کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسێمیلاسیۆنی کولتووری مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان

11:55 - 6 بانەمەڕ 2723

نووسینی:شەهرام سوبحانی

لە دنیای ئەمڕۆدا دڵنیام کە هەموومان بۆ جارێکیش بێ وشەی ئاسێمیلاسیۆنمان بیستووە، ئاسێمیلاسیۆن پڕۆسەیەکە کە لەوێدا کولتووری نەتەوەی ژێردەست یان کەمینە، لەلایەن کولتووری نەتەوەیەکی دیکەوە تووشی توانەوە دەبێت. واتا تواندنەوە لە نێو کولتووری خاوەن دەسەڵات، یان بە واتایەکی تر ئاسێمیلاسیۆن زیاتر لە وڵاتانی فرەنەتەوە و نادێموکراتیکدا بەرچاو دەکەوێ کە سادە ترین پێناسە بۆ ئاسێمیلاسیۆن هاوڕەنگکردن و هاوشێوەسازی و یەکسانکردنی نەتەوەکان لەژێر کولتوور و هێژموونیی نەتەوەی حاکمدایە. ئەو دەوڵەتانەی کە خاکی نەتەوەکانی تریان داگیر کردووە لەم دیاردەیە کەڵک وەردەگرن، بەمەبەستی لەنێوبردنی کولتووری نەتەوەی ژێر دەست، تا نەتەوەی خۆیان بە نەتەوەی بەرتەر(برتر) لە قەڵەم بدەن و نەتەوەکانی تریش وەک قەوم، هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی ناوەندگەرا هەمیشە بۆ حوکمکردن بەسەر ئێرانی فرەنەتەوەدا کەڵک لەم پڕۆسە وەردەگرێ تا بتوانێ بە باشی هێژموونیی خۆی بە سەریاندا بسەپێنێ. دیارە ئەم دیاردەیە واتا تواندنەوە و هەوڵی یەکپارچە و یەکدەستکردنی خاکی ئێران هەر بە تەنیا بۆ سەردەمی کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە بەڵکوو ئەم سیاسەتە دژەنەتەوەیە لە سەردەمی ڕەزاخانیشدا بە شێوازێکی توند و بێبەزەییانە پەرەی پێ دراوە تاکوو ئێران یەکدەست و یەکپارچە بکەن. بە سەرکوت و ژینۆسایدی نەتەوەکان لە ئێران و حاشاکردن لە فرەنەتەوەیی بونی کۆمەڵگەی ئێران و هەروەها دابەشکردنی پارێزگاکانی کوردستان بەمەبەستی دوورخستنەوەی کوردەکان لە یەک یان ناردنی کوردەکان بۆ خوراسان بەشێک بوو لە ڕەوتی تواندنەوە لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوی لە دژی کوردەکان، هەر بەم مێتۆدە درێژەیان بە دەسەڵات و تاکڕەویی سیاسی دا کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ پاش ماوەکانیان(بنەماڵەی پەهلەوی) لە دەرەوی وڵات هەر لە سەر ئەم فیکر و ئایدیایە دەیانهەوێ حکوومەتێکی فاشیستی ئایینی بگۆڕن و بە جێگەی حکوومەتێکی فاشیستی قەومی دابمەزرێنن کە بە قەولی کوردەواریی خۆمان هەمان ئاش و هەمان کاسە. بەڵام نەتەوەکانی ئێران ئێستا لە ماهییەتی هەر دوو ڕێژیمی ئاخوندی و پاشایەتی ئاگادار بوونە و قەت ڕێگە نادەن بۆ جارێکی تر حکوومەتێکی توتالیتەر بێتە سەرکار هەر وەک ئەوەی لە شۆڕشی ژینا بینیمان کە بە دروشمی مەرگ بۆ ستەمکار چ شا بێت و چ ڕێبەر نایەکی توندیان بە گوێی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و پاشماوەی پاشایەتییان گەیاند.

پیلانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاسێمیلاسیۆن لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەم شێوازە دەست پێ دەکا، بۆ لەنێوبردنی کولتووری نەتەوەی ژێردەست هەوڵی نەتەوەسازی دەدەن، واتا هێژموونیی نەتەوەی حاکم لە ڕێگای میدیا و دامودەزگا پەروردەییەکانەوە بەسەر نەتەوەی ژێردەستدا دەسەپێنن. لە یەکەم قۆناغی ئەم سیاسەتەدا کەڵک لە تیۆریی ئاڵمانی وەردەگرن کە لەم تیۆرییەدا زمان وەک فاکتەریی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی نەتەوەسازی دەناسرێ، واتا لە یەکەم هەنگاودا زمان کە فاکتەری سەرەکییە بۆ درووسکردنی نەتەوە، دێن زمانی کوردی دەکەنە ئامانج؛ بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە خوێندنگاکان و زانکۆکان پێش لە گەشەسەندنی ئەم زمانە دەگرن و بە زاڵکردنی زمانی حاکم هەوڵی تواندنەوە و چەوسانەوەی نەتەوەی ژێردەست دەدەن. چونکە لایان ڕوونە کە گەر زمانی کوردی لەنێو بەرن ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانن حاشا لە ئەدەبیات و مێژووشمان بکەن. ئەگەر میللەتێک زمانەکەی لەنێو ببردرێ ئەوکات هیچ فاکتەرێکی نامێنێ بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی و لەم حاڵەتەشدا دەکەوێتە قۆناغێکی پووچی کە هەست بە کەم بوون دەکا و ئەوکات خۆی وردەوردە تێکەڵی کولتووری حاکم دەبێ. لە قۆناغی دووهەمدا بەکەڵکوەرگرتن لە تێۆریی فەرانسەوی کە لەم تێۆرییەدا کولتوور بە فاکتەری سەرەکی بۆ پڕۆسەی نەتەوەسازی دەناسرێ و لە ڕێگەی دامەزراندنی فێرگە و پەروەردەی پڕوپاگەندەیی لە کوردستان و هێرشکردنە سەر چالاکانی مەدەنی و سەرکوتکردنیان، یان پێشگرتن لە هێما نەتەوەییەکانی کوردستان وەک نەورۆز کە هەر ساڵە ڕێژیم هەوڵ بۆ مێلیتاریزەکردن و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە نەتەوەیە دەدات تا بەم شێوە جیلی نوێ لەگەڵ میراتی باب و باپیرانیان ئاشنا نەبن. بەڵام بە پێچەوانەوە ئاستی وشیاریی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات گەیشتووتە ڕادەیەک کە هەر ساڵ بەگۆڕتر لە ساڵی ڕابردوو یادی ئەم بۆنە دەکەنەوە.

بەفەرمیکردنی زمانی فارسی وەک زمانی دامودەزگا حکوومییەکانی ڕێژیم، بڵاوبوونەوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە دەزگای پەروەردەی ڕێژیم توانیویە سێبەری کولتووری حاکم بە سەرماندا بکێشێ. بەڵام پارێزەرانی زمان و کولتووری کوردستان بە دامەزراندنی دەیان ڕێکخراوی مەدەنی داری خۆڕاگرییان لەهەمبەر سیاسەتەکانی ڕێژیم چەقاند کە بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ڕێکخراوەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرابەر سیاسەتی ئاسمێلاسیۆنی کولتووری دەگێڕن کە ئەمڕۆ کوردستان خاوەنی هەزاران زارای نیشتمانە. هەنگاوی سێهەم کەڵکوەرگرتن لە سیستەمی پەروەردەیە، لە سیستەمی فاشیستەکاندا فێرگە و پەروەردە وەک یەکەمین بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگە، تەنیا لە خزمەت قەومی حاکمدایە و سیاسەتەکانی هەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی قەومی حاکم دادەڕێژێ هەر بۆیە بە پەرەپێدان بە سیاسەتی هێژموونی حاکم هەوڵی تواندنەوەی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران دەدا. ئێران کە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەکولتوورە دەبوو نیزامی پەروەردەیی لە چوارچێوەی هەموو نەتەوەکاندا بێ بەڵام بە پێچەوانەوە سیستەمی فێرگەی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی تەنیا لەسەر ۲ چەمکی فاشیزمی ئایینی(شێعە) و فاشیزمی قەومی(فارس) دامەزراوە. چونکە دەزانن فێرگە و پەروەردە بناغەی سەرەکیی داڕشتنی سیاسەتەکانیانە، هەر بۆیە بە زاڵکردنی زمانی فارسی لەنێو قوتابخانەکان، نەتەوەی ژێردەست ناچار دەکەن لە کولتوور و زمانی خۆی دوور بێتەوە یان بە واتایەکی تر بەنیسبەت شوناسی خۆی بێگانە بێ. هەر بۆیە ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەیکە منداڵانی کوردستان هەر له منداڵییەوە بەنیسبەت مێژوو و کولتووری کوردەواری بێهەست بن، بێگانە بن و قەدری دەوڵەمەندیی زمان و کولتوورەکەیان نەزانن و زۆر بە ئاسانی بەم مێتۆدە لەنێو کولتووری حاکمدا بتوێنەوە، واتا لەم حاڵەتەدا نەتەوەی ژێردەست هەست بە پووچی و نەبوونی باوەڕبەخۆبوون دەکا بۆ ئەوەیکە پێناسەیەک بۆ خۆی درووس بکا هێژموونی دەوڵەتی سێبەرقەبووڵ دەکا. کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی ئەم سیاسەتە وەک ڕێگایەک بۆ چەوسانەوەی میللەتانی ژێردەست لە ئێران، زیاتر لە سێ ڕێگای بۆ نەتەوەی بندەست  نەهێشتووەتەوە.

یەکێک لەوانە ناچار بە هاوڕەنگبوونی نەتەوەی ژێردەست لەهەمبەر هێژموونیی حاکم، واتا کولتووری حاکم پێڕەو بکا و دژی یاساوڕێساکانی نەجووڵێتەوە. دووهەم گۆڕینی شوێن واتا کۆچکردن بۆ شارێکی تر کە ئەم دیاردەیە لە ۴ دەیە دەسەڵاتداری ڕێژیمدا حاشا هەڵنەگرە، کە دەبینین دۆخی سیاسی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە کە بەشێک لە بنەماڵەکان ناچارن زێدی خۆیان بەجێ بێڵن و ڕوو لە شارە فارسەکان بکەن کە لە دواڕۆژدا منداڵ و نەوەی داهاتووی ئەو بنەماڵەگەلە لەنێو کولتووری ناوەندیدا دەتوێنەوە. ڕێگەی سێهەم ژینۆسایدکردنە، دیارە ئەم پڕۆسە کاری ئێستای ڕێژیم نییە؛ بەڵکوو هەر لە کۆنەوە یەکێک له ڕێگاکانی چەوسانەوە و ئاسێمیلەکردن و ژینۆسایدی کورد بووە کە بە درێژایی مێژوو کوردستانیان بێبەش نەکردووە لەم کارە دژەمرۆڤییە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا بە هۆی گەشەسەندنی ڕێکخراوە مرۆڤییەکان و زانست و تەکنۆلۆژیا، گوشاری کۆمەڵگەی جیهانی  دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی لەم بواردەدا کەم ڕەنگ کردۆتەوە. ئەم دیاردەیە هەر بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی نەگرتۆتەوە بەڵکوو لە باکووری کوردستانیش بە شێوازێکی زۆر بێبەزیانە بەڕێوە دەچێ لە فێرگە و ناوەندە پەروەردەییەکانی دەوڵەتی تورکیا تەرکیزیان لەسەر بە نەتەوەییکردنی کوردەکان بە نەتەوەی تورکە واتا تورک سازی، کە ئاکامی پەروەردەی فاشیزمی تورکیە لە کوردستان عیسمەت ئینوویە کە بە ڕەچەڵەک کوردە و پەروەردەکراوی سیستەمی تورکیایە، واتا هەمان پەروەردەیەک کە بۆ تواندنەوەی کوردەکان دانراوە؛ ئەم خاتوونە پێشکەشکاری پڕۆژەی(گاپە)هەمان پڕۆژەی کە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا گەورەترین مەترسییە بۆ باشووری کوردستان و دەتوانێ مان و مەوجوودییەت هەرێمی کوردستان وە لەرزە بخا. هەر بۆیە لەهەمبەر سیاسەتەکانی دوژمنانی کوردستان بۆ تواندنەوە و ئاسێمیلاسیۆنی کوردەکان لە یەکەم هەنگاودا تێکۆشان بۆ فێربوونی زمانی زگماکییە واتا زمانی کوردی، دووهەم پاراستن و پەرەپێدان بە کولتووری نەتەوەیی لە چوارچێوەی ڕێکخراوە مەدنییەکان، سێهەم خزمەت بە کولتوور و شوناسی نەتەوەیی وەک هەر تاکێکی کورد لە ڕێگای هونەر و بەشەکانییەوە، چوارەم کەڵکوەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانی کەسایەتییە نەتەوەییەکان کە وەک سەرچاوەیەک بۆمان دەمێنەوە و لە ئێرانی داهاتوودا تەنیا حکوومەتێکی پلۆرال و دێموکراتیکە کە دەتوانێ مافی کولتووری و مافی کەمینەکان دیاری بکا و تەنیا نیزامێکی دێموکراسی و دادپەروەرە کە دەتوانێ زامنی پاراستنی مافی نەتەوەکانی ئێرانی داهاتووە بێ، هەر بۆیە با هەموومان پێکەوە بڵێن: بەڵێ بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی دێموکرات، بەڵێ بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ