خالید عەزیزی لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی کوردیی ئەمریکادا بە پێداگری لەسەر بنەما فکری و سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئێرانی داهاتوو ڕایگەیاند ئێرانی داهاتوو دەبێ لەسەر چەند بنەما دابمەزرێتەوە کە یەکەمیان قبووڵکردنی ئەو واقعییەتە کە وڵاتی ئێران فرەنەتەوەیە. دووهەم، لە پڕۆسەی بنیاتنانەوەی ئێراندا ناکرێ هەموو شتێک بە دێموکراسی لە داهاتوودا بسپێرین، بەڵکوو بە سەرنجدان بە ئەزموونی سیاسی لە سەت ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتەدا، دەبێ لەسەر چەند خاڵێکی جەوهەری ڕێککەوتنمان هەبێت کە بریتین لە: جیایی دین لە دەوڵەت، ڕەتکردنەوەی نیزامی سیاسیی پاشایەتی و تیۆکراسیی دینی، ڕەتکردنەوەی نیزامی سیاسی-ئیداریی ناوەندگەرا، باوەڕ بە دێموکراسی و ماف کە هەموو ئەو مافانە دەبێ قسەیان لەسەر بکرێت و لەسەریان ساغ بینەوە. لایەنە سیاسییەکان لە ئێران دەبێ بایەخ بە پەیامی کوردەکان بدەن کە ئەوان نەک هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی وڵات نین، بەڵکوو چارەسەری پرسی کورد و پرسی نەتەوەکان لە ئێران دەبێ وەک دەرفەت بۆ تێپەڕین لە قەیران و ناسەقامگیرییەکان وڵات چاویان لێ بکرێت؛ بەتایبەت کە دەوری بەرچاو و شوێندانەری کورد لە شۆڕشی خەڵک بەدژی کۆماری ئیسلامیدا شتێک نییە بکرێ حاشای لێ بکرێ یان ئەوەی پەراوێز بخرێت.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەو دیمانەیەدا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە باشترین بژاردە بۆ دروستبوونی ئاڵترناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی دەکرا لە نێوخۆی وڵات با، بەڵام بەداخەوە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری سەرکوت و داپڵۆسیندا مەجالی بۆ ئەوە نەهێشتۆتەوە. چونکی خەڵک لە نێوخۆی وڵات لە دڵی کێشە و ڕووداوەکاندان و باشتریش دەتوانن لەسەر چارەسەرەکان ساغ ببنەوە و لەگەڵ یەکتری پێکبێن، بە واتایەکی دی جووڵانەوەی ئێعترازی و شۆڕشی خەڵک لە نێوخۆ پێی لەسەر عەرزی واقعە، بەڵام لە دەرەوە بەو چەشنە نییە. بۆیەشە خەڵک لە نێوخۆ لەنێو نەتەوە جیاوازەکاندا پشتی یەکتری دەگرن و لە بەرژەوەندیی یەکتر دروشم دەدەن و خۆیان بە هاوچارەنووس و هاوخەباتی یەکتری دەزانن؛ کەچی لە دەرەوە بە هێنانەبەرباسی هیندێک بابەتی وەک تەمامییەتی ئەرزی گرفت و ئاستەنگ لە بەردەم جووڵانەوەکەدا دروست دەکەن.
کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا گوتی کە دوای هاتنەگۆڕێی چەند مەنشوور و بەردەوامیی دانیشتنەکان و کاردانەوەکان لە نێوخۆی وڵات دەردەکەوێ کە ئاڵترناتیڤێکی کۆماریخوازیی دێموکراتیک و فرەچەشن پتر دەتوانێ بەختی ڕاکێشان و یەکخستنی خەڵکی لە دژی کۆماری ئیسلامی هەبێت. بەڕێزیان لەبارەی ئاستی هاوپێوەندیی نەتەوەیی و یەکگوتاریی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕایگەیاند ناوەندی هاوکاری کە وەک هەنگاوی یەکەم پاش زۆر لێکترازان و پڕشوبڵاویی هێزە سیاسییەکان دامەزرا، بۆ کۆمەڵێک کاروپڕۆژەی هاوبەشی ڕۆژانەی خەبات باش جووڵاوەتەوە. بەڵام ئەگەر بیهەوێ کاری گەورەتر بکات، دەبێ پەرەی پێ بدرێ. ئەگەر بمانەوێ بیکەین بە بەرە، بەرە بە دوو حیزب پێک نایەت و دەبێ سەرلەنوێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ و هێز و لایەنی سیاسیی دیکەش خۆی تێدا ببیننەوە.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی گڕوتین گرتنەوەی شۆڕشی ژینا گوتی: کۆماری ئیسلامی بە زەبری چەک و توندوتیژی توانیویەتی شەقامەکان هێور بکاتەوە، بەڵام ئەوە کاتییە. چونکی کێشە و قەیران و پرسەکان بە چارەسەرنەکراوی هەر لەجێی خۆیانن؛ بەتایبەت قەیرانی ئابووری کە چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتییەکانی لێ دەکرێ. بۆیە سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە سازان و پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە دەیەوێ شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەر بکاتەوە هەتا کێشە و قەیرانەکانی وڵات وەک پرسێکی نێوخۆیی دەربخات؛ بەڵام ئێمە دەبێ لە قۆناغی یەکەمی شۆڕشی ژینادا ئەزموونی پێویستیمان بۆ بەردەوامیی شۆڕش و جووڵانەوەی ناڕەزایەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی وەرگرتبێت.
کاک خالید عەزیزی لەبارەی بەردەوامیی شۆڕشی ژینا و کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە کوردستان گوتی: ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان جیاواز بوو. توندوتیژیی زیاتر لە کوردستان کرا، لەچاو ناوچەکانی دیکە خەڵکێکی زۆر زیاتری لە کوردستان کوشت و بگرە و بەردەی زۆر زیاتری وەرێخست. ویستی حیزبەکان تووشی شەڕ بکات بۆوەی باشتر و ئاسانتر شەرعییەت بە سەرکوت و کوشتاری خەڵک لە کوردستان بدات و تەنانەت بۆ گوشارخستنە سەر حیزبەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات و چەند جار هێرشی مووشەکیی کردە سەری. بۆیە بۆ سەرخستنی جووڵانەوەکە و دەستەبەری دەسکەوتی پتر و کەمکردنەوە لە تێچووەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان دەبێ زیاتر ڕەهەندی سەرانسەریی پێ بدرێ و بۆ ئەوەش دەبێ وێژمانێک زاڵ ببێ کە هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئێران خۆیانی تێدا ببیننەوە.
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاماژە بە فاکتەری دیاریکەری کورد لە هاوکێشەکانی ئێراندا و پرسی هاوپەیمانی گوتی: کورد ئەزموونی دەیان ساڵ خەباتی سیاسی و مەدەنی و کاری ڕێکخراوەیی هەیە و بەشەکانی دیکەی ئێران پێویستییان بەو ئەزموونە هەیە و ئەو چاوەڕوانییەش هەر لە کورد دەکرێت، چونکی داهاتووی ئێران دەبێ لەسەر بنەمای کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی بنیات بنرێتەوە و کورد لەو پێوەندییەدا ئەزموون و پاشخانێکی دەوڵەمەندی هەیە. بەڕێزیان لەبارەی پشتیوانیی دەرەکی لە جووڵانەوەکە گوتی: پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی سەقامگیریی ئەمنییەت و بەرژەوەندی بیچمی گرتووە، بەڵام دنیای دەرەوە هەتا ئێستا ئەو قەناعەتەی بۆ دروست نەبووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوا و بە ئێعتباری ئەوە بێن گرینگی بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە بدەن و بیکەنە لایەنی بەرانبەری خۆیان.