کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەیەک بۆ داهاتوو

22:28 - 18 رەشەمه 2722

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

ئەم ڕۆژانەی ئێستا ڕەنگە گرینگترین چرکەکانی مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵات بن چون بێگومان هەر هەنگاوێکی کە لە ئێستادا هەڵدەهێندرێتەوە کارتێکەری لەسەر داهاتووی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دەبێت. پرسیاری سەرەکیی ئەو وتارە ئەوەیە ئێستا دەتوانین چ جۆر سیاسەتێک بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە بەرچاو بگرین؟

ئەگەر بمانەوە بۆ بزوتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک ستراتیژی دیاری بکەین دەتوانین بڵێن: ستراتیژیی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات دابینکردنی مافی نەتەوەی کورد و لادانی هەر چەشنه هەڵاواردنێکی فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. ئەو بزوتنەوەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی خۆی بەربەستێکی لەسەر ڕێگایە، بەربەستەکە کۆماری ئیسلامییە. کە وایە ئێمەی کورد بۆ گەیشتن بە ستراتژی خۆمان ناچارین لە پێشدا کۆماری ئیسلامی بڕوخێنین.

 لێرەدا ڕوون دەبێتە کە ستراتیژی ئێمە چییە و گەورەترین بەربەستمان چییە؟ کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستادا زیاتر لە هەمیشە لە دەوری شوناسی ئێتنیکیدا کۆ بۆتەوە و بەکورتی دەتوانن بڵێین کۆمەڵگەی ئێران ئێستا بەسەر شوناسی ئێتنیکیدا دابەش بووە؛ واتە تەنیا ژێرخانێک کە دەتوانێ خەڵکانێک لە ئێران لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە شوناسی ئێتنیکییە. بەو پێیە دەتوانین بڵێین ئەو شوناسانە لە ئێراندا هەن و دەتوانین ڕێکخراوەی سیاسی بە دەسەڵات دامەزرێنن:

شوناسێکی ناوەندتەوەر که شوناسی فارس_شێعەیە، کۆمەڵە شوناسێکی پەڕاوێزخستووە که بریتین لە تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکەمەن.

لە نێو شوناسە پەراوێزخراوەکان شوناسی تورک لە ڕاستییدا شوناسێکی لێهاتووتەوەرە و لێهاتووانی تورکیش بەشێک لە خاکی کوردستان به خاکی ئازەربایجان دەزانن و ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی شوناسی تورک لە زۆر بواردا خۆی لە بەرانبەر شوناسی کوردستانی ‌بووندا پێناسە بکات،  کە وایە ئەگەر بمانەوێت واقعبینانە سەیری کۆمەڵگەی ئێران بکەین، هەم شوناسی فارس_شێعه و هەم شوناسی تورک بە جۆرێک خۆیان لە بەرانبەر شوناسی کوردستانی بوون پێناسە دەکەن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە که ئێمە دەبێت درگای دیالۆگ و دانوستان لەو دوو شوناسە دابخەین.

پاش ئەو پێناسە گشتییە دەتوانین بڵێن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چەند تایبەتمەندییان هەیە کە دەبێت لەبەر چاویان بگرین:

یەکەم: لە قۆناغی ئێستادا ئەو ڕێکخراوانەی که نوێنەرایەتیی شوناسی فارس دەکەن بەدەر لەوەی کۆماریخوازن یان شاخواز، خوازیاری ئەوەن بە لەبەرچاو گرتنی هێندێ ڕێوشوێن پێکهاتەی فارس‌تەوەری یان فارس سەروەری بهێڵنەوە.

دووهەم: زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و خەڵکی ئێران گەیشتوونە ئەو باوەڕەی کە کۆماری ئیسلامی وەکوو سیستمێک دەبێت لادرێ.

سێهەم: بۆ لادانی کۆماری ئیسلامی پێویستە هاودەنگییەک لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا هەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانه ئۆپۆزیسیون، ئێمە وەکوو کورد دەبێت لە چوونە نێو هەر چەشنه هاوپەیمانییەک که ستراتیژی سەرەکیی بزوتنەوەی کوردستان لەبەر چاو نەبێت، خۆبپارێزین؛ ڕوونه که مەبەست لە ستراتژی ئەو ستراتێژییە که لە سەرەوەدا باسی لێکرا.

کەوایە ئێمە لە دۆخێکی وا ئاواداین:

بەشێکی زۆر له ئۆپۆزیسیۆنی فارس دەیەوێت پێکهاتەی فارس سەروەری که لە ڕاستییدا بنەمایی هەڵاواردنەکانی کورد و نەتەوەکانی‌ترە پاش گۆرانی ڕێژیم ڕابگرێت، هاوکات ئێمە بەتەنیا یان تەنانەت بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیش ناتوانین هێزێک پێک‌بینین که کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێ.

لێرەدا دەبێت بڵیێن لە دۆخێکداین که ئەگەر هاوپەیمانییەکی بەرین لەگەڵ ئۆپۆزیسیون فارس سازبکەین، ئەو هاوپەیمانییە دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە هۆکارێک بۆ مانەوەی پێکهاتەی فارس‌سەروەری که ژێرخانی هەڵاواردنی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، هاوکات سازنەکردنی هاوپەیمانی دەتوانێ دوو مەترسیی پێوە بێت:

 یەکەم: شانسی مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەباتە سەرێ.

دووهەم: ئەگەری ئەوە هەیە بەرەیەک ساز بێت و ئەو بەرەیە وەکوو هەمیشە هەوڵی ئەوە بدات بزووتنەوەی کوردستان پەراوێز بخات.

ئەگەر کۆی قەیرانەکانی پێش دەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ستراتیژیی ئەو بزووتنەوەیە لەبەر چاو بگرین، دەتوانین بۆ ئەوەی مەترسییەکان کەم بکەینەوە و ئەگەری گەیشتن به ئامانج زیاتر بکەین، گەڵاڵەیەکی پێشنیارکراوی خوارەوە وەکوو بنەمای کاری سیاسی بزوتنەوەی کوردستان دیاری بکەین.

 لە کوردستان ناوەندی هاوکاری بەریرن بکرێتەوە، لە ئاستی ئێراندا لەسەر دوو بنەمایی هەوڵ بۆ ڕووخانی ڕێژیم و هەوڵ بۆ دەستبەرکردنی مافی نەتەوەی کورد هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێناسە بکرێت و بەو پێیە سێ ئاست بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەدەر لە ئێتنیک داندرێ، ئاستەکان بریتی بن لە:

١- هاوپەیمان 

ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیون دەبێت دوو تایبەتمەندیی هەبێت:

 یەکەم: باوەری بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێت.

دووهەم: ستراتیژیی سیاسیی ئەوە نەبێت که پێکهاتەی فارس‌سەروەر بپارێزێ.

٢- دۆست

لایەنێکە کە لەسەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی‌ یەکلا بۆتەوە، بەڵام لێی دڵنیا نین کە ستراتیژیی فارس‌سەروەریی نییە؛  ئۆپۆزیسیۆنی تورکیش که گێچەڵی خاک به کوردستان دەکات لەو بەشەدا دەگونجێ.

٣- هاوکار

لایەنێکە دڵنیاین لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یەکلابۆتەوە، بەڵام ئەگەری ئەوەی بیەوێت سیستمی فارس‌‌سەروەر بپارێزێ ، ئەگەرێکی زۆرە.

بە پێی ئەو دابەشکارییە دەتوانین ڕایەڵەیەک سازبکەین کە ناوەندی هاوکاری کوردستان لە ناوەندی ئەو ڕایەڵەیەدا بێت. هاوکات هێندێ هاوپەیمانی وەکوو کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدرال، شوڕای دێمۆکراسی‌خوازان و هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا بکڕێت بەشێک لە گرێەکانی ناو ئەو ڕایەڵەیە، و باقی لایەنەکانی‌تر کە لە توێی دۆست و هاوکار دادەبن لە ڕایەڵەکەدا ڕۆلیان هەیە، بەڵام تەنیا لە پرۆژەی تایبەت و لە قۆناغی تایبەتدا ئەو ڕۆڵەیان دەدرێتێ واتە بۆ وێنە بۆ خۆپیشاندانێک هاوکارییان دەکرێت یان داوای هاوکارییان لێدەکرێت، یان بۆ ڕێکخستنی ئەکسیۆنێکی تایبەت لە نێوخۆی ئێران هاوکارییان لەگەڵ دەکرێت.

 لە ئاستی سیاسەتی گشتییشدا سیاسەتی ناوەندەکانی نێو ئەو ڕایەڵەیە دەبێت، ئەوە بێت که بانگەشە بۆ فکری خۆیان بکەن، نەک دژکردەوە لە بەرانبەر فکری بەرانبەرەکەیان نیشان بدەن.

قازانجی ئەو ڕایەڵەیە ئەوەیە که دەتوانین بە شێوەی کاتی لەسەر پرۆژەی ڕووخانی ڕێژیم هاوکاری چەند لایەنە بکەین، بەڵام هاوکات جیاوازی ئەو ڕایەڵەیە لەگەڵ پرۆژەی هاوپەیمانی بە شێوەی کلاسیک ئەوەیە که لە گەڵاڵەی ڕایەڵەییدا دەتوانین پێش بەوە بگرین که لە ناوەندی ئێران هێزێک ببێتە هێزی سەرەکی. ئەوەی لە ناوەندی ئێران هێزێک نەبێتە هێزی سەرەکی ئەگەری پێشگرتن به پاراستنی سیستمی فارس‌سەروەری دەباتە سەرێ و هاوکات پێش بەوە دەگرێت که لە داهاتوودا هێزێکی سیاسی ژێرخانی نیزامی ئێران بۆ ئامانجی خۆی بەکار بێنێ.

کورتی بابەتەکە ئەوەیە که گەڵاڵەی ڕایەڵەی هاوکات دەتوانێ کۆهێزییەک لە دژی کۆماری ئیسلامی کۆ بکاتەوە بەبێ ئەوەی لایەنێک بتوانێ لەو گەڵاڵەیدا ببێتە هێزی سەرەکیی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، ئەوەی لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا هێزێکی سەرەکی ساز نەبێت بەستێنی دامەزرانی دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک دەخوڵقێنێ.