هاشم عەیدانی کەسایەتیی دیاری ئەهواز و چالاکی مەدەنی و عەقیدەتیی عەرەب بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کاروون"، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاوایی "خۆبەینەی سەروو" سەر بە شاری ئەهواز، کەسایەتیی دیار و چالاکی مەدەنی و عەقیدەتییان بە ناوی "هاشم عەیدانی" داوەتە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکانی "کاروون"، عەیدانی ٦٥ ساڵە و خاوەنی جێگەوپێگە لەنێو خەڵکی ئەهواز بەهۆی بەرگری لە مافی خەڵکی عەرەب و دژایەتیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە بکوژەکانی ڕێژیمی تارانەوە کوژرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕێژیم لە دوای گەمارۆدانی ئاوایی ئەو چالاکە مەدەنییەی ئەهواز و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی، لەڕێگەی تەقەی ڕاستەوخۆوە کردوویانەتە ئامانج و کوشتویانە.
زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە باس لەوە دەکەن کە تەرمی هاشم عەیدانی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ڕێگە بە بنەماڵەی نەدراوە کە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ دابنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر خەلفییان بەناو دادستانی ئەهواز، هاشم عەیدانی بە کەسێكی "تەکفیری" و "جیاییخواز"، "شەروور" لە قەڵەم داوە.
شایانی باسە هەتا ئێستا عەیدانی چەندین جاری دیکە لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەی تێرۆر و کوشتنی لێ کراوە.