کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەبەری مافەکانی کورد بە یەکیەتیی سیاسی و نەتەوەیی

12:15 - 5 خاکەلێوه 2723

محەممەد سلێمانی

بۆچی پەیامی سیاسی و نەتەوەیی ڕێزدار مستەفا ھیجری كەسی یەكەمی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران گرینگ و جەوھەری بوو و توانی کاردانەوەییەکی بەرین لەنێو گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵات بەدوای خۆیدا بێنێ؟

حیزبی دێموکرات لە هەموو قۆناغەکدا خاوەندارەتیی لە پرسی کورد و بەرژەوەندییەکانی کردووە و بەردەوام تێكۆشاوە ژینگەی سیاسی و كۆمەڵاییەتی بە فرەڕەھەندی و جیاوازییەكان لە دەوری یەكدا كۆ بكاتەوە و ڕیگایەك بۆ داگیرکەر نەهێڵینەوە کە زەفەرمان پێ ببات. مێژووی سیاسی گەلی کورد شاهیدی ئەوەیە کە حیزبی دێموكرات ھێزێكی دیار و كاریگەری دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و دەسەڵاتی سیاسی و مەزهەبیی ئێران لەسۆنگەی پێگە و نفووزی حیزبی دێموکرات بە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ناوەندی بڕیاری سیاسی خۆی زانیووە؛ ھەڕ لەبەر ئەوەشە بەھەموو شێوەیەك پیلانی زەربەلێدانی بۆ داڕشتووە و بەئامانجی گرتووە.

 بەداخەوە بەھۆی كۆمەڵێك جیاوازی و خۆخستنەبەرەوە لەلایەن هێندێك هێز و تاکی نێو بزووتنەوەی سیاسیی کورد کە ھێندێك گیروگرفتی مەعنەوی سازكردووە، تێپەڕین لێی تەنیا بە دیالۆگ و قسەكردن چارەسەر دەبن. پەیامی كەسی یەكەمی حیزبی دێموکرات بەتەواوی لەسەر ئەو خاڵە پێداگری دەكات و لەو باوەڕەدایە ئەگەر کۆك و یەک نەبین ناتوانین بەسەر نەیارەکانماندا زاڵ بین. بەڵام گرینگتر لەو بابەتە، زۆرینەی بەرچاوی خەڵكی كوردستان و ھێزەكانی، بەو ھەموو جیاوازییانەی کە بوونی ھەیە، چۆن بتوانین لەسەر پرسی چارەسەركردن و زامنكردنی مافی نەتەوەیی لە بەرەیەكدا كار بكەین و ناوەندێكی بڕیاردانی سیاسی نیشتمانی بكرێتە ناوەندی ڕێککەوتن و بڕیارە سیاسی و نیشتیمانییەكان. نەخشە رێگاییەکی جەوهەرییە کە زۆر دەمێکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەمی پێكهێنانی دایە.

پەیام و ڕوانینی سیاسی حیزب بەگشتی لەسەر بنەمای پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی لەنێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵات و درێژەدان بە خەباتی هاوبەش بەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و جەوهەری بنەما فیکرییەکانی وەك ھێزێكی داکۆکار لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كورد دا خولاسە كردووتەوە. رێگای ناکۆکی و دووبەرەکی و هەڵاواردنی سیاسی وەلا ناوە. ئەو خاڵەش بە نۆبەی خۆی دەتوانێ خزمەت بە ڕەوتی لێكنیزیكتربوونەوەی هێزەکان بکا و بتوانن بەرەیەك پێك بێنن.

ڕێبەریی حیزب لەمێژ ساڵە بەو ئەنجامە گەیشتووە كە كورد ئەگەر بە پەڕشوبڵاوی بچێتە نێو دانووستان و ئیتلافی سیاسی نەك ھەر دەسكەوتێكی ئەوتۆی نابێت، بەڵكوو زیانیش بە پێگە و ڕۆڵی كورد بە تایبەت پاش سەرھەڵدانی ڕاپەڕین كە بە شۆرشی ژینا ناسراوە دەگەیەنێ.  نەیارانی كورد لەو لاوازییەی كورد قازانج دەبەن و خێرێکی بۆ جووڵانەوەی سیاسی لە کوردستان نابێت.

حیزبی دێموكرات دژی دیالۆگ و كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتن نییە و جگە لە ڕێزدانان بۆ جیاوازییەكان، ھەر لەو كاتەشدا لەو بڕوایە دایە ھەر چییەك بکرێ، وەك حیزب مافی خۆییەتی و ناکرێ سەروەری سیاسی بخرێتە ژێر پرسیار. بەڵام بەو مەرجەی ڕێككەوتن و چوونە نێو ھاوپەیمانی و واژۆکردنی ڕەشنووسەكان، زیان بە بەرژەوەندی سیاسی و نەتەوەیی گەلی كورد نەگەیەنێت. بەھۆی دژایەتی زۆر لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی كورد لەسەر ئاستی ئێراندا و دژایەتی ھێندێك لایەنی فارس لەگەڵ بابەتی فرەنەتەوەیی بوونی ئێران شێوەی خەباتێكی دژوار و ئاستەمی لەپێوەندی لەگەڵ ھێزە ئێرانییەكاندا بۆ كورد ھێناوەتە پێش. لە  ئاستێکی سەروەدا، دژایەتی مافەکانی کورد دەکا و ڕێبەرانی سیاسی پێویستە زۆر بە وشیاری هەنگاوەکانییان بەرەو پێش بەرن.

مستەفا ھیجری زۆر بە ڕوونی باسی لە پێگە و کاریگەری هێزەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر هاوکێشە سیاسی و نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە و وێڕای گرینگی‌پێدان بە هاوخەباتی هێزەکان و وەلانانی ناکۆکییەکان، ڕایگەیاندوە كە کوردستان پێویستی بە کۆدەنگی نەتەوەیی هەیە هەتا بەیەکەوە بەرەو ڕووی دوژمنانی کوردستان بینەوە  و لە كایەی سیاسی‌دا پەراوێز نەخرێین. نێوەرۆکی ئەو پەیامە، جگە لە چاندنی تۆی ھیوا و ئومێد بۆ دواڕۆژی خەبات و ھەوڵدان بۆ ڕووخاندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەھێزتركردنی ڕووحی ھاوكاری و ھاوخەباتی لەنێو ھێزە تێكۆشەرەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدژی نەیارانی بزووتنەوەی سیاسی كوردستان، ھەر لەو كاتەشدا ڕوانینێكی نوێ و جەوھەرییانەی سەبارەت بە مەرجی كورد بۆ دیالۆگ و ھاوپەیمانی ھێنایە نێو كایەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە.

حیزب بۆ كردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی و دیالۆگ، ڕایگەیاندووە كە دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆی نازانێ و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان، دەرفەتی کۆبوونەوە و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕەدناکاتەوە کە باوەڕیان بە فرەنەتەوەیی و فرەچەشنی لە ئێراندا هەیە و، تەنانەت ئەو ھێزانەش كە ئاڵوگۆڕ بەسەر ڕوانینییاندا ھاتووە و پێداگری لەسەر مەرجی جێگای ناكۆكیەكان ناكەن. ھێندێك ڕوانینیان سەبارەت بە داھاتووی وڵات گۆڕاوە و، حیزب دەرگای دیالۆگی بەڕووی ئەوانیشدا خستۆتە سەر پشت.

حدكا بە ڕاگەیاندنی ھەڵوێستی سیاسی و نەتەوەیی لەھەمبەر بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و كوردستان و لەوەش فراوانتر كێشانی جەغزێك لەنێوان ئەو ھێزانەی لە ئێراندا باوەڕیان بە حكوومەتێكی سكۆلار و دێموكرات و فیدڕاڵ ھەیە و ئامادەن لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و سازانی نیشتیمانی بڕیاری ھاوبەش لەسەر داھاتووی سیاسی وڵات بدەن، ڕێزدار هیجری بە گونجاوی دەزانێ وەك حدکا هاوکاری و هاوپەیمانی یان لە گەڵدا پێك بێنێ.

ئەوەی لێرەدا جێگای لێوەردبوونەوەیە و ڕەنگە بكەوێتە چوارچێوی لۆمەكردنیش، حیزب بەگوێرەی زرووفی ئارایی كوردستان سەبارەت بە توندوتۆڵتركردنی پێوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ھێزە كوردستانی و ئێرانییەكان، نەچۆتە پێش و وەك ھێزێكی شوێندانەر دەبوو زۆر لەمێژبا ئەو ھاوپەیمانەی پێک هێنابا و دەستی خۆێ وەپێش خستبوایە. پەیامی سیاسی و نەتەوەیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران زۆر ڕوونە و ڕێگای ھیچ شەرمێونییەك و دەڕودامانێكی نەھێشتۆتەوە. چوونە نێو هاوپەیمانی لەسەر ئەساسی بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی دەكرێ و ئەو ھێز و گرووپانەی بەپێچەوانە دەڕوانە پێكهاتەی سیاسی وڵات، جگە لە دژایەتی كردنیان لەگەڵ فرەنەتەوەیی و فرەچەشنی لە ئێراندا، زمینەییەك بۆ ھاوكاری وكاركردن لەگەڵیان نابیندرێ کە ئەوەش بە نۆبەی خۆی زیان بە ھاوخەباتی گەلانی ئێران دەگەیەنێت.

ئەو پەیامەی ڕێزدار ھیجری ڕوو بە خەڵكی ئێران و كوردستان بڵاوكرایەوە، جگە لە پێداگری لەسەر پێگە و سەنگی كورد سەبارەت بە داھاتووی وڵات، ئاسۆی بیركردنەوەی ژیرانەی سیاسی حیزبی لەھەمبەر ھەلومەرجی خەبات لەم دۆخە ھەستیارەی وەك ئەمڕۆدا و پاش شەن‌وکەوکردنی ڕووداوە سیاسییەكانی ئێران  و ڕاپەڕین و بێزاری خەڵك بەدژی دەسەڵاتی تاران، باسكردن لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ خۆ ڕزگارکردن لەژێرگوشاری نێوخۆ و نێودەوڵەتی و ئەركی ھێزەكانی بە باشی تاوتوێكردووە و ڕێگای هاوبەشی وەك تەنیا بژاردەی بەهێزبوونی کورد هێناوەتە گۆڕێ.

حیزب بە سیاسەتی دروست و نەتەوایەتیی، وێڕای پێداگری لەسەر ئەسڵی پێگە و قوورسایی كورد بەسەر ڕووداوەكاندا، بەو ئەركە نەتەوەیی كە لە ڕەوتی تێكۆشاندا كەوتۆتە سەر شانی، سەبارەت بە ڕێككەوتن و چۆنیەتی چوونە نێو بەرەییەكی نیشتیمانی، توانی سنووڕێك بۆ ھاوپەیمانی ھێزە شۆڕشگێڕ و نەتەوەییەكانی كوردستان بەتایبەت لەگەڵ ڕەزاپەھلەوی و پاشكۆكانیانندا بكێشێ و خەونی لێكترازانی نێوماڵی كورد نە ھێڵێ بێتە دی كە دەمێكە نەیارانی كورد لە ئێران كیسەیان بۆ دووریەوە و هەوڵی لاوازکردنی پێگە و نفووزی حیزب و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات دەدەن.

پاش بڵاوبوونەوەی ھەڵوێستی حدكا سەبارەت بە دواڕۆژی ئێران و لێك جیاكردنەوەی ھێزەكان بە ھۆی ڕوانینی دژە ئازادییان لەھەمبەر ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی، مەسەلەی هاوپەیمانی و بەرەی کوردستانی زیاتر بۆتە پرسی ڕۆژ و کورد ئەگەر بە پرشوبڵاوی تێکەڵ بە ئیتلاف و مەنشووری زۆر بن، جگە لە لێکترازانی هێزەکان، زەمینەی دژایەتی سیاسی و رێکخراوەیشی بەدواوەیە و بە کەمترین مافەكانی دەگات. ئەگەر ڕێبەرانی سیاسی ڕۆژهەڵات بە وریای لەگەڵ بابەتەکاندا نە جووڵێنەوە و ھەر كەس و لایەنێك بەزەوق و سەلیقەی تایبەت بە خۆی كاربكات، زیانێكی گەورە بە ھاوسەنگی و قوورسایی ھێزەكوردستانییەكان لە ئێران دەكەوێت.

پەیامی جەوهەریی ڕێزدار هیجری، بە هۆی ستراتیژی و قووڵ بیرکردنەوەی نەتەوەیی حیزب لەلایەن خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی ئێرانیشدا پێشوازی گەرمی لێکرا و شیکردنەوەیەکی وردی هەلومەرجی سیاسی کرد کە دەکرێ وەك هەوێنی هاوخەباتی کەلکی لێ وەربگرین.

گەلانی ئێران بەو ڕادەیە باوەڕ و متمانەی سیاسییان بە کوڕی شا و هاوبیرەکانی نییە و بگرە بە مەترسی بۆ  دواڕۆژی ئێرانی دەزانن. زۆربەی سیاسی و ڕووناکبیرانی کوردیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە قسە و گوتاری ڕەزا پەهلەوی کاتێك دێتەسەر سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکانی تاران، دژایەتی و بەرنامەی لێك‌هەڵوەشاندنەوەی نەبووە و هەتا کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگای کودەتای سەربازیدا بگاتە سەر دەسەلات.  هەر بەو هۆیانەیە لەسەر ئاستێكی بەربڵاودا دژایەتی دەكرێ و دروشمی نەتەوەكانی ئێران " شا و شێخ"مان ناوێ و بەو جۆرە ئەوانیش فیدای تێ فیكرینی شۆڤێنیزمی و پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازی خۆیان بوون و نەفرەتیان لێ دەكرێت.

ئەو پەیامە لەو بارەشەوە گرینگ بوو، چوونكی توانی بۆ جاڕكی تر بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بخاتەوە سەر ڕێچكە و ھێڵەگشتییەكەی خۆی و بەدوای سەرھەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان و ئەگەر ئەوە نەکرابا، زۆر کەس و لایەن خەریکبوون لەسەر خۆیانی تاپۆ بکەن کە لە دوور و نزیك کاریگەرییان لەسەری نەبوو.

گەلی كورد بەخوێن پەیمانی تەبایی و كۆدەنگی سیاسی و نەتەوەییان لە ڕۆژهەڵات مۆركردووە و ھەر ھێز و گروپ و تاكێك لەو ھێڵە بڕواتە دەر و خۆی بە نەیارانی كورد گرێبدات، لەلایەن شەقامی سیاسی كوردستان بەتوندی دژایەتی لەگەڵ دەكرێت و پێگەی بەرەو لاوازی دەچێت.

دیارە زۆر سرووشتییە كە خەڵكانێك بە ھۆی گریدراوی و نەبوونی ئاسۆییەكی ڕوونی بیركردنەوەیان، لۆمەی ئەو ھەڵوێستە نەتەوەیەی حیزبی دێمۆكرات بكەن و پێیان وابێت سەرەتایەكە بۆ دووركەوتنەوەی ھێزەكان لە یەكدی و لە ڕووداوەكانی ئێراندا پەراوێز دەخرێن.

بەشانازییەوە دەڵێین ئەو ڕوانینەی حیزب سەبارەت بە ڕووداوە سیاسییەکانی ئەمڕۆی وڵات، ستراتیژی و خوێندنەوەییەكی جەوھەریانەی بە شۆڕشی ژینا و ڕەھەندە سیاسی و فیكرییەكانی بەخشی و ئیدی سەڵتەنەتخواز و پاشماوەكانی شا یان وردتر بڵێین ئەو هێزانەی باوەڕیان بە فرەچەشنی ئێران نییە، ئەوجار ناتوانن لەھەر شوێنێك دەركەون و، خۆیان بە دەمڕاستی خەباتی سەرانسەری لە ئێران بناسێنن و بڵێن كوردیش متمانەی پێداوەن و نوێنەراییەتیان دەکا.

سیاسەتی حیزب زۆر ڕوونە و ناکرێ لەگەڵ لایەنێك هاوپەیمان بێت کە بەتەواوی باوەڕی بەو خاڵانە نییە کە گەرەنتی ئیرانێکی دێموکراتیك و فرەچەشنی نەڕەخسێنێ. ئەو پەیامە لەو بارەوە گرینگبوو، چوونکی توانی کۆتایی بەو دڵەڕاوکێ و ناسەقامگرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنێت.

ئەگەر هاتبا حیزبی  دێموکراتی کوردستانی ئێرانی وەك هێزێکی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەوە نەھاتبایە سەرخەت و جەوھەری ڕوانینی سیاسی بزووتنەوەی کوردیان نەخستبایە پێش چاوی بیروڕای گشتی لە ئێران و کوردستاندا، جگە لە بەلاڕیدابردنی ئامانجەکانی شۆرشی ژینا، مەترسی لەسەر هاوخەباتی لەنێو گەلی کورد دروست دەکرد و ئەوجار نەیارانی کورد دەیانتوانی زەفەرمان پێ بەرن.

پەیامی سیاسی حیزبی دێموکرات گەلێك شەفاف و ڕوونە و ئەو هێزانەی مافەکانی نەتەوەیی کورد لە ئێراندا زامن و دابین بکات، حیزب لەگەڵیان دەچێتە نێو هاوپەیمانی سیاسی. کەم نین ئەو هێز و گرووپانەی لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، هەوڵی لێكترازانی یەکگرتوویی و  نێوماڵی کورد دەدەن و ئەگەر کورد کۆك و هاوخەبات نەبێت، زیانی گەورە بە داهاتووی سیاسی و نەتەوەیی دەگات و ئەوکات دەرفەتەکان بۆ جارێکی تر ناگەڕێنەوە.

ڕێزدار ھیجری لە پەیامەكەیدا، وێڕای جەختكردنەوەی لەسەر پاراستنی یەكڕیزیی گەلی كورد و ھێزە تێكۆشەرەكانی ئەو بەشەی كوردستان، داوای ھاوپشتی و كۆدەنگی نەتەوەیی دەكات لەھەمبەر سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کورد چی دەوێ و چۆن دەتوانێ بەمافەکانی بگا. ڕیگا بەکەس و گرووپێك لە کوردستان نادرێ شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات بەلاڕێدا ببات و زیان بە هاوپشتی کورد بگەیەنێت. 

ئەگەر لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا ڕاستگۆ بین، بێ‌گومان جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان ڕەزا پەهلەوی و هاوبیرەکانیدا  بەدی ناكرێت و هەروەك ڕێژیمی ئاخوندی سەیری پێكهاتەی سیاسی و نەتەوەیی و جوگرافیایی وڵات دەکەن، بنەمای فەلسەفەی فیکریان لەسەر نکۆڵی لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکان دامەزراوە و هەر بۆیە کورد و هێزەکانی دەبێت لەو بارەوە زۆر چاوکراوەو و وشیار بن.

ھێزێكی تێكۆشەر و نەتەوەیی وەك حیزبی دێموكرات كە بە درێژایی مێژوو پێشەنگی  بزووتنەوەی سیاسی کورد لە كوردستان بووە، ئاسۆی ڕوانین و ستراتیژی سیاسی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی جووڵانەوەی كورددا بووە و هەرگیز بەپێچەوانەی خواستی خەڵك هەنگاوێك نەچۆتە پێش و تەنیا هێزێك بووە زۆر حەکیمانە لە ڕەوتی تێکۆشاندا ڕەچاوی داواکاری شەقامی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و هەربۆیەش خەڵك متمانە و پشتیووانی خۆیانیان بۆ دربڕیوە.