ڕۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، حاجی ئیسماعیل محەممەد حوسێنپوور ناسراو بە (ئیسماعیل زولێخا)، کەسایەتیی دیار، نیشتمانپەروەر و حیزبدۆستی ناوچەی شاروێران، لە ئاوایی "دارەلەک" سەر بە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
حاجی ئیسماعیل، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان، ماڵەکەی ببووە بنکە و شوێنی حەسانەوە و مانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی شاروێران.
ناوبراو هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوو لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و تا کۆتا ساتەکانی ژیانی بە وەفاداری بەو ڕێبازە پیرۆزە مایەوە.
کاک حاجی ئیسماعیل کە خەونی گەورەی ڕزگاری و سەربەستیی خاک و نەتەوەکەی بوو، پاش کۆچی دوایی، تەرمەکەی لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەی شاروێراندا لە ئاوایی دارەلەک بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.