ئومید محەممەدپووری
ئاماژە: ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردووی ژیان لە ئێران و شێوەی بەڕێوبەری لە سۆنگەی دوو نیزامی سەڵتەنەتی و کۆماری ئیسلامییەوە و بەکوشتدانی خەڵک و کەڵکوەرگرتن لە سەروەت و سامانی وڵات بۆ نەکوژانەوە و بەرەوپێشبردنی ئەم قەتارەی دەسەڵات
مریام:
کەسی خاوەن دەسەڵات وەکوو شۆفێری پاس ئازادە بۆ هەڵبژاردنی ڕێگا بەپێی دیدی خۆی کار بکات؛ بەڵام دەبێ سەرنشینەکان بە ڕێگای خوازراودا ببات؛ ئەگەر بەو جۆرە نەکات سەرنشینەکان پاسەکە بەجێ دەهێڵن و ئەو ڕێگایە لەپێش دەگرن کە خۆیان دەیانهەوێت.
ئەو دابەزینەی خەڵک لە پاسی دەسەڵات، لە جەریانی دوو نیزامی حاکم بەسەر ئێران هاتووەتە پێش و خەڵک خەریکن ڕوو لە بابەت و بژاردەی نوێ دەکەن.
ئەوڕۆکە زیاتر لە شەش مانگە خەڵکانی ئێران لە بەشی هەرەزۆری پارێزگاکان، شارەکان و شارۆچکەکانی ئێران دەستیان بە خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتی تاران کردووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، مێژوویەکی هاوشێوەی شۆڕشی گەڵانی ئێران لەساڵی ١٣٥٧.
بۆن و بەرامەی شۆڕشێکی نوێ و تۆمارکردنی مێژوویەکی تازە بۆ گەڵانی ئێران بەڕێوەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا چارەنووسی دواڕۆژی گەڵانی ئێران لەهەمبەر سیستمی دەسەڵاتدارێتی لە دوای شۆڕش و تێکڕووخانی کۆماری ئیسلامی ناڕوون و نادیارە و هەر ئەوەش بۆتە خاڵێکی بەهێز بۆ کۆماری ئیسلامی و کاتی پێ کڕیوەتەوە و درێژە بە تۆمارکردنی زوڵم و جەنایەتەکانی خۆی دەدات.
لە دونیای سۆشیاڵ میدیا و ماس میدیادا باس لە چەند سیستەم و ڕێکار بۆ داهاتووی ئێران دەکرێ و هەرکام خەریکن ئەسپی خۆیان تاو دەدەن، چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و بەدوای کۆکردنەوەی دەنگ و دۆست لە وڵاتە بیانییەکانن بۆ پاڵپشتی لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، یان ئەوە کە خەریکن بەرە پێک دێنن تا لە دوای ڕووخانی حکوومەت و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی نوێ بەش و پشکی خۆیان بەنیسبەتی سیستەمی بەڕێوبەری دەسنیشان بکەن.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە سیستەمی سەڵتەنەتی و شێوەی حکوومەتداریی کاتی خۆی و دەسەڵاتی ئێستای ئێران و پێشنیار بۆ شێوەی بەڕێوبەریی داهاتوو، تاوتوێی جۆری بەڕێوبەری و حکوومەتدارییەکان لە ئێستا و ڕابردوو دەکەین.
دۆخی ئێران و ئێرانییەکان لە درێژەی ٥٣ ساڵ حکوومەتی پەهلەوی:
ڕەزاخانی پەهلەوی کە نۆژەنکردنەوەی ئێرانی دەست پێکرد هەر لە سەرەتاوە بە پەراوێزخستنی فەرهەنگ و کولتووری نێوخۆیی و هەوڵی بە غەربی بوون و پێشکەوتوویی بەشێوەی دونیای دەرەوە ملی لە ئاڵوگۆڕ نا.
بۆ جێگیرکردنی سیستم و بەرنامەیەک کە تەواو بە پێی دابونەریتێک کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بێگانە لەگەڵ وەزعی نێوخۆیی بوو، هەوڵ و تەقەلای دا کە لە کۆتاییشدا ئاسەواری خراپی لێ کەوتەوە.
وەکوو: باوەڕی خەڵک بە مەزهەب و پێگەی ئایینی لە ئێران و دژایەتیکردنی ستەمکارانە لەگەڵ بیروباوەڕی خەڵک لەلایەن سیستمەوە.
داخستنی شوێنە مەزهەبییەکان و گرینگینەدان بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک لەو بارەوە.
بەپێی ئامارەکان، رێژەی نەخوێندەواری لە ئێران لە ساڵی ١٣٥٥دا، ٥٢ لەسەد بووە .
پلەی نەخوێندەواری لە گوندەکان ٧٠ لەسەد بووە.
بە پێی ئامارە جیهانییەکان، ئێران لەم ڕۆژانەدا لە ڕوانگەی بەرەوپێشەوەچوونی رێژەی خوێندەواری هاو تەریب بووە لەگەڵ وڵاتە ناکارامە و لاوازەکان؛ ڕێژەی کچانی سەرووی شەش ساڵ بە پێی ڕێژەی پیاوان بە ٦٥ لەسەد بووە یانی تەنیا یەک لەسەر سێی کچان و ژنانی ئێرانی سەوادیان بووە و بەشی هەرە زۆریشیان کە خوێندەواریان بووە ، مەدرەکی سیکلیان بووە.
گرینگیدان تەنیا بە ناوەند و پەراوێزخستنی ناوچەکانی تر لەباری خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، وەکوو دابینکردنی ماڵ و خانوو، پێڕاگەیشتن لە باری بێهداشت و دەرمان و ناوەندە دەرمانییەکان.
بە پێی ئاماری ساڵی ١٣٥٥ یەک لەسەر سێی خەڵک لە خانوویەکدا کە تەنیا یەک دیوی هەیە دەژیان، ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە لە ئاپارتمان یان خانوویەک ژیانیان دەکرد کە ژوورێکی نووستنی هەبێ، بەڵکوو لەسەر یەک تەنیا یەک دیویان هەبوو بۆ گشت ئەندامانی بنەماڵە .
لە ساڵەکانی کۆتایی دەورانی پەهلەوی لە ئێران ٥٥٠ ناوەندی دەرمانی و ٥٦ هەزار تەخت بوونی هەبووە، یانی بۆ هەر هەزار نەفەر یەک تەختی نەخۆشخانە .
بە لەبەرچاوگرتنی پشکی بودجەی دەرمانی لە دەورانی پەهلەوی، لە ساڵی١٣٥٥ بەرانبەر بەیەک لەسەد، و ئاوەدانکردن و نۆژەنکردنەوەی شار کەمتر لە یەک لەسەد بووە، لە بەرانبەردا پشکی بەشی نیزامی و کڕینی چەکوچۆڵ لە کۆی بوودجەی وڵات دەگەیشتە سی لەسەد کە ئەوەش لە ماهییەت و بوونی خۆیدا یانی پشتکردن لە ژیان و خۆشبژێویی خەڵک و گرینگیدان بە هێز و بواری نیزامی.
کەڵکوەرگرتن و بەکارهێنانی نابەجێ بۆ ژێرخانە سروشتییەکان وەکوو: نەوت و پەراوێزخستن و وەلانان و گرنگینەدان بە بوارەکانی تر.
لە ساڵی ١٣٥٢ بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران دەگەیشتە شەش میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا کە نەوەد لەسەدی هەناردە دەکرا. ئەوە لەحاڵێکدا بوو کە چل لەسەدی دانیشتووانی گوندەکانی ئێران دەستیان بە نەوت ڕانەدەگەیشت و لە سووتاندنی دار کەڵکیان وەردەگرت بۆ ماڵەکانیان.
هەناردەکردنی جگە نەوتی لە ساڵی ١٣٥٦ تەنیا دوو لەسەد بوو لە هەمووی هەناردەکانی ئێران، بەشی هەرەزۆری هەناردەکردنەکەی تر تەنیا نەوت بوو.
ئاسێمیلەکردن و قەدەغەکردنی زمانی دایکی لە قوتابخاناکان و ئیدارەکان، کوێرکردنەوەی بەئەنقەستی فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکانی ئێرانیش بەشێکی دیکەیە کە ئاکامەکانی بوونی ئەم سیستمە .
نیزامی کۆماری ئیسلامی :
لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ بە تێکڕووخانی حکوومەتی سەڵتەنەتی لە ئێران و هەڵاتنی شا، خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران و شۆڕشی گەڵانی ئێران سەرکەوت.
پێش گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران و هاتنەسەرکای ئاخوندەکان، بەردەوام لە ڕۆژنامەکان، تریبوونەکان و میدیاکانی وڵاتان، تەبلیغات و پڕوپاگەندە دەکرا و زەمینە خۆش دەکرا بۆ ڕووخانی حکومەت و گۆڕینی دەسەڵات.
لە دەسپێکدا لەلایەن خومەینییەوە وەعدە دەدرا کە تەنیا ڕۆڵی ناجی و ڕزگارکەرێک بۆ خەڵکی ئێران دەگێڕێت و دوای ڕزگاریی وڵات لە حکوومەتی شاهەنشاهی، دەسەڵات و سیاسەت بەجێ دێڵێت و پاشەکشە لە مەوازعی حکوومەت دەکات، کەچی شۆڕش سەرکەوت و حکوومەتی شا ڕووخا و لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ رێفراندۆمێک لە ئێران بەڕێوە چوو کە تێیدا تەنیا دوو شێوەی دەسەڵاتدارێتیی سەڵتەنەتی و کۆماری ئیسلامی خرابوونە بەر دەنگدان. خەڵک لە سیستەمی پاشایەتی لە ئێران وەزاڵە هاتبوون و ئەم شێوە دەسەڵاتداریەیان ئەزموون کردبوو و بیرۆکەیەکی تاڵ و ناخۆشیان لێی هەبوو، بۆیە بە هەڵخەڵەتاندنیان لە ڕێگای تەنیا یەک بژاردە، ئەویش نیزامێکی نوێ بەناوی کۆماری ئیسلامی، شۆڕشەکەیان بەلاڕێدا برد و ویست و داخوازییەکانی خەڵکیان پشتگوێ خست.
گرتنەبەری سیاسەتی ناکارامە، نابەجێ و نامرۆڤانە بەنیسبەت ژینگە و تێکدانی بە ئەنقەستی دێموگرافیی ناوچەکە کە ئاکامەکانی هاتنەسەرکاری ئەم دەسەڵاتە بوو.
گرانی، هەڵاوسان، بەرزی و نزمیی نرخی دراو بە ڕادەیەکی بەرچاو، تا ئەو جێگایەی کە بازاڕی کار و کڕین و فرۆشتن، هیچ سەقامگیرییەکی بە خۆیەوە نەبینیوە و خەڵک هەردەم بە نیسبەت بازاری کار و کەسابەت لە دڵەراوکێدان.
بێمتمانەیی خەڵک بەنیسبەت کاربەدەستانی حکوومەتی، گرتن، کوشتن و ئازار و ئەشکەنجەی زۆری زیندانییانی سیاسی لەلایەن حکوومەتەوە.
ڕێژەی بەرچاوی ئێعدام و پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.
لەنێوبردنی پێگەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، کولتووری و شکاندن و ئەتکی حورمەت و کەسایەتیی دانیشتووانی ئەو خاکە.
بەستنی گرێبەستی چەندین ساڵە و دانی باجێکی زۆر بە ڕووسیە و چین بۆ قەرەبووکردنەوەی قەیرانی ماڵی و کەمهێنانی بوودجەی ساڵانە.
هەموو ئەم جینایەتانەی باس کران و سەدان جینایەت و پێشێلکاریی تر کە کراوە هەر هەمووی لە دەسکەوتەکانی ٤٤ ساڵ حکوومەتداری و بەڕێوەبەرییە نەنگین و ئەسەف بارەکەی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆیە بۆ سەر گەڵانی بەڵالێدراوی ئێران بووە.
ئەمڕۆکە خەڵکی ئێران جگە لەم دوو نیزامە بەڕێوەبەرییە کە باسمان کرد بژاردەیەکی نوێ بە ناوی دێموکراسیان لەبەر دەستە کە سیستمەکی نوێ نییە تاکوو خەڵک بەنیسبەتی هەستی بێمتمانەیی و دڵەڕاوکێیان هەبێت.
بە پێچەوانە یەکەک لە ناودارترین سیستمەکانە کە حکوومەتداریی پێ دەکرێت.
چارڵز مریام دەڵێت:
دێموکراسی زنجیرە ڕێسا یان کۆمەڵە تێزێک لە ڕێکخستن نییە، بەڵکوو چوارچێوەیەک بۆ بیر و شێوەی کارکردن بە ئاراستەی چاکەی گشتییە، بە جۆرێک کە ویستی خەڵک ڕێنمایی دەکات.
حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە هەستی بە پێگەی مرۆڤ لە نێو نیزامی دێموکراتیکدا کردووە بۆیە کردوویەتی بە چوارچێوەی کار و ستراتێژیی خۆی و هەوڵیشی بۆ داوە.
دوکتور قاسملوو دەفەرمێت:
خراپترین دێموکراسیم لە باشترین دیکتاتۆری پێ باشترە.
حیزبی دێوکرات لە سەردەمی سەڵتەنەت هەستی بە ناکارامەیی و دڕندەیی ئەو سیستمە کردبوو و دژایەتیشی لەگەڵ دەکرد و ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانەکەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و باجەکەشی لەسێدارەدانی ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە بوو.
حیزبی دێموکرات لە دەسپێکی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لەبەیکی بە خومەینی نەوت و لە دژی ئەم سیستمە چەوت و درۆیینە وەستایەوە و بەشداریی ڕێفراندۆمی نەکرد، ملکەچ نەبوونی حیزبی دێموکرات و کوردستان بۆ ئەم دەسەڵاتە نوێیە یەکێک لە دەسکەوتە مێژوویی و لاپەرە زێرینەکانی ئەم حیزبە بوو کە بەداخەوە لەو ڕێگایەشدا دوو سەرکردەی بە ناوەکانی: دکتو قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی لەدەست دا.
پاش٤٤ ساڵ گەلانی ئێران و دونیا تازە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی ئەو دەسەڵاتە نەبووە کە چاوەڕوانیان دەکرد.
حیزبی دێموکرات بۆیە باوەڕی بە کۆمەڵگای دێموکرات هەیە، چونکە ئەم نیزامە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەر دەکات و ئەم دەرفەتە، یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەرهەم دێنێ کە تێیدا هەموو هاووڵاتییەک هەست دەکات پشکی خۆی بەر کەوتووە.
لە ڕوانگەی دکتور قاسملووە تەنیا فاکتەری بەهێز بۆ پاراستنی مافی نەتەوایەتی لە بەینی هەموو نەتەوەکانی ژێردەست لە ئێران و هەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دێموکراسییە.
دکتور قاسملوو دەفەرمێت: تا ئەو کاتەی دێموکراسیی ڕاستەقینە لە کوردستان و ئێراندا پێک نەهاتبێ، ناچارین چەک هەڵبگرین.
ئەوە خواست و داخوازیی خەڵکی کوردستانە بۆ قۆناغی ئێستا و پێشنییارێکیشە بۆ گەڵانی ئێران بۆ دواڕۆژی خۆیان.