کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گێڕانه‌وه‌

10:50 - 12 بانەمەڕ 2723

کەریم پەرویزی

نه‌ته‌وه‌ی جووله‌كه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ درێژایی مێژوو ئازاری زۆریان بینیوه‌ و سه‌دان جار ماڵوێران و ده‌ر‌به‌ده‌ر كراون و له‌مبه‌ر جیهان بۆ ئه‌وبه‌ری ڕاونراون و ئاواره‌ كراون و ته‌نانه‌ت كوشتار و جینۆسایدی مێژۆییان به‌دژ به‌ڕێوه‌ چووه‌، به‌ڵام یه‌كێک له‌ ده‌گمه‌ن نه‌ته‌وه‌كانی جیهانن كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیر و هزر و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌كانی جیهان داناوه‌ و هه‌ندێ له‌ نووسین و داستانه‌ زۆر كۆنه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی جووله‌كه‌ ئێستاش له‌ نێو زۆر نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی جیهاندا ده‌گوترێته‌وه‌ و بڕوایان پێی هه‌یه‌.

هه‌رچه‌ند نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی وه‌كوو سۆمه‌ریه‌كان داستانی گیلگامێشیان هه‌یه‌ یان نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ سه‌رده‌می میتراییسمدا داستانی میترای هه‌بوو كه‌ له‌ جیهاندا بڵاو بۆوه‌ و هه‌ندێ له‌ ئاسه‌واری ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ له‌ هه‌ندێ شوێنی دونیا و له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاینی جیاوازدا ئێستاش ده‌بینرێته‌وه‌ به‌ڵام هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ ڕاده‌ی نه‌ته‌وه‌ی جووله‌كه‌ داستانه‌كانی بڵاو نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی ڕه‌وایه‌ت و داستان و مێژووناسی و جیهانبینییان.

''ئه‌سفار'' یان لاپه‌ڕه‌كانی ته‌ورات و كتێبه‌ كۆنه‌كانی جووله‌كه‌ پڕن له‌ داستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی جۆربه‌جۆر كه‌ باس له‌ كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌كا و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ بوونه‌ته‌ هێما و سه‌مبۆل كه‌ ناسنامه‌ی باوه‌ڕمه‌ندی و ته‌نانه‌ت باشبوونی مرۆڤه‌كانی پێ ده‌ستنیشان ده‌كرێ.

جیا له‌ هه‌موو هۆكار و هۆیه‌كان كه‌ ئه‌م دیارده‌یان لێ كه‌توووه‌ته‌وه‌، یه‌كێک له‌ گرنگترین هۆكاره‌كان بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌ی جووله‌كه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر نووسین. كتێب و نووسراوه‌ی هه‌زاران ساڵه‌یان هه‌یه‌ كه‌ چیرۆک و بیركردنه‌وه‌ و هێما كۆنه‌كان و گێڕانه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی تێدا تۆمار كراوه‌ و نه‌ک تۆماركردنێكی ئاسایی، به‌ڵكوو كراوه‌ته‌ ئه‌رک بۆ به‌شێكی بژارده‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یان كه‌ به‌رده‌وام و ڕۆژانه‌ ده‌یانخوێننه‌وه‌ و ده‌یانگێرنه‌وه‌‌ بۆ‌ خه‌ڵک. له‌ ڕاستیدا تۆماركردنی بیركردنه‌وه‌كانیان و خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژانه‌یان و گوتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان، نه‌وه‌ به‌ دوای نه‌وه‌ هه‌م بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی پاراستووه‌ و هه‌م به‌ نێو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌شدا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ و له‌ زۆربه‌ی جیهاندا ده‌توانی ئاسه‌واری ئه‌و داستان و گێڕانه‌و‌انه‌ی جووله‌كه‌كان له‌ نێو كه‌لتوور و ئوستووره‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا ببینیه‌وه‌.

٥٥ ساڵ پێش ئێستا و له‌ ڕۆژی ١٢ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٤٧ی هه‌تاویدا، له‌ داروێنه‌ی سه‌ر به‌ شاری بانه‌ ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی گیانله‌سه‌رده‌ست هاوڕێ له‌گه‌ڵ سمایل شه‌ریفزاده‌، ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات و له‌ كه‌سه‌ تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتووه‌كانی ڕیزی خه‌بات، له‌گه‌ڵ شه‌ڕێكی نابه‌رامبه‌ر و نامرۆڤانه‌دا به‌ره‌وڕوو بوون و دوای چه‌ندین كاتژمێر به‌ربه‌ره‌كانێی سه‌خت، سمایل شه‌ریفزاده‌ و هاوڕێیانی به‌ ده‌ستی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان شه‌هید بوون.

شه‌هید سمایل شه‌ریفزاده‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاسایی له‌ شاری مه‌هاباد له‌دایک بوو، به‌ڵام وه‌كوو كه‌سێكی نائاسایی گه‌وره‌ بوو و له‌ زانستگه‌دا زیاتر له‌ پێش، بیركردنه‌وه‌كانی نائاسایی بوون، چونكه‌ دژی ئاساییكردنه‌وه‌ی سته‌مكاریی پاشایه‌تی بوو؛ ئه‌و سیستمه‌ سته‌مكاره‌ی ‌ زاڵ له‌ وڵاتدا كه‌ هه‌م خه‌ڵكی ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و هه‌م كوردستانیشی وه‌كوو كۆلۆنییه‌ک چاو لێ ده‌كرد و تاڵانی ده‌كرد.

سمایل شه‌ریفزاده‌، نه‌یده‌ویست كه‌ بڕوا به‌ چیرۆكه‌ درۆینه‌كانی سیستمی پاشایه‌تی بكا كه‌ ده‌یه‌ویست سته‌مكارییه‌كانی به‌ ئاسایی نیشان بدا و مه‌رگ و له‌نێوچوونی ڕۆژانه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌ بۆیه‌ بوو به‌ سه‌رقافڵه‌ی دڕدان به‌ تاریكی.

له‌ زانكۆوه په‌ڕیوه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رخۆدان و سه‌رهه‌ڵدان بوو و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ و بوو به‌ ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبێک كه‌ به‌ده‌ستی پێشه‌وای نه‌مر دامه‌زرابوو.

له‌ دژوارترین كاته‌كانی مێژوودا، شه‌هید سمایل شه‌ریفزاده‌ هه‌ستی به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ كاروانی خه‌بات خه‌ریكه‌ تووشی لاڕێ بكرێ و بێكرده‌وه‌یی كاروانه‌كه‌، خه‌ڵكی چاوه‌ڕێ و تامه‌زرۆ بێهیوا ده‌كا، هه‌ر بۆیه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ دوكتور قاسملوو ده‌نووسێ كه‌ نیشتمان پێویستی به‌ ڕۆڵه‌ تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتووه‌كانیه‌تی و كات، كاتی كرده‌وه‌یه‌.

هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات كه‌وت و وێڕای به‌ناوبانگ و نه‌مرانی دیكه‌ وه‌كوو مه‌لا ئاواره‌ و سوله‌یمان موعینی، تاریكیی داسه‌پاو به‌سه‌ر كوردستانیان پێ سته‌مكارییه‌كی قبووڵنه‌كراو بوو و به‌ هه‌ڵوێستی مرۆڤانه‌یان دڕیان به‌و تاریكییه‌ دا.

شه‌هید سمایل شه‌ریفزاده‌ له‌ داروێنه‌ی بانه‌ كه‌وته‌ بۆسه‌ی دوژمنان و ده‌ستوپێوه‌ند‌ییه‌ خه‌یانه‌تكاره‌كانیان و دوای به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه‌ و بێوێنه‌، كه‌ به‌ درێژایی ڕۆژ ئه‌نجام درا، په‌یوەست به‌ كاروانی نه‌مرانی دێموكرات و گیانبازان له‌ ڕێی ئازادیی نیشتمان بوو.

ڕه‌نگه‌ چیرۆكی زۆر قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ وه‌كوو چێ گوارا له‌ ئامریكای لاتین یان گاریباڵدی له‌ ئیتالیا یان داستانه‌كانی ته‌ورات بخوێنینه‌وه‌ و ئازایه‌تی و جوامێری و مێرخاسی و هه‌ڵوێستی به‌رزی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ مێشكماندا كاریگه‌ریی دابنێ، به‌ڵام كرده‌وه ‌و هه‌ڵوێستی وه‌كو مه‌لا ئاواره‌ و سمایل شه‌ریفزاده‌ و ده‌یان قاره‌مانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه‌ هه‌ندێكیشیان ئێستا به‌ خۆشیه‌وه‌ زیندوون، وه‌كوو مه‌لاحه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی؛ له‌و داستانه‌ به‌ناوبانگ و كه‌م وێنانه‌ن كه‌ هه‌م هیچ كه‌موكورتییه‌كیان به‌رامبه‌ر به‌ قاره‌مانانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ نییه‌، هه‌م چركه‌ به‌ چركه‌یان، خولقێنه‌ری مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كن كه‌ به‌ هه‌ڵچنینیان له‌سه‌ر یه‌ک، دیواری ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییان پێ دروست ده‌بێ كه‌ بۆ سه‌دان ساڵ به‌ پته‌وی بمێننه‌وه‌.

قاره‌مانانی كورد و كوردستان، به‌ هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌كانیان له‌ چركەساته‌ هه‌ستیاره‌كان‌دا، هه‌زاران داستانیان خولقاندووه‌ و هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كیان مێژوویه‌ک و داستانێكی گه‌وره‌ و مه‌زنی مرۆیین كه‌ پێمان ده‌ڵێن مرۆڤی كورد له‌م جیهانه‌دا چ كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌یه‌ و ئه‌م نیشتمانه‌ خاوه‌نی چ به‌ستێنێكی كولتووری و هزرییه‌ كه‌ ئه‌م داستانانه‌ به‌ هه‌زاران جار دووپات ده‌بنه‌وه‌ و بینه‌رانی بیانی تووشی سه‌رسووڕمان ده‌كه‌ن.

سه‌رسووڕمانی خه‌ڵكی غه‌یره‌ به‌ ڕاده‌یه‌كه‌ كه‌ بۆ وێنه‌ له‌ شۆڕشی ژینادا كوردستان ده‌بێته‌ سه‌رباشقه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران و ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌ فارسنشینه‌كاندا كه‌ چل ساڵ پێش به‌ هه‌زاران كه‌سیان به‌ فه‌رمانی جه‌هاد بۆ هێرش بۆ سه‌ر كوردستان ده‌هاتن، به‌ڵام له‌م شۆڕشی ژینایه‌دا، له‌ سه‌ر شه‌قام هاواریان ده‌كرد كه‌ به‌ ئاواته‌وه‌ن كه‌ خاوه‌نی هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌ی كوردستانی بن!

گێڕانه‌وه‌ی داستانی قاره‌مانه‌تی و هه‌روه‌ها شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ و مرۆڤبوونی تاكه‌ به‌هه‌ڵوێست و تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتووه‌كانی كورد، ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساكار نییه‌، به‌ڵكوو پێویستییه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ بتوانین ڕوانینمان و جیهانبینیمان دووباره‌ وه‌سه‌ریه‌ک بخه‌ینه‌وه‌ و تۆماری بكه‌ین و نه‌وه‌ به‌ دوای نه‌وه‌ ژیان به‌و جۆره‌ی كه‌ خۆمان ده‌یبینین و ڕوانگه‌یه‌كی ده‌گمه‌نی جوانیناسی و هه‌روه‌ها ژیانی ئازاد و به‌هەڵوێسته‌ دووباره‌ پێناسه‌ی بكه‌ینه‌وه‌ و تۆماری بكه‌ین و به‌ هه‌موو خه‌لكی دیكه‌ی بڵێینه‌وه‌.

ژیان لای شه‌هید سمایل شه‌ریفزاده‌ و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان به‌ پێشوازی مه‌رگه‌وه‌ ڕۆیشتن نه‌بووه‌، به‌ڵكوو ئیراده‌یه‌كه‌ بۆ دڕدان به‌ تاریكی و ملنه‌دان به‌ سته‌مكاری.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین