی ڕاستەقینە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوانی سەرەکیی دارایی و چەکوچۆڵ لە حیزبوڵڵای لوبنان، ئەو گرووپە بە بەشێک لە میحوەرەی مقاومەت لە دژی ئیسرائیل دەزانێت و بە پاڵپشتیی لۆجستیک و ڕاهێنان و هەواڵگری، بەشیک لە توانای نیزامیی خۆی پاراستووە.
هەرچەندە ئەم پشتیوانییە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە وەک ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی گوشاری ئیسرائیل و ئەمریکا دەبینرێت، بەڵام بە کردەوە لوبنانی کردووە بە گۆڕەپانی کێبڕکێی گرووپە نیابەتییەکان؛ کێبڕکێیەک کە سەروەری نەتەوەیی لوبنان لاواز دەکات و مەترسیی شەڕێکی بەربڵاو زیاتر دەکات.