کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا کرێکاران ئەرکی قورسیان گرتووەتە ئەستۆ

15:50 - 10 بانەمەڕ 2723

پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار

بەرەوپیلی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەچێن. بەو بۆنەیەوە کە ڕۆژی هاوپێوەندیی جیهانیی کرێکارانە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە چینی زەحمەتکێش و بنیاتنەری کرێکار لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەکەین. هەروەها لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆمان لە ماف و داخوازە ڕەواکانی کرێکاران لە کوردستان و ئێران، سەرکەوتنیان لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و گۆڕینی هەلومەرجی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتدارەتی و سیاسەت و قانوونەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاوات دەخوازین.

خەڵکی کرێکار لە ئێران ئەگەرچی زۆرترین پشکیان لە هەڵسووڕاندنی چەرخی ئاوەدانی و بەرهەمهێناندا هەیە، بەڵام کەمترین داهات و دەسکەوتیان لە بەرهەمی ڕەنج و ماندوویەتیی خۆیان پێ دەبڕێ و زۆرترین ستەمیان لە سۆنگەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیمەوە لێ دەچێت. مووچە و حەقدەستی دیاریکراو بۆ کرێکاران نەک هەر وەڵامدەری سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان نییە، بەڵکوو هەر ئەو کەمە حەقدەستەش بە ناڕێکوپێکی پێیان دەدرێ.

قانوونی کار لە ئێران هەمووی لە بەرژەوەندیی خاوەنکاردایە و ئەگەرچی لە ئەسڵی ٢٦ی یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا باس لە مافی دامەزرانی ڕێکخراوە سەربەخۆ، ئازاد و سینفییەکانی کرێکاران کراوە، بەڵام ماددەی ١٣١ی یاسای کار، کرێکارانی ناچار کردووە تەنیا لەو ڕێکخراوە فەرمییانەی وەک "شوڕا ئیسلامییەکانی کار"دا ببنە ئەندام کە لە یاسای کاردا ناویان هاتووە. بەمجۆرە کرێکاران سیستماتیک لە مافی دامەزرانی سەندیکا و یەکیەتیی ئازاد و سەربەخۆ بێبەش کراون. لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بەئەمنییەتی دەکرێن و لەو سۆنگەیەوە چالاکانی کرێکاری دەسبەسەر و حوکمی زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێ. وەک چۆن ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو لەگەڵ نیزیکبوونەوە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، چالاکانی کرێکاری بانگ دەکرێنە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەخرێنە ژێر گوشاری هەمەلایەنە تا لەو ڕێگەیەوە بەر بە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بگرن.

کۆمەڵگەی کرێکاریی ئێران بە دەست سیاسەتی ئابووریی کۆماری ئیسلامییەوە زۆرترین زیان و خەساری وێ کەوتووە. بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا پڕۆژەی حکوومەت بۆ خسووسی‌ یان "خسوولەتی"کردن کە لە ڕاستیدا پاوانکردنی کۆمپانیا و کارگە و کارخانەکان لەلایەن دەوڵەت یان ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە، ماڵوێرانیی کرێکارانی چەند قات کردووە و داڕمان و هەرەسهێنانی ئابووری، بێکاریی کرێکاران و فرۆشتن و تاڵانکردنی سامان و دارایی یەکە ئابوورییەکان بەشێکی بچووک لە دەرەنجامەکانی ئەو سیاسەتەی ڕێژیم بووە کە کۆمەڵگەی کرێکاری زۆرترین تێچووەکەی داوە.

لە تەنیشت ئەمە، گرێبەستی کاتییش کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگەی کرێکارییە بە جۆرێک کرێکارێک کە ڕابردووی ١٥-٢٠ ساڵ کارکردنی لە یەکەیەکی بەرهەمهێنەر یان خەدەماتی هەیە، گرێبەستی کاریی ٣ هەتا ٩ مانگەی لەگەڵ دەبەسترێ، ئامانج لەوەش ئەوەیە خاوەنکار هەر کات پێویستیی پێ نەما وەدەری بنێت. کاتێکیش قووڵایی ئەو کارەساتە بەرچاو دەکەوێ کە دەبینین بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی حکوومەت ٩٧٪‏ی کرێکاران لە ئێران گرێبەستەکانیان کاتییە.

چەندی‌وچۆنیی مووچە و حەقدەستی کرێکاران هەموو کاتێک یەکێک لە داڵغە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کرێکاری لە ئێران بووە. بێگومان ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان حەقدەست و مووچەی کرێکاران و هەڵاوسانی ئابووری ئەرکی سەرەکیی ئەو دەوڵەت و نیزامە سیاسییانەیە کە ئابوورییەکی یەکانگیریان نییە. بەڵام ئەو هاوسەنگییە لە ئێراندا کە هەڵاوسانی ئابووری بە شێوەیەکی هەوسارپچڕاو بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر هێڵی هەژاری، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دۆخ و ژیانی کرێکاران داناوە. هاوکات دۆخی داتەپیوی ئابووریی ئێران هەروەها وای کردووە هاوتەریب لەگەڵ داخرانی زۆر کارگە و کارخانە لە ئاستی وڵاتدا، کرێکارانی ئەو کەمە کارگە و کارخانەیەش کە بە زەرفییەتی نیوە و کەمتری خۆیان کار دەکەن، مووچە و حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیاندا نەدرێتێ و بۆ چەند مانگ و پتر لە شەش مانگ و تەنانەت ساڵیش دوا بکەێت.

کۆمەڵگەی زیاتر لە ١٤ میلیۆن کرێکاری کەرتی گشتی و تایبەتیی ژێر چاودێریی ڕێکخراوی دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی و نیزیک چوار میلیۆن کرێکاری خانەنشین لە ئێران ساڵی ١٤٠١ی هەتاوییان لە کاتێکدا بەڕێ کرد کە لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی ئەو ساڵەیان لەچاو هێڵی هەژاری و سەبەتەی بژیوی بنەماڵەکان ٥٠٪‏ کورتیی دێنا. ئەوان ساڵی نوێشیان لە دۆخێکدا دەست پێ کردووە کە دیاریکردنی پێنج میلیون و سێسەد هەزار تمەن وەک لانیکەمی مووچە بۆ ساڵی ١٤٠٢، ئەویش لە کاتێکدا کە بەپێی ئاماری ڕەسمیی وەزارەتی کار هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی ١٤ میلیۆن تمەن دیاری کراوە، کاریگەریی قوورس و کارەساتباری لەسەر ژیانیان داناوە. سەرباری ئەوە کرێکاران لە ئێران ئەمنییەتی گیانییان نییە و کەمترین ستاندارەکانی پاراستن لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان ڕەچاو دەکرێن. ئاماری ڕوو لە هەڵکشانی ڕووداوەکانی کار کە گیانلەدەستدان، برینداری و نوقسانیی کرێکارانی لێ دەکەوێتەوە، لە کاتێکدایە کە یەک لە سەر سێی کرێکاران بیمە نین. لە کرێکارانی بیمەکراویش کەمتر لە یەک لە سەر سێیان لە بەشی پیشەسازی و بیناسازیی وڵاتدان کە زیاتر لە ٦٠٪‏ی ڕووداوەکانی کار کە مردنی کرێکارانی لێ دەکەوێتەوە، لەو بەشەدا ڕوو دەدەن.

دۆخی کرێکاران لە کوردستان لەوەش دڵتەزێنترە. هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت نرخی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستان لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی وڵات زیاترە، لەبەر ئەوەی هەم لە نیزامی پاشایەتیی پەهلەویدا و هەم لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی بنەڕەتی و پیشەیی ئەوتۆ لە کوردستان نەکراوە و کوردستان سیستماتیک پەراوێز خراوە. هەموو هەوڵی دوو ڕێژیمی ناوەندگەرا ئەوە بووە کوردستان نەبێتە ناوچەیەکی پیشەیی و بە ڕوانگەیەکی ئەمنییەتییەوە سەیری کوردستان کراوە و لە پلان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێناندا بەئانقەست پشتگوێ خراوە. ئەوەش وایکردووە کە خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی کوردستان بۆ دابینکردنی بژیوی ڕۆژانەی ژیانیان ڕوو لە ناوچە و پارێزگا پیشەییەکانی دەرەوەی کوردستان بکەن، یان مل وەبەر کۆڵبەری بنێن کە دەبینین لەو سۆنگەیەشەوە ساڵانە چەند سەد کەس لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن و بریندار دەبن.

ڕۆژی جیهانیی کرێکار ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ نەهێشتنی سەرەڕۆیی سیاسی، نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و کۆتاییهێنان بە بێ‌مافیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی مێژووی خۆی کردووە. لەو شۆڕشە هەمەلایەنەیەدا لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا کرێکاران ئەرکی قورسیان گرتووەتە ئەستۆ و لە ڕیزەکانی پێشەوەی ئەو خەباتەدان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بێ‌درێغ و هەمەلایەنەی خۆی لە مافی کرێکاران و خانەنشین‌کراوان و پشتگیری لە خەباتی ئەوان بۆ دەستەبەری سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان، پێ لەسەر ئەو بابەتە دادەگرێتەوە پرسی وەدیهاتنی مافی کرێکاران و گۆڕینی دۆخی ئەوان لەگرەوی گۆڕینی نیزامی سیاسی لە ئێران‌دایە. بۆیە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران پێویستە بە یەکگرتویی و هاوخەباتی بۆ ئەو مەبەستە کە ئامانج و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی تێدایە، تێ‌بکۆشین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی