دارسمە
"دکتۆر سید یاسر جوبرئیلی ماموستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و دکتۆرای بەشی توێژینەوەی زانستە سیاسییەکانە".
گومانی تێدا نییە خوێنەرانی ئەم دێڕەی سەرەوە بە دیتنی پاشناوی "ماموستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و دکتۆرای بەشی تۆێژینەوەی زانستە سیاسییەکان"، سەرەڕای ئەوەی خۆیان بۆ درێژەپێدان بە خوێندن لە زانکۆکانی ئێران پەژیوان دەبنەوە، بێنێوەپێدان منداڵانیان بۆ خوێندن هان دەدەن.
ئەم کاک سەید یاسرە، یەکێک لە ڕاوێژکارانی برایمی ڕەییسییە و بەرلە سەپاندنی ڕئیسی وەک سەرۆککۆمار و دوای داسەپاندنیشی بە تایبەت وەکڕاوێژکاری کاروباری ئابووری لە یارمەتیدانی بەردەوامە و بۆ گەشانەوەی ئابووریی ئێران هەوڵ دەدات و هەنگاوی باشیشی بۆ بەهێزکردنی بنەمای ئابووریی کۆماری ئیسلامی ناوە. لێرەدا بەکورتی ئاماژە هێندیک لەم هەنگاە باشانە دەکەین.
لە سەرووی هەموو ئەم کارە ناوازانەی ئابووریزانی کۆماری ئیسلامی بابەتی نرخی دۆلاری ئەمریکا لە گشتیان گرینگترە. لە کاتێکدا ئەمریکا بەم دۆلارە سەوزانە دەستی بە سەر ئابووریی جیهان داگرتووە و ڕۆژانە ئەم دۆلارانە بەگژ خەڵکی هەژاردا دەکات، ئەم ئابووریناسە لەگەڵ تیمی لێهاتووی ئابووریزانانی ئێران هەتا ئێستا نرخی دۆلارێکی ئەمریکایان گەیاندووەتە زیاتر لە ٤٤ هەزار تمەن. ئەمە لە کاتێدایە هەر ئەم دۆلارە لە سەردەمی ڕێژێمی پێشوودا تەنیا حەوت تمەنی دەکرد. دیارە دوای ئەوەی سەید بلەی ڕەئیسی بوو بە سەرۆککۆمار، هەمان تیمی لێهاتووی ئابووریزانان و لێزانان کارێکی وایان کرد نرخی ئەم دۆلارە لەم ماوەیەدا نزیکەی ١٠هەزار تمەن گرانتر بێت و بەمکارە دەردێکیان دایە ئابووریی لەرزۆک و بێبنەمای سەرکردەی ئیستکباری جیهانی با بە دەواری شڕی نکات.
ئەگەر زۆرتر لەمە درێژدادڕی نەکەین، ئەنجامی کورتی گرانبوونی دۆلار ئەمانەن: لەم دۆخەدا یەک بەرمیل نەوتی ئێران به پارەی میللی نزیکەی سی میلیۆن تومەن دەکەوێت و مانگانە بە هەشت نۆ دە میلیۆن تمەن یانی بە پارەی هەشت نۆ بەرمیل نەوت مووچەی فەرمانبەرێکی مامناوندی دابین دەکریت و هەروەها ئەو دۆلارانەی بە هۆی برادەرانی دەرەوە و ژوورەوە دەست کۆماری ئیسلامی دەکەون، وەک سەردەمی ڕێژێمی گۆڕبەگۆڕ هەرزانفرۆش ناکرێن.
هەنگاوێکی بەنرخی دیکەی ئابووریزانانی وەک سەید یاسری گۆرین داخستنی هێڵی ئینترنێت و کردنەوەی بە کەرەستەی" ڤیپیئین"ـه. ئەمەیان هەر شاکارێکی زۆر گەورەیە. فرۆشتنی ئینترنێت بە خەڵک داهاتێکی ئەوتۆی نییە و شتێکی بەرچاو دەست حکومەت ناکەوێت. ئەوەی ئابووریزانان بیریان لێ کردەوە و وەک کورد دەڵێت باشیش گرتی، ئەمە بوو بە بیانووی خۆپێشاندان لەلایەک ئینترنێت دابخرێت و لە لایەکی دیکەوە خەڵک ناچار بن بۆ کردنەوەی ئینترنێتە داخراوەکە "ڤیپیئێن" لە دەست و پێوەندیی حکوومەت بکڕنەوە و بەمجۆرە دوو جار پارەی ئینترنێت لە خەڵک وەربگیردرێت.
سێهەم هەنگاوی بەنرخی وەگەڕخستنی هاوردەی ماشێنی دەرەکی بۆ نێو ئێرانە و زیادکردنی گۆمرکی ئەم ماشینانەش دەبێتە هۆی داهاتی زیاتری دەوڵەت.
مادەی هۆشبەر یان مەوادی موخەدریش یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بۆ ئەم کارەش هێزە ئازاکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران لە دەریا و وشکانیدا شانیان وەبەر گواستنەوەی باری قورسی مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دیکە داوە و ئەو دۆلارانەی لەم مادانەش دەست دەکەون، وەک ئەو دۆلارەی لە نەوتفرۆشتن دەست دەکەوێت، لە بازاڕی ئازادی ئێراندا هەر دۆلارێکیان بە زیاتر لە ٤٤ هەزار تومەن دەفرۆشرێت. دیارە بەگوێرەی ئەم بەرنامەڕێک وپێکەی ئابووریزانان دایانڕشتووە لە داهاتوودا دەکرێت ئەم دۆلارانە لەمەش گرانتر بفرۆشرێنەوە و ئابووریی ئێران بەهێزتریش بکرێت.
ئاکامی سەرەکی و هەرەگرنگی زۆربوونی پارەی خۆماڵیش ئەمەیە ناهێڵێت بەرپرسانی پایەبەرزی ئەم کۆمارە زۆر شەرمەندەی ڕەزمەندەگانی "جان برکف"ی عێراق و سووریە و یەمەن و لوبنان بن.
ئەم کاک سەید یاسرەی لە سەرەوە باسمان کرد، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەدا زۆر بەکورتی باسی دۆخی ئابووریی ئێرانی کرد و لە خوا بەزیاد بێت، وەک ئەو دەڵێت خەڵکی ئێران لە بواری ئابوورییەوە تەنیا کێشەیان لەگەڵ دابینکردنی سێ چوار شت هەیە و ئەم سێچوار شتە کەمبایەخەش بریتین لە "دابینکردنی "شوێنی نێشتەجێ بوون"، "کەرەستەی هاتووچۆ"، "خواردەمەنی" و پێداویستیی "لەشساغی یان تەندروستی".
دیارە وەک ئەم ئابووریزانە شارەزایە ئاماژەی بۆ کردووە، ئەمانە کێشەی بنەڕەتیی ئۆممەتی لەخۆ بوردوو نین و نەبوونی ماڵ و ماشێن و خواردەمەنی و دەوا و دەرمان هەر بۆ ئەوە نابن خۆمانیان پێوە ماندوو بکەین.
ئەگەر بە قووڵی بیری لێ بکەینەوە، لەبەردەست نەبوونی خانوو هەر زۆریش باشە. ئەگەر خانوو کەم بێت، کوڕان دوای زەماوەندکردن خێرا پیرەدایک و پیرەباوکیان جێ ناهێڵن و هەتا له ماڵ دەریان نەکەن وەک هەلووک لەبەردەستیاندا دێن و دەچن. ماشێن و کەرەستەی هاتووچۆش هەر بۆ ئەوە نابێت باسی بکەی. ئەی نەتاندیتووە چۆن ئەم خەڵکە بە هۆی خۆپێکدادان و هەڵدێرانی ئەم پڕاید و مڕایدە وەک باڕێزە بەردەبنەوە و هەر پێمان دەکرێت کۆڕی پرسە ومرسەیان بۆ دابنێین؟ خواردنیش وەک ئاخوندانی زانا دەڵێن هەر هیچ نیە، ئەوەی بەوەج و جێگەی سرنجە تەنیا قەناعەتە، قەناعەت!
دەوا و دەرمان و کەرەستەی لەشساغییەکەش هەر بۆئەوە نابێت بیریشی لێ بکرێتەوە. با هەر خوێنەری بەڕێز وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بێ دەوا و دەرمانی باشترە یان خۆ بدەینە بەر چەقۆ و نەشتەری ئەم دکتۆر و مکتۆرە قۆڵبڕانە؟
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.