د. محەممەد حوسێنزادە
زاراوەی فیدڕاڵیزم لە بنەڕەتدا لە وشەی Foedusی لاتینی بە واتای پەیمان، بەڵێن، ڕێککەوتن، یەکانگیری و یەکگرتن وەرگیراوە. لە ڕووی واتاییەوە زیاتر ئاماژەیە بۆ جۆرە سیستەم و پێکهاتەیەکی حوکمڕانی کە تێیدا دەسەڵات لە نێوان یەکەی نیشتمانی (حکوومەتی ناوەندی) و یەکەی لۆکاڵی یان هەرێمییەکان (ویلایەتەکان، پارێزگا یان کانتۆنەکان) دابەش کراوە؛ بە جۆرێک کە هەر یەک لەو دوو یەکەیە لە هەندێ بواردا دەسەڵات و سەربەخۆیی ڕێژەییان هەیە. ئەوەی کە ئایا سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتە هەرێمییەکان چەندەیە و چۆنە (چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان) پرسێکە کە یاسا یەکلایی دەکاتەوە. لە زۆربەی وڵاتانی فیدڕاڵدا دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ناوەندی بەڕوونی لە یاسای بنەڕەتیدا دەنووسرێن و باقی دەسەڵاتەکان تایبەتن بە حکوومەتە هەرێمییەکان. بەڵام بە گشتی دەکرێ بڵێین ئەو دەسەڵاتانەی کە پەیوەندییان بە بەرژوەندیی هەمووانەوە هەیە، وەک سوپا، پارە و دراو، سیاسەتی دەرەکی، سەرچاوە و سامانە سرووشتی و نیشتمانییەکان دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ و باقی بابەتەکان دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتە هەرێمییەکان و، ئەم حکوومەتانە مافی یاسادانان سەبارەت بە کاروباری نێوخۆیی خۆیان هەیە. هیچ یەک لەو دوو حکوومەتە ناتوانن لایەنی بەرامبەر لە مافی بڕیاردان بێبەش بکەن. هەڵبەت سەرەڕای ئەوەی هەم حکوومەتی فیدڕاڵ و هەم یەکە هەرێمییەکان خاوەن دامەزراوەی حکوومیی و دامودەزگای بەڕێوەبەرایەتی، پارلەمان و دەزگای دادوەرین، بەڵام هاوکات هەموویان پێکەوە یەکەیەکی سیاسی پێک دێنن. بەم چەشنە، فیدڕاڵیزم بریتییە لە تێکەڵاوێک لە خودمۆختاری، حکوومتی سنووردار و حکوومەتی هاوبەش کە دەسەڵاتەکان بەپێی ڕێککەوتن یاخود پەیمان یان پەیماننامەیەک دابەش کراون.
فیدڕاڵیزم لەسەر هەندێ بنەما و بەتایبەت بڕوا بە فرەچەشنی کۆمەڵگەکان و یەکانگیری بەبێ ئاسیمیلاسیۆن و توانەوە دادەنرێت. ئەو سیستەمە دەرهاوێشتەی کۆمەڵێک هزر، بەها و بایەخ و جیهانبینییە کە هەڵقوڵاوی فەلسەفەیەکە کە هەم جەخت لەسەر فرەچەشنی و هەمەڕەنگی دەکاتەوە و هەم یەکانگیری. پێکهاتەیەکە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان کە تێیدا دەسەڵات ڕێژەییە و لەلایەن دەسەڵاتەکانی ترەوە سنووردار دەکرێت.(١) هەڵبەت سیستەمە فیدڕاڵەکان لە ڕووی شێوازی پێکهاتن و تایبەتمەندییە گشتییەکانەوە چەندین جۆری جیاوازییان هەیە. جۆرێکیان کە بە فیدڕاڵیزمی سەرزەمینی ناسراوە، زیاتر لە وڵاتانێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕێزیل، ئارژانتین، ئوسترالیا و ڕووسیە دامەزراوە کە لە ڕووی مێژووییەوە خاوەن سیستەمێکی لامەرکەزی بوون و بە هۆی پان و بەرینی جوغرافیاییەوە حکوومەتێکی ناوەندییان نەبووە. جۆری دووەمی فیدڕاڵیزم وەک ئەوەی لە ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەهەم دوای یەکگرتنەوەی چەندین میرنشین و لە سوئیسڕای ئێستادا دەبنیرێ بەرهەمی یەکگرتنەوەی چەندین یەکەی بچووک و کەم حەشیمەتە کە بەمەبەستی مانەوە یاخود گەشەی زیاتری ئابووری سەبارەت بە دامەزراندنی یەکەیەکی گەورەتر پێکەوە ڕێککەوتوون. لە کۆتاییدا، فیدڕاڵیزمی فرە-نەتەوەیی یاخود نەتەوەیی-جوغرافیایی لە وڵاتانێکی وەک کانەدا، بۆسنی و هێرزەگۆڤین، ئیسپانیا، بلژیک و عێراق دامەزراوە کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی و دابینکردنی مافی کەمینە نەتەوەییەکان ناچار بوون سیستەمی فیدڕاڵ لە جیاتی سیستەمی ناوەندگرا دابنێن؛ ئەم مۆدیلە لەسەر بنەمای دێموکراسی و فرەچەشنخوازی داندراوە و ئەو مافە بە نەتەوەکان دەدات لەسەر خاکی خۆیان سیستەمی حوکمڕانی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
لە ڕووی تیۆرەوە جۆنز ئالتوسیوس (١٦٠٣) یەکەمین دەقی سەبارەت بە فیدڕاڵیزم نووسی. هەر بۆیە وەک داڕێژەری تیۆری فیدڕاڵیزم دەناسرێتەوە.(٢) بەڵام زۆر جار ئاماژە بە مۆنتێسکیو و پرۆدۆن وەک بیرمەندانی سەرەکی ئەو سیستەمە دەکرێت. مۆنتێسکیو کە پێش شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا دەژیا دوای گەشتێک بۆ ئاڵمان لە ساڵی ١٧٢٨ و بینینی پێکهاتەی حکوومەتە بچووک و سەربەخۆکان کە پێکەوە دەوڵەتێکی گەورەتریان پێک هێنابوو، ئەو دەوڵەتەی ناو نا دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەڵمان و بەو جۆرە باسی لە فیدڕاڵیزمی سیاسی کرد. پرۆدۆن کە دوای ئەو شۆڕشە دەژیا باسی لە فیدڕاڵیزمی ئابووری کرد.(٣)
لەڕووی کردەییەوە، سیستەمی فیدڕاڵیزم بە تێپەڕینی کات سەرنجی زیاتری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و پێشوازی لێکراوە. سویسڕا نموونەیەکی کەموێنەیە کە لە ساڵی ١٢٩١ بەملاوە کۆنفێدراسیۆن بووە و لە ساڵی ١٨٤٨وە بە شێوەیەکی مودێرنتر نوێ کراوەتەوە. بەڵام ئەم سیستەمە لە فۆڕمی نوێ و واتای ئەمڕۆیی خۆیدا، لە ساڵی ١٧٨٧دا، واتە ئەوکاتەی کە ویلایەتەکانی ئەمریکا دوای "کۆنفڕانسی فیلادلفیا" یەکیان گرتەوە، پێک هات. باقی وڵاتە فیدراڵەکان بە جۆرێک لاساییکردنەوەی ئەم مودێلە بوون، هەرچەندە ناچار بوون بۆ گونجاندنی ئەو سیستەمە لەگەڵ بارودۆخی وڵاتی خۆیان هەندێ گۆڕانکاری تێدا ئەنجام بدەن. لەنێوان ساڵانی ١٨٥٠ تا سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم وڵاتانی کانەدا(١٨٦٧)، ئەڵمان(١٨٧٠) و ئۆتریش(١٨٩٠)، ئارژانتین، برێزیل، مەکسیک، ڤێنزۆئیلا و ئوسترالیا(١٩٠١)، یەکێتی سۆڤیەت، یوگسلاڤیا و هیندستان (١٩٥٠)، پاکستان (١٩٥٦)، نەیجیریە(١٩٦٠)، کامرۆن(١٩٦١)، تانزانیا(١٩٦٤)، مالزی(١٩٦٣)، ئیماراتە یەکگرتووەکانی عەرەب(١٩٧١)، ئیسپانیا (١٩٧٨)، بلژیک(١٩٩٣)، ئەفریقای باشوور(١٩٩٦) و عێراق (٢٠٠٣) وەک سیستەمی فیدڕاڵی سەریان هەڵدا. زۆربەی ئەم وڵاتانە یان لە سێ تایبەتمەندی واتە جوغرافیای بەرین، فرەچەشنی کولتووری- کۆمەڵایەتی و حەشیمەتی زۆر یان لانیکەم لە یەک یاخود دووان لەو تایبەتمەندیانەدا هاوبەش بوون. بە هەر حاڵ، ئەمڕۆکە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی جوغرافیاییەوە بەرینن، خاوەن حکوومەتی فیدڕاڵن. لە زۆرێک لە وڵاتانی بچووکیشدا کە فرەچەشنی و کەلێنی کۆمەڵایەتییان تێدایە کەڵک لە فیدڕاڵیزم وەر دەگیردرێت. ئەم مودێلەی حوکمڕانی هێندە بەربڵاوە کە وڵاتانی فیدڕاڵ بەسەر نزیکەی ٨٢/٥١ خاکی جیهاندا حوکمڕانی دەکەن و نوێنەرایەتیی نزیکەی ٥٨/٣٩ خەڵکی جیهان دەکەن. هەربۆیە، سەدەی بیستەم بە سەدەی فیدڕاڵیزم ناسراوە. تەنانەت وڵاتانێکی یەکپارچەی وەک ئیتالیا و فەڕانسە لەم ساڵانەی دواییدا مەیلیان بەرەو پێدانی دەسەڵاتەکان بە هەرێمەکان بووە.(٤) ئەمانە بەڵگەن بۆ پێشوازیکردن لە فیدڕاڵیزم؛ سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم پێشوازییە دەکرێت ئاماژە بە لایەنە ئەرێنی و باشییەکانی ئەم سیستەمە بکرێت. لەم بارەوە دەکرێت بڵێین بە گشتی فیدڕاڵیزم:
- ئەگەری بەکارهێنانی ڕێگەچارەی ئاشتیخوازانە لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکییە نەتەوەیی، ئیتنیکی، ئایینی و کلتوورییەکان لە وڵاتاندا زیاد دەکات.
- دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بیرۆکراسی و بەگشتی کەمبوونەوەی تێچووی بەڕێوەبردنی وڵات و حوکمڕانی.
- ڕێگرە لە دیکتاتۆریی زۆرینە و ئیستیبدادی ناوەند.
- دەتوانێت ئەو دڵنیاییە بە کەمینەکان بدات کە لە ڕەوتی چێکردنی ناسنامە و بەرژوەندییە هاوبەشەکانیان گرنگییان پێ دەدرێت.
- ڕێگاچارەیەکی نێونجییە لەنێوان توانەوە و سەربەخۆییخوازیدا.
- دەبێتە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی بەشداری و ڕەزامەندیی سیاسی و بەرزبوونەوەی ڕەوایی حوکمڕانی.
- ڕێگرە لە کەڵەکەبوونی ئەرکەکان لە ناوەند و پووکانەوەی توانای حکوومەتەکان.
- زیاترین ڕێژەی دادپەروەری بە هۆی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی زۆریبە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دابین دەکات؛
- بەرپرسانی حکوومەت ناچار دەکات زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەن؛
- ڕووی لە داهاتووە؛ بەم واتایە کە کاتێک بەها و بایەخە کۆنەکان وەڵامدەر نەبن، پاژە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی فیدراڵ مەیلی زیاتریان بۆ وەرگرتنی بەها و بایەخە نوێیەکان دەبێت؛
- دەبێتە هۆی زۆربوونی کێبڕکێی ئەرێنی لە نێوان هاووڵاتییان و حکوومەتە هەرێمییەکان بۆ گەشەپێدانی زیاتری وڵات.
بێگومان دەکرێت ئەو لیستە درێژتر بکرێتەوە؛ هەر بۆیە باسی گۆڕانی پێکهاتەی حکوومەت لە ناوەندییەوە بۆ فیدڕاڵی لە ئێرانیش، وەک وڵاتێک کە چەندین نەتەوەی لە جوغرافیای ئێستای خۆیدا دەورە داوە، لە چەند دەیەی ڕابردووەدا بەردەوام لە ئارادا بووە و هەندێک بە ڕوانگەی جیاجیاوە هەوڵیان داوە ئەو پێکهاتەی حوکمڕانییە جێگیر بکەن. لە بەرامبەردا، ئەو سیستەمە دژبەری سەرسەختیشی هەیە کە تا ئێستا ویستی ئەوان داسەپاوە. لەم نێوەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش کە تا بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سێزدەهەمی خۆی لە مانگی پووشپەڕی ١٣٨٣، هەوڵی جێبەجێکردنی "دموکراسی بۆ ئێران و خودمۆختاری بۆ کوردستان"ی دەدا، لەوە بەدوا درووشمی ستراتیژیکی "دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵ و پلۆرالیستیی لە ئێران و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە کوردستان"ی کردە ماکی بەرنامەکانی خۆی. ڕادیۆ دەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٨٣ ڕایگەیاند، ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حیزبە لە دوایین کۆنگرەی خۆیاندا دوای لێکدانەوەی دۆخی نیونەتەوەیی، ڕووداوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بارودۆخی ئەفغانستان و عێراق و هەروەها پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کە بووەتە هۆی گۆڕانکارییە سیاسییە سەرەکییەکان و هەروەها وێرای ئاماژەدان بە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن یەک جەریانی سیاسی لە ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی حەوتەم، هەوڵی ئەو ڕێژێمە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی و بە جەختکردنەوە لەسەر بەرزبوونەوەی وشیاریی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران و گرنگیی پێگەی کوردەکان لە هاوکێشە نوێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فیدڕاڵیزمیان بە باشترین مودیل بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی ئێراندا ناساند.(٥) لەو کاتەدا لێکدانەوەی بڕیاردەرانی حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە هەم ئەو گۆڕانکارییە نێونەتەوەییانە و ڕووداوە ناوچەییەکان و هەم قەیرانی کێشە نەتەوەییەکان لە ئێران و هەم ویستی نەتەوەی کورد زەمینەی گۆڕانی دروشم و پێویستیی تێپەڕین بۆ فیدڕاڵیزمخوازی ڕەخساندووە. ئەو حیزبە لەوە بەدوا، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لە هەموو شێوازە ڕەواکانی خەبات کەڵکی وەرگرتووە و زۆر جاری بە بیانووی جوداییخوازی بووەتە ئامانجی پلان و پیلانە سیاسی-سەربازییەکانی ڕژیمی تاران.
لەسەرەوە باسمان لە لایەنە ئەرێنییەکانی فیدڕاڵیزم کرد؛ دەکرێت ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانە بە هۆکاری گرینگیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فیدڕاڵیزم بزانین؛ بەو واتایە کە لە ڕوانگەی ئەم حیزبەوە هەمان ئەو قازانجەی فیدڕاڵیزم بۆ وڵاتانی تر، قازانجی فیدڕاڵیزم لە ئێرانیش دەبن. بەو جۆرەی لە ئەساسنامە و پرۆگرامی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ئاماژەی پێ کراوە، دابەشکردنی سەروەری و دەسەڵات بنەمای سیستەمی فیدراڵیی دڵخواز لە ئێراندان. لە ڕوانگەی بڕیاردەرانی ئەم حیزبەوە پێکهاتە ناوەندگەرا و ئیستیبدادییەکانی پێشوو لە ئێراندا بۆ هەلومەرجی ئەم وڵاتە فرە-نەتەوە گونجاو نەبوون و لەم ڕووەوە، بوونەتە هۆی ناسەقامگیری و قەیران و بەتایبەت باڵادەستی گرووپێکی تایبەت (فارسەکان). هەربۆیە پێویستە هەوڵ بۆ دابەشکردنی سەروەری لە نێوان هەرێمە نەتەوەیی- جوغرافییاییەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و یاسایەکی نووسراوە بدرێت.(٦) داڕێژەرانی ستراتیژیی ئەو حیزبە بە لەبەرچاوگرتنی حەقیقەتی فرەنەتەوەییبوونی ئێران و داخوازییە نەتەوەییەکان لە کوردستان، ئازەربایجان، بەلووچستان، ئەهواز و تورکمەن سەحرا کە هەر یەک لەو نەتەوانە خاوەن خاک و جوغرافیای تایبەت بە خۆیانن، فیدڕاڵیزمی نەتەوەیی- جوغرافیایی بە گونجاوترین مودیل بۆ ئێران دادەنێن کە مافی نەتەوەکان مسۆگەر بکات و زەمینەی دێموکراسیی ڕاستەقینە کە دان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەر یەک لە نەتەوەکاندا بنێت، فەراهەم بکات.(٧) ئەوان ئەم بژاردەیە وەک میکانیزمی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەزانن کە حکوومەتە ناوەندییەکانی پێشوو و ئێستا بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانیان.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕوای وایە لەو سیستەمەدا گرۆپێک ناتوانێت دەسەڵاتی ڕەها بەدەستەوە بگرێت و وەک میراتی خۆی چاوی لێ بکات و خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت؛ بەمجۆرە دەرفەت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکان دەڕەخسێت و مافە نەتەوەییەکان دابین دەبن و هەمووان ئەوپەڕی ڕەزامەندییان لەو سیستەمە دەبێت. حیزبی دێموکرات فیدڕاڵیزم و دێموکراسی بە تەواوکەری یەکتری دادەنێت و پێی وایە دوورە یەکیان بەبێ ئەوی تر جێگیر ببێت. ئەو حیزبە لەبەر ئەوەی کە گرنگییەکی ئێجگار زۆر بە دێموکراسی وەک شێوازێکی حوکمڕانی دەدات، لەو بڕوایەدایە کە دێموکراسی بەبێ فرەچەشنخوازی کە دەرکەوتە سەرەکییەکەی فیدڕاڵیزمە جێگیر نابێت. لەم ڕوانگەوە، تا کاتێک فیدڕاڵیزم جێگیر نەبێت نە ئێران دەبێتە وڵاتێکی دێموکرات و نە نەتەوەکان لە ستەمی نەتەوەیی ڕزگاریان دەبێت. لەم ڕوانگەوە، نەبوونی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ نەتەوەکانی ئێران هۆکارە بۆ نەبوونی دێموکراسی بۆ هەمووان.(٨)
حیزبی دێموکرات بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە بۆ نەتەوەی کورد گرنگە کە لەسەر خاکی خۆیان حوکم بکەن. دابینکردنی ئاسایشی نێوخۆیی کوردستان، سیاسەتی پەروەردە، و داڕشتنی سیاسەتی کلتووری، کۆمەڵایەتی و کاروباری ئابووری کوردستان دەبێت لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمیی کوردستان بێت.(٩) لە نەبوونی ئاوا سیستەمێکدا کێشە سەرەکییەکانی وڵات چارەسەر ناکرێن. بە بڕوای ئەو حیزبە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابەشبوونی ئێران دوای فیدڕاڵیزم بێبنەما و پڕوپووچن، لە ڕاستیدا نەک هەر نابێتە هۆکاری دابەشبوونی ئێران، بەڵکوو بە هۆی دادپەروەرانەبوون و توانای ئەو سیستەمە لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان بۆ کێشە بنەڕەتییەکان و کەمکردنەوەی کەلێنە نەتەوەیی-ئیتنیکییەکان تاقە هۆکاری پێکەوەگرێدان و مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی ئێرانە. ئەم میکانیزمە بەبایەخە لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا ئەزموون کراوە.
وەک کۆبەندی ئەم باسە ئاماژە بەو خاڵە دەکەمەوە کە لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە لەبەرچاوگرتنی کێشە سەرەکی و چارەسەرنەکراوەکان کە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکهاتە سیاسییانەی تا ئێستا لە ئێراندا ئەزموون کراون، گونجاوترین مودیل بۆ ئێرانی ئێستا بریتییە لە فیدڕاڵیزمی جوغرافیایی- نەتەوەیی. بەو واتایە کە سنوورە جوغرافیاییەکان لەگەڵ هێڵە نەتەوەییەکان یەک بگرنەوە. جێگیرکردنی ئاوا سیستەمێک بە واتای دانپێدانان بە دێموکراسی و فرەچەشنخوازییە. لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیردرێت ئەم جۆرە حکوومەتە نە مودیلی دڵخوازی ڕاستەقینە، بەڵکو بژاردەی دڵخوازی بەردەستە بۆ نەتەوەی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت؛ حیزبی دێموکراتیش لەو بڕوایەدایە لە هەلومەرجی ئێستادا مودیلێکی شیاوی جێبەجێکردن بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی ناکۆکییە نەتەوەیی-کولتوورییەکانە لە ئێراندا. دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئایا حکوومەتێک دێتە سەر کار کە بە گەڕانەوە بۆ ژیریی سیاسی و بە دانپێدانان بە شیاوێتی شێوازی حوکمڕانی دێموکراتیک دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازنەی نەتەوەکان بڕەخسێنێت یاخود چارەنووسی ئێران ئەوەیە هێشتا گرفتاری ئیستیبداد و ستەمی نەتەوەیی بێت!
سەرچاوەکان)
١- بەراوردی بکەن لەگەڵ: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فیدڕاڵیزم لە وڵاتانی فرە نەتەوە، پاییز ١٣٩١، چاپی یەکەم،: بڕوانە لاپەڕەکانی ٣١ و ٣٢.
٢- ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، پێشوو، بڕوانە: ل ٢٤.
٣-محمد شریف روشن یوسفی ربابە اکبرزادە، "بررسی فرصتها و چالشهای فدرالیسم در افغانستان"، فصلنامە علمی- پژوهشی کاتب، سال ٦، شمارە ١٥، زمستان، ١٣٩٨، بنگرید بە: ص ١٢٢
٤.لەم بارەوە بڕوانە: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشوو، لل ٢١ ، ٢٢ و ١١٢ و هەروەها بڕوانە: محمد شریف روشن یوسفی ربابە اکبرزادە، همان، ص ١٢١.
٥- مێدیا نێت، "کنگره حزب دموکرات کردستان ایران :شعار فدرالیسم به جای دموکراسی برای ایران، خودمختاری برای کردستان"، 11.07.2004، برگرفتە از:
http://www.mediya.net/siyaset/kongreye13-pdkiran.htm
٦-بەراوردی بکە لەگەڵ: بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەسەند کراوی کۆنگرەی شازدەهەم، بڕوانە: ل ١٣، لەو لینکەی خوارەوەدا لەبەردەستە:
https://kurdistanmedia.com/wenekan/2018-03/504294-89cc9e9f2b5a8fa4612234fd2bda715a.pdf
٧- ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، ل ١١.
٨-بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەیەکی هاوچەشن بڕوانە: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، پێشوو، ل ٧
٩- بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، پێشوو، ل ٧.