بارش عارف ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاپیتانی تیمی وەرزشیی ئاکادێمیکی کیک بۆکسینگ، لە کێبڕکێی نێونەتەوەیی هەولێردا پلەی یەکەمی بردەوە و بووە خاوەن میداڵی زێڕ.
"بارش عارف" بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاند: "دوای ماوەیەک دابڕان لە وەرزش دووبارە بریارم دا بەشداریی پاڵەوانەتیی پرۆفیشناڵ بکەم و دوای ناو تۆمارکردنم لە پاڵەوانەتیی نێودەولەتی لە شاری هەولێر، بڕیار بوو لەگەڵ یاریزانێکی ئێرانی بەناوی عەلیڕەزا یاری بکەم بەڵام کە زانی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم لە یاریکردن کشایەوە".
ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت ئەو سەرکەوتنەوە بە بەشی هەواڵی ڕاگەیاند: "سپاسی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکەم کە پاڵپشت و پشتیوانم بوون و بەو هیوایە بتوانم سەرکەوتنی گەورەتر بۆ نەتەوەکەم مسۆگەر بکەم".
شایانی باسە ئەو وەرزشوانە لەکاتی وەرگرتنی میداڵەکەدا وێنەی دوکتور قاسملوو و ئاڵای کوردستانی هەڵ کردووە و بەو هۆیەوە یاریزانان و شاندی دادوەریی ڕێژیم شوێنی یارییەکەیان بەجێ هێشتووە.