کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید یۆسف ئەمینی) لە بەیانی ئازادیدا بە یەخەی کوێستانێکەوە دیسانەوە لەسەر شانی ئەرخەوانیی نیشتمانم

11:12 - 6 خەزەڵوەر 2725

برایم چووکەڵی

مێژووی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی ڕۆڵەکانی کورد لەدژی هێزی داگیرکه‌رانی کوردستان لێوان لێوه له فیداکاری‌و قوربانیدان‌ و خۆڕاگری و سەربەرزی. بە  درێژایی مێژووی نەتەوەکەمان ئەو تیکۆشان ‌و بەربەرەکانییە بەردەوام بووە و هەر لە درێژەی ئەو خەباتە‌دا زۆر پیلان لە لایەن دووژمنانەوە بۆ خاشەبڕکردنی جووڵانەوە لەئارادا بووە کە لەلایەن تێکۆشەرانی گەلەوە پوچه‌ڵ کراونه‌تەوە. دوژمنان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و قه‌ڵاچۆکردنی نەتەوەکەمان به هه‌موو هێز و توانای خۆیانه‌وه هاتوونه‌ته گۆڕەپانی ئەو بەربەرەکانییە و بۆ لەنێوبردن ‌و لاوازکردن ‌و دامرکاندنه‌وەی ئەو خەباتە بەرحەقەی نەتەوەکەمان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە سڵیان نەکردوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای زەبرو زەنگێکی لەڕادەبەدەر ڕۆڵە بوێرو ئازاکانی گەلەکەمان لە خەبات ‌و بەربەرەکانی ‌دژی زۆرداران هەمیشە بە گوڕوتینەوە بەرگرییان لە مەوجوودییەتی نەتەوەکەیان کردوە.

 کۆماری ئیسلامی یەکیک لە دڕندەترین ڕێژیمەکانی سەردەم، بە فەرمانی جیهادی خۆمەینی هێرشیكی بەربڵاوی بۆسەر خاکی کوردستان دەست پێ کرد. ڕۆڵەکانی ئەو گەلە بۆ بەرپەرچدانەوەی کوشتن ‌و قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەیان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، زۆر ئازایانە وەستانەوە و پۆل پۆل چەکی دیفاعیان لە وڵات لە شان کرد و هەر لەو پێناوەشدا بە هەزاران لاوی خوێنگەرم گیانی خۆیان پیشکەش بە بارەگای ئازادیی کردوە و بە ڕشتنی خوێنی گەشی خۆیان ئاگری ئەو خەباتەیان هەر گەشاوە ڕاگرتوە‌ و سەرئەنجام ڕۆڵی بەرچاویان لە خەبات ‌و تێکۆشان بووە بە بەشیک لە مێژووی گەلەکەمان. یۆسف ئەمینی یەکێک لەو قارەمانانە بوو کە بە خوێنی خۆی لاپەرەیەکی زێڕینی لەو مێژووە شکۆدارە بۆ خۆی تەرخان کردوە.

یۆسف ئەمینی لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە ئاوایی" قرنێسە" سەر بە کەناربەڕۆژی ورمێ چاوی بە دنیای ڕوون هەڵێنا. کاتێک پێی لە تەمەنی ٧ ساڵی نا ڕەوانەی قۆتابخانە کرا، بەڵام خوێندن بۆ ئەو بە هۆی بێدەرەتانی کارێکی دژوار بوو؛ بۆیە تەنیا دوو پۆلی دەرس خوێند. ژیانی‌ سه‌خت ‌و تاقه‌تپڕووكێن هه‌ستی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ له‌ وجوودی‌دا خوڵقاند ‌و دواتر ئه‌و هه‌سته‌ بوو به‌ بیروباوه‌ڕی‌ سیاسی‌. هەتا یۆسف ئەمینی گەورەتر دەبوو زیاتر هەستی بە نابەرابەری دەکرد، بۆیەش دژی ئا‌غا و دەرەبەگ وەستابۆوە و بەدەستی بەتاڵ بەرپرچی دەدانەوە، لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی زاڵمانەی پاشایەتی ‌و هەڵاواردنی نەتەوەیی ‌و چینایەتی دەیان ڕۆڵەی مەڵبەندی ورمێی بەگژ ڕێژیمی پاشایەتیدا هێنابووە مەیدان. ئەو ژیانە تاڵە هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئیران لە ساڵی ١٣٥٧ دریژەی کێشا و یۆسفیش هەنگاو بە هەنگاو وێڕای کۆمەڵانی خەلک بۆ خاشەبرکردنی دواین ئاسەواری ڕێژێمی پاشایەتی تێ‌دەکۆشا.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران چەکی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتی هەڵگرت ‌و وەک کوڕە کوردێکی بوێر ئامادەی پارێزگاری لە مان ‌و مەوجوودییەتی نەتەوەکەی بوو. ئیمانی قووڵ بە ڕیبازەکەی، ورەی بەرزی، تێکۆشانی بێ‌وچان، یۆسفیان کردە خوشەویست لەلای خەڵک ‌و هاوسەنگەرانی. کاتێک کۆنەپەرەستانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو پەلاماری کوردستانیان دا، یۆسفی قارەمان لە مەڵبەندی ورمێ وەک هەڵۆیەکی بەرزەفڕ چاوەدێری خاک ‌و نیشتمانی دەکرد و دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەستاوە. توانای گەڵالەدارێژی‌ و ئازایەتی یۆسفیان بردە پلەی فەرماندەری لک‌ و لەو بەرپرسایەتییە ڕووسوور وسەربەرز هاتە دەر. چەندین عەمەلیاتی قارەمانانەی لەنێو شاری ورمێ‌ و ناوچەکانی دەورووبەری بەڕیوە برد و ئەو ناوچەیەی لە دوژمنان کردە گۆرستان. یۆسف بە هەر هێرشێک زراوی دوژمنی دەتۆقاند و بە چۆکی دادێنان، لە مەڵبەندی ورمێ هەمیشە ستوونە تیکشکاوەکانی دوژمن وەک نیشانەی ئازایەتی پێشمەرگە لە سەر جادەکان بەجێ دەما. ڕێژیم ئەگەر بە هێزی پیادە نەیدەتوانی شەر لەگەڵ پێشمەرگە بکا پەنای بۆ هێزی هەوایی دەبرد و لەچەندین شاری دیکەرا هیزی بۆ کوردستان ڕەوانە دەکرد، یۆسفی قارەمان لەبەرامبەر ئەویشدا ڕادەوەستا. حەماسەکانی لە گەلی بەند‌، تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ بە چەندین داستانی خۆڕاگری بۆ نەتەوەکەی تۆمار کرد. شەهید یۆسف تەنیا فەرماندەیەکی ئازا و شەڕکەر و قارەمان نەبوو بەڵکوو کادرێکی سیاسی ‌ و بەتوانای حیزب بوو کە لە ێو کۆمەڵانی خەڵک سیاسەتەکانی حیزبی بڵاو دەکردەوە. تواناکانی ناوبراو بوو بە هۆی ئەوە وەک فەرماندەری ‌هیزی نەحۆ دیاری کرا. هێزی پیشمەرگە

بەهاری ساڵی ١٣٦٣ بە فەرماندەهی کوڕی تیکۆشەری دێموکرات یۆسف ئەمینی،  مەڵبەندی ورمێ‌یان لە دوژمنان کردە ئاگر و ڕۆژ نەبوو گرمەی ئارپیجی ‌و قریشکەی چەکەکانیان موڵگەکانی دوژمن وێران نەکا. ئازایەتی ئەو و فەرماندەهی لە شەڕەکانی گەلی قاسملوو، باراندیز، گەلی بەند، تەرگەوەڕ، مەرگەوەڕو شاری ورمێ لە نێو کارنامەی فەرماندەرانی حیزبی دیموکرات شاهیدی بۆ قارەمانی یۆسف ئەمینی دەدەن کە چەندە فەرماندەیەکی بە ئەزموون ‌و کادرێکی بەتوانای حیزبی دێموکرات بوو.

ڕۆژی ٩ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٣ ئاخرین فیداکاری ئەو فەرماندە بە توانایەی کوری دێموکرات بوو. لە کاتێکدا لەێاو شاری ورمێ دەگەڕانەوە لە ڕێگا تووشی شەرێکی گەورە لە "ئاشی‌با "ی گەلی بەندی ورمێ بوون لەو شەڕە‌دا زەبڕێکی باشیان لە هێزی دوژمن‌ دا، بەڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا فەرماندەری هەڵسووڕ و بەتوانا یۆسف ئەمینی گیانی پاکی پیشکەش بە خاکی نیشتمان کرد.