
شاڕۆخ حەسەن زادە
دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ و داڕمانی ڕێژێمە کۆمۆنیستییەکان، ئورووپا بەرەو پارادایمێکی نوێی جوگرافیای سیاسی و ئابووری چوو. ئەم ڕووداوە، سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتنێکی سیاسیی بۆ ڕۆژاوا دەستەبەر دەکرد، شەپۆلێکی بەربڵاوی نیولیبراڵی دەگەڵ خۆی هێنا کە بنەما نەریتییەکانی ڕەوتە سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپای خستە ژێر پرسیار. لە ڕابردوودا، سۆسیال دێموکراسی بەهۆی کۆدەنگیی دوای شەڕ لە ڕۆژاوای ئورووپا، بە پشتبەستن بە نیشتمانیکردنی پیشەسازییەکان، باجی قورسی پێشکەوتوو و حکومەتێکی تەواوی خزمەتگوزار (دەوڵەتی خۆشگوزەرانی)، خۆی لە بەرامبەر ئابووری بازاڕی کۆنترۆڵنەکراو و کۆمۆنیزم دانابوو. وێڕای ئەمەش، قەیرانە ئابوورییەکانی دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ (وەک نەبزووتنی هەڵاوسان) سەلماندی کە مۆدێلەکانی پلاندانانی ئابووری و باجە بەرزەکان، توانای کێبڕکێیان دەگەڵ ئابوورییە دینامیکییەکانی سەر بە بنەمای بازاڕیان نییە. لەو ڕەوشە نوێیەدا، ڕەوتە چەپەکانی ناوەند خۆیان لەبەردەم دووڕێیانەکی ئایدیۆلۆژیدا بینییەوە؛ یان دەبوو لەبەرامبەر هێزەکانی جیهانداگر بەرگری بکەن و گۆشەگیر بن، یان ئاراستەی ئایدیۆلۆژی خۆیان بۆ ناوەند (لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی) بگۆڕن. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەیەک بە ناوی "ڕێگای سێیەم"؛ هەوڵێکی ئاگاهانە بۆ قبوڵکردنی بنەماکانی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی ئابووری (نەریتی لیبراڵیستی) لە هەمان کاتدا پاراستنی پابەندبوون بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی.
نزیکبوونەوە لە بنەماکانی لیبرالیزم، پرسیارێکی سەرەکی سەبارەت بە ناسنامەی چەپ لە ئورووپا دەوروژێنێت؛ ئایا ئەم گۆڕانە بە واتای مردن و پووکانەوەی ئامانجە نەریتییەکانی سۆسیال دێموکراسییە، یان تەنیا هێمای پێگەیشتنی سیاسی و واقیعخوازی ئەم لایەنەیە لە جیهانێکی یەکجەمسەر و بازاڕتەوەردا؟ لێکەوتەکانی ئەم هەڵبژاردەیە لەسەر پێکهاتەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی ئەوروپی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە شیکاری ورد و ئامارییە.
بۆ شیکاریی گۆڕانکاریی و شیفت ئایدیۆلۆژی، تێگەیشتن لە جیاوازیی وردی نێوان چەمکەکان زۆر گرنگە. لە کاتێکدا هەردوو لایەنی سۆسیال دێموکراسی و لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی دەکەونە بازنەی چەپی ناوەند و هەردووکیان پشتگیری لە دێموکراسی، مافە مەدەنییەکان و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەکەن، بەڵام جیاوازییەکانیان لە بنەما فکرییەکان و ڕێژەی قبوڵکردنی سەرمایەداری بازاڕدا زۆر سەرەکییە؛ سۆسیال دێموکراسی، ڕەگ و ڕیشەکەی بۆ سۆسیالیزمی نەریتی دەگەڕێتەوە. ئامانجی کۆتایی کەمکردنەوەی جیددی و سیستەماتیکی نایەکسانی چینایەتی و دادپەروەریی دابەشکردن بوو لە ڕێگەی خاوەنداریەتی گشتی یان چاودێریی چڕیی دەوڵەت بەسەر کەرتی سەرەکیی ئابووریدا. لەم مۆدێلەدا، دادپەروەری و یەکسانی لەپێش ئازادییە ڕەهاکانی بازاڕەوەیە. لەلایەکی دیکەوە لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی؛ ڕەگ و بنەماکانی دەگەڕێتەوە بۆ نەریتی لیبرالیزمی کلاسیک. لەم مۆدێلەدا، ئازادییە تاکەکەسییەکان و بازاڕی ئازاد چەقی سەرەکی پرسەکەن، بەڵام حکومەت ئەرکیەتی بە دانانی یاساگەل و دابینکردنی خزمەتگوزارییە لانیکەمەکانی ئاسوودەیی (تۆڕی پاراستن)، هەتا ئەو ئازادییانە لە شکستی بازاڕ بپارێزێت و هەل و دەرفەتی یەکسان مسۆگەر بکات. جووڵەی حیزب و لایەنە ئەوروپییەکان بەرەو ناوەند، بە شێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی ڕێگای سێیەمدا خۆیا بوو؛ ڕێبازێکی پڕاگماتیستی کە هەوڵی دەدا بۆن و بەرامەیەکی مرۆیی بە سەرمایەداری ببەخشیت، نەک ئەوەی بەرگێکی سۆسیالیستی بکاتە بەر. ئەم چەمکە بە شێوەیەکی کاریگەر سۆسیال دێموکراسی لە ئامانجە سۆسیالیستییەکانی دوورخستەوە و پاڵی نا بەرەو قبوڵکردنی نەرمیی بازاڕی کار، کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاکان و تایبەتکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ چەمکگەلێک کە پێشتر تەنیا لە دەستەڵاتی پارتە کۆنەپارێز و لیبراڵە کلاسیکەکاندا بوو.
کەوابوو لەم قۆناغەدا، نزیکبوونەوە لە لیبرالیزم بە واتای وازهێنانی تەواو لە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی نەبوو، بەڵکوو بە واتای گۆڕینی سەرچاوە و پێکهاتەی دابینکردنی دارایی و پێشخستنی کێبڕکێی ئابووری بوو. پێوانەکردنی ئەم گۆڕانکارییە لەم نووسینەدا لەسەر بنەمای شیکاریی گۆڕانکارییەکانە لە سێ کۆڵەکەی سەرەکی؛ بەتایبەتیکردن، چاکسازییەکانی بازاڕی کار، و پێکهاتەی باج پێکهاتووە. گۆڕانی سۆسیال دێموکراسی بەرەو لیبرالیزمی ئابووری (ڕێگای سێیەم) دیاردەیەکی هەر بە تەنیا بەقسە نەبوو، بەڵکو لە سیاسەتە کردەییەکان و ژمارە ئابوورییەکاندا دەتوانرا بپێورێت. دوو وڵاتی گەورەی ئورووپا کە حیزبەکانی چەپی ناوەند تێیدا دەسەڵاتیان گرتە دەست، واتە بەریتانیا و ئەڵمانیا، هێمای سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە بوون.
حزبی کرێکار لە بریتانیا بە سەرۆکایەتیی تۆنی بلێر (١٩٩٧-٢٠٠٧): ئەم حیزبە بە فەرمی بوو بە پارتێکی چەپی ناوەندی لیبراڵی کۆمەڵایەتی. ناوەندی ئەم گۆڕانکارییە قبوڵکردنی بێ مەرجی بازاڕی ئازاد و جیهانیسازی بوو. حزبی کرێکاریی نوێ بە پێچەوانەی نەریتی سۆسیالیستی، هیچ کام لە بەتایبەتیکردنەکانی حکومەتە کۆنەپارێزەکانی (تاچەر و مەینجەر) هەڵنەوەشاندەوە. لەبری ئەوە، مۆدێلی هاوبەشی گشتی-تایبەتییان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا پەرە پێدا کە لە کردەدا پشتبەستنی بە سەرمایەی تایبەت لە دامەزراوەکاندا وەک ڕێکخراوی نیشتمانی خزمەتگوزاری تەندروستی (NHS) و پەروەردەدا زیاد کرد. بلێر سەربەخۆیی تەواوی بە بانکی ئینگلیس بەخشی لە دیاریکردنی ڕێژەی سوود (١٩٩٧) کە بنەمایەکی سەرەکیی نیولیبرالیزم بوو بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی دراو و دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردانی سیاسی لە ئابووریدا.
حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان بە سەرۆکایەتیی گەرهارد شرۆدەر (١٩٩٨-٢٠٠٥): ئەم سەرکردەیە سەرەڕای ناڕەزایەتی توندی ناوخۆیی، گرنگترین چاکسازییە لیبراڵە ئابوورییەکانی لەژێر ناوی "کارنامەی ٢٠٠٠" (Agenda 2000) جێبەجێ کرد. ناوەندی ئەم چاکسازییانە یاساکانی "هارتز" بوون کە نەرمیی بازاڕی کاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد. ئەم چاکسازییانە کەمکردنەوەی سوودمەندییەکانی بێکاریی درێژخایەن و دژوارکردنی مەرجەکانی وەرگرتنی لەخۆگرتبوو. ئامانج لەم کارە، کەمکردنەوەی تێچووی هێزی کار و زیادکردنی کێبڕکێی ئابووری ئاڵمان لە بازاڕە جیهانییەکاندا بوو – ئامانجانێک کە بە تەواوی دەگەڵ بنەما لیبراڵیستییەکاندا گونجاون.
گۆڕانی پارادایم تەنیا سنووردار نەبوو بە حیزبەکانی کرێکار و سۆسیال دێموکرات؛ کێبڕکێی جیهانی، تێکرای تەواوی سیاسی ئورووپای بەرەو سیاسەتی ڕاست (سیاسەتە لیبراڵەکان) نزیک کردەوە. لە ئاستی ئورووپا، لە ساڵی ١٩٨١ تا ٢٠٠٩، تێکڕای ڕێژەی باج لەسەر کۆمپانیاکان لە نزیکەی ٤٤ لەسەد بۆ کەمتر لە ٢٥ لەسەد کەم بۆوە. ئەم کەمبوونەوەی بەردەوامە بە پلەی یەکەم لەو قۆناغانەدا ڕوویدا کە پارتەکانی چەپی ناوەند بۆ پاراستنی سەرنجڕاکێشیی لە ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی، سیاسەتە باجییەکانی کۆنەپارێزەکانیان قبوڵ کرد. پەسند کردنی پەیمانی "ماستریخت" و یاسا داراییە پەیوەندیدارەکانی "پەیمانی سەقامگیری و گەشە" لە یەکێتیی ئورووپا، ڕەوتە چەپەکانی بەرەو کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی بودجە و قەرزی حکومەت ڕاکێشا. ئەم پابەندبوونە داراییە کە بەهایەکی لیبراڵیە، دەستێوەردانە سۆسیالیستییە فراوانەکانی لە ئابووریدا سنووردار کرد. هەروەها پەیماننامەکانی وەک "شینگەن"، کە لابردنی بەربەستەکانی سنووری بەدوادا هات، بە بەهێزکردنی چوار ئازادییە سەرەکییەکەی یەکێتیی ئورووپا (کاڵا، خزمەتگوزاری، سەرمایە و تاکەکان) بە کردەوە چوارچێوەی لیبرالیزمی بازاڕیان دامەزراند. حیزبەکانی چەپی ناوەند ناچار بوون پشتگیری لەم یەکگرتنە بکەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە گەشەی ئابووری ناوچەکە. لە ئاکامدا، سۆسیال دێموکراسی دوای شەڕیی سارد چیتر بەدوای لەنێوبردنی سەرمایەداریدا نەبوو، بەڵکو بەدوای بەڕێوەبردنی سەرمایەداری و مرۆیی کردنی لە چوارچێوەی یاساکانی بازاڕی ئازاددا بوو؛ ڕێبازێک کە بە شێوەیەکی بەرچاو نزیکی کردەوە لە بنەماکانی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی.
بۆ تێگەیشتن لە لێکەوتەکانی گۆڕانی ئایدیۆلۆژی، پێویستە مۆدێلەکانی نۆردیک و سویس بەراورد بکەین کە هەردووکیان لە بەرەی "بازاڕتەوەری نەرم" ڕێک خراون.
تایبەتمەندی
وڵاتانی سکاندیناڤیا (نۆردیک)
سوئیس
بنەمای سەرەکی
پاراستنی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی گشتگیر
ئازادیی بازاڕ و بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی
سیستەمی باج
باجی پێشکەوتووی زۆر بەرز (میراتی سۆسیال دێموکراسیی نەریتی)
کێبڕکێی باجی کانتۆنی و باجی مامناوەند
دابەشکردنەوەی سامان
زۆر بەرز، بۆ پاراستنی نزمترین ڕێژەی نایەکسانی (جینی) لە جیهاندا
مامناوەند، زیاتر پشت بە بیمەی تایبەتی ناچاری (وەک تەندروستی) دەبەستێت
پێوەر
بازاڕ لە خزمەت دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا
دەوڵەتی خۆشگوزەرانی وەک تۆڕێکی پاراستن لە شکستی بازاڕ
ئەم بەراوردکارییە پێمان دەڵێت؛ سەرەڕای ئەوەی سەرجەم ئورووپا بەرەو بازاڕ بای داوەتەوە، بەڵام حیزبە سۆسیال دێموکراتەکانی باکووری ئورووپا توانیویانە باشتر ناوکی سەرەکیی یەکسانیخوازی خۆیان بپارێزن، لە کاتێکدا لە ئورووپای ناوەند و بەریتانیا، نزیکبوونەوە لە لیبرالیزم دەگەڵ سازشێکی زیاتر لە بەرژەوەندیی بازاڕ و نەرمی بووە. پارتەکانی ناوەند، چ ڕاستی ناوەند (کۆنەپارێزە لیبراڵەکان) و چ چەپی ناوەند (سۆسیال دێموکراتە گۆڕاوەکان/لیبراڵی کۆمەڵایەتی)، توانیویانە بە قبوڵکردنی یاساکانی بازاڕ و دامەزراوە ئەوروپییەکان، ئەو سەقامگیری و پێشبینیکردنە کە پێویستە بۆ حوکمڕانی بپارێزن.
دەستێوەردانە دەوڵەتییەکان لە قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و کۆڤید-١٩ (وەک پرۆگرامەکانی مەرەخەسیی ناچاری بە مووچە یان پشتگیری لە کارەکان)، هەرچەندە سوودیان لە بنەما سۆسیال دێموکراتییەکان وەرگرتووە، بەڵام لە کۆتاییدا بە ئامانجی پاراستنی پێکهاتەی ئابووری بازاڕی ئازاد و ڕێگریکردن لە داڕمانەکەی بەڕێوەچوون. ئەم جۆرە پشتگیرییە کۆمەڵایەتییە سنووردار و کاتییە، بە تەواوی لە چوارچێوەی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتیدا جێگەی دەبێتەوە کە ئامانجی دروستکردنی "تۆڕێکی پاراستن"ـە بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری. لەم نێوەدا و لە ساڵانی ڕابردوو لایەنە پۆپۆلیستییەکان (چ ڕاستی توندڕەو و چ چەپی ڕادیکاڵ) هەتا ڕادەیەک کاریگەری و سەرنجیان لە کۆمەڵگەوە بەدەست هێناوە، بەڵام جگە لە چەند حاڵەتێکی دەگمەن، زۆربەی کات نەیانتوانیوە بە تەنیا و بۆ ماوەیەکی درێژ لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژاوا و باکووری ئورووپا، دەستەڵاتی جێگیر بەدەست بهێنن. میناکی وەک هەوڵەکانی چەپی ڕادیکاڵ لە بەریتانیا (جێرمی کۆربین) یان "سیریزا" لە یۆنان نیشانی دا کە لە بەرامبەر گوشارە ئابوورییەکانی دامەزراوە ئەوروپییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن و سیاسەتە ڕاهێنانی(ڕیازەتی) و لیبراڵییەکان قبوڵ بکەن و لە کۆتاییدا نەیانتوانی مۆدێلی ئابووری ڕادیکاڵی خۆیان جێبەجێ بکەن.
گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژییەکانی چوار دەیەی ڕابردوو لە ئورووپا، بە ڕوونی نیشانی دا پارتە سۆسیال دێموکراتییەکان، بۆ مانەوە و کێبڕکێ لە سەردەمی جیهانگیریدا، ناچار بوون بنەما ڕیشەییەکانی لیبرالیزم قبوڵ بکەن. ئەم گواستنەوەیە لە سۆسیالیزمی کلاسیکەوە بۆ لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی وەک ڕێگای سێیەم هەڵبژاردنێکی پراگماتیستی بوو کە نەک تەنیا بۆ گونجاندن دەگەڵ گوشارە ڕکەبەرێیەکان، بەڵکو بۆ پاراستنی دەستەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی دامەزراوە بازاڕتەوەرکانی یەکێتیی ئورووپا وەک پێویستییەکی لێ هات. قبوڵکردنی پەیماننامەکانی وەک شینگەن بۆ بەهێزکردنی ئازادیی جووڵە و لە هەمان کاتدا پابەندبوون بە کۆڵەکەی ئەوروپی مافە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پاراستنی خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییەکان، نیشانەی لەدایکبوونی مۆدێلێکی کۆتاییە؛ سەرمایەداری بازاڕی ئازاد کە بە تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەهێز ڕێکخراوە. ئەم مۆدێلە، سەرەڕای ڕێژەیەک لە نایەکسانی لە هەندێک وڵات، لە ڕووی پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، سەقامگیریی دێموکراسی و ئاستی گشتی خۆشگوزەرانی، هێشتا یەکێکە لە سەرکەوتووترین سیستەمەکانی حوکمڕانی لە جیهان. بەرەنگارییە ئایدیۆلۆژییەکانی پۆپۆلیستەکان و چەپە ڕادیکاڵەکان، لە کۆتاییدا نەیانتوانیوە پێکهاتەی دەستەڵات بە شێوەیەکی جێگیر بگۆڕن. ئەم بەڵگانە نیشان دەدەن کە لە ئورووپای دوای شەڕیی سارد، ناوەندی لیبراڵ-کۆمەڵایەتی بووە بە پارادایمی باڵادەست و سەرکەوتنی سیستەماتیکی، گەرەنتی مانەوەی بووە.