ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردان، دوو کەسی دیکە لە خۆپیشاندەرانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری شاھروود لە سێدارە دران.
هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم، ناسنامەی ئەو دوو کەسەی "جەواد زەمانی" و "ئەبولفەزل ساعدی" ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی کە ئەم کەسانە بە تۆمەتی "موحاربە" و "افساد فیالأرض" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
بە وتەی سەرۆکی گشتیی دادگستریی پارێزگای سێمنان، تۆمەتەکانیان بریتی بوون لە بەکارهێنانی چەکی سارد و گەرم، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، تێکدانی نەزم و ئاسایش، و هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات.
هیچ زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردن، مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر یان دۆخی ئەم کەسانە پێش جێبەجێکردنی سزاکەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەم لەسێدارەدانانە، یەکەمین حاڵەتەکانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانن دژی خۆپێشاندەران دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی تاران و واشنگتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ٤٠ ڕۆژەیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەم پێشهاتانە هۆشداریی داوە کە نابێت پرسی مافەکانی مرۆڤ لە پرۆسەی دانوستانەکانی داهاتوودا پشتگوێ بخرێت. ئەم ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییە و دوای ئەویشدا، هەزاران کەس کوژراون یان دەسبەسەر کراون، و ڕێژەی لەسێدارەدانە سیاسی و ئەمنییەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە سێ دەیەی ڕابردوودا.