کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجاب لە پرسێکی قانوونییەوە هەتا کەرەسەی سەرکوت؟

12:04 - 1 بانەمەڕ 2723

عومەر باڵەکی

لە کۆمەڵگەی ئێراندا پرسی ڕەچاوکردن و نەکردنی حیجابی ژنان لە ماوەی نزیک سەد ساڵی ڕابردوودا بۆتە کەرەسەیەک بە دەست دەسەڵاتدارانی تارانەوە بۆ بێبەشکردنی ژنان وەک نێوەی کۆمەلگەی ئێران لە مافە ئینسانییەکانیان و ڕێگەگرتن لە کار و چاڵاکییەکانیان لە کۆمەڵگەدا. هەرکام لە دەسەڵاتەکانی نیزامی پاشایەتی و نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕەچاوکردن و ڕەچاونەکردنی حیجابی ژنان لەنێو کۆمەڵگەدا پاساوی خۆیان هەیە و بێ‌ئەوەی هیچ لایەک لە دوو نیزامە دەسەڵاتە خۆسەپێنە گەڕابنەوە بۆ بیروڕای گشتیی کۆمەڵگە لەسەر ئەو بابەتە، لایان وایە پاساوەکانیان بۆ ڕەچاوکردنی حیجاب لایەنی قانوونی هەیە و کۆمەڵگەش لەسەریەتی وەک قانوون لەگەڵ ئەو پرسە هەڵسوکەوت بکا. بەڵام پێشکەوتنی کۆمەڵگەی جیهانی لە بواری پیشەسازی و تێکنۆلۆژی بەتایبەتی تێکنۆلۆژیی پێوەندییەکان وای کردووە سنووری وڵاتەکان بێ هیچ بەربەستێک بە ڕووی کۆمەڵگە جیاوازەکانی مرۆڤایەتیدا بکرێنەوە و ئاڵوگۆری ڕوانگە و کولتوورە جیاوازەکان بکرێ. بەڵام لە ماوەی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تاران چ لە نیزامی پاشایەتی و چ لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا چاویان لەو ڕاستییە نووقاندووە کە جیهان لە حاڵی پێشکەوتنی خێرا لە هەموو بوارەکانی ژیان‌دایە و کۆمەڵگەی ئێرانیش نایهەوێ خۆی لەو پێشکەوتنانە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا بێبەش بکات.

بێگومان کۆمەڵگەی هەر وڵاتێک بە هەر کولتوور و کەلەپوورێک بە تێپەربوونی سەردەم ئاڵوگۆڕی بە سەردا دێ و بەپێی نیاز و خۆ گونجاندنی لەگەڵ دنیای دووروبەری پێست فڕێ دەدات. لە سەردەمی بە دەسەڵات‌گەیشتنی ڕەزاشادا کۆمەڵگەی ئێرانیش هێدی هێدی بەرەو ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی دەڕۆیشت و هەوڵی دەدا خۆی لەگەڵ دنیای مودێرندا بگونجێنی. بەڵام ڕەزاشا بێ‌ئەوەی گوێ بداتە ئاهەنگی هەنگاوەکانی کۆمەڵگە، بە سەپاندنی کۆمەڵێک بڕیار، هەوڵی دا بەخێرایی و لەژێر ناوی پێشکەوتنخوازی و کردنەوەی دەروازەکانی مودێڕنیتە نەریت و کولتووری کۆمەڵگەی ئێران بگۆرێ و "کشف حیجاب" واتا لابردنی باڵاپۆشیی ژنان یەکێک لەو بڕیارانە بوو. بەڵام لە مەیدانی کردەوەدا چونکە بەستێن بۆ ئەو گۆڕانکارییە لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا خۆش نەکرابوو، هەر زۆر زوو لەگەڵ دژکردەوەی گرووپ و کۆمەڵە جیاجیاکانی ئێران بەرەوڕوو بۆوە. ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە بە چەشنێک بوو دووبەرەکی و دژایەتیی تەواوی لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا بەدوودا هات. دەسەڵات لەلایەک نەیدەویست و نەیدەتوانی لەژێر گوشاری کۆمەڵگەدا لەو بڕیار و گۆڕانکارییانە پاشگەز بێتەوە و لەلایەکی دیکەوە ئەو قەناعەتەش لای خەڵک دروست نەببوو مل بۆ ئاڵوگۆڕەکان ڕابکێشێت.

بۆیە کاتێک  لە بواری کۆمەڵناسییەوە دەڕوانینە ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی دەسەڵات بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو شێوە بڕیارەی دەسەڵات تەنانەت ئەگەر بەرگی قانوونیشی دەبەر بکرێ چونکە لە نیازەکانی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی نەگرتووە، لە کاتی جێبەجێکردندا لە سەر ڕوح و ڕەوانی کۆمەڵگە ئاسەواری خراپ بەجێ دێڵێ و کۆمەڵگە لە هەر دەرفەتێکدا هەوڵ دەدا بەدژی ئەو بڕیارە یان ئەو بەناو قانوونە ڕابوەستێ. بۆیە دەبینین بڕیاری زۆرەملێی "کشف حیجاب" لە سەردەمی ڕەزاشادا برینێکی قووڵی لە جەستەی کۆمەڵگەی ئێران کرد و بە ڕووخانی حکومەتی پاشایەتی  و هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی ئەو جار بابەتەکە پێچەوانە بۆوە. ئەگەر دەسەڵاتی پاشایەتی لەژێر ناوی مودێڕنیتە بە زۆر "حیجاب"ی  ژنانی لا دەبرد، ئەو جار دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەژێر قانوونی شەریعەتدا بە زۆر " حیجاب"ی  بەسەر ژناندا سەپاند. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەروەک حکومەتی پاشایەتی لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵیان داوە ئەو بابەتە بیجگە لە بەرگی مەزهەبی، بەرگی قانوونیشی دەبەر بکەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی "حیجابی ئیسلامی" ڕەچاو ناکەن وەک تاوانبار هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێ.

لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ڕەچاوکردنی "حیجاب" و سەپاندنی بەسەر ژناندا هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ بە قانوونێکی ڕوون پێناسەی بۆ نەکراوە، واتا دیاری نەکراوە کە مەبەست لە ڕەچاوکردنی حیجاب لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە چییە و چۆنە؟ ئایا مەبەست تەواو باڵاپۆشییە یا هەر داپۆشێنی مووی سەری ژنانە؟ چونکە زانایانی دینی ئیسلام هەتا ئێستای لەگەڵدا بێ لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ یەکتری کۆک و هاوڕا نین. بۆیەشە لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ئەو نیزامە سیاسییەدا هەموو کات لە نێوان تێگەیشتنی کۆمەڵگە و دەسەڵات لەسەر شێوازی پۆشینی جلوبەرگی مرۆڤەکان بە گشتی و ژنان بەتایبەتی کیشەوناکۆکی هەبووە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووشدا بە دوای ڕاپەرینی "ژینا" ئەو بابەتە جاریکی دیکە بە زەقی خۆی دەرخستۆتەوە و وەک سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشا، دەسەڵات نایهەوەی لەو بریارە کە بە قانوون پێناسەی بۆ دەکا، پاشگەز بێتەوە. چونکە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی لە قانوونەکان بە تایبەتی قانوونی سزادان بۆ ڕاگرتن و پاراستنی بایەخ و هێماکان و ڕاگرتنی نیزامی ئایدۆلۆژی، سیاسیی و فکریی خۆی کەلکی وەرگرتووە و هەر جۆرە پاشەکشەیەک لە بەرانبەر ویستی خەڵکدا بە جۆرێک لە جۆرەکان شکانی هێژموونیی دەسەڵاتداریەتی ئەو نیزامەیە.

کاتێک باس لە قانوون دەکرێ، دەتوانین بەو شێوەیە پێناسەی بۆ بکەین. قانوون هەم جەستە و هەم ڕوحی هەیە. جەستەی قانوون هەموو ئەو ڕێکارانەیە کە بۆ پەسندکردنی قانوونێک دەبێ ڕەچاو بكرێ و ڕوحی قانوونیش  ئەوەیە کە ئەو قانوونە لەنێو کۆمەڵگە چەندە وەرگیراوە؟ ئەگەر قانوونێک لە کۆمەڵگەدا لەلایەن خەڵکەوە وەرنەگیرێ و کاری پێ نەکرێ و جێ نەکەوێ، نیشانەی ئەوەیە ئەو قانوونە ڕوحی نییە و بە مانایایە ئەو قانوونە ئیجارییە و خەڵک هەتا بۆی بکرێ ملکەچی جێبەجێکردنی نابێ. بە واتایەکی دیکە قانوون بۆ کۆمەڵگە وەک جلوبەرگ وایە، نابی ئەو جلوبەرگە ئەوەندە تەنگەبەر بێ جەستەی کۆمەڵگە ئەزیت بدا و نابێ ئەوەندەش بەرفەراح بێ لە جەستەی کۆمەڵگەدا بکەوێ.

لە سەردەمی دنیای مودێڕن و جیهانداگریی تێکنۆلۆژیدا قانوون سەرچاوەکەی عورفی کۆمەڵگەیە. لە وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتوودا دەسەڵات و قانووندانەر تێ‌دەکۆشن بەپێی نیاز و پێداویستیەکان و عورفی کۆمەڵگەی خۆیان قانوون دابڕێژن. لەو وڵاتانەی سێکۆلارن، یا لەواندا دین لە سیاسەت جیایە، عورفی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی بەرچاو لە دارشتنی قانوونەکاندا دەگێرێ و ئەو فاکتەرە هەتا ئەو جیگایە کاریگەری هەیە کە ڕەنگە قانوونێک کە دەسەڵات دەیهەوەی بیخاتە بواری جیبەجێکردنەوە سەرەتا بە گشتپرسی دابندرێ. ئەوەش لە سەر ئەو بنەمایە کار دەکا کە دەگوترێ  قانوون دەبێ دادپەروەر بێ و هەموو لایەنەکانی پاراستنی مافی ئینسانیی تێدا ڕەچاو کرابێ. مەبەست ئەوەیە قانوون نابێ کۆمەڵگە ئازار بدا، بەڵکوو دەبێ لە خزمەت دابینکردنی دادپەروەری وئاسایشی کۆمەڵگەدا بێ. بەڵام بەپێچەوانە ئەو ئەسڵە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی  ماوەی ٤٤ساڵە بە ناوی قانوون و ڕەچاوکردنی شەریعەت خەڵک دەچەوسێندرێتەوە و لە ئاسایش و ئارامی بێبەش دەکرین و ئێزن نادرێ کۆمەڵگەی ئێران پێ بە پێی سەردەم لەگەڵ دنیا بچێتە پێش.

یەکێک لەو بابەتانە کە نیزام ولاینگرانی لەو ماوەی ٤٤ساڵی ڕابردوو دا ویستوویانە لە ڕێگای قانوونەوە بۆ ئازادییە تاکە کەسییەکان بەربەست دروست بکەن بابەتی "حیجاب"ە، بەڵام وەکی گوترا هەتا ئێستا لە هیچ کام لە قانوونە بەرکارەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕەچاوکردنی "حیجاب"  پێناسەی بۆ نەکراوە و تەنیا لە "تێبینی_تبصرە"ی ماددەی ٦٣٨ی قانوونی سزادانی ئیسلامیدا دەڵێ ئەو ژن و کچانەی "حیجابی ئیسلامی" ڕەچاو ناکەن، بە ڕادەیەک کە دەستنیشان کراوە جریمەی نەغدی دەکرێن یا دەخرێنە زیندانەوە. ئەگەر لە ڕوانگەی باوەردارانی دینییەوە بۆ ئەو بابەتە بروانین وەک هەموو بابەت و ئەرکەکانی دیکەی دین کە کەسێکی ئیماندار لەسەریەتی جێبەجێیان بکا، بەڵام بەجێیان ناگەیەنێ، یا لە جێبەجێ‌کردنیان خۆ دەبوێرێ دەچێتە خانەی گوناح کە خودی کەسەکە هەڵگری ئەو گوناحەیە کە کردوویەتی و بەپێی دەقە ئایینییەکان لە دنیای دیکەدا سزای خۆی وەردەگرێ. خۆ بەپێی پێناسەکانی قانوون لە سەر دەمی ئێستاشدا جێبەجی‌نەکردن یا خۆبواردن لەو ئەرکە ئاینییە نابێتە تاوان. چونکە تاوان هەم دەبێ قانووندانەر بەپێی پێویستی کۆمەڵگە پێناسەی بۆ کردبێ، واتا لە نیازی کۆمەڵگەوە سەرچاوی گرتبێ و لە هەمان کاتدا لە ئەگەری لادان لێی سزای بە ڕادەی تاوانەکەی بۆ دەست نیشان کردبێ.واتا سزای تاوان پێویستە لەگەڵ تاوان هاوسەنگ بێ بۆ ئەوە بتوانرێ هەم قەرەبووی زیانلێکەوتووی تاوان بکرێتەوە و هەم ئەو سزایە پێشگیری بکا لە دووپاتبوونەوەی تاوان کە ئەوانە هیچی لەپێوەندی لەگەڵ حیجابدا بەدی ناکرێن.

لە نیزامی قانوونیی کۆماری ئیسلامیدا زۆر قانوونی وەک ڕەچاوکردنی "حیجابی زۆرەملی" هەیە، چونکی لەسەر نیاز و پێویستی کۆمەڵگە دانەڕێژراون لە مەیدانی کردەوەدا بە زەبروزەنگی هێزی سەرکوتکەردا نەتوانراوە بەسەر خەڵکدا بسەپێندرێ و لە ئاکامی بەربەرەکانی و خۆڕاگریی خەڵکدا دەسەڵات ناچار بووە لەگەڵ هێشتنەوەی برگە قانوونییەکە، لە مەیدانی کردەوەدا لە جێبەجێ‌کردنی ئەو قانوونە خۆ ببوێرێ. بۆ نموونە قانوونی قەدەغەبوونی دەزگای وەرگری ماهوارەی تیڤییەکان کە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی بە پەسند گەیشتووە و دوای پەسندکردنی ئەو قانوونە هەتا چەند ساڵێک پۆلیس و پیاوەکانی دەوڵەت هەموو ڕۆژێک خەریکی کۆکردنەوەی سێڵ و دەزگای وەرگری سەتەلایت بوون؛ بەڵام لە جێگیرکردنی ئەو بەناو قانوونە سەرکەوتوو نەبوون، چونکە کۆمەڵگەی ئێران پێویستییان بەوە هەبوو بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و زانیاری و... دەزگای وەرگری سەتەڵایت بێنە ماڵەکانی خۆیان. هەروەها لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە بوونی ئەو دەزگایانە لە هیچ ماڵێک تاوان نەبوو، بۆیە گوێیان بە دەسەڵات نەدا و نەچوونە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو قانوونە و دەسەڵات بە بێدەنگی لە جێبەجێ‌کردنی ئەو قانوونە پاشەکشەی کرد. قانوونی "حیجابی زۆرەملێ"ش بە خاترجەمی دەرنگ یا زوو بە دەردی قانوونی مەنعی سەتەڵایت (ماهوارە) دەچی و ژنانی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان بە پشتیوانی و پشتگەرمیی کۆمەڵگەی ڕاپەریوی ئێران پاشەکەشە بە دەسەڵاتی سەرەرۆی کۆماری ئیسلامی دەکەن و ئەو پاشەکشانەی دەسەڵات هەنگاوەکانی داڕمانی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتیی خۆیدا خێراتر دەکەن.