کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەدەبی بەرگری، ویژدانی زیندووی شۆڕش و نەتەوەیە

00:12 - 6 بانەمەڕ 2723

شەریف فەلاح

کاتێک نیشتمان و سەرلەبەری فەرهەنگی نەتەوەیەک دەکەوێتە بەر شاڵاوی هێرش و سڕینەوە، ئەوکات ئیدی هەموو جەمسەر و بوارەکانی کۆمەڵگە هەوڵی مانەوە و ڕزگاربوونیان لە فەوتان دەدەن. ئەدەب یەکێک لەو هونەرە گرنگ و کاریگەرانەیە کە لەم بوارەدا و بەدرێژایی مێژوو دەوری کاریگەری گێڕاوە. لەنێو ئەدەبیشدا بێگومان شێعر کە وەک یەکێک لە کۆنترین هونەرەکانی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار، پشکی شێری بەرکەوتووە و لەنێو زۆربەی ئەو گەل و نەتەوانەی ناسنامەیان ڕووبەڕووی ژێنۆساید و ئاسیمیلاسیۆن بوونەتەوە، بەرهەمی شاکار خولقێندراوە.

کاتێک کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا کەوتە ژێر چەکمە و پۆستاڵی داگیرکەران، کاتێک زمان ڕووبەڕووی سڕینەوە و لەخشتەبردن بۆوە، ئیدی ئەوە شاعیرانی دەروەست و نیشتمانپەروەر بوون کە بە چەکی وشە و فیشەکی شێعر و بە زمانی هونەر بوونە مەتەرێزی کورد و بوونە هاندەر و بزوێنەر و ڕاسانی شۆڕش و خەبات. شێعری بەرگری هاوشانی چەکی شانی پیشمەرگە لەنێو کۆڵان و شەقام و خوێندنگە ڕۆڵی پاراستن و مانەوەی نیشتمانی داوە. ئەدەبی بەرەنگاری چەمۆڵەیەکی بە ڕووی هێرش و شاڵاوی فەوتاندا کە دوژمن بۆ سەر کورد و ناسنامەکەی هێناوە.

مێژووی سیاسیی شۆڕشەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و داخوازیی مافی ڕەوای کورد لە وڵاتانی داگیرکەر هەموو دەم بە زمانی ئاشتی و برایەتی و دیالۆگ ڕەوانەی لایەنەکان کراوە، بەڵام بە درێژایی مێژوو وەڵامی ئەو داخوازییانە بە فیشەک و شەڕ دراوەتەوە، جێی ئاماژەیە کە خەباتی شۆڕشگێریی کوردستاندا تەنیا لە چوارچێوەی خەباتی چەکداری و سیاسیدا بەرتەسک نەبۆتەوە و هونەر بە هەموو بەشەکانی بە تایبەت ئەدەبیات و لە هەموان گرینگتر شێعر بە واتای شێعری بەرگری دەورێکی کارا و بەکەڵکی لە سەنگەرەکانی بەرخوداندا گێڕاوە و هەموو کات لە جەرگەی خەباتدا ئەدەب و شێعری بەرگری بەشێک لەو خەباتەی وەئەستۆ گرتووە.

شێعری نیشتمانی

نیشتمان پاژێک لە وجوودی ھەر کەسە و چ ئێستا و چ پێشتر گراوییەکی تایبەت لە نێوان مرۆڤ و نیشتماندا هەبووە. ئەم گراوییە لە دوو بەشدا دەنوێندرێت:

سروشتی کوردستان؛ لە شێعری نوێی کوردیدا تاراوگە دیاردەیەکی داسەپاوە، شاعیر لە وڵات ڕاو دەنرێ، ھۆی ڕاونانەکەشی بەرگری لە وڵاتەکەیەتی. کە وایە شاعیر بەم پێداھەڵگوتنە چەند ئامانجی ھەیە: گەیاندنی ئەو سووکایەتییە بە ویژدانە بیدارەکانی دونیا، ترساندنی داگیرکەر، بزواندنی ڕۆڵەکانی نیشتمان و لە ئەنجامدا ئەھوەنکردنەوەی داخی دڵ.

شێعری شوڕش؛ ئەم بەشە لە شێعری نەتەوەیی بەشێکی زۆر لە شێعری نوێی کوردی ساڵانی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی تا نەوەدەکان ئەگریتە بەر. بزاڤە جۆربەجۆرەکانی کورد لە گەشە و سەرھەڵدانن و کورد خەریکە خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم شێعرە خۆی لە چەند ڕەھەند دایە: بەخەبەرهێنانی گەڵێکی خەولێکەوتوو و بێ‌ئاگا، ناساندن و نواندنی ڕوومەتی ناحەز و دزێوی داگیرکەر بە جەماوەرەکەیەتی.

شێعر و خەباتی کۆمەڵایەتی

شێعر ئەمجارەش باشترین ڕێنوێن و ڕێنماییە. شێعرە کە بە زێڕی دەسەڵات نافریوێ و ڕێبازی بەر نادا، نابەرانبەرییە کۆمەڵایەتییەکان داخێکی گرانن بەسەر دڵی شێعرەوە. شێعر بۆ ھێورکردنەوەی ئەم داخە لە ھیچ ھەوڵێک ناوەستێ و ڕوو لە ئاسۆی گەیشتن بە وڵاتێکی دێمۆکراتیک باری قورسی کۆمەڵ لە کۆڵ دەنێ و شاخە و شاخ و دۆڵ بە دۆڵ و وڵاتەوە وڵات وەک موسافیرێکی بێ پەساپۆرت خۆی بە ژووری هەموو دڵێکدا دەکات.

من لەو باوەڕە دام جیا لە ئەدەبی زارەکی، گۆڕانی بەیت و بەند و باو، بەشی هەرە زۆری شێعری کلاسیک و ئەدەبی نووسراوی کوردی لەپێناو نیشتمان و بەرگری لە دۆزی ڕەوای کورد و بە مەبەستی وشیاریی کۆمەڵایەتی خوڵقاون.

هەر لە ئەحمەدی خانی، خانای قوبادی، حاجی قادر، قانع، دڵدار، هەژار و هێمن، شامی کرماشانی، میرزا عەبدولقادر پاوەیی، نالی، سالم و کوردییەوە بگرە هەتا دەگاتە شاعیرانی هاوچەرخ و نوێتری وەک (گۆران، شیرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت، سوارە، فاتێح شێخولئیسلامی (چاوە)، موسلێح شێخولئیسلامی (ڕێبوار)، عەلی حەسەنیانی (هاوار) شەریف حوسێن‌پەناهی، ک.د ئازاد و ڕەحیم لوقمانی لە ڕۆژهەڵات هەموویان کرۆک و کاکڵەی بەشێکی شێعریان ئەچێتە خانەی ئەدەبی بەرگری لە نیشتمانەوە. شێعر و دەبڕینی ئەوان بە زمانی هونەر و زۆربەیان بە دوور لە دروشمی بریقەدار باس لە مان و بەرگری لە هەرمانی نەتەوە و ناسنامەیەک دەکەن کە مەترسیی فەوتان و سڕینەوەی لەسەرە.

لە شێعری نوێ و هاوچەرخیشدا سەرەڕای گەشەکردنی ئەدەبیات و تێکەڵبوونی ئەدەبی کوردیش بە شێواز و ڕێچکە ەئدەبییە نوێیەکان، بەڵام دیسان هەر توێژاڵێک لە ئەدەبی بەرگری بە شێواز و فۆرم و دەبڕینی سەردەمیانەوە لە زمانی شێعر و چیرۆک و ڕۆمان و سینەما و شانۆدا خۆی دەرخستووە.

سەرەتاکانی ئەدەبی چیرۆک و ڕۆمانی کوردییش هەر بە ئەدەبی بەرگرییەوە دەستی پێ کردووە، بۆ وێنە (شوانی کورد)ی عەرەبی شەمۆ، نۆڤلێتی (لە خەوما)ی جەمیل سائێب، ڕۆمانی (پێشمەرگە)ی دوکتور ڕەحیم قازی، (ژانی گەل)ی برایم ئەحمەد، (باقەبێن)ی ئەحمەد قازی، (هاوارەبەرە و میرزا)ی فەتاح ئەمیری، پاشان لەنێو ڕۆمانووسە نوێیەکانیشدا زۆربەی چیرۆک و ڕۆمانەکانی عەتا نەهایی لە چوارچیوەی پرسی ناسنامەی نیشتماندا دەخولێنەوە.

ئەدەبی بەرگری وێنای ڕەتکردنەوەی واقیعی تاڵی ژێردەستەیی دەكات. شانبەشان لەگەڵ ڕەوتی بەرگریی نیشتمانیدا كە لە شۆڕشدا بەرجەستەیە، ئەدەب هاواری کپکراوی کۆمەڵگەیە و زوڵم و ستەم ڕەت دەکاتەوە. بەگژ زوڵم و جیاكاری و شێوازەكانی عەرەباندن، فارساندن و تورکاندن و فریودانی خەڵكدا دەچێتەوە. خوێنەر فێری‌ خۆشەویستی و‌ عەشق دەكات، كە زۆر بواری هەیە. بەڵام لە هەموو گرنگتر ئەوەیە كە ئەدەبی بەرگری، تۆوی عەشق و خۆشەویستیی خاك و نیشتمان لە ناخی خوێنەردا دەچێنێ. لەوێدا جەنگاوەر كە پێمڵە و بە خاکی كوردستانە، لە ‌ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەدەبی بەرگرین‌.

ئەدەب و شێعری بەرگری ویژدانی زیندووی نەتەوەیە، ئەدەبی بەرگریی دروشمبازی و هۆتافكێشانی هەرزانبەها نییە، بەڵكوو پارچەیەكە لە جوانی و هونەر، وێڕای بە گەڕخستنی زمانە لەوپەڕی درەوشانەوەی خۆیدا. تۆی وەرگر، دوای خوێندنەوەی هەر پارچەیەك لە ئەدەبی بەرەنگاری، لە ناخەوە دەورووژێیت، سۆزبەندییەك لە نێوان تۆ و خاكد چێ دەبێت و تێكەڵ بە نامەی دەقەكە دەبێت، كە نامەیەكی مرۆڤانەیە. ڕەنگە دوای نووسینی ئەو دەقە جوانە، نووسەر تووشی چەرمەسەری، یان نانبڕین بووبێ، بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناویندا. یان كێ دەڵێ تووشی گرتن و ڕاوەدوونان نەبووە. دەقێك بە ویژدانی زیندوو، بە خۆشەویستی و ئارەقەی ناوچاوان نووسراوە. ڕەنگە نرخی ئەو دەقە یەكسان بێ بە ژیانی نووسەركەی. ئەمە لەلایەك و لە لایەكی ترەوە، وەك هەر دەقێكی تر، حیسابی واتا و جوانی و هونەر نواندنی بۆ دەكرێ. نووسەركەی وێڕای ڕازاندنەوەی، لەڕووی زەینی و هزرییەوە وەك هەر دەقێكی تر لەگەڵیدا ژیاوە و پێوەی ماندو بووە. ئەو بەو مەبەستە نووسیویەتی زیندوو بێت، بمینێتەوە و بەرگەی ڕۆژگار بگرێ، واتە تۆ دەبێ دوو جاران حیساب بۆ دەقی بەرگری بكەی، چونكە نووسەر دەبێ لێ ببڕێ دەقێكی ئەوتۆ بنووسێ، شایانی  گیانی خۆبەختكەران و باڵای نیشتمانێك بێت، كە بە دەیان ملیۆن تاكی لەسەر دەژی و كەس نازانی لەكەیەوە هەیە، لێیشی ئازیزتر نییە.

ئەدەبی بەرەنگاری، پارچە نووسینێكی ڕەنگ كاڵەوەبووی و ڕنگ‌بزرکاوی بێلایەن نییە، بەڵكوو لایەنی مافەكانی مرۆڤی كورد دەگرێت، تاكوو بە سەربەرزییەوە، خاوەنی خۆی و وڵاتی خۆی بێت. وەك هەموو گەلانی ئازادی دیکەی جیهان و دوور لە كوشتن و بڕین و ڕاوەدوونان، لەسەر خاك و ئاوی خۆی مافی مانەوەی هەیە. ئامانجی ئەدەبی بەرگری خونەی نەتەوەیە کە دوور لە هەوڵدان بۆ توانەوەی، دوور لە بە عەرەب و فارس و تورككردن، خوازیاری ژیانی سەردەمیانەیە. نەتەوەی ئازادیخواز دەیەوێ لە دنیادا ڕێزی لێ بگیرێت. ئەمیش ڕێز لە گەلانی دنیا بگرێت، ئەم گەلانەی دەوروبەری لە داگیركەرەوە ببن بە دراوسێی و شارستانییانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، نەك وەك دڕندەی دارستان، كە بەهێز بێ‌هێز تێك‌دەشكێنێ. کاتێک وڵاتێك داگیر دەكرێ، ئیتر بێدەنگیی نووسەر لەم داگیركارییە، لە ترسەوەیە. هەندێ جاریش بێدەنگیی نووسەر لە خیانەت نزیك دەبێتەوە.

ئەدەبی بەرگریی کۆی ئاوات و خولیا و ویست و داخوازی نەتەوەیەکە کە باس لە ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکات. ئەو ئەدەبە هەندێک جار تووڕە و بێ‌ڕەزایە، هەندێک جاریش تڕاژیدییەکی قووڵە و جار جاریش وەک هەوری پاییزی دەگرمێنێ و ترس و سام دەخاتە دڵی نەیارانیەوە. ئێمە بەدرێژایی مێژوو ئاگاداری بەرخۆدانی نەتەوە ژێردەستەکانی هەموو جیهانین بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەکەیان، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە ئەدەبی بەرگریی مەجارستان لە سەردەمی داگیرکەرەکانی ئۆتریش، ئەدەبی بەرگریی یۆنانییەکان لە سەردەمی کۆیلەداریدا، ئەدەبی بەرگریی فەڕانسە لە سەردەمی شەڕیی دووەمی جیهانی لە بەرانبەر نازییەکانی ئاڵمان، ئەدەبی بەرگریی ئیتالیا لە سەردەمی ڕێنێسانس، ئیسکاتلەندییەکان و ئیرلەندییەکان پاش ڕێنێسانس، ڕووسەکان لە سەروبەندی شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧، هەروەها ئێستاش دەتوانین ئاماژە بە کوردستان و فەلەستینییەکان بکەین کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەدەبی بەرگری و بەتایبەتی لە بواری شێعردا، بەردەوام بە گژ داگیرکەرەکاندا دێنەوە و ڕەنگە زۆر لە هێزە چەکدارەکانییان کاریگەرتر بووبێتن. لە وەها قۆناغێکدا کە وڵاتێک تێیدا بەسەر دەبا، ئەدەبی بەرگری بەدی دێت و کاریگەرترین زەفەر بە نەیاران و داگیرکەران دەبات.

بۆیە ئەدەبی بەرگری هاواری ڕاچەنین و ڕسکان‌ئاسای ناخی پڕ لە ژان و تەوژمی هونەرمەندێکی ئازار چەشتووی نەتەوەیەکی چەوساوەیە کە بۆ ئازادی و ڕزگاری و ئامانجە بەرزە مرۆییەکان خەبات دەکات.