ناوەندێکی توێژینەوە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێران لە دەستپێکی زستانی ئەمساڵەوە بە بەراورد لەگەڵ نێونجی ١٥ ساڵی پێشوو، ٢٤ لەسەد بەرز بووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هەر ١٤ کاتژمێردا کەسێک لەسێدارە دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ''ناوەندی دێیتا کراوەکانی ئێران'' کە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەممە بڵاو بووەتەوە، لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ هەتا ٢٠٢٢ لە هەر ١٧ کاتژمێردا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەسێک لەسێدارە دراوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژەی لەسێدارەدراوەکان بووە بە لەسێدارەدانی یەک کەس لە هەر ١٤ کاتژمێردا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە، لە ٦٥ ڕۆژی سەرەتای ئەمساڵی زایینی، ١١٣ کەس لە ئێران و کوردستان لەسێدراوە دراون کە لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بە زیاترین ڕێژە دێتە ئەژمار.
بەپێی ئەو توێژینەوەیە، زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرز، ورمێ، خۆراسانی ڕەزەوی و سیستان و بەلووچستان بووە.
پێشتر لەوە، ناوەندە مافە مرۆییەکان، یەک لەوان ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئێرانی لە دوای وڵاتی چین وەکوو دووەمین وڵات لە بابەت ئاماری لەسێدارەدانەکان لە جیهان ناساندبوو.
ڕێژیمی ئێران زیندانییانی تاوانبار بە ''قەتڵ، ماددەی هۆشبەر و دزیی چەکدارانە'' و زیندانییانی سیاسیش بە تاوانی ''موحاربە، موفسیدی سەرزەوی و بەغی'' لەسەێدارە دەدات.