کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێکچوونێکی نێوان بووکی جاران و وەزیری ئێستا

00:07 - 16 خاکەلێوه 2723

دارسمە

ئەم دونیا بێ‌تامە زۆر سەیر گۆڕاوە. نازانم خەتای چییە. ڕەنگە خەتای سۆشیال‌میدیا و مۆشیال‌میدیا و شتی وابێت. ئەم موبایل و شتە تەنگی بە هەواڵدەری و ئاژانس و ماژانسی هەواڵ و تەلەفزیۆن و مەلەفزیۆنی دەوڵەت و مەوڵەت و حیزب‌ و میزبانیش هەڵچنیوە. هەر شنەبایەک لە ئەشکەوتۆکەیەوە بشنێتەوە، دەبێتە هەڵڵا و هەموو کەس پێی‌دەزانێت.

جاران پەندێکی فارسی لەسەر زاران بوو. ئەو پەندەی دەڵێت "دیوار موش دارد و موش گوش دارد." ئێستا ئەو فارسانەی دەستەڵاتی ئیرانیان بەدەستەوەیەوە و حەز ناکەن ئەسیلترین ئێرانییش بە زمانی خۆیان بدوێن، وابەشە لە جیات ئەم پەندەیان بڵێن "رقیب گوشی دارد و گوشی چشم و گوش دارد." واتا ڕەقیب ئامێری مۆبایلی پێیە و ئامێرەکەش خاوەنی چاو و گوێیە".  ئێستا ئەم ئامێرە مۆبایلانە هەم چاویان هەیە و هەم گوێ. هەتا ئەم دواییانە ترسی گەورە لەم ئامێرانە ئەوە بوو وێنەی خۆپێشاندان و سەرکوت‌کردن و کوشت و کوشتاری خەڵکیان بەدەست چەک‌بەدەستانی دەستەڵات بڵاو دەکردەوە و بۆ خێرایی گەیاندنی هەواڵ دەستی ڕادیو و مادیۆ و تەلەفزیۆن و مەلەفزیۆنیان لە پشتەوەڕا بەستبوو.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەر ئەم سۆشیال‌میدیایە شتێکی جوداتری بڵاو کردووەتەوە. بۆ گێرانەوەی ئەم بەسەرهاتە نوێیەی لەم سۆشیال‌میدیایەدا کەوتەوە، پێویستە هەندێک زیاتر بەرچاوی تۆی خوێنەر روون بکەینەوە:

دوای ئەوەی ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی بەهۆی گوشاری دەرەکی دەستێکی کەوتە ئەم لاو و نەیتوانی دەستەکەی دیکەی بخاتە هیچ لایەک، بە ناچاری هەر بەو دەستەی دەتوانێت ئەملاوئەولای بکات، مستێکی بە هەرامەی لە دەمی وەزیری دەرەوە دا و گوێی عەلیی عەرەبی شەمخانیی گرت و گوتی تۆ بە ڕەچەڵەک عەرەبی و لە زمانیان باشتر دەزانی و عەرەبییەکەت لە هی هەموومان ڕەوانترە، بۆیە واباشە لە وڵاتانی عەرەبی ناوچە نزیک ببیەوە و بە گۆڕی باوکی موسوڵمانانی ئویغوور، بەسەر ئەوانیشدا باز بدە و خۆ بگەیەنە دەستەڵاتدارانی چین و لەسەر دەستی ئەوان دەگەڵ سعوودیان قسە بکە و چوونکە چینیەکان هەر لەو عەرەبی و مەرەبیە تێ ناگەن، ئەوەندەی بۆت دەکرێت بە کەوچکی عەرەبی ماستاوەکەیان بۆ بشڵەقێنە. بەڵام لەوێ بە وردی چاوت بە سەر ئەو سۆشیال‌میدیا و شتەوە بێت، دەستی خستووەتەوە بینەقاقەی هەموومانەوە.

جا وەک حیکایەت‌خوان دەڵین کاکە عەلیی شەمخانیی بە من و بە تۆ، دوای ئەوەی ماستاوە خەست و خۆڵەکەی بۆ گەورەماڵەی سعوودیە جێ هێشت، خۆی گەیاندە دوو سێ وڵاتی دیکەی عەرەبی ناوچە و پاشان گەڕایەوە تاران. وزیری دەرەوەش لە داخی ئەم گەڕانەی شەمخانی لە پاڵەوە تەلەفۆنی دەست دایە و ئەوەندە تەلەفۆنی بۆ ئەملاوئەولا کرد، بەخێرایی لە سۆشیال‌میدیا دەستەواژەی "دیپلماسیی تەلەفۆنی"ی لێ کەوتەوە. دوای ئەوەی شەمخانی لە گەشتەکەی گەڕایەوە تاران، لەگەڵ ڕێبەر هەستیان کرد نەک دڵی وەزارتی دەرەوە، تەنانەت سەردڵی سەرۆک‌کۆماریش بەو دەم‌لەپێشییەی شەمخانی ئێشاوە. لەبەر ئەمە خێرا بەرنامەی سەفەری وەزیری دەرەوەیان رێک‌خست. حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانیان ئاخنییە نێو فڕۆکەیەک و بە فڕۆکەوانیان گوت بگرە هاتم مۆسکۆ.

لەسەر ئیزنی خانمانی فێمینیست و پیاوانی مێمینیست، گێڕانەوەی بەشێک لە ڕووداوی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بە باسکردنی نەریتێکی کۆنی کوردەواری دەنەخشێنم. لە کوردەواریی کۆندا وەک ئێستا نەبوو، کوڕ و کچ ماوەیەک بەیەکەوە بژین و بە کەیفی خۆیان ڕایبوێرن و ئەگەر دواتر پێیان خۆش بێت زەماوەندێک ساز بکەن و بەئاشکرا ببن بە هاوژین. جاری جاران کچ مێردی دەکرد و کوڕ ژنی دەهێنا و کچیان دەکردە بووک و ئەم‌ شار بۆ ئەو شار و ئەم گوند بۆ ئەو گوند بە سواری ئەسپ و یان ماشێنی جێب بۆ زاوایان دەگواستەوە. یەکێک لە نەریتەکانی ئەمجۆرە بووک‌گواستنەوەیە مانگرتنی بووک بوو. دوای ئەوەی سوارەی هاوڕێی بووک، بووکیان دەگەیاندە ماڵی زاوا، بووک مانی دەگرت و لە ئەسپ یان ماشێن دانەدەبەزی. بەگوێری نەریتی ئەوکات کەسێکی گەورەی ماڵی زاوا دیارییەکی بەرچاوی وەک بزن و مەڕ و چێل و هەندێک جار خانووبەرە و شتی دیکەی پێشکەشی بووک دەکرد و دەیانگوت ئەو شتەی دەقەباڵی بووک نا. ئەوکات بووک شانی بۆ زاوا یان کەسەکەی تەنیشتی شل دەکرد و بەگوێرەی ئەو شتەی دەقەباڵیان دەنا بە ناز و فیزەوە بەرەو ژووری زاوا هەنگاوی دەنا.

لەم سەردانەی ئاخری وەزیر دەرەوەی ئێرانیش سۆشیال‌میدیا به بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدۆیەک ئاشکرای کرد، ئەوکاتەی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگوازنەوە بۆ مەسکۆ، دوای ئەوەی لە فڕۆکە دادەبەزێت و بە تۆتۆمبێل دەگاتە بەر وەزارەتی دەرەوەی "عروسان"، لە ماشێن دانابەزێت و چاوەڕوانی سێرگئی لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەی وڵاتی خانەخوێ دەبیت، بەروپیریەوە بێت. بەڵام ئەو وا ناکات و لە ژووری خۆی دادەنیشت و چاوەڕوان دەبیت. وەزیری دەرەوەی ئێران چۆن بە نابەدڵی ناردبوویان بۆ ڕووسیە، هەر بەم جۆرەش بە نابەدڵی خۆی بە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە دادەکات. وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بە دەنگێکی نێرانە پێی دەڵێت ئەوە بۆ دانابەزی؟ ئەویش بە نازەوە دەڵێت: چاوەڕوانی تۆ بووم...!