کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری جێبەجێ کرد.
دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسی محەمەد عەباسی جێبەجێ کراوە.
ناوبراو کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگاوە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی شاری مەلارد بە ناوی "شاهین دێهقانی"ی خرایە پاڵ و دوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە، سزای "قەساس"ی بەسەردا سەپا.
ئەم لەسێدارەدانە لەکاتێکدایە کە ڕەوتی دادگاییکردنەکەی گومانی زۆری لەسەر بوو؛ ڕۆژنامەی "ئیعتماد" پێشتر بڵاوی کردبووەوە کە پارێزەری محەممەد عەباسی لە دادگادا جەختی کردووەتەوە کە کوژراوەکە بە چەندین جۆر چەکی جیاواز بریندار کراوە و هەموو لێدانەکان بە چەکی محەممەد نەبوون، بەڵام دەزگای دادوەری بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بەڵگانە حوکمەکەی دەرکرد.
هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" باسی لەو کردووە کە بەرپرسانی زیندانی قزڵحەسار لە هەڵسوکەوتێکی نامرۆڤانەدا، بنەماڵەی عەباسییان بە مەبەستی دوایین دیدار بانگ کردووە، بەڵام ڕێگەیان پێنەداون بیبینن و دوای گەڕانەوەیان، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تلفۆنییەوە هەواڵی لەسێدارەدانی ڕۆڵەکەیان پێ ڕاگەیاندوون.