برایم چووکەڵی
ئاوایی نه‌ڕوێ له ناوچه‌ی هه‌ورامان یه‌کیک له‌و ئاواییانه‌یه که کۆمه‌ڵێک تێکۆشه‌ری قاره‌مانی لێ هەڵکەوتوون کە له کاتی بەرگریی پێشمەرگانەی هێزی گەل بەهۆی پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کورستان زۆر ئازایانه دژیان وه‌ستانه‌وه. ئەوان پۆلێک هه‌ڵوی سه‌ربه‌رزی شاهۆ بوون که به‌رده‌وام پارێزگاری‌یان لە ئاو و خاک و نیشتمانیان ده‌کرد و له هێرش و زیانەکانی دوژمنیان ده‌پاراست. ئه‌م شۆڕشگێڕانه تا دوادڵۆپی خوێنیان به‌ره‌نگاری کۆنه‌په‌ره‌ستی بوونه‌وه، سەریان لە پێناو باوەڕەکانیان دانا؛ بەڵام نەوییان نەکرد. یه‌کێک له‌و خه‌باتگێڕانه که لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم جارەماندا ناو یادی به‌رز ڕاده‌گرین: شه‌هید کامیل حه‌سه‌ن‌پوورە له ناوچه‌ی هه‌ورامان. شەهید کامیل دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی.
له کاتێکدا خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی ساڵه‌کانی ١٣٤٦-١٣٤٧ سه‌رکوت کرابوو و دۆخێکی ناله‌بار به‌سه‌ر کوردستاندا زاڵ ببوو، و ڕێژیمی پاشایاتی سێبه‌ری شوومی خۆی به‌سه‌ر کوردستاندا کێشابوو؛ له‌وه‌ها ڕۆژگارێکدا کورپه‌یه‌ک له ئاوایی "نه‌ڕوێ" سه‌ر به ناوچه‌ی هه‌ورامان چاوی به دنیای ڕوون کرده‌وه و ناویان نا "کامیل". کامیل له ته‌مه‌نی ٧ ساڵیدا نێردرایە قوتابخانه و تا قۆناغی دواناوه‌ندی زۆر زیره‌کانه خوێندی. به‌ڵام چاره‌نووس وابوو كه له‌گه‌ڵ ژان له‌دایك بێ و به دەرد و ژانەوە گه‌وره ببێت. کامیل شانی وەبەر بەرپرسایەتییەکانی ژیان نابوو، بۆ ئەوەی کەمێک لە باری قورسی هەژاری و نه‌بوونی لەسەر شانی بنه‌ماڵەکەی کەم بکاتەوە.
ژیانی کامیل حه‌سه‌ن‌پوور تا سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌مجۆره تێپه‌ڕی. به‌ڵام هێرشی مغول‌ئاسای کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و جینایه‌ته‌كانی ڕێژیم ڕوانگە و بەرنامەی لاوە شۆڕشگێڕەکەی ئەو بەسەرهاتەی بۆ داهاتووی ژیانی گۆڕی. کامیل هه‌رچه‌ند له بارودۆخێکی سەخت و ئەسته‌مدا ده‌ژیا، به‌ڵام دەیگوت: ئەگەر گه‌لی كورد له‌نێو بچێت و کوردستان هێرشی بکرێتە سەر؛ منیش تێدا ده‌چم و ژیان بۆ من و بۆ باقیی هه‌ژارانی كوردستان مانای نییه. كاتێك سه‌ربه‌ست نه‌بم، ژیان چ مانایه‌كی هه‌یە؟
دوای ئه‌وه‌ی دڵڕه‌شان و كۆنه‌په‌ره‌ستانی كۆماری ئیسلامی كه به نرخی گیانفیدایی هه‌زاران کەس لە خه‌ڵكی ڕاپەڕیوی ئێران به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبوون داخوازی به‌حه‌ق و ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانیان به ئاگر و ئاسن وڵام دایه‌وه، کامیلی تامه‌زرۆی ئازادی و ڕزگاریی گه‌لی كوردی هێنایه سەنگەری خەبات و بەرگری لە گەلەکەی. ئەو کە پێشتر "عیززەت"ی برای ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردبوو، بۆخۆیشی لە سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی ١٣٦٠ دا بەرگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تیی حیزبی له‌به‌ر كرد. کامیل له ماوه‌یه‌كی كورتدا تواناییەکانی خۆی پێشان دا و به ئیمانێكی به‌هێزتر و بیروباوه‌ڕێكی قووڵتر قۆڵی لە خه‌بات دژی دوژمنانی ئازادی هه‌ڵماڵی. ئەو كوڕێكی له‌به‌ردڵان، به‌نه‌زم، له‌سه‌رخۆ و هه‌ڵسووڕ بوو. له ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌رکه‌وت ڕۆڵه‌ی بەوەجی حیزبی دێموكراته و، قه‌ت سه‌ر بۆ دوژمن دانانه‌وێنێ. زۆر ئازایانه له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمن به‌گژیاندا ده‌چۆوه و له شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی هه‌وراماندا به‌شداریی چالاکانەی ده‌کرد.
کامیل به‌هۆی لێهاتوویی و تێگه‌یشتوویی له‌لایه‌ن كومیته شارستانه‌وه نێردرایه ده‌وره‌ی سیاسی و پاش تێپه‌ڕكردنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ئه‌و ده‌وره‌یه گه‌ڕایه‌وه کۆمیته شارستان و، ئه‌مجارەیان به ئه‌زموونێكی پتری سیاسییه‌وه وه‌ك كادرێكی لێزان و لێهاتوو‌و هه‌ڵسووڕ ده‌ستی به‌كار كرد. ئەو بێ‌وچان خه‌ریكی خوێندنه‌وه بوو، و ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه له پێگه‌یاندن و بردنه سه‌رێی ئاستی ئاگایی و سیاسیبوونی ئه‌ودا نه‌خشێكی به‌رچاوی هه‌بوو.
کامیل دواتر به‌هۆی سیفه‌ته شۆڕشگێڕییه‌كانی و ئیمانی قووڵی به ڕێبازی دێموکڕات به‌رپرسایه‌تیی نیزامیی قوورستری پێ سپێردرا و سەرەتا وه‌ک سه‌رپه‌ل و پاشان به هۆی ئازایه‌تی و باش به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه‌کانی وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک دیاری کرا. کامیلی خۆڕاگر و چاونەترس شانی وه‌بەر ئەو بەرپرسایەتییە دا و زۆر ئازایانە و دڵگەرمتر لە پێشوو ئەرکەکانی حیزبی جێ‌بەجێ کرد و لەو ماوەیەدا توانا نیزامییەکانی کامیل بۆ کومیتەی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک و هێزی زاگرۆس ده‌رکه‌وت. ئازایه‌تییه‌كه‌ی وێردی سه‌رزمانی هاوسه‌نگه‌رانی بوو. به‌تایبه‌ت له شه‌ڕه‌كانی نییه‌ر، که‌لله‌قه‌ندی، سه‌رته‌نگیسه‌ر و زۆر شه‌ڕی دیکه‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامان نه‌خشی چاكی گێڕا.
ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی، لە کاتێکدا دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی زاگرۆس و بێستون، بۆ حەسانەوە چووبوونە شوێنێک بە ناوی "باخە بووچکەڵە" له‌لایه‌ن هێزی دوژمنه‌وه هێرشیان کرایە سەر. کاتژمێر ٥/١ ی پاشنیوەرۆی ئەو ڕۆژە شەڕێکی توند و خوێناوی دەستی پێ کرد. ئەو شەڕە هەتا کاتژمێر ٨ی ئێوارێ درێژەی کێشا و سەرەنجام بە شکانی دوژمن کۆتایی هات. ژماره‌یه‌کی زۆر له هێزی دوژمن کوژران و بریندار بوون. به‌ڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان، سێ فەرماندەی کارامەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی کامیل حەسەن‌پوور فه‌رمانده‌ری لک، حه‌سه‌ن مینبه‌ری فه‌رمانده‌ری لک و نەجمەدین مینبەری، جێگری لک شەهید بوون و چوونە نێو کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی.
ئەوان گیانیان بەختی ماف و ئازادییەکانی گەلە بەشخوراوەکەیان کرد و مێژوویەکیان لە سەروەری بە ناوی خۆیانەوە تۆمار کرد. یادیان بەخێر بێ و ڕێگایان هەروا پر ڕێبوار.