کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆری سیستمی سیاسی و داهاتووی ئیران

12:18 - 5 خاکەلێوه 2723

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

لە بری پێشەکی

جۆری سیستمی سیاسی یەکێک لەو بابەتە گرینگانەی دونیای سیاسەت و زانستی سیاسەتە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی تاک و کۆمەڵگە هەیە، پسپۆرانی زانستی سیاسی لەو بوارەدا بەردەوام کەڵک لە نمونەی کۆریای باکور و باشور وەردەگرن، لە وەڵامی پرسیاری بۆچی خەڵکی کۆریای باکوور لە هەژاری و دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین دەگوترێ چونکە کۆریای باکوور خاوەنی سیستمێکی دیکتاتورییە؟ بەپێچەوانەشی کە دەپرسن چۆن کۆریای باشوور توانی ئەو گەشەسەندنە و پێشکەوتنە بە خۆیەوە ببینێ کە خەڵکەکەی بەو شێوەیە لە خۆشبژیوی و ئازادیدا دەژیت، دەگوترێ چونکە جۆری حومکڕانی لە کۆریای باشوور دێموکراسی هەیە. لێرەدا ناچینە سەر ئەو بابەتە کە بۆچی لەوێ دێموکراتیک لەوێ دیکتاتۆریە کە بابەتێکی سەرنج ڕاکێشی لێکۆلینەوە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵکوو تەنیا بە چاوخشاندنێکی خێرا باس لە پۆلێنبەندیی جۆری سیستمی سیاسی لە زانستی سیاسەتدا دەکەین و لە کۆتاییدا بە لێکدانەوەیەک لە دۆخی داخوازیارانی نەهێشتنی کۆماری ئیسلامی و بونیادنانی حکوومەتێکی نوێ باس لە جۆری سیستەمی داهاتووی حکوومەت لە ئێراندا دەکەین.

پۆلێنبەندیی سیستمی سیاسی لە ئەرەستووڕا هەتا ئەمڕۆ

پۆلێنکردنی سیستەمی سیاسی و جۆرەکانی حکوومەت بەشێکە لەو لێکۆڵینەوە سیاسییەی کە لە کۆنەوە تا ئێستا بەردەوام بووە. بەپێی شیکارییە جیاوازەکانی جۆری سیستمی سیاسی، دەکرێت بڕیار بدرێت کە حکوومەت تا چەند سەرکەوتووە لە بوارە جیاوازەکاندا، بەشێک لە پۆلێنکردنەکەش بۆ دیاریکردنی ڕەواییەتی حکوومەت یان ڕادەی خزمەتکردن بە خەڵک دەکرێت.

لە پۆلێنکردنی سیستەمی سیاسیدا چەندین هۆکاری جیاواز هەیە. هەروەها لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا گۆڕاوە. شایانی باسە لەم سەردەمەدا زیاتر لە پۆلێنکردنەکان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی دامەزراوە جیاوازەکان لەسەر وڵاتان دامەزراون. بۆ نموونە ڕێکخراوەکانی وەک ماڵی ئازادیی وڵاتان بەپێی داتای جیاواز دەپێون و ڕیزبەندی دەکەن. زۆرێک لەم جۆرە پەیمانگایانە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە وڵاتان ئامادە دەکرێن، وڵاتان بە گشتی یان تەنها لە بوارێکی دیاریکراودا ڕیزبەندی دەکەن.

سەرەڕای ئەوەش پۆلێنکردنی سیستەمی سیاسی لە زانستی سیاسیدا بەردەوامە، تەنانەت لەنێو هەر سیستەمێکی دیاریکراودا. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی سیستەمی سیاسی پۆلێن دەکەین، ئەندرۆ هیوود دوو هۆکار باس دەکات: یەکەم: پۆلێنکردن هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و حکوومەت؛ دووەم: بەراوردکردن ئاسان دەکات نەک شیکاری، ئەمەش باشترە. (Heywood 2019)

ئەوە تەنها زانینی سیستمە سیاسییەکانی وڵاتان نییە کە زانیاریی زۆر باش لەسەر وڵاتەکەمان پێ دەدات بەڵکو بەراوردکردنیان لەگەڵ یەکتر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی شیکارییەکی ورد لەسەر چونیەتی و سەقامگیری سیستەمێکی سیاسی بدرێت. بە گوتەی نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی ئەلێکس تۆکڤیل کە لەبارەی دێموکراسی لە ئەمریکا نووسیویەتی، تاکە ڕێگە بۆ باشتر تێگەیشتن لە سیستەمەکەمان ئەوەیە کە بەراوردی بکەین لەگەڵ سیستەمەکانی دیکە. (Powell, Dalton, Strøm 2015)

لەلایەکی تریشەوە خوێندنەوەی سیستەمی سیاسی تەنها بەشێکی بچووکی سیاسەت نییە بەڵکو بەشێکی گرنگە کە پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لە سیاسەت دەخوێنن خوێندنەوە بۆ سیستەمی سیاسی بکەن. بەگوێرەی نووسەری کتێبی تێگەیشتن لە جیهانی سیاسی جەیمس ئێن دانزیگەر، مۆدێلێکی فەرمی کە کاریگەری هەبووە لەسەر شێوازی تێگەیشتنی زۆرێک لە زانایانی سیاسی (بە دانزیگەر) لە دینامیکی سیاسەت، لەسەر بنەمای چەمکێکە کە پێی دەوترێت "سیستەمی سیاسی". (Danziger 2014)

لە پۆلێنکردنی سیستمە سیاسییەکاندا تەنیا جۆری سیستەمی سیاسی نییە کە کۆتایی ڕێگاکەیە، بەڵکوو تایپۆلۆژی و میتۆدۆلۆژیای لێکۆڵینەوەکەش گرینگە. چونکە دەکرێ بە مێتودی جیاواز ئاکامی جیاواز یا یەکسان بە دەست بێنین، هەربۆیە بە کام میتود بەو ئاکامە گەیشتوون دیسان هەر گرینگە.بۆ نموونە ئەگەر حکوومەتێکی پاوانخواز بێت، کام جۆرە حکوومەتی تاکڕەو بۆ ئەو حکوومەتە گونجاوترە؟ یان ئەگەر دێموکراسی بێت، چەندە دێموکراسییە، چ جۆرە دێموکراسییەکە؟

یەکێک لە تیۆرییە سەرەتاییەکانی پۆلێنکردنی سیستەمی سیاسی لەلایەن ئەرستۆوە دانراوە کە بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی دۆخی حکوومەتی شارە کۆنەکانی یۆنان و وڵاتانی دەوروبەری ئامادە کراوە، ڕەنگە ئەم پۆلێنکردنە نەتوانێت وەڵامی هەموو فۆرمە جیاوازەکانی سیستەمی سیاسی لە دونیای ئێستادا بداتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ ئەوەی لە گرینگیی پۆلێنکردنی سیستمی سیاسی و جۆرەکانی پۆلێنکردن باشتر تێ‌بگەین.

پۆلێنکردنی ئەرستۆ بەو پرسیارە دەست پێ دەکات کە ژمارەی ئەو کەسانەیە کە حوکم دەکەن چەندن و لەسەر بنەمای ژمارەی فەرمانڕەواکان فۆرمی سیستەمی سیاسی دیاری دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئەرستۆ لەو لێکۆڵینەوە لە پۆلێنکردنی سیستەمی سیاسییەوە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە کە کام جۆری حکوومەت سەقامگیرە. (Hague, Harrop, and McCormick 2019)

لێکۆڵینەوەکەی ئەرستۆ لە زۆر ڕووەوە گرنگە، چونکە نووسینەکانی ئەرستۆ تەنها بەرهەمی بیروبۆچوونی ئەو نین، بەڵکوو هەموو نووسینەکانی بەتایبەت لەسەر سیاسەت، لە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی یاساکانی زیاتر لە سەد شار-دەوڵەتی یۆنانی سەرچاوەی گرتووە، لە هەمووشی گرینگتر ئەو پۆلێنبەندیی زانستی دەست پێ کردوە و پۆلێنبەندیی سیستەمی سیاسییش لە چوارچێوەی زانستی سیاسی بە داهێنانی ئەو دادەنرێت.

 دوای ئەرستۆ پۆلێنبەندییەکی تر لەلایەن باروچ سپینۆزا کرا کە زیاتر لەبارەی جۆری سیستەمی حوکمڕانییەوە ڕوونی کردەوە. (بێنێدیکتوس دی سپینۆزا ١٦٣٢-١٦٧٧)

پۆلێنبەندییەکی تر بەتایبەت دوای شەڕی سارد دەرکەوت لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای حکوومەت وەک سیستمێکی جیهانی سێهەم بەپێی ئەم پۆلێنکردنە هەموو وڵاتێک دابەش بووە بەسەر سێ جۆر دێموکرات و دەوڵەمەند، وڵاتانی کۆمۆنیستی و ڕۆژهەڵاتی، و هەژارتر و کەمتر دێموکراسی. (Hague, Harrop, and McCormick 2019)

ڕەنگە پۆلێنکردنی ماکس وێبەر زیادتر یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی یان جۆری ڕێژیم. بەگوێرەی کۆمەڵناس ماکس وێبەر "دەتوانرێت لە چەمکی شەرعیەت کە پێکهاتووە لە یاساییبوون، پاساوی نۆرماتیڤ کەڵک وەربگیرێت بۆ دابینکردنی بنەمایەکی یەکگرتووتر بۆ جیاکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی ڕێژیمی سەدەی بیستەم: نەریتی، فاشیست ، کۆمۆنیستی، لیبراڵ-دێموکراسی و تیۆکراتی." Bevir Mark 2010))

 بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، بەپێی پۆلێنکردنی وێبەر، ڕێژیمێک دەتوانێت هەم تیۆکراتی و هەم فاشیست بێت یان بە شێوەیەکی نەریتی لە یەک کاتدا بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی ئەندرۆ هود لە کتێبی (سیاسەت)دا، تەنها دوو جۆر ڕێژیم لە دوای سەدەی هەژدەهەمەوە بوون بە جەماوەری، یان پاشایەتی یان کۆماری و لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەنجامی شەڕی سارد، وڵاتانی جیهانی سێیەم خەباتیان کرد بۆ دەرچوون لە تۆتالیتاریزم و دێموکراسی، لەوەدا پۆلی "جیهانێکی یەکەمی سەرمایەداری، 'جیهانی دووەم'ی کۆمۆنیست، جیهانێکی سێیەمی گەشەسەندوو'. بەڵام دواتر لەگەڵ ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی ئەم پۆلێنکردنە بێ‌وەڵام مایەوە. (Heywood 2019)

بە گوتەی ئەندرۆ هیود، پۆلێنکردنی سیستمە سیاسییەکان لە سەردەمی نوێدا بە تەواوی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ئەم ڕێژیمانەی خوارەوە بریتین لە "دێموکراسییە لیبراڵەکانی ڕۆژئاوا، دێموکراسیی نالیبراڵی ڕێژیمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕێژیمە ئیسلامییەکان و ڕێژیمە سەربازییەکان".

دێموکراسی لیبراڵ ئەو وڵاتانە (ئەمریکای باکوور، ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئوسترالیا) دەگرێتەوە کە توانیویانە هاوسەنگییەکی باش لە نێوان لیبرالیزم وەک تاکگەرایی و ئازادی و دێموکراسی وەک حکوومەتی گەل دروست بکەن، وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا کە زیاتر بە وڵاتی پێشکەوتووی ئابووری ناسراون نەک گەشەی سیاسی، لە هەمان کاتدا بەها نیشتمانییەکانیان لە ڕووی ئابوورییەوە دەپارێزن، وڵاتانی وەک کۆریای باشوور.

ڕێژیمە ئیسلامییەکان لە دوای گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی و بناژۆخوازەوە لە سەدەی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە، بەتایبەتی لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێک لە ئاسیا، بەپێی ئەو ڕێژیمانە قورئان و شەریعەت سەرچاوەی یاسان.

پۆلێنکردنێکی تری جۆرەکانی ڕێژیمەکان دەگەڕێتەوە بۆ س.کایلیتز لە وتارێکدا بەناونیشانی “پۆلێنکردنی ڕێژیمە سیاسییەکان، ڕەوای و سەقامگیری”، ئەم پۆلێنکردنە ئاماژە بە دوو جۆری بەهێزی دابەشبوون دەکات لەسەر بنەمای ئەو پرسیارەی کە بۆچی دەبێت پەیڕەوی لە فەرمانڕەواکان بکەین، کە... سەرەتا "بە هۆی ئەوەی خودا ئەو مافەیان بەوان بەخشیوە" یان بە پرۆسەیەک کە خەڵک خۆیان دەتوانن فەڕەمانڕەواکان هەڵبژێرن.(kailitz 2013)

بەپێی پۆلێنبەندیی (S. Kailitz) ئایدۆکراسیی کۆمۆنیستی و پاشایەتی تەقلیدی جۆری یەکەمن، چونکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی خەڵک دەسەڵاتیان هەیە، جۆری دووەمیش دێموکراسیی لیبراڵە، کە خەڵک حکوومەتەکەی هەڵدەبژێرێت(S. kailitz 2013).

هەرچەندە سنوورێکی ڕوون لە نێوان دێموکراسیبوون و پاوانخوازیدا نییە، بەڵام بە پێوەرە جیاوازەکان دیاری دەکرێت کە ڕێکخراوە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنن بۆ دیاریکردنی وڵاتێک تا چەند دێموکراسییە، ئایا وڵاتێک بەرەو دێموکراسی هەنگاو دەنێت یان تا چەند پاوانخوازە. لە هەمان کاتدا هەریەک لەمانە بەسەر چەند بەشێکی تردا دابەش دەکرێن. ئێمە چەند جۆرێک حکوومەتی دێموکراسی یان تاکڕەومان هەیە. “دێموکراسی سیستەمێکی سیاسییە کە تێیدا حکوومەت لەسەر بنەمای ویستی خەڵک و دامەزراوە” (Hague, Harrop, and McCormick 2019)

 

ڕەگ و ڕیشەی دێموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتەکانی پێش مەسیحی ئەسینای پایتەخت، لەگەڵ ئەو جیاوازییەی کە ئەو دێموکراسیەی ئەوکات هەبوو جیاواز بوو لە ئەمڕۆ، کە بە دێموکراسی ڕاستەوخۆ ناسراوە واتە بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە بڕیاردانی سیاسەتدا دان بە نوێنەرایەتیدا دەنێت چونکە خەڵک لە ڕێگەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیانەوە کاریگەرییان لەسەر بڕیاردان هەیە.

جگە لەم پۆلێنکردنەی دێموکراسی، جۆرێکی تری پۆلێنکردنی دێموکراسیەکان بەپێی ئایدۆلۆژیا هەیە، کە زیاتر بە لیبراڵ دێموکراسی یان سۆسیال دێموکراسی ناسراوە، بەڵام لەڕووی دێموکراسیەوە جیاکردنەوەیان ئاسان نییە، جیاوازی نێوانیان... سێ لقی حکوومەت دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەرییە، هەروەها ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە حکوومەتە تاکڕەوەکاندا نابینرێت. بەگوێرەی لاهای، هارۆپ و مەککۆرمیک “ڕێژیمە دیکتاتورەکان لەسەر بنەمای ملکەچبوون بۆ دەسەڵات، کە تایبەتمەندن بە نوخبەی دەسەڵاتدار،هەبوونی کەشی سیاسی سنووردار، کۆنترۆڵی ناوەندی سیاسەت، نەبوونی لێبوردەی بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دامەزروان. هەر بۆیە لە حکوومەتێکی پاوانخوازدا بەردەوام باس لە بابەتگەلێکی جۆراوجۆری وەک نەبوونی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرێت.

حکوومەتی پاوانخواز چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە دەسەڵاتی پاشایەتی یان تیۆکراسی، کە باشترین نموونەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لەلایەن ڕێبەرێکی ئایینیەوە بەڕێوەدەبرێت. جۆرێکی تری حکوومەتی پاوانخوازی، تۆتالیتاریزمە، کە هەوڵ دەدات ئایدۆلۆژیای دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. (Hague, Harrop, and McCormick 2019)

سەختییەکی دیکەی پۆلێنکردن ئەوەیە ئەگەر بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم جۆرە دەسەڵاتە بە دێموکراسی دادەنرێت، مەسەلەیەکی زۆر جددییە چونکە کام پێوەر کاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتێک تا چەند دێموکراسییە، هەمیشە باسی لێوە کراوە.

 

پۆلێنکردنێکی دیکەی ئاسان و بەسوود بریتییە لە دێموکراسیکردن یان دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتەکان. لەهەر یەکێک لەم پۆلانەدا دەتوانرێت پۆلێنبەندیی جیاواز هەبن کە لە ڕێگەی هەندێک پێوەرەوە باس دەکرێن. ئەم پۆلێنکردنە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەلڤارێز لە ساڵی ١٩٩٩ کە هەموو وڵاتانی سەربەخۆی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم پۆلێن کردووە. (Cheibud, Ghandhi, Vreeland 2009)  بەپێی ئەم پۆلێنکردنە، "دێموکراسییەکان ئەو دەسەڵاتانەن کە بەهۆی هەڵبژاردنە کێبڕکێکارەکانەوە فەرمانگە حکومییەکان تێیدا پڕ دەکرێنەوە".

لە بەشی دووەمی وتارەکەدا ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکان پۆلێنکراون بۆ دیکتاتۆرییەتی یا پاشایەتی، سەربازی و مەدەنی. تاکە هۆکارێک کە لەبەرچاو گیراوە ئەوەیە کە حاکم هەڵنەبژێردرێت، بەڵام جیاوازی ئەوەیە کێ حوکم دەکات. دیکتاتۆریەتەکان دابەش دەبن بەسەر پاشایەتی، سەربازی و مەدەنی. (Cheibud, Ghandhi, Vreeland 2009)

داهاتووی ئێران

ئەگەر سیستمی کۆماری ئیسلامی نەما سیستمێکی نوێ دێتە ئاراوە کە چونیەتیی ئەو سیستەمە لە ئێستادا باسێکی گەرمی دونیایی سیاسەتە. بەڵام لە چوارچێوەیەکی زانستی و پێشنیارکردنی گەڵاڵەیەکی دیاریکراو بۆ ئەو باسە نییە، هەر ئەوەش وایکردوە کە بەرچاوڕوونیەکی تەواو بۆ خەڵک نەبێت، هەر ئەوە بۆ خۆی بە یەکێک لە گەورەترین خەساری ئۆپۆزیسیۆن دادەنرێت، ئەوە بەشێکی بۆ کەمترخەمی و کەموکوڕی ئۆپۆزیسیۆن و نەبوونی ئایدیایەکی ڕوون لەو بوارەدا دەگەڕێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکە بەشێکی بەرچاوی ئۆپسزیون مەبەستیان لە ناڕوونیە ئەوەیە کە ویستی دەروونی خۆیان تا کاتی کە بە دەسەەڵات دەگەن نەخەنە ڕوو زیاتر بە هەندێ وشەی پۆپۆلیستی وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە واتە زیاتر لە نەهێشتنی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئازادی بۆ خەڵک، بە دوای بە دەست‌هێننانی دەسەڵات لەژێر گوتارێکی فریودەرانەن، هەر ئەوەش وایکردوە کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ لە نێوخۆ نەبێت، بۆیە ئەگەر بڕیار وابێ کە ئێران وەک وڵات بمێنێتەوە یا لانی کەم بۆ ماوەیەکی دیکە:

سەرەتا دەبێ بڕێار بدرێت حوکمڕانی داهاتوو بە ناوی خەڵک دەبێ یا بە ناوی مافی پێ‌بەخشراو لە لایەن خوداوە، لایەنگرانی حکوومەتی بە ناوی خەڵک دێموکراسیخوازن، واتە ئەوان دەسهەڵاتێکیان دەیەوێت کە خەڵک لەوێدا بڕیاری بدەن لە سەر جۆری حکوومەت و حوکمڕانان، بە پێچەوانە ئەوانەی بە دوای بە دەسەڵات‌گەیشتنی شا و یا شێوازی دیکەی حکوومەتن واتە حکوومەتی بە ناوی خەڵکیان ناوێ، بەڵکوو حکوومەتیان بە ناوی مافی پێبەخشراو بە هەندێک کەسیان دەوێ و بە دوای دیتنەوەی ڕۆل بۆ ئەو کەسانەن بە هۆی ئەو مافە پێبەخشراوانە لە لایەن خوداوە.

لە جەوهەری حکوومەتی ئەوانەی بە ناوی خوداوە حکوومەتیان دەوێ، شتێک ناگۆڕێ کە ئەو کەسەی واتە ئەوەی ئەو مافە بە خۆ ڕەوا دەزانێ سەر بە چ ئایدۆلۆژیایەکە، دەکرێ لائیک یا ولایەتی فەقیهـ یا کۆمۆنیست یا هەر ئایدۆلۆژیایەکی دیکە بێ، مەبەست بە دەسەڵات گەیشتن و دیکتاتۆریە نەک ئازادی و دێموکراسی.

 

دووەم بە پێی پێناسەی سەرەوە زۆربەی ئەوانەی داوای نەمانی کۆماری ئیسلامی دەکەن خۆیان بە لایەنگری حکوومەتی بە ناوی خەڵک دەزانن بەڵام ئەوە بە تەنیا بەس نییە بەڵکوو دەبێ ڕوون بێ مەبەست لە خەڵکە کێیە، لە ئێرانی ڕابردوو پێناسە و ئایدۆلۆژیای خەڵک لە سەر بنەمایەکی فاشیستی و لابردنی ئەوانی دیکە دانراوە هەر بۆیەش زۆرینە نەک خۆیان لەنێو ئێران و حکوومەتی ئێراندا نەدیتۆتەوە بەڵکوو بەرەوڕووی جینایەت، ژنوساید و ئاسیمیلەکردن و سڕینەوە بە ناوی پاراستنی ئێران بوون، بۆیە ئەگەر دەگوترێ حکوومەت بە ناوی خەڵک دەبێ دان بەوە دابنرێت کە ئێران فرە نەتەوەیە و ئەو نەتەوانە لە جوغرافیای تایبەت بە خۆیان و بە هەموو تایبەتمەندیەکانیەوە دەژین. بەبێ پەسەندکردن و داننان بەو ڕاستیانە، ناکرێ بگوترێ خەڵک بریاری لە سەر جۆری سیستەم وداهاتووی خۆی داوە، واتە تەنیا دێموکراسیمان دەوێ و هەموو وەک یەکین دێموکراسیخوازی نییە، چونکە مێژوومان، جوغرافیمان، زمانمان، کولتوورمان و ویستمان یەک نییە؛ کەواتە دێموکراسیی ڕاستەقینە ئەو دێموکراسیە دەبێ کە دان بەو فرەڕەنگیە وەک خۆی نەک لەژێر هەندێک چەمکی فریودەرانە بنرێت. دێموکراسیی زۆرینە و کەمینە بۆ پێکهاتەیەکی فرەنەتەوە وەک ئێران نەک دێموکراسی نییە بەڵکوو ڕوویەکی دیکەی ڕاستەقینەی دیکتاتورییە کە نموونەکانی هەر لە نزیکی خۆمان دەبینین.

سێیەم لە حکوومەتی بە ناوی خەڵک کە خەڵکەکە بەگوێرەی ویستی خۆیان پێناسە کراون کاتێک دەتوانێ لە تیورییەوە ببێت بە ڕاستی کە هەر یەک لەو نەتەوانە ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، واتە لە گرنگترین بابەتەکان کە دیاریکردنی جۆری سیستمی سیاسی و داهاتووی ئەو نەتەوەیە دەبێ بۆخۆی بڕیار بدات، کەس ناتوانێ بڵێ ئێمە ئەوەمان بۆ کورد و کوردستان دەوێ، کوردستان بۆ خۆی دەبێ بڕیار بدات کە چیی دەوێ.

ئەو خاڵانە وەک بنەمای دروستبوونی حکوومەت بەناوی خەڵکن بەبێ ئەوانە دێموکراسی لە ئێران هەبوونی خودی ئێران مومکین نییە، لە هەمووشی گرینگتر پەسەند نەکردنی ئەو پڕەنسیپە سەرەکییانە و یا ڕەتکردنەوەی نیشانەی سەرەتای دیکتاتوریەکی زۆر خراپتر لەوەیە کە ئێستا هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی کە دەڵێن کە کاتی ئەو جۆرە باسانە نییە واتە هەبوونی ئەو ڕاستیانە ڕەت دەکەنەوە بەبێ ئەو ڕاستییانەش دێموکراسی مومکین نییە.

دوای ئەو قوناغە پێویستی بە باسکردنی تایبەتمەندی دێموکراسییە ڕاستەقینەکان واتە هەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و داد، هەروەها دابینکردنی ئازادییە سیاسی و تاکەکەسیەکان و زۆر بابەتی دیکە دێت کە پێویستی سەرەتایی هەر دێموکراسیەکی سەرکەوتوو و پێشکەووتون.

هەر بۆیە ئەگەر سیستمی سیاسیی داهاتووی ئێران لەسەر ئەو بنەمایە سەرەکییانە نەبێت، ئەوە سیستمەکە بە ناوی خەڵک نییە بەڵکوو بە ناوی دیکەیە، کە دیکتاتوریی جۆراوجۆری لێ دەکەوتەوە و ئاکامەکەشی باشتر لە کۆماری ئیسلامی نابێت. هەروەها پێویستە سەرەتا بڕیار لەسەر حکوومەت بە ناوی خەڵک و پێناسەی فرەنەتەوەیی ئێران و هەروەها هەبوونی مافی بڕیاردان لە چارەنووس بۆ ئەو نەتەوانە دەست پێ بکات، دواتر باس لە پێداویستیەکانی دیکەی دێموکراسی بکرێت، بەبێ ئەو ڕێزبەندیە دێموکراسی بەدی نایە چونکە ڕاسیتیەکانی ئێران ئەوە دەخوازێ.

جۆری سیستمی سیاسی لە هەر وڵاتێک وێرای ئەوەی کە پەیڕەوی لە هەندێ بنەمای گشتی دەکات، بەڵام هەر دێموکراسیەکیش خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی کە لە وڵاتەکەی خۆی و تایبەتمەندیەکانی ئەو وڵاتە سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیەش بە بێ ڕەچاو کردنی ئەو تایبەتمەندییانە ناتوانین لە بونیادنانی دێموکراسی سەرکەوتوو بین، واتە سیستەمەکە چەندیش باش بێت کۆپی کردنی سیستمەکان سەرکەوتوو نابێ و نەبووە.

سەرچاوەکان:

_Heywood, A. (2019) Politics Fifth edition RED GLOBE PRESS.

_N. Danziger, J. (2014) Understanding the Political World An Introduction to Political Science, Eleventh Edition Pearson Education Limited

_Powell, B. J. Dalton R. Strøm K. (2015) Comparative Politics Today A World View Eleventh Edition Pearson Education, Inc.

_Hague R, Harrop M, and McCormick J. (2019) Comparative Government and Politics: An Introduction (11th edition) RED GLOBE PRESS.

_Kailitz, S. (2013) Classifying political regimes revisited: legitimation and durability, Democratization, 20:1, 39-60, DOI: 10.1080/13510347.2013.738861

_Cheibub, A. Gandhi, J. · Raymond, J. (2009) Vreeland Democracy and dictatorship revisited

_Kailitz, S. (2013) Classifying political regimes revisited: legitimation and durability, Democratization, 20:1, 39-60, DOI: 10.1080/13510347.2013.738861