کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد وەک مەرجەع! (بە بیانووی مەنشووری جۆرج تاون)

23:54 - 15 خاکەلێوه 2723

ناسر باباخانی

یەک: لێکەوتەکانی مەنشوور

ئەوەی کە چەند لایەنێک پێکەوە کۆ دەبنەوە، چ وەک جەریانێکی سیاسی یان چ وەک تاکەکەس و دواتر مەنشوورێک بڵاو دەکەنەوە کە لە ڕاستیدا مەبەستە سەرەکییەکەی نەخشەڕێگایەکە بۆ داهاتووی ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی، خۆی‌لەخۆیدا نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە تاکەکانی نێو ئێران، نەتەوەکانی نێو ئێران لە زەینی خۆیاندا پڕۆسەی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامییان تەواو کردووە، یانی لە زەینی خەڵکدا کۆماری ئیسلامی تەواو بووە. ئیتر ئەمە کە دەسەڵات و هێزی ئەوەیان نییە بەکردەوە ئەم کارە بگەیەننە ئەنجام ئەوە باسێکی دیکەیە. بەڵام هۆکاری دەرچوونی ئەم مەنشوورانە ئەوەیە لە زەینی خەڵکدا (چ وەک تاک، چ وەک حیزب و چ وەک نەتەوە) کۆماری ئیسلامی تەواو بووە، کەوابوو ئەمە دەبێ وەک خاڵێکی پۆزێتیڤ و ئەرێنی وەربگرین کە خەڵکانێک لە فکری ئەوەدان کە ئەم جۆرە مەنشوورانە بڵاو بکەنەوە. دیارە ئەمە ڕێک دەکرێ ببێتە پاساوی بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفڕانس جۆربەجۆرەکانیش بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی.
خاڵێکی گرینگی دیکەش ئەوەیە بەرلەوەی هێزە سیاسییەکان بگەڕێنەوە نێوخۆی وڵات، لە دەرەوە دەکرێ ئەو کێشانەی بە هەڵپەسێردراوی هەر لە سەردەمی پەهلەوی‌ڕا تا کۆماری ئیسلامی ماونەتەوە و باسکردنیان بە جۆرێک بڤە بوو لایەنەکان بە تۆخی بیروبۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن. بۆ وێنە لایەن هەیە بە هیچ جۆرێک پێمل‌ بەوە نابێ کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، پێمل بەوە نابێ کە مافی دیاری کردنی چارەنووس هەبێ، پێمل بەوە نابێ کە زمانی دایک لە قوتابخانەکان پێی بخوێندرێ و ئەمە ئەو لایەنە ڕاست‌ئاژۆیە کە خۆ لە قەرەی فاشیزم دەدا. لە هەمان کاتیشدا هەندێک هێزی دێموکراسیخواز هەن کە ڕێک پێچەوانە بیر دەکەنەوە، یان بەشی زۆری نەتەوەکانی ئێرانیش لە جەمسەری بەرەی دژە-فاشیست‌دان. کەوابوو لێرەدا لەژێر تیشکی ئەم جۆرە مەنشوورانەدا سیمای ڕاستەقینەی لایەنەکان زیاتر خۆ دەردەخا و تۆ دەتوانی ساغ ببیەوە کە دەتوانی لەگەڵ کێ ببی بە تەرەف، یان دواتر بەرەیەک لەگەڵ کێ ساز کەی!

دواجار لە نێو زنازنای ئەم بۆچوونانەدا بیرۆکەی ئاڵترناتیوەکە شكڵ دەگرێ، تەنانەت ئەگەر خودی ئاڵترناتیوەکە ساز نەبێ. بە واتایەکی تر دەکرێ تۆ وەک کورد لە ناو جەریانە جۆربەجۆرەکان‌دا بە پشتیوانی فکری و تیۆریک، ڕێکخراوەیی و مەیدانی و هەروەها ئەزموونی مێژوویی – کە ئەوانی تر لێی بێ‌بەرین - جڵەوی بیرۆکەکە بە دەستەوە بگری.

دوو: لە ٧+١ تا ٥+١

لە زانستی فیزیکدا کاتێ تیشکی سپی بە مەنشووردا تێدەپەڕێ، دابەش دەبێ بە حەوت ڕەنگی جیاواز! چاوەڕوان دەکرا ئەم مەنشوورەی بە ناوی "مهسا" دەرکراوە وەها تایبەتمەندییەکی هەبێ و جیاوازییەکان نیشان بدا. چون لە ڕاستیدا جەوهەری سەرەکی دێموکراسی ڕێزگرتنە لە چەمکی کەمینە. کە تەواوی مافەکانی کەمینە دابین نەبوو، دێموکراسی دەبێتە پڕۆسەیەکی سەقەت. ئەمەش سەرەکیترین گرفتی ئەم مەنشوورەیە، واتە تەعبیر لە دۆخێکی دێموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی هەمەڕەنگ و جۆراوجۆر ناکا.

هەر لە سەرەتاوە ئەو دانیشتنەی جۆرج‌تاون نوێنەرایەتی کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنی نەدەکرد و ڕەخنەکە ئەوە بوو کە میچی ئەو دانیشتنە کورت بوو و دەبوایە خەڵکانێکی زۆرتری تێدا بەشدار بوایە و بەتایبەتی ڕەنگدانەوەی نەتەوەکانی دیکەی تێدا دیار بوایە. ئەگەر زۆر ڕاشکاوانە بدوێین پێکهاتەکەی ٧+١ بوو. حەوت کەس سەرەڕای جیاوازیی سیاسی بەڵام بەگشتی لێکتر نیزیک بوون و لە یەک کەسەکە دوور، ئەو یەک کەسەی فاشیستەکان بۆ حیزبەکەی هەشتەگی تێرۆریستیان ساز کردووە! تەنانەت بۆ نووسینی مەنشوورەکەش ئەو یەکە هەر بەتەنیا بوو: ٥+١

لە ''منشور همبستگی و سازماندهی برای آزادی (مهسا)'' لە دوو شوێن هەست بەوە دەکەی کە بۆچوونەکانی مەنشوور و دنیای دەرەوە لەگەڵ یەکتری ناتەبان، بە چ مانا؟ من گومانم لەوەدا نییە کە لەو مەنشوورەدا کە باسی یەک میللەت و یەک زمان نەکراوە و بە خاڵێکی ئەرێنی وەردەگرم، بۆچوونی خۆم ئەوەیە کە پێداگریی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەمە. بەڵام کێشەکە ڕێک لێرەڕا دەست پێ دەکا کە دەبێتە شتێکی زۆر نێگەتیڤ، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەرچی کاک عەبدوڵڵا وەک کورد، وەک نەتەوە بەری بەوە گرتبێ کە یەک میللەت و یەک زمان لە مەنشوورەکەدا نەبێ، بەڵام ئەمە تەعبیر لە واقیعی دۆخەکە ناکا، بەو مانایە کە ئەمە پاککردنەوەی سووڕەتی مەسەلەیە. واتە مەنشوورێکت داوەتە دەرێ کە تێیدا بەڕاشکاوی باسی دەوری زمان ناکرێ، باسی فرەنەتەوەیی و چەندمیللەتی ناکرێ. یان کاک عەبدوڵڵا کاتێک لە تلویزیۆنی بی‌بی‌سی قسە دەکا باسی فرەنەتەوەیی و چەند میللەت دەکا، بەڵام کوڕی شا و ئەوانی تر باسی یەک نەتەوە دەکەن. کەوابوو لە دەرەوەی مەنشوور قسەکان ناتەبان و ئەمە نەقزی غەرەزە و بۆیە هەر لە سەرەتاوە مەنشوورەکە لەسەر بنەمایەکی دروست دانەندراوە و لە دواڕۆژدا کێشەخوڵقێنە!

سێ: ڕوانینێکی هێماناسانە

لە یەکەم ڕۆژەوە کە وشەی مەنشوور لە دانیشتنی جۆرج تاون هاتە گۆڕێ، جۆرێ لە هەستی خۆسەپێنی بە هۆی ئەم وشەوە سازبوو بە حوکمی ئەوە کە نەتەوەی دەسەڵاتدار بەردەوام مەنشووری کوروشی وەک یەکەم جاڕنامەی مافی مرۆڤی دەرخواردی نەتەوەکانی تر داوە و لە سەرکوتیان بۆ ساتێکێش نەوەستاوە. ئەمە جۆرێ لە سەپاندنی ناسنامەییە بەسەر نەتەوە ژێردەستەکاندا، بۆیە لەبری مەنشوور دەکرا لە هاوتایەکی تر کەلک وەرگیرێ. دیارە ئەم ئیرادە مەنشوورەکانی تر ناگرێتەوە چون تەنیا ڕەزا پەهلەوی کوڕی شایە و لە سەردەمی حەمەڕەزا شادا، کوروش دەوری تایبەتی دەبینێ لە هێماکانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا!

لە دوو شوێنی ئەم مەنشوورەدا دوو پەڕانتێز هەیە کە ئەوانیش هەڵگری خوێندنەوەیەکی هێماناسانەن. یەکێکیان هەر لە سەرەتای مەنشوورەکەدایە کە دەڵێ: پس از قتل مهسا (ژینا) امینی ئەوی تریان لە بەشی حکمرانی دموکراتیک لە مادەەی دوودا کاتێ کە دەڵێ: حفظ یکپارچگی سرزمین ایران با پذیرش گوناگونی زبانی، قومی (اتنیکی)، مذهبی و فرهنگی آن.
وەک دەزانین مەهسا ناوی شناسنامەیی ژینایە، ناوی سەپێندراوی دەسەڵاتە. بە حوکمی ئەوە کە لە ماڵێ بە ژینا بانگ کراوە و ئەو نێوەیان بەلاوە خۆشتر و کوردیتر بووە بەڵام دەرەتانی ئەوە نەدراوە کە نێوە کوردییەکەی لێ‌بنرێ، کە چی لە خودی ئەم بەیانییەدا دیسان ژینا دەخرێتە پەراوێزەوە.
تەنانەت لە سۆشیال مێدیاشدا دەبینی کە فاشیستەکانی لایەنگری پەهلەوی بەتایبەتی، بە ڕاشکاوی هێرش دەکەنە سەر ناوی ژینا. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە کورد ئەگەرچی لە کۆماری ئیسلامیدا مافی نێولێنانی لێ زەوت کراوە، کەچی لێرەش دەخرێتە پەراوێزەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ قەوم و ئیتنیکدا کە لەبری میللەت و نەتەوە دەکار کراون پێم‌وایە دەوری کاک عەبدوڵڵای موهتەدی بۆ ئەوەی کە ئەم پەرانتێزە دابندرێ و ئیتنیکی تێدا بنووسرێ حاشاهەڵنەگرە کە دەکرێ وەک خاڵێکی پۆزێتیڤ سەیر بکرێ بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە! بەو مانایە کە دیسانەکە لێرەدا پاککردنەوەی سووڕەت مەسەلەکەیە و لادان لەو حەقیقەتەیە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. کەوابوو ئەگەرچی لەم مەنشوورەدا ئاماژە بە یەک میللەت و یەک زمان نەکراوە بەڵام بە هیچ شێوەیەکیش ئاماژە بە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی و چەند میللییەتی نەکراوە و ئەمانە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆکارێک بۆ سازبوونی کێشەی جیددی لە دواڕۆژی پاش کۆماری ئیسلامیدا.

چوار: ئەم مەنشوورە و مەنشوورەکانی تر

لەم ماوەیەدا چەند مەنشوورێکی تریش بڵاوبۆوە کە زۆر سەرنجڕاکێش بوون و تەنانەت لە مەنشووری گۆرین پێشکەوتووترن:

- منشور۱۲ ماده‌ای ۲۰ تشکل صنفی مستقل تحت عنوان "برنامه حداقلی انقلاب اجتماعی"

- منشور ٢٣ مادەای فراگیر حقوقی دانشگاهیان برای انقلاب ژن-ژیان-ئازادی

- منشور ١٧ مادەای همبستگی و سازماندهی برای آزادی از طرف:

حامد اسماعیلیون، نازنین بنیادی، رضا پهلوی، شیرین عبادی، مسیح علینژاد و عبدالله مهتدی

- لایحه حقوقی فعالان جنبش زنان تحت عنوان «همبود فمینیستی ایران برای ژن، ژیان، آزادی»
- بیانیه ۵ تشکل جمهوری خواهان سکولار دموکرات، رهبریت جمعی و متکثر

پێم باشە لەگەڵ ئەم مەنشوورانەدا، دە ماددەکەی سازمان مجاهدین خلق کە زۆر لەوە پێشتر دەراوە تەدەرێ، سووکەلەنگەرێکیش لەسەر ئەو بگرین.
وەک باسم ‌کرد ئەم مەنشوورە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکی چەندبنەکی بە مانای فرەنەتەوەیی تێدا نییە. لە بەشی حکمرانی دموکراتیک‌ ماددەی ٢دا باس لە حفظ یکپارچگی سرزمین ایران دەکا بەڵام ئاماژەش دەکات بە پذیرش گوناگونی زبانی، قومی (اتنیکی)، مذهبی و فرهنگی.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئەم هەمەجۆرییە چۆن دەسەلمێندرێ؟ شێوەڕوانینی بەکەمگرتن و لە سەرەوەڕا ڕوانین بۆ پرسی ملت و زەقکردنەوەی قوم ئایا دەتوانێ بە مانای قبووڵی نەتەوەکانی تر بێ؟ یان کوڕی شا کە ئەم مەنشوورەی واژۆ کردووە و بە دەیان جار گوتوویەتی کە من فێربوون بە زمانی دایک نازانم یانی چی؟ ئەمانە دەتوانن بە واتای سەلماندنی ئەم گوناگونی‌یە بن؟

دواتر لە بەندی ٣ی بەشی حکمرانی دموکراتیک‌دا ئاماژە بە تمرکززدایی از قدرت با سپردن اختیارات مالی، اداری و سیاستگذاری بە نهادهای منتخب استانی، شهری و ناحیەای.

لێرەدا دوو پرسیار دێتە ئاراوە، یەکەم ئەوەیە کە تمرکززدایی از قدرت با سپردن اختیارات مالی، اداری تەنیا مالی، اداری دەگرێتەوە؟ ئەدی سەبارەت بە اختیارات‌ی ئەمنی و ئیتلاعاتی؟ چون ئەمە کێشەیەکە کە ئێمەی کورد بەردەوام لەگەڵی ڕووبەڕوو بووین و حافزەی گشتی کورد تاڵترین بیرەوەریی لەم بەشە هەیە. هەم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا و هەم عەسری پەهلەوی، ئیتلاعات و ساواک بۆ کورد نمادی ستەمێکی هەوسارپساون کە ڕێک سیلەیان لە پێناسەی نەتەوەیی گرتووە، بۆیە گرینگە کە کورد دەسەڵاتی بەسەر پرسە ئەمنییەکانی خۆیەوە بێ.

دواتر ئاماژە دەکا بە نهادهای منتخب استانی، شهری و ناحیەای، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم نهادهای منتخب استانی ئایا هەمان پێکهاتەی دابەشبوونی وڵات (ساختار تقسیمات کشور)ە؟ واتە هەمان پێکهاتەی دابەشبوونی وڵات لە کۆماری ئیسلامی و پەهلەوی لەسەر بنەمای پارێزگا و شار؟ ئەمە ئاماژە بە کام ساختارە؟ بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران کە لە قالبی نەتەوەکاندا خوازیاری سیستمێکی فیدراڵین لێرەدا چیان بەسەر دی؟
دیسان هەر لە بەشی حکمرانی دموکراتیک‌دا ئاماژە بەوە دەکا کە تعیین نوع حکومت از طریق همەپرسی بکرێ! باشە، بۆ وێنە لە پاش کۆماری ئیسلامی ئەگەر کورد بیهەوێ ساختارێکی فیدراڵی هەبێ ئەم ڕیفراندۆمە چۆناوچۆن بەڕێوە دەچێ؟ ئایا نەدەبوایە لەو مەنشوورەدا ئاماژە بەوە کرابا کە جوغرافیای جێگیربوونی نەتەوەکان دەبێ ببێتە بنەمای ڕێفڕاندۆم و دەبێ ڕێفراندۆم تەنیا بۆ ئەوان و لە چوارچێوەی جوغرافیای ئەواندا بەڕێوە بچێت؟

پێنج: تەم‌ومژی نێو مەنشوور

لە بەشی حقوق بشر و کرامت انسانی ماددەی ٦ شتێکی زۆر گشتی و لە ڕاستیدا گۆترەبێژییە و هەڵگری تەفسیری جۆراوجۆرە کە ئەمە دواجار کێشە و سەرئێشە دەنێتەوە.

پذیرش جایگای زبان‌های مادری بر اساس قوانین و کنوانسیون‌های بین‌المللی، ئەم ڕستەیە زۆر گرینگە و دەمێک ساڵە کێشەی ناوەتەوە. سەرجەم جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ وەباڵ بۆ خوێندن بە زمانی دایک دەکێشن و ئەمە لە کاتێک‌دایە ٥ کەس لەم ٦ کەسە ئەم مافە بە نەتەوەکانی تر ڕەوا نابینن. ئەو یاسا و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییانەی باسی زمان دەکەن، زمان وەک میراتی فەرهەنگی مرۆڤایەتی پێناسە دەکەن و هەموو حەولێ دەدەن ئەم میراتە بپارێزن، کەچی کێشەی سەرەکیی ئێمە تەنانەت لەگەڵ ڕووناکبیرە فارسەکان لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هەر ئەوە بووە. گرفتی ئەم ‌جۆرە مەنشوورانە ئەوەیە کە تەفسیری دژواز هەڵدەگرن چون وردەکارییان تێدا نییە! یان لە جێگایەکی دیکە لە بەندی ٩ی هەر ئەم بەشەدا ئاماژە بە شتێک دەکا بە نێوی میثاق بین‌المللی حقوق مدنی و سیاسی. لە ئارتیکڵی یەکی ئەم میساقەدا ڕێک دەستەواژەی مافی دیاریکردنی چارەنووس هاتووە.

کاتێک لەم بەشەدا ئەو مەنشوورە باس لە میساقی میثاق بین‌المللی حقوق مدنی و سیاسی دەکا ئایا باوەڕی بە دیاریکردنی مافی چارەنووس هەیە؟ بێ‌گومان نا! تەنانەت یەکی وەک شیرین عیبادی دەڵێ پێویست ناکا سەرجەم ماددەکانی جاڕنامەیەک ڕەچاو کەین!

ئەگەر سەیری منشور فراگیر حقوقی دانشگاهیان بکەین لە ماددەی ٢١ و ٢٢دا جوابی ئەو دوو ئیرادەی کە ئێمە لە بەشی حکمرانی دموکراتیک و لە بەشی حقوق بشر و کرامت انسانی‌مان گرتووە بەم جۆرە دەداتەوە:

مادە ٢١: تعهد به استقلال قوا (مقننه، مجریه، قضائیه) و گذار بە یک جمهوری غیرمتمرکز فدرالیستی که لازمه‌ی نهادینه کردن دموکراسی در یک کشور پرجمعیت با شاخص تنوع فرهنگی بالا است.

مادە ٢٢: مخالفت با نگاه‌های مرکزگرایانه، امنیتی و ایدئولوژیک بە عنوان موانع اصلی در راه توسعە متوازن سیاسی، اقتصادی و آموزشی کشور و تاکید بر اتخاذ تمهیدات لازم برای جبران خسارت‌های ناشی از آن در مناطقی همچون بلوچستان، کردستان، لرستان، آذربایجان و اهواز.

 لە ماددەی ١٢ و ١٣ش‌دا دەڵێ:

مادە ١٢: پذیرش کثیرالمله بودن کشور ایران.

مادە ١٣: تعهد به توسعه‌ زبان‌های اول از جمله حق آموزش به زبان اول و پذیرش ساختارهای چندزبانه.
ئەو ماددانە مۆدێرن، دێموکراتیک، ورد و بێ‌گرێ‌وگۆڵ مەبەستی خۆیان دەپێکن. ئیتر وەک مەنشووری گۆرین تەم‌ومژاوی و گۆترەبێژی نین.

سەرنج‌ڕاکێش ئەوەیە کە تەنانەت لە بەیانییەی لایحه حقوقی فعالان جنبش زنان لەژێر سەردێڕی «همبود فمینیستی ایران برای ژن، ژیان، آزادی» بە سەڕاحەت باس لەوە دەکا کە دەڵێ ''حکومت باید آموزش ابتدایی هم بە زبان‌های مادری هم بە زبان‌های رسمی را برای همە شهروندان کشور فراهم کند'' واتە ئەم بەیانییەش پێشکەوتووترە لە مەنشووری گۆرین. ڕاستە ئەو هەر باسی پەروەردەی سەرەتایی دەکا بە زمانی دایک، بەڵام بەهەرحاڵ قائیل بەو مافە هەیە، کەچی لەم مەنشوورەدا ئەو وردەکارییانە نابینین.

ڕەنگە لێرەدا باس لە پێگەی کۆمەڵایەتی واژۆکەرانی مەنشوورەکان بکرێ و بگوترێ کە ئەمانەی مەنشوورەکانی تریان داوەتەدەرێ پێگەی حەقیقی و ‌حقووقیان نییە. بۆ من تا ئەو کات کە ڕاپرسی نەکراوە سەبارەت بە قورسایی تاکەکان یان لایەنەکان ناتوانم پوئەنێکی تایبەت بۆ ڕەزا پەهلەوی قایل بم. لەلایەکی تریشەوە من وەک خۆم سەیری دەقی مەنشوورەکان دەکەم بزانم چی تێدایە نەک ئەوەی کێ مەنشوورەکەی نووسیوە!

بوونی ئەم هەموو تەم‌ومژە، ئەم هەموو دژوازییە، پتانسییەلی تەفسیری جۆراوجۆر لەم مەنشوورەدا، کردوویەتی بە دەقێکی هێرمێنۆتیکی کە بۆ دواڕۆژ گرفتی جیددی ساز دەکا.

شەش: پەهلەویش

لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکەی دیکەدا کە باس لە عەداڵەت دەکا، کولانەوەی برینێکی مێژوویی کوردە و ئەو نەتەوانەی کە لەژێر دەسەڵاتی پەهلەویدا بریندار بوون. لە ماددەی ١٢دا زۆر بە جوانی دەڵێ: ''دادخواهی برای تمام قربانیان جمهوری اسلامی توسط کمیتەهای حقیقت یاب از طریق تشکیلات دادگاه‌های عادلانه و بی‌طرف با امکان دسترسی آزادانه به وکیل مستقل و انتخابی.'' بەڵام لێرەدا کەمایەسییەک هەیە، ئەویش لەبیرکردنی ڕێژیمی پەهلەوییە. لە سەردەمی پەهلەویدا چ ئێمەی کورد یا نەتەوەکانی دیکە بە سەدان کەسمان بە دەستی پەهلەوی لەبەر دەربڕینی بیروڕای سیاسی جیاواز زیندان کراون، ئەشکەنجە کراون، ئێعدام کراون، ماڵ‌بەدەر کراون، شاربەدەر کراون. بۆیە دەبێ ئەمە لە بەشی دادپەروەریدا باس کرابا کە دەوری پەهلەوی و سیستمە ئەمنییەکەی واتە ساواک چەندە دەورێکی ترسێنەر و سەرکوتکەرانەی بووە. واتە ناکرێ بە بۆنەی ئەوەی کە کوڕی شا لە پێکهاتەی ئەم چەند کەسەدایە بێنی چاوپۆشی بکەی لە ڕەفتارەکانی ڕێژیمی پێشوو سەبارەت بە ئازادیی بیروڕا، سەبارەت بە ئازادییەکانی تاکی و کۆمەڵایەتی، بۆیە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە جۆرێک پاردۆکسێکە بۆ داپۆشینی ستەمی پەهلەوی.

حەوت: کۆدی سەرکەت

لە بەشی صلح و امنیت‌ لە ماددەی ١٣دا باسی انحلال سپاە پاسداران انقلاب اسلامی و تمام زیرمجموعەهای آن دەکا. سپای پاسداران بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە گرووپێکی تێرۆریستی و خوێنمژن و ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بۆیە دەبێ سازمانێکی تیرۆریستی ئەوها بەیەکجاری بسڕدرێتەوە، لە ڕاستیدا ئەمە موغازەلەی کوڕی شا و سپای پاسدارانە!

دواتر دەڵێ وظیفە ارتش صرفا دفاع از یکپارچگی سرزمینی کشور باشد، لێرەدا یەک قەیدی تێدایە ئەویش صرفا! صرفا واتە تەنیاوتەنیا، کەوابوو مانای ئەم ڕستەیە ئەوەیە کە ئەرکی ئەرتەش پاراستنی وڵاتە وەک یەکەیەکی گشتی. لە هەموو وڵاتانی دنیا ئەرکی ئەرتەش بە پەلەی یەکەم پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە لە بەرانبەر هێرشی دەرەکی و وڵاتانی دیکەدا. یان وەزیفەی ئەرتەش ئەوەیە کە لە کارەساتێکی سروشتیدا وەک بوومەلەرزە و ئاگر و تۆفان و بۆرکان و شتی ئاوا سروشتی، خزمەت و یارمەتی خەڵکی لێقەوماو بکا. کەچی لێرەدا کاتێک تۆ وەزیفەی ئەرتەش سێرفەن بۆ یەکپارچەگی سەرزەمینی باس دەکەی ئەمە لە حەقیقەتدا کۆدی سەرکوتە. واتە گریمان سبەی ڕۆژێ خەڵکانێک داوای سەربەخۆیی دەکەن وەک بیروباوەڕ، چەکیشیان پێ نییە و دەڵێن ئێمە دەمانهەوێ سەربەخۆ بین، چیان لێ‌دەکەن. کاتێک دەڵێی وەزیفەی ئەرتەش سێرفەن یکپارچگی سرزمینی کشورە کەوا بوو بۆ پاراستنی ئەم یەکپارچەییە خەڵکیش دەکوژن؟ ئەوەیە کە ئەم دەستەواژانە، ئەم ڕستانە مەترسیدارن و کاریگەریی نەرێنیان هەیە.

هەشت: شۆڕش‌بەش و مەرجەع بوون

ئێستا حەولێک لە سۆشیال مێدیا یان لە تلویزیۆنەکاندا لەئارادایە کە تێیدا بیرۆکەیەکی فاشیستی بەدژی ئەم مەنشوورە هەڵوێست دەگرێ، کە زۆربەیان لایەنگری کوڕی شان. ئەوان بۆ وێنە پێیان وایە کە چون لەم مەنشوورەدا وشەی یەک میللەت و یەک زمانی تێدانەهاتووە غەدرێکی گەورە لە ئێران کراوە و ئەمە ڕێخۆشکەرە بۆ چەسپاندنی چەمکی فرەنەتەوەبوونی ئێران کە دواتر دەبێتە هۆی تەجزیە!
هەرچەند ئەمە دەکرێ وەک جۆرێک لە تاکتیک سەیر بکرێ، بەڵام دەکرێ بەم شێوەیە بەرپەرچ درێتەوە: کە سەیر دەکەی کورد لەو شۆڕشەدا قوربانی سەرەکییە، سەمبولی ئەم خەباتە کیژێکی کوردە، دروشمی سەرەکی ئەم شۆڕشە دروشمێکی کوردییە کە فەلسەفەی خۆی لەپشتە، مانیفێستی ئەم شۆڕشە لەسەر مەزاری شەهیدان لەلایەن دایک و باوکانەوە دەگوترێتەوە، کوردستان زیاترین قوربانیی داوە چ بە هێزە سیاسییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و چ لە نێوخۆی وڵاتدا، کورد نیشانی داوە لەم ڕاپەڕینەدا جوابی هێزە سیاسییەکانی خۆی لە چ ئاستێک‌دا داوەتەوە هەم بۆ مانگرتن هەم بۆ خۆپێشاندان و هەم پشتیوانی لە دەرەوەی وڵات. بۆیە ئەمە زۆر ئاساییە کە کورد لەم نێوەدا داوای شۆڕش‌بەشی خۆی بکا.
دیارە ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی چەمکی بەرابەری و یەکسانیی گەلان و تاکەکان نییە، بەڵام بەهەرحاڵ یەکەیەک کە هەزینەی زیاتر دەدا، دەبێ دەنگیشی زیاتر ببیسرێ. بێ‌گومان وەک باسم کرد قورسایی و شوێندانەریی گەلی کورد لەم شۆڕشەدا لەچاو هەموو لایەنەکان لە بەرزترین ئاستی خۆی‌دایە. بەڵام قورسایی کەسێکی وەک پەهلەوی دیار نییە هەرچەند بۆ من پێم‌وایە کە وەزنێکی زۆر کەمی هەیە، چون تا ئێستا بوێریی ئەوەی نەبووە کە لە ئورووپا بانگەوازێک بدا بۆ خۆپێشاندان. بۆیە کاتێک تۆ وەک کورد ئەو وەزن و قورساییەت هەیە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەی کە دەوری "مەرجەعییەت" بگێڕی، ڕێک ئەو کارەی کە لە ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ٥٧ یان دواتریش لە پەیوەندی لەگەڵ موجاهدین و پاشایی‌خوازەکان  دوکتور قاسملوو کردی. بۆ وێنە کە باسی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکا لە پێشدا باسی مافی نەتەوەکانی دیکە دەکا! بۆیە بە حوکمی ئەو پشتیوانییەی کە کورد هەیەتی دەبێ وەزنیشی لەم دانیشتنانەدا زیاتر ‌بێ.

نۆ: وەک دواوتە

ئەوەی ڕاستی بێ ئەم مەنشوورە دەکرێ وەک ١+٥ سەیر بکرێ. ئەو یەکەی حەولی خۆی داوە، بەڵام کورد کوتەنی هەر ئەوەندەی قەوە پێ‌شکاوە. کێشەکە ئەوە نییە کە لەگەڵ ئەوان لەسەر هەندێ خاڵی هاوبەش وەک شتێکی لانی‌کەمی ڕێک کەوێ، کێشەکە ئەوەیە کە گرفتی جەوهەری لەگۆڕێ‌دایە. شێوەڕوانینی ئەوان و ئێمە بەنیسبەت هەموو پرسەکان جیاوازە و بۆیە داکۆکیکردن لە مەنشوورەکە پاساوە. ئەگەر تەنیا کوردێک بۆ ئەم دانیشتنە بانگهێشت کراوە لە لایەن ئەوانەوە، هۆکارەکەی قورسایی کوردە لەم شۆڕشەدا. کورد دەبێ باوەڕی بە تواناییەکانی خۆی هەبێ و دەبێ خۆی وەک مەرجەعێک پێناسە بکا و مەنشووری تایبەت بە خۆی هەبێ و نەتەوەکانی تریش لە دەوری ئەم مەنشوورە کۆ کاتەوە و ئەم جار ئەوانی تر لەسەر مەنشوورەکەی بدوێن.

کاتێ سەعد زەغلوول ڕێبەری بزووتنەوەی سەربەخۆیی‌خوازی میسر پاش قوربانییەکی زۆری خەڵک لەپێناو ئیستقلال، دەچێتە لەندەن بۆ دیتنی جۆرجی پێنجەم پادشای بریتانیا، تیمی پڕۆتۆکۆڵ و تەشریفاتی کۆشک پێی دەڵێن کاتێ چاوت بە پادشا کەوت دەبێ برێک دابێیەوە. ئەویش دەڵێ زۆر باشە! کەچی کاتێک کە سەنەدی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەدرێتێ نەک هەر دانایەتەوە، بەڵکوو زۆر لە جاران قیت‌تر ڕادەوەستێ! کە هاتنەدەرێ گلەییان لێ‌کرد. زەغلوول گوتی ڕاست دەکەن بەڵام کاتێک کە دەمهەویست دابێمەوە هەستم بەوە دەکرد بیست میلیۆن میسری پشتم دەگرن. لەگەڵ ئەوەدا کە باوەڕم بە ڕێئال‌پۆلێتیک هەیە و باوەڕم بە مومکیناتی سیاسەت هەیە، بەڵام دەبێ کورد بە قورسایی خۆی لەم شۆڕشەدا بزانێ!