وشکبوونی گۆلی ورمێ کاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستیی خەڵکی ناوچەکە دەبێت و هەروەها کەرتی کشتوکاڵیش لەناو دەبات.
ڕوحوڵڵا موتەفەکرئازاد، بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر سەبارەت بە دۆخی نالەباری گۆلی ورمێ ڕایگەیاند، "پڕۆژەکانی بووژاندنەوەی ئەم دەریاچەیە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی کاریگەریان نەبووە".
ناوبراو زیادی کرد: گۆلی ورمێ دەکرێتە کانێکی خوێ و گەردیلە تۆزەکانی وشکبوونەوەی دەریاچەکە کاریگەریان لەسەر ناوچەکە بە مەودای ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبێت.
لە کێشەی ژینگەییدا جیا لە دەستێوەردانە مرۆییەکان، بەشی سەرەکیی ئەم کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕوانگەی ئەمنی و سیاسییەوە لە ژینگەی کوردستان دەڕوانن و نزیکبوونەوەیان لە کوردستاندا ڕوانگەیەکی داگیرکەرانە و تەواو دوژمنکارانەیە.