هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پێشێلکردنی مافەمرۆییەکان لە کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
پەپێی ڕاپۆرتی کوردپا سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد بە ناوی خزر (شەماڵ) ڕەسوول مروەت، دوای هێرش کردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ حوکمێکی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاوڵاتییە و دوای گرتنی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
ئەم چالاکوانە یەکەم جار لەساڵی ١٣٧٨ گیراوە و لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە ٣ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی پێ دراوە و٥ ساڵیش بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها ناوبراو لە ساڵی ١٣٩١ لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ لایەنگری قوتابییەکانی شیناوێ لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی ڕێژیم لە مەهاباد لە ڕەزبەری ١٣٩٢ بە تۆمەتی، ئاژاوە دژی ئەمنییەتی گشتی، بە ٥ ساڵ بەند کردن مەحکوم کرا.
لەمبارەیەوە کوردپا ڕایگەیاندووە کە لەم ڕۆژانەدا فەتاح یووسف پوور هاووڵاتیی شاری بۆکانیش لەم ڕەوتەدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵەکەی و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ڕەوتی هێرشی سەرەڕۆیانە بۆ سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە، دوای پشکنینی تەواوی ماڵەکەی تەلفۆنی ناوبراویشییان لەگەڵ خۆیان بردووە.
جێی باسە کە تا ئێستاش لە هۆکاری گرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.