لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی سەقامگیریی دارستانەکانی زاگرۆسدا، ئەندامێکی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی سەقز و شارەزا لە سەرچاوە ئاوی و کانگاکان بەنیسبەت کاریگەرییە نەرێنییەکانی کانگای قوڵقوڵەی سەقز هۆشداریی جیددی دا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی سەقامگیریی دارستانەکانی زاگرۆس بەڕێوە چوو، مامۆستا عەزیر مەزری ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی سەقز هۆشداریی بە بەرپرسانی ڕێژیم دا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی دەوروبەری کانگای سەقز بەبۆنەی کانگای قوڵقوڵەوە گیانی دانیشتووانی سەقز دەکەوێتە مەترسییەوە.
مامۆستا "عەزیز مەرزی" لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: "قوڵقوڵە سەرچاوەی ئاوی ڕووباری زەڕینە و ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵیی زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس لە سەقزەوە هەتا تەورێز و ورمێ دابین دەکات و بەهۆی کانگای زێڕی قوڵقەڵەوە ئەو سەرچاوانە پیس دەبێت و ئەوەش کارەساتێکی مرۆیی بەدواوەیە".
ئەو مامۆستایە باسی لەوە کردووە کە ئەو کارەساتە تەنیا تایبەت بە پیسبوونی ئاو و مەترسیی گیانی نییە بەڵکوو شوێندانەریی لەسەر گۆڕینی تۆپۆگرافی هەیە و لەوبارەوە وتوویەتی: "هیچکەس لەگەڵ هەلی کار، داهات، بووژانەوەی ئابووریدا کێشەی نییە بەڵام ئەو کانگایە لە سەرووی شاری سەقزەوە هەڵکەوتووە و سەرچاوەی ئاوی ئەو شارە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، لە ئەگەری بەردەوامیی کارەکانی ئەو کانگایەدا ئاو، هەوا، ژینگە و خاکەکەی ژەهراوی دەبێت".
مەرزی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە، تۆپۆگرافیای ئەو دەڤەرە دەگۆڕدرێت و خەڵکی ئەو ناوچە لە داهاتوودا ناچار بە کۆچکردن دەبن.
مامۆستا عەزیز مەرزی باسی لەوە کردووە کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو ڕەوتەدا، دەیان قەیرانی جیددیی بەرۆکی خەڵکی شاری سەقز، ئاواییەکانی و چەندین شاری دیکە دەگرێت.