کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دەتوانێ چ وانەیەک لە هیند فێر بێت؟

09:40 - 25 جۆزەردان 2726

ئیبراهیم لاجانی

ئێران وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە، فرەکولتوور، فرەزمان و فرەئایین، لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی خۆیدا هەمیشە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدا بووە؛ ئەویش چۆنیەتیی ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگە فرە ڕەنگەیە. ئەوە لەکاتێک‌دایە ئەو فرە فەرهەنگیبوونە، نەک هەر ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە و دەبێت سەرنجی بدرێتێ، بەڵکوو بەو مەرجەی لە شکڵی دامەزراوە و سیاسەتگوزارییەکی بەرین و وەخۆگردا بەفەرمی بناسرێ، دەبێتە زەمینە و دەرفەتێکی بەهێز بۆ پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتیش. لەو پێوەندییەدا ئەزموونی وڵاتی هیند، وەک گەورەترین وڵاتی دێموکراسی و چەند فەرهەنگیی دونیا، دەتوانێ، بەتایبەتی لە پێوەندیی لەگەڵ کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان، خوزستان و تورکمەن‌سەحرادا، گەلێک وانەی بەنرخی لە زۆر بارەوە بۆ ئێران تێدا بێت.

دیسانتڕالیزاسیۆن یەکێک لەو بوارانەیە. مەبەست لە دیسانتڕالیزاسیۆن بریتییە لە: ئەسپاردنی بەشێک لە دەسەڵات و ئیختیاراتی سیاسی، دارایی، پەروەردەیی، کولتووری، ئیداری و حکوومەتی لەلایەن ناوەندەوە بەو هەرێمانەی کە هەلومەرجی تایبەت بەخۆیان هەیە. لە هیند ئەو کارە لە ڕێگای پیادەکردنی سیستەمی فیدڕاڵی و هەندێک سازوکاری دیکەوە، کە دەرفەت بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە بڕیاردان لەمەڕ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا دەخوڵقێنن، جێبەجێ کراوە. ئەوە لەکاتێک‌دایە کە شکڵ و قەوارە و پێکهاتەی سیاسی لە ئێراندا بەتوندی سانتڕالیزەیە و هەموو دەستەڵاتی حکوومەتی لە ناوەنددا کۆ کراوەتەوە. دۆخەکە بەجۆرێکە کە تەنانەت لە بوارەکانی فەرهەنگی، پەروەردەیی و پەرەسەندنی ناوچەییشەوە، بڕیارەکان زۆرتر لە ناوەندەوە، بێ وەبەرچاوگرتنی ڕاستییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییەکان، دەدرێن و ڕادەگەیەنرێن. لە پێوەندی لەگەڵ کوردستاندا، دیسانتڕالیزاسێۆن دەکرێ بریتی بێت لە: دابینکردنی خودموختاری بۆ گەلی کورد لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا.

هەر لەو پێوەندییەدا سازوکارێکی دیکە بریتییە لە: فیدڕاڵیزمی ناتەریب. لە وڵاتی هیند هەندێک ئەیالەت، وەک ئەیالەتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هیند، بە وەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تایبەت بەخۆیان، خاوەنی دەستەڵات و ئیختیاراتی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی خۆیانن. ئەو جۆرە فیدڕاڵیزمە، ئەو ڕاستییە بەفەرمی دەناسێت کە هەرێم و ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات، دەکرێ لە باری ئیداری و دەستەڵاتی حکوومەتییەوە، ئیختیاراتی جیاوازیان بدرێتێ و خودموختاریی تایبەت بە خۆیان هەبێت. ئەو مۆدێلە بۆ ئێران دەتوانێ وەک سەرمەشق چاوی لێ بکرێت. بەتایبەتی بۆ ئەو هەرێمانەی کە بە بەراورد لەگەڵ ناوەند و ناوچەکانی دیکەی وڵات، وەک کوردستان، خاوەنی زمان و فەرهەنگ و کولتوورێکی جیاوازن.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، بەفەرمی ناسینی ناسنامە و شوناسی نەتەوایەتی، ئیتنیکی، زمانی، فەرهەنگی، قەومی، ئایینیی دانیشتووانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەژمێردرێ. خۆ لەخۆڕا نییە کە تیۆرسێنە بەناوبانگەکانی وەک چارڵز تایلۆر و ئەکسیل هۆنێت، لەو پێوەندییەدا پێ لەسەر گرنگی و بایەخی سیاسەتەکانی بەفەرمی ناسینی شوناس و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان دادەگرن. کەواتە بەفەرمی ناسینی شوناس و زمان و فەرهەنگ و کولتووری کوردی، نەک هەر مافێکی فەرهەنگیی گەلی کوردە، بەڵکوو پێداویستییەکی گرنگیشە بۆ دابینکردن و بەهێزکردنی یەکگرتوویی سیاسی.

سیاسەتی فرەزمانی لە یاسای بنەڕەتیی هینددا جێگای بۆ کراوەتەوە. ئەو وڵاتە بیست و دوو زمانی فەرمیی هەیە. هەر هەرێمێک دەتوانێ زمانی فەرمیی خۆی هەبێت. کەچی لە ئێراندا، ئەگەرچی زمانە یاسای بنەڕەتیدا زمانی نەتەوەکان -وەک زمانە ناوچەییەکان- بەفەرمی ناسراون، بەڵام لە کردەوەدا ئەو ئەسڵە هەرگیز جێبەجێ نەکراوە. ئەوە لەکاتێک‌دایە کە خوێندن و فێربوون بە زمانی دایک لە کوردستاندا، دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوە و لەنێوبردنی نابەرانبەرییەکاندا، بەتایبەتی لە نەهێشتنی نابەرانبەریی پەروەردەییدا ببینێ و، ببێتە هۆی گەشە و هەڵدانی فەرهەنگی و پەرەسەندنی سەرمایە ئینسانییەکان.

لە مافی نێونەتەوەییدا، بۆ نموونە لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و لە ڕاگەیەنراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە مافەکانی گەلان و خەڵکە بوومییەکاندا، مافی کەمایەتییە نەتەوەیی، زمانی، فەرهەنگی و ئایینییەکان و خەڵکان و گەلانی بوومی و خەڵکە ڕەسەنەکان، پێی لەسەر داگیراوە. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتەکانە کە ئەو ئەسڵانە پیادە بکەن و لە سیاسەتگوزاریی خۆیاندا وەبەرچاویان بگرن. هەرچەند کوردەکان لە ئێراندا وەک کەمایەتی پێناسە ناکرێن، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو میکانیزم و سازوکارانەی لەو پەیماننامە ناونەتەوەییانەدا هاتوون، دەکرێ لە کوردستان و لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئازەربایجان و بەلووچستاندا پیادە بکرێن و وەبەرچاو بگیردرێن. بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ مافە فەرهەنگی و زمانییەکان و مافی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی و بڕیارداندا، ئەو بەڵگەنامە نێونەتەوەییانە نرخ و بایەخێکی زۆر گرنگیان هەیە.

سێکۆلاریزمیش یەکێکی دیکە لەو بوارانەیە کە لە ئەزموونی هینددا بۆ ئێران جێگای لێ فێربوونە. سێکۆلاریزمی هیندی بەمانای وەدەرنانی دین لە گۆڕەپانی فەزای گشتیدا نییە، بەڵکوو بەمانای بێ‌لایەنیی دەوڵەت و حکوومەت لە پێوەندی لەگەڵ ئایین‌دایە. ئەو ئەسڵە هەلومەرجی پێکەوەژیانی بە ئاشتیانەی بۆ پەیڕەوانی هەموو ئایینە جۆراوجۆرەکان لەو وڵاتەدا پێک‌هێناوە. لە ئێران کە داڕشتنی قەبارە و شکڵی سیاسیی دەوڵەت لەسەر بناخەی ئایین دانراوە، پێداچوونەوە بەو شکڵە لە حکوومەتداری و پێوەندیی نێوان دین و دەوڵەت، دەتوانێ کێشە و ململانێ و وێکەوتنە مەزهەبییەکان کەم کاتەوە و جیاکاری و نابەرابەری تا ڕادەیەکی زۆر، بۆ نموونە لە ناوچە سوننی‌نشینەکانی وەک کوردستاندا، لەبەر یەک ببات.

یەکێکی دیکە لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان وڵاتانی هیند و ئێران ئەوەیە کە لە هینددا سیستەمی فرە حیزبی و ململانێی سیاسیی ڕاستەقینە لەگۆڕێدایە. ئەوەش دەرفەت و ئیمکان بۆ نەتەوە جۆراوجۆرەکان، دانیشتووانی ناوچە جۆراوجۆرەکان، پەیڕەوانی ئایینە جۆراوجۆرەکان پێک‌دێنێ تا لە ڕێگای حیزبە ناوچەییەکانەوە، شوێنەواری خۆیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی دانێن. کەچی بۆ نموونە لە کوردستانی ئێراندا، سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسی، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان نەتوانن بە شێوەیەکی فەرمی و ئازادانە، کاناڵی فەرمیی خۆیان بۆ بەیان و هێنانەگۆڕی داخوازە نەتەوایەتی و سیاسییەکانی خۆیان هەبێت. ئاخر بەرینکردنەوەی فەزای سیاسی و بەهێزکردنی دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکانی وەک حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، دەتوانێ یارمەتی بە بەرەوپێشبردن و ئیدارەکردنی بە ئاشتییانەی ململانێ و هێنانەگۆڕی داخوازە سیاسی و فەرهەنگی و کولتوورییەکان بکات.

لەوەش زیاتر دەستەواژەی پەرەسەندنی ناهاوسەنگ لە کۆمەڵناسیی پەرەسەندندا بەباشی دۆخی ناوچە و هەرێمە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان لە ئێراندا ڕوون دەکاتەوە. کوردستان و بەلووچستان و ناوچە دووردەستەکانی دیکەی ئێران، بەگوێرەی پێوەرەکانی پەرەسەندنی ئینسانی، بە بەراورد لەگەڵ ناوەند، لە ئاستێکی خوارەوەتردان. لە هیند لەو پێوەندییەدا، دەوڵەت سیاسەتی جیاوازیدانانی ئەرێنی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا وەبەرچاو دەگرێ کە کەمتر پەرەیان سەندووە. لەو ڕێگایەوە دەوڵەت توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازییەکان پڕ بکاتەوە و نابەرانبەرییەکان لەناو ببات. کەچی لە ئێراندا ئەو ناوچانە نەک هەر سەرنجێکی تایبەتیان پێ‌نادرێ، بەڵکوو لەژێر سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسی و نیزامی و ئەمنییەتیشدان.

لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێ کە هیچ مۆدێلێک ناتوانرێ بە شێوەیەکی میکانیکی بگوێزرێتەوە. ئەزموونی هیند ئاکامی گەشە و هەڵدان و بارودۆخی مێژوویی تایبەت بەو وڵاتەیە. بەو حاڵەش ئەسڵەکانی وەک دیسانتڕالیزاسیۆن، دێموکراتیزاسیۆن، بەفەرمی ناسینی فرە زمانی و فرە کولتووری و فرە نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی سیاسیدا، دابینکردنی مافە فەرهەنگی و کولتووری و نەتەوەییەکانی گەلانی وڵات و کەمایەتییەکان، دەتوانن وەک سەرمەشق لە ئێراندا دەکار بکرێن و وەک دەرس فێریان بین و لە داڕشتنەوەی هەیکەلی سیاسیی ئێراندا کەڵکیان لێ وەرگرین.

ئەوە بۆ کوردستانی ئێران دەتوانێ بریتی بێت لە: تێپەڕین بەرەو ئازادی، بەرەو خودموختاری، بەرەو حکوومەتی ناوچەیی، هاتنەدەر لە دوورەپەرێزی و دواکەوتوویی هەموولایەنە و بەشداریی کاریگەر و چالاکانە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتدا. شتێک کە نەک هەر بە قازانجی کوردەکانە، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی هەموو ئێران و خەڵکی ئێرانیشدایە. بۆ؟ چونکە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ڕاستەقینە نەک بە حاشا لێ کردن لە گەلان و فەرهەنگ و ئایین  و زمان و شوناسە جۆراوجۆرەکان، بەڵکوو لە ڕێگای قبووڵکردن و بەفەرمی ناسین و ئیدارەکردنی داهێنەرانەی ئەو جیاوازیانەوە دابین و دەستەبەر دەکرێت.